رۆژنامەی ھەولێر

پەرلەمانی توركیا گفتوگۆی چڕ لەبارەی چەكدانانی پەكەكە دەكات

كارزان گلی – هه‌ولێر

بە ئیمزای ٣٦٠ پەرلەمانتاری توركیا، پرۆژەیاسای چۆنیەتیی چەكدانانی پەكەكە، كە ناویان لێ ناوە (كۆمەڵگەی دیموكرات و ئاشتی)، پێشكەشی پەرلەمانتاران كرا و گفتوگۆی چڕی لەبارەوە دەكرێت و پاشان دەنگی لەسەر دەدرێت.

ئەو پڕۆژەیاسە لە ١٠ پرسیار كورت و پوخت دەكەینەوە و ناوەڕۆكی پرۆژەیاسایەكە روون دەكەینەوە:

پرسیاری یەكەم: مەرجەكانی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە چییە؟
وەڵام: بۆ ئەوەی ئەو یاسایە ببێت بە كردار، دەبێت پەكەكە و هەموو ئەو گروپانەی سەر بە پەكەكەن بە كردار چەك دابنێن و چەكەكانیش لەژێر كۆنتڕۆڵی دەزگای هەواڵگری توركیا رادەست دەكرێت و پاشان لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاودەكرێتەوە.

پرسیاری دووەم: پڕۆژەیاسایەكە كێ دەگرێتەوە؟
وەڵام: یاسایەكە، چەكدارانی پەكەكە و ئەوانەی لەناو ئەو رێكخراوەدا هەنە و ئەوانەشی ئەندامی ئەو رێكخراوەن و هاوكاری ئەو رێكخراوەیان كردووە و پروپاگندەیان بۆی كردووە و ئەوانەی لە ٧ی شوباتی ٢٠١٣ و بەیاسای ٦٤١٥ لە پەرلەمانی توركیا دەرچووە، كە لەڕووی داراییەوە هاوكاری پەكەكەیان كردووە یاسایەكە دەیانگرێتەوە.

پرسیاری سێیەم: لێكۆڵینەوە و گەڕانەوەی چەكداران چەند ساڵ دەخایەنێت؟
وەڵام: ئەوانەی سزای ١٥ ساڵ زیندانی دراون، لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەیان دەكرێت، ئەوانەشی پێنج ساڵ بۆ ١٥ ساڵ سزا دراون و پاشان سزاكەیان بۆ زیندانی هەتا هەتایی گۆڕاوە، لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەیان دەكرێت و پاشان لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاودەكرێتەوە.

پرسیاری چوارەم: كام تاوان لەدەرەوەی لێخۆشبوونە و یاسایەكە نایگرێتەوە؟
وەڵام: ئەوانەی لەناو پەكەكەدا بە ئەنەقەست خەڵكیان كوشتووە، ئەوانەی بەر لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٥دا، سزای هەتا هەتایی دراون و بەڵام دەستگیر نەكراون، ئەوانە ئەو یاسایە نایانگرێتەوە، بەڵام دەكرێت ئەوانیش لەبەردەم دادگا و دادوەر تانە لەو بڕیارە بدەن.

پرسیاری پێنجەم: بڕیاری دواخستن بەكام مەرج هەڵدەگیرێت؟
وەڵام: بڕیاری دواخستن بۆ چەكدارانی پەكەكە، لەوكاتەوە دەستپێدەكات كە بڕیارەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، واتە ئەگەر یەكێك كردەوەی تیرۆری كردبێت، بڕیاری دواخستنی لەسەر هەڵدەگیرێت و سزای بەسەردا دەسەپێنن. سزایەكە ئەوكاتە جێبەجێ دەكرێت كە چەكدار ئەو یاسایە نەیگرێتەوە و نەتوانێت سوودی لێببینێت.

پرسیارەی شەشەم: كێ چاودێری ئەو یاسایانە دەكات بۆ جێبەجێكردنی؟
وەڵام: سەرەتا یاسایەكە لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاودەكرێتەوە، جێگری سەركۆماری توركیا و وەزیری داد، وەزیری دەرەوە و سەرۆكی دەزگای هەواڵگری و وەزیری بەرگریی و سكرتێری سەركۆمار چاودێری یاسایەكە دەكەن بۆ جێبەجێكردن. چۆنییەتی بەڕێوەچوونی. هەروەها لەناو پەرلەمانی توركیاش، لیژنەیەكی بەدواداچوون دروست دەكرێت بۆ ئەوەی بەدواداچوون بكەن تا بزانن پرۆسەی جێبەجێكردنی یاسایەكە چۆن بەڕێوە دەچێت؟

پرسیاری حەوتەم: چەكەكانی پەكەكە چی لێ دێت و بۆ كوێ دەبرێت؟
وەڵام: هەموو ئەو چەكانەی لەگەڵ خۆیاندا دەیهێنن، وەكوو كڵاشنكۆف، كەلوپەلی سەربازی، سەیارە، بۆمب و …..هتد، لەلایەن دەوڵەتی توركیا تۆمار دەكرێت.

پرسیاری هەشتەم: ئەوانەی بیانەوێت سوود لەو یاسایە ببینن، دەبێت سەردانی كام لایەن بكەن؟
وەڵام: دوای ئەوەی یاسایەكە لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاوكرایەوە، لە ماوەی شەش مانگدا، ئەوانەی بیانەوێت لەو یاسایە سوودمەند بن، دەبێت سەردانی داواكاری گشتی كۆماری توركیا بكەن و بە نووسینی نامەیەك داوا بكات لەو یاسایە سوودمەند بێت.

پرسیاری نۆیەم: لەكاتی جێبەجێكردنی ئەو یاسایەدا، ئەوانەی بەوكارە هەڵدەستن، هیچ بەرپرسیارییەتییەكیان دەكەوێتە سەرشان؟
وەڵام: لەچوارچێوەی ئەو یاسایەدا، ئەوانەی كاری خۆیان دەكەن و ئەركی خۆیان جێبەجێ دەكەن، دووچاری هیچ لێپرسینەوەیەكی یاسایی یان سزای ئیداری نابنەوە. مەبەست لێرەدا ئەوەیە، ئەو فەرمانبەرانەی، یان بەرپرسانەی كاروباری جێبەجێكردنی یاسایەكە دەكەن، لە داهاتوودا دووچاری هیچ سزایەك نابنەوە.

پرسیاری دەیەم: كام لایەن ئیمزای لەسەر ئەو پرۆژەیاسە كردووە؟
وەڵام: هەریەك لە ئاكەپە و مەهەپە و دەم پارتی، ئیمزایان لەسەر ئەو پرۆژەیاسایەدا كردووە، هەروەها پەرلەمانتارانی خوداپار، جەهەپە و رێگەی نوێ، كە وەكوو پەرلەمانتارانی سەربەخۆ ئیمزایان لەسەر كردووە.

پارتی خاس و پارتی نوێ، ئیمزایان لەسەر نەكردووە.