رۆژنامەی ھەولێر

داستانی قەڵای دمدم، ئاوێتەبوونی عیشق، خیانەت و نیشتمانپەروەری، لە ڕۆمانی شەهیدانی قەڵانی دمدم

نووسینی: مستەفا ساڵح کەریم… خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا

لە وڵاتی تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕ و شنۆ و ورمێ هەموو بەختیار و دڵخۆشن، کە سەرۆکایەتی عەشیرەتی برادۆست دراوەتەوە بە ئمیرخان، ئەو ئەمیرخانە مەردەی کە ناوی بەسەر هەموو زمانێکەوەیە، باس باسی، ئەمیرخان و قەڵاکەیەتی، کە وا تازە لە تەواوبوونی بوونەتەوە بە یارمەتی تیرە و هۆزەکەی، هەموو دڵخۆشن بەوەی، کە شا عەباس ئەم سەرۆکاتییەی پێ سپاردووە و دەستێکی زێڕینیشی بۆ کردووە، لەجێی ئەو دەستەی بڕاوەی، کە چەند ساڵ لەوەوبەر بڕییانەوە، کە لە جەنگێکا بەر گوللە کەوتبوو. زۆریان پێ خۆشبوو، کە ئەمیرخانی لەپ زێڕین ئەم قەڵا کۆنەی دمدمی سەرلەنوێ بۆ دروست کردنەوە بۆ ئەوەی لە کاتی تەنگانەدافریایان کەوێت.
لە مێژووی گەش و حەماسی نەتەوەکاندا، دەقی ئەدەبی زۆر هەن، کە توانیویانە وێنەیەکی سەردەمەکە نیشان بدەن، بەڵام وێنەیەکی هاوسەنگ و سۆزی ناسکی ئاشقانە لەگەڵ داستانی ئازایەتی و بەرگریی نیشتمانیدا ئاوێتە بکەن بەو کارامەییە کەمە، وەک ئەوەی لە ڕۆمانی (شەهیدانی قەڵای دمدم)دا دەیبینین. ئەم دەقە داستانییە مێژووییە تەنیا گێڕانەوەی ڕووداوێکی سیاسی و بەرگری نییە، بەڵکو گەشتێکی ئەدەبیی قووڵە بۆ ناو ناخی مرۆڤێک، کە لە نێوان جوانیی ئەڤین و قورسبوونی بەرپرسیارێتیی خاکدا هەڵکەوتووە. ڕووداوەکان لە سەردەمێکدا دەست پێدەکەن، کە (میرخانی برادۆست) تازە قەڵای دێرینی دمدمی نوژەن کردۆتەوە، قەڵایەک کە تەنها دیوارێکی بەردین نییە، بەڵکو هێمای شکۆ و سەربەخۆیی گەلێکە لە ئامێزی سروشتی پاکی گوند و لە نزیک کانیی زوڵاڵ و سێبەری چنارە بەرزەکاندا، خۆشەویستیی نێوان (عەودال بەگ)ی کوری میرخان و (ڤیان)ی شوخ و شەنگ چرۆ دەکات. عەودال بەگ لەسەر ئەسپە کوێتییەکەی بەرەو دیداری خۆشەویستەکەی دێت، دیدارێک کە دەبێتە دیمەنێکی ڕۆمانسیی پڕ لە ڕوونکردنەوەی هەست و سۆز، کە تێیدا ڤیان ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ پاراستنی داوێنی میرزادەکەی بە دڵ و گیان، دوور لە ترسی کارەسات و دوژمنکاری.

لە نێو ئەم فەزا سۆزیدارییەدا، دیالۆگی ئاشقانە ئاڕاستەی خۆی بەرەو وەسفکردنی تەلارسازیی قەڵاکە دەگۆڕێت. عەودال بەگ بە شانازییەکی بێسنوورەوە پێکهاتەی قەڵاکە بۆ ڤیان ڕوون دەکاتەوە: لە قوولەی شەڕ و پاسەوانی، ژووری زەخیرەی جەنگ، حەوزی باراناو و ژووری سەربازەکان، تا دەگاتە ناوەندی ئاسایش کە (قەڵای نارین)ە. ئەم وەسفکردنە تەنها خستنەڕووی دیزاینێکی بونیادنان نییە، بەڵکو دەربڕینی هەستی متمانە و خۆڕاگریی خاک و خەڵکێکە، کە بۆ پاراستنی نیشتمان دروستکراوە. بەڵام لەپڕدا، ئەم ئارامییە شاعیرانەیە ڕووبەڕووی سێبەری درامایی و نادیار دەبێتەوە، کاتێک ڤیان سەری دەخاتە سەر ڕانی عەودال بەگ و دەست لە پرچ و ئۆگری کەزیەکانی دەدات، فرمێسکی دوورکەوتنەوە لە چاوانی دەپڕژێت. ترسی ڤیان لەوەی، کە ئەم خۆشەویستییە پاکە ببێتە قوربانیی و بیبەنە ژێر خاک، پێشبینییەکی ئەدەبیی هوشیارانەیە بۆ ئایندەیەکی خوێناوی و کارەساتبار کاتێک ئەڤینی کەسیی ئەوان لەگەڵ چارەنووسی گەلێکدا گرێ دەدرێت.

درامای چیرۆکەکە کاتێک دەگاتە لووتکەی ئاڵۆزی، کە هێزە خراپەکارەکان دێنە ئاراوە، خیانەتی (مەحمود کیهەکانی)ی نۆکەر لە ئاشکراکردنی سەرچاوەی ئاوی سەرەکیی قەڵاکە، بوختانی (پیر بوداق بەگ) لای شاهـ عەباسی سەفەوی، ڕێڕەوی داستانەکە لە دڵدارییەوە بەتەواوی بەرەو جەنگ و بەرگری وەردەگێڕن. شاهـ عەباس بڕیار دەدات هەشت هەزار چەتەی جەلالی بەسەر خاکەکەدا بسەپێنێت، هەڵوێستی مەردانە و نەبەزینی عەودال بەگ دێتە ئاراوە. عەودال بەگ بە سوێندێکی قورس و پڕ لە حەماسەتەوە دەڵێت: تا خوێن لە دەماردا بێت، ناهێڵم پیاوێکی قزڵباش و جەلالی لەبەر ئاوێنەی قەڵای ناریندا دەست بە سمێڵیاندا بێنن. بەم جۆرە دەقەکە دەبێتە تابلۆیەکی ڕازاوە لە قوربانیدان، کە تێیدا خۆشەویستیی پاکی سەرەتای ڕووداوەکان، دەبێتە سووتەمەنیی ئەخلاقی بۆ سەربەرزیی نیشتمان و ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی.

جۆری ڕۆمانەکە
داستانی مێژوویی – حەماسی
دەقەکە پشتی بە ڕووداوێکی مێژوویی ڕاستەقینەی ناوچەی ورمێ و برادۆست بەستووە، بەڵام لە ڕێگەی داڕشتنی ڕۆمانییەوە هێنراوەتە ناو فەزای ئەدەبیی درامی.

شێوازی ئەدەبی
ڕۆمانسی – حەماس ئاوێتەکردنی هەستی سۆزیداریی دوو ئاشق (عەودال، ڤیان، فرمێسک، دەستبەسرداهێنان) لەگەڵ ڕەهەندی بەرگریی چەکداری و نیشتمانی (قەڵا، قوولە، شێر، هەڕەشەی دوژمن).
زمانێکی سادە و ڕەوان، پڕ لە وێنەی بنەماکانی سروشت و هەڵگری زمانێکی حەماسیی ڕەسەن و وەسفێکی ناوازە.

تەکنیکە ئەدەبییەکان
دیالۆگی ڕاستەوخ بۆ دەرخستنی هەستی ناوەکیی پاڵەوانەکان، بە وەسفکردن سەرەداوەکانی گرتووە وەک ڕوونکردنەوەکانی عەودال بەگ بۆ قەڵاکە و سوێندخواردنە حەماسییەکەی لە کۆتاییدا.

پێشبینیکردن گریانی ڤیان و ترسی لە ژێرخاک کەوتنی عیشقەکەیان، ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆی پێشوەختەیە بۆ کارەساتی جەنگەکە و شەهیدبوونی پاڵەوانەکان.
فەزاسازی و ئامادەکردنی زەمینەی ڕووداوەکان لە ڕێگەی وەسفی وردی سروشت سێبەری دارچنار و کانی و پاشان وەسفی بونیادی سەربازیی قەڵاکە (قەڵای نارین، قوولەکان، حەوزی باراناو).
ململانێی درامی دروستکردنی هاودژی لە نێوان وەفاداری و خۆشەویستی (عەودال و ڤیان) لەگەڵ خیانەت و تێکدان، (مەحمود کیهەکانی و پیر بوداق بەگ)، کە دەبێتە دینامۆی سەرەکیی جوڵاندنی ڕووداوەکان بەرەو کارەسات.
ڕۆمانێکی گرنگە لە ڕووی مێژوویی و سەرەتای سەرهەڵدانی ڕۆمانی کوردی، باڵدەستی نووسەری پێوەدیارە لە شێواز و زەمینەسازیی و تەکنیکەوە بۆ داخلبوونی بۆ ناو ڕووداوەکان. ئەگەر بە تەکینک و شێوازی ئێستا لەو دەقە بڕوانین بێگومان زۆر سادە دەیبنین، بەڵام ئەو ڕۆمانە سەردەمێک نووسراوە، کە سێ بەشی کورد خوێندەوارییان نەبووە، هەروەها لەو سەردەم لە چەند ڕۆمانێک زیاتر چاپ نەکراوە، ئەویش کە چاپکراوە بەردەست نەبوونە وەکو ئێستا.

سەرچاوە
کەریم، مستەفا ساڵح، ١٩٦٠، شەهیدانی قەڵای دمدم، نەقابەی مامۆستایان، بەغدا