رۆژنامەی ھەولێر

ئایا جێگرەوەیەک بۆ کتێب پەیدا دەبێت؟!

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

کتێب هێندەی پێ بەخشیوم، ناتوانم لە وەسف و ستایشی بوەستم، ناشتوانم هیچ شتێک وەکو جێگرەوەی ببینم، پیت و وشە و لاپەڕەکان بە بەردەوامی بۆنی ژیان و هەناسەی نوێیان بۆ من پێیە، کتێبەکان چەندە کۆن بن، هەمیشە ئەگەری ئەوەیان لە هەناویاندا هەڵگرتووە شتێکی نوێ، پەنهانێکی نوێ بۆ خوێنەر بدرکێنن، چونکە کتێبەکان هەرگیز بە یەکجار خوێندنەوە هەموو توێکانیانیان ناپشکنرێت، بۆیە هەمیشە نوێن و بە نەمریی دەمێننەوە، لای منیش هیچ شتێک وەکو کتێب نوێ نییە، ئەگەر چەندجارێکیشم خوێندبێتەوە، هێشتا ئەگەری نوێبوونی لەدەست نەداوە.

زۆرجار لە زۆر بۆنەدا باس لە کۆتایی خوێندنەوە، یان کۆتایی کتێب دەکرێت و هەندێک بڕوایان وایە مادام دونیا بەرەو دیجیتالیزەبوون دەڕوات ئیدی شتێک نامێنێت بەناوی کتێب و فۆڕمی نوێی خوێندنەوە لە دایک دەبێت، کە خوێندنەوەی دیجیتاڵییە، زۆرێکی دیکە زیاتر لەمەش دەڕۆن و باس لەوە دەکەن ڕەنگە ئەوەش هەر باوی نەمێنێت لەبەرئەوەی دونیای نوێ هێندە ئاسانکاریی تێدایە، کە ژیری دەستکرد هیچی ناهێڵێتەوە مرۆڤ هیچ پێویستییەکی بە خوێندنەوە نییە لەڕێی ژیری دەستکردەوە هەمووشتێک بەردەستە و ئیدی پێویست نییە تا ئێمە خۆمان بەخوێندنەوەوە ماندوو بکەین، بەڵکو چەشنی “فاست فود” هەموو شت بە ئامادەکراوی دەخاتە بەردەستمان.
سەردەمی ئێستا، سەردەمی گۆڕانە خێراکانە. ئەگەر بمانەوێت هاوشانی سەردەمەکە بڕۆین، ڕەنگە بکەوینە هەڵەی گەورەوە، بۆیە من هەمیشە مەودایەکی لێ وەردەگرم و لێی ڕادەمێنم. لە پاڵ هەموو کارەکانمدا لە خوێندنەوەی خۆم بەردەوامم بە شێوەی ڕەسەنە کلاسیکییەکەی، کە هەم چێژبەخشە و هەم وزەیەکی نوێ بە ڕۆحم دەبەخشێت و هێمنی و ئارامییەکی وەسفنەکراو بۆ ژیانی جەنجاڵ و خێرایی دەرەوەی ماڵەوەم دابین دەکات. پرسیار لێرەدا ئەوەیە چی بکەین تا لەم سەردەمەدا لە مەعریفە دانەبڕێین و بتوانین سەردەمیانەش بژین؟
بێگومان خوێندنەوە ئەو توانایەمان پێ دەبەخشێت کە بتوانین هەنگاوەکانی داهاتوومان دیاری بکەین، بتوانین ئاراستەی ژیانمان بدۆزینەوە و هاوکات بتوانین لەگەڵ سەردەمدا خۆمان بگونجێنین، بۆیە یەکێک لە هەڵە کوشندەکانی بەشێک لە مامۆستایان و نووسەران و رۆشنبیران ئەوەیە کە خەریکە هێدی هێدی پشت لە خوێندنەوە دەکەن و وەرگرتنی زانیاریی جێگەی خوێندنەوەیان بۆ دەگرێتەوە. لێرەدا گرنگە جیاکارییەک لەنێوان کەسێکی تەیار بە زانیاریی و کەسێک کە خاوەنی مەعریفەیە بکەین.
یەکێک لە کێشەکانی کەمبوونەوەی خوێنەر، یان خوێنەری ئێستا ئەوەیە کە پێیوایە وەرگرتنی زانیاریی جێگەی مەعریفەی بۆ دەگرێتەوە. زانیاریی زانینێکی ڕۆژانە و ڕاگوزەرە، کە بەشی زۆری ئەم زانینە تەنها چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بەکار دێت و هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانی مرۆڤەوە نییە وەک بوونەوەرێک لەنێو سەردەمێکی ئاڵۆزدا، یان کارکردێکی کاریگەریی لەسەر مرۆڤ نییە. زانیاریی بەبێ تێڕامان و وردبوونەوە و هەڵسەنگاندن ناتوانێت بژی و بەردەوام بێت. بەڵام مەعریفە جیاوازە، بەو پێیەی توانای ژیانی سەدان ساڵەی هەیە و خوێنەر دەتوانێت بۆ هەمیشەیی سوودی لێ وەربگرێت.
لە هەر کولتوورێکدا زانیاریی جێگەی مەعریفەی گرتەوە، ئەو کۆمەڵگەیە لە پێشکەوتن دەوەستێت، چونکە توانای بەرهەمهێنان نامێنێت، مەعریفە؛ مەعریفەی نوێ بەرهەم دەهێنێت، زانیاریی بەبێ ئاوێتەکردنی مەعریفە توانای بەرهەمێنانی نییە.
ئەرکە ڕاستەقینەکە ئەوە نییە ئێمە پشت لە خوێندنەوە بکەین و ڕوو لە ژیری دەستکرد بکەین و خۆمان فێری هەموو بەرنامە و داتا جۆراوجۆرەکانی بکەین، بەڵکو ئەرکە ڕاستەقینەکە بەهەندوەرگرتنی کتێبە وەکو سەرچاوەیەکی ڕەسەنی مەعریفی، کە بۆ هەمیشەیی جێگرەوەی نییە. کتێبەکان بۆیە سەرچاوەی یەکەم بنەڕەتین بۆ مەعریفە، چونکە توانای ژیانی سەدان ساڵە و هەزاران ساڵەیان هەیە و دەتوانن شتگەلێکمان پێ بدەن کە بۆ هەمیشەیی لێی سوودمەند بین.
سەبارەت بەو پرسیارەی ئایا خوێندنەوە جێگرەوەی هەیە؟ یان هەندێک کەس ژیری دەستکرد بە جێگرەوەی دەبینن، ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە، کە پێمانوابێت کتێب جێگرەوەی هەیە. هیچ شتێک ناتوانێت جێگرەوەی کتێب بێت، بۆیە بەپێداگرانەوە دووپاتی دەکەمەوە کتێب هیچ جێگرەوەیەکی نییە و سەرچاوەی سەرەکی و ڕەسەنی مەعریفەیە.