کۆتا ساڵانی حەفتایەکان بوو، بوومە ئاشقێکی سەرسەختی کتێب و رۆژنامەو گۆڤار، ئاشقبوونەوەکەم لەتەمەنم گەورەتر بوو، لەناو ژانرە ئەدەبیەکاندا دڵخوازی خۆم ناسیی، لەناو ئاوێنەی ئێستێتیکای هۆگربوونا شیعرم ناسیی و شیعرم خۆشویست و بە بەردەوامیی دەمخوێندەوە، ئەو زەمەنە چەند ناوێکم ناسیی و ئاشنایەتیم لەگەڵ شیعرەکانیان پەیدا کردو لەهەر شوێنێکدا کتێبێکی ئەوانم بەرچاو کەوتبا دەمکڕی و بە شەوقەوە دەمخوێندەوە، لەڵاپەرەی هەر گۆڤار و رۆژنامەیەک شیعرێکیان بڵاو کردباوە بە تاسەوە دەمخوێندەوە، ئەوانیش (لەتیف هەڵمەت، شێرکۆ بێکەس، رەفیق سابیر، جەلال میرزا کەریم، عەبدوڵڵا پەشێو، سەلاح شوان، عەبدوڵڵا عەباس) لەگەڵ چەند ناوێکی تردا، بەڵام لێتانی ناشارمەوە لە هەموویان زیاتر شیعرەکانی لەتیف هەڵمەتم دەخوێندەوە، لای من لەتیف هەڵمەت ڕەمزی جوانی ژیانی شیعرە، وەک ئۆکجسین ئومێد بەخشیی بێگەردی جوانی شیعرە، ئەو سەردەمەی من شیعرم تیا ناسیی لەناو هەموو ژانرەکانی دیکەی ئەدەبدا سەرقافلەی ئەو ئەفسانە زەمینەسازە بوو زۆرترین خوێنەری هەبوو، شکۆی نەمری بوون ئەو شیعرە جوانانەن نە پیر دەبن و نە جوانییەکەی خۆیان لەدەست دەدەن، لە گۆشە خوێندنەوەی ڕوانیینی خۆمدا من وا ڕاهاتووم ڕێز لە هەموو قەڵەمێک دەگرم، هیچ قەڵەمێکم ڕەفز نەکردۆتەوە، بەڵام لێتانی ناشارمەوە شکۆی جوانی شیعرم وەک چاوەکانی خۆم خۆشدەوێت، لە هەر کوێیەک شیعرێکی جوان، قەسیدەیەکی جوان، کتێبێکی جوان بەرچاو بکەوێت بەوپەڕی بڕی تێنووێیتی لەدەستی دەگرم و دەیخوێنمەوە، لەم ڕۆژانە کتێبێکی شیعری جوانم خوێندەوە، کتێبەکەش دیاری دەستی شاعیرێکی گەورەی کورد بوو، کۆشیعری: دووەم جەنگی وشە لەگەڵ سپێتی کاغەزدا، لەتیف هەڵمەت ی شاعیر بوو، 144 لاپەڕەیە و بە قەبارەی مامناوەندی و بەچاپێکی جواندا لە چاپخانەی هەڵوێست پرنت چاپکراوە، بە تیراژی 250 دانە، کاتێک تیراژەکەم بەرچاوکەوت هەنسکی گریانێک و چاوەکانم پڕ فرمێسک بوون، منیان گەراندەوە بۆ ساڵانی هەشتا تیراژی کتێبەکانی کاک لەتیف هەڵمەت لە نێوان (2000 – 8000) هێشتا کتێبەکانی لە چاپخانە لەچاپ تەواو نەدەبوو، خاوەن کتێبخانەکانی شارەکانی کوردستان کتێبەکانیان دەکڕییەوە، ئێمەی خوێنەریش دەبوا بە ناونووسین و پێشەکی پارەمان بدابایە ئەوسا کتێبێکی کاک (لەتیف هەڵمەت)ـمان دەست دەکەوت و دەبووە دڵخوازی شەوانمان، لەتیف هەڵمەت لەدایکبووی 1947 شاری کفرییە، پێ دەنێتە 79 ساڵانی تەمەنەوە، من ناڵێم پیری هیلاکی کردووە، بەڵام بەدەست نەخۆشیی و جەستە لاوازییەکەی و گۆچانەکەی دەستی پیر بووە، لەخودا دەپارێمەوە تەمەنی هەزار ساڵ بێت هەر بەگەنجی، ڕۆژێکیان لەدانیشتنێکدا پێیگووتم: ئەو کتێبانەی لەم ساڵانەی دواییدا چاپمکردووە بەم تیراژە کەمە تەنیا مەبەستمە لە فەوتان ڕزگاریان بکەم، بەدبەختی کورد ئەوەیە دڵنیام ئەگەر ئەم شاعیرە مەزنە کورد نەبوایە، گەورەترین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە دەرگای ئەم شاعیرە گەورەیان دەدا و گرێبەستیان لەگەڵ دەکرد بە پارەی بێژمارو کتێبەکانیان بەجوانترین کوالیت و لە باشترین چاپخانە شیعرەکانیان بۆ چاپ دەکرد، نابێت ئەوەش لەیاد بکرێت زەمەنێک بوو وشەی کوردی بڤە بوو، ئەو شیعرەکانی نارنجۆک بوو بە ڕووی دژمندا، تا کڕۆکی سەر ئێسقان کورد پەروەر بوو، چەندین جار لە وەزیفە دەرکراوە، تاڵی و زەحمەتیی دیووە، لە ڕێگای کتێبەکانی ئەم شاعیره گەورەم ناسیی (خوا و شارە بچکۆلەکەمان – 1970) (ئامادەبوون بۆ لە دایکبوونێکی تر – 1973) (پرچی ئەو کچە ڕەشماڵی گەرمیان و کوێستانمە – 1977) (گەردەلوولی سپی – 1978) و ئەوانی تر، ئەوەی من ئاگادار بم تا ئێستا نزیکەی 80 کتێبی چاپ کردووە، ئەوەی من ئاگادار بم شیعرەکانی بۆ دەیان زمانی نەتەوەکانی دنیا تەرجەمە کراوە، ڕۆژێکیان کاک لەتیف بە زەردەخەنەوە پێی گوتم: ئەوەندەی نووسەرو ڕەخنەگرە عەرەبەکان لەسەریان نوسیووم، ئەوانەی خۆمان کەمتر، با بگەڕێینەوە سەر کتێبە درەوشاوەکەی، ئەو کتێبەی شایانی خوێندنەوەیە و گەوهەرێکی ترە بۆ کتێبخانەی کوردی، لەم کتێبەدا شاعیر بە هەناسەیەکی قووڵی شاعیرانە و بە ئەفراندن و ریتمێکی جوانی شاعیرانە بۆنی گەردەلوولی سپیی لێ دێت، ئەو کتێبەی ساڵی 1978 دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروست کرد، خوێنەرێکی بێژمار بەدوای ئەم کتێبە دەگەڕان و کتێبەکە ئەم دەست و ئەو دەستی دەکرد، قسەکردن لەسەر شیعر ڕەنگە کارێکی ئەوەندە ئاسان نەبێت، نەخاسمە خوێندنەوەیەک بۆ کۆشیعرێکی شاعیرێکی گەورە هەموو تەمەنی خۆی بە شیعر بەخشیبێ، شاعیرێک لە جوانی لووتکە دەبینرێت، وەک تریفەی جوانی مانگ رووناکی خۆی ڕاسپاردووە بە شیعری جوان و شیعری باڵابەرز و شیعری پڕ لە گوڵاوی شیعر، بە ئاواز و ریتمێکی جوان و پڕ لە وێنەی جوان و سەرنجڕاکێش خوێنەر لە شیعرەکانی ئەم شاعیرە مەزنە وەڕس نابێت، ئەم شاعیرە مەزنە لە داهێناندا ڕاوەناستێ و ئەمڕۆ لە دوێنێ جوانتر دەنووسێت و سبەینێیش لە ئەمڕۆ، ئەوەتا لە کۆشیعری: دووەم جەنگی وشە لەگەڵ سپێتی کاغەزدا، کۆشیعرێک پڕاو پڕ لە وشەی جوان و شیعری نازدار، بە قووڵایی پیرۆزی شیعر شاعیر لە ئاوێتەی جوانی ئیلهامبەخشیی، بێگەردی بە باڵای پیرۆزی شیعر هەڵدەبڕێت، ئەوەتا هەڤاڵ کوێستانی لە پێشەکی ئەم کتێبە ئاوا دەنووسێت: لەتیف هەڵمەت، شاعیرێک لە لووتکە، کورد هێشتا خەون بە هەبوونی دەوڵەتەوە دەبینێ، کەچی لەتیف هەڵمەت دەمێکە، خۆی بەتەنیا دەوڵەتی شیعری خۆی ڕۆناوە، لەتیف هەڵمەت دیاردەیەکی دەگمەنی ناو دنیای شیعری کوردییە، بەدەگمەن هەڵدەکەوێ شاعیرێک چەشنی ئەم، شیعرەکانی ئاوێنەی باڵانمای کەسایەتی خودی خۆی بن، ئەم لەسەرەتاوە لە خودی خۆی لە شیعرەکانیا ڕەگەزێکی یاخیبوون و بەڕەنگاری، ڕەگەزێکی سەرکێشی و شۆڕشگێریی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، دواتر کوێستانی دەنووسێت: شیعرەکانی لەتیف هەڵمەت وەک زمان، سادەو ڕوون و ڕەوان، بەڵام چڕ و تۆکمە و قووڵ، قووڵێکی وا کە پڕ بێ لە بەهای مرۆیی و ئیستاتیکانەی شیعری باڵا دەخوڵقێنن، ئەوە چەند دێڕێکی کورت بوو هەڤاڵ کوێستانی دەربارەی لەتیف نوسیوویەتی، لە مەراسیمی ڕێزلێنانی لەتیف هەڵمەت خوێندبوویەوە، لە شیعری گۆڕانکارییەکانی دوو نیوەدڵ:
من ئاشقێکم
بەر لەوەی خودا ئەشق دروست بکات
ئاشقی تۆ بووم
تێنووم چی دەریای ماچ لە دەمتایە
هەمووی بنۆشم هێشتا هەر تێنووم
دە ساڵ پێش ئێستا هاتیە خەونم
دەمی هەردووکمان تێکەڵی یەک بوون
تا وەکو ئێستاش لە ژوورەکەمدا
هەر بۆنی ماچ دێ وەک گوڵە بەیبوون
لە شیعری وێڵبوون لە شەپۆلە تیژڕەوەکانی دەفتەری بیرەوەریدا
کە دڵم بە پێکی ماچەکانت
مەست مەست دەبێت
لە هەموو پەنجەکانمەوە
تاڤگەی شیعر هەڵدەقوڵێت
بە عەتری زمانت
ناوت بنووسە لەسەر لێوەکانم
منیش لەسەر سنگتدا دەنووسم بە ددانم
کە لە بۆنەیەکدا کوتوپڕ
بە ماچ دەمم پڕاوپڕ دەکەیت لە عەتر
ڕوو بکەمە کام شەقام و جادە و کۆڵان
کچانی بەر دەرگای ماڵان
لێم دەپرسن مامە گیان
ئەم عەترەت لە کوێ کڕیوە
لە کام بازاڕ و گوڵستان
دەڵێم لە زاری کچۆڵەیەکم دزیوە
دڵۆپ دڵۆپ بە زمان
لە شیعری ڕەشنووسی دووەمی چامەی هەڵەت و پەڵەتی شاعیرێکی سۆفی
دڵم هەر سەرنجی بیابان دەدات
دەڵێی تێنەگەیشتووە کە لم دڵداری نازانێ
دەپرسم بۆچی ئەستێرە شەیدای ناو ڕووبارە
خۆ ئاو هەمیشە ڕادەکات و ئاشقەکانی خۆی جێ دێڵێ
بۆ ئاگاداری
بۆ ئاگاداری
عەدنان ئەلڕەسام تابڵۆیەکی ونبوو
لە پێشانگا نوێکەیدا هەڵدەواسێ
دەگوترێ ئەوە تابلۆی ئەو کچانەیە
کە لەسەردەمی ئەشق کوشتنی
بازرگانێکی تابلۆش دەڵێ
ئەوە تابلۆی ئەو ژنانەیە کە لەسەردەمی سەد ساڵ تەنیاییدا
لەژێر ئەو چەرداخ و کەپرانەدا مردوون کە گارسیا مارکیز
منداڵێتیی خۆی تیا بەسەر بردووە
لە کۆتا هیچ خوێندنەوەک بۆ ئەم چەند شیعرانەی لەتیف هەڵمەت ناکەم بۆ خوێنەر جێ دێڵم، لە دەرفەتێکی دیکەدا دەربارەی ئەم کۆشیعرە و ئەم شیعرانە ئاوڕێک لەم کۆشیعرە دەدەمەوە، ئەوەتا محەمەد کوردۆی نووسەر و شاعیر دەڵێت:
به بڕوای من وەکچۆن لە سەدەکانی ناوەڕاستدا پیاوانی کەنیسە ئەو کەسانەیان دەسووتاند کە بیروباوەڕی تازەیان بڵاو دەکردەوە، ئەگەر لای ئێمەش لە حەفتاکاندا خەڵکیان لەسەر شیعر بسووتاندایە، یەکەمین کەس لەتیف هەڵمەت دەسووتێندرا .

