رۆژنامەی ھەولێر

(جۆناتان لەسەم). ئەو نـــــووسەرەی ڕۆمان بە ماراسۆنێکی چێژبەخش دەزانێت

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

(جۆناتان لەسەم ـ Jonathan Lethem)، نووسەری ڕۆمانی نوێی (باخچەکانی یاخیبووان – Dissident Gardens)، لەم گفتوگۆیەیدا باس لە خەڵاتی (ماکئارسەر – MacArthur) و هاندەربوونی یانەی (مێتس – Mets) و کارکردن لە ناو کۆگای جلوبەرگ دەکات.

ـ باسی بەرنامەی بەیانیانت بکە؟
جۆناتان لەسەم: باشە، بەرنامەی بەیانیانم. ژیانی من بە تەواوی لە ژێر ڕکێفی ئەم دوو کوڕە بچووکە تەمبەڵەمدایە. کوڕێکی ٦ ساڵان و یەکێکی ٣ ساڵانم هەیە. ئەوان زۆر زوو لە خەو هەڵدەستن، ئێمەش ناچارم دەکات زووتر لە خەو هەڵسین. کاتێک خەریکی نووسینی (باخچەکانی یاخیبووان – Dissident Gardens) بووم، کە دوایین پڕۆژەی پڕ لە وزەم بوو، ئەو کاتانەی کە زۆر تێیدا نوقم دەبووم و پێویستم بوو هەموو ڕۆژێک کارێکی زۆری تێدا بکەم، کاتژمێر ٣ یان ٤ی بەیانی هەڵدەستام. کوپێک قاوەم بۆ خۆم ئامادە دەکرد و لە تاریکیدا لە ناو چێشتخانەکە دادەنیشتم تا کوڕەکان خەبەریان دەبووەوە. دواتر نانی بەیانیانم بۆ ئامادە دەکردن، نانی نیوەڕۆیانم بۆ دەپێچانەوە، و هەندێک جاریش دوای ئەو کارانە دەگەڕامەوە سەر کارەکەم. بەڵام ئەگەر دوو یان سێ کاتژمێرم لە بەرەبەیاندا دەست بکەوتایە، ئیتر کێشەم نەبوو. بۆیە زۆربەی کات ڕۆژەکەم پێش ئەوەی ڕۆژی خەڵکی تر دەست پێ بکات، تەواو دەبوو.
ـ هیچ خوویەکی تایبەتت هەیە پەیوەست بێت بە نووسینەوە؟
جۆناتان لەسەم: پێدەچێت هەبێت، بەڵام ئەوەندە لە ناخمدا چەسپاون کە خۆم هەستی پێ ناکەم. گوێ لە مۆسیقا دەگرم، ئەوە شتێکی ئاساییە. خەڵک پێی سەرسام نابن، بەڵام کاتێک پێیان دەڵێم لە ڕادیۆوە گوێ لە یارییەکانی بەیسبۆڵیش دەگرم، سەرسام دەبن. ئەگەر یانەی (مێتس – Mets) یاری هەبێت، گوێی لێ دەگرم. من مێشکم دوو هێڵییە، پێویستم بەوەیە یەکێک لە هێڵەکان بە شتێکی قەرەباڵغ پڕ بکەمەوە، جۆرە چرپەچرپ و دەنگەدەنگێک. لە بێدەنگیی ڕەها دەترسم.
ـ تۆ بە فەرمی بلیمەتیت، چونکە خەڵاتی بلیمەتیی (ماکئارسەر)ت لە ساڵی ٢٠٠٥ وەرگرتووە. ئەوە شتێکی زۆر خۆشە لە سیڤیەکەتدا هەبێت. مەراسیمی خەڵاتەکە چۆن بوو؟
جۆناتان لەسەم: یەکێک لەو شتانەی کە سیستەمی ئەو خەڵاتە ناوازە دەکات و بەشێکە لە بەخشەندەییان، ئەوەیە کە هیچ مەراسیمێک ناگرن. ئەوان پێداگری لەسەر ئەوەی دەکەن کە هیچ پابەندییەکت بەرامبەریان نییە تا نمایشی بکەیت، یان ناوی خەڵاتەکەیان بخەیتە ناو کتێبەکانتەوە، یان لۆگۆکەیان لەسەر تیشێرتەکەت نەخش بکەیت. تەنانەت ڕەتیدەکەنەوە سوپاسیان بکرێت. تەنها پێت دەڵێن کە خەڵاتەکە دێت و تۆ هیچ قەرزاری ئەوان نیت. ئەوان بۆ وەرگرەکەش بە نهێنی دەمێننەوە و نازانی بەخشەرەکان کێن. لە شوێنی شووشتنی ئۆتۆمۆبێل بووم کە تەلەفۆنم بۆ هات و پێیان وتم خەڵاتەکەم بردووەتەوە، لە ژێر فڵچەی دەزگا شۆرەرەرەدا بووم، بۆیە بە زەحمەت گوێم لێدەبوو کە چ دەڵێن. دوای ئەوە، بە هۆی خەڵاتەکەیانەوە قەرزەکانی خانووەکەم دایەوە.
ـ دوای ئەو خەڵاتە ژیانی پیشەییت چۆن گۆڕا؟
جۆناتان لەسەم: کاتی پێ بەخشیم. زۆر قورسە لە ناو ئەو ڕاکردنە بەردەوامەی ژیان بێیتە دەرەوە و بچیتە سەر گەشتێکی زۆر درێژ. ئەوە پێویستی بە بەختە، و دەرفەتەکان پیرۆزن. کاتێک کتێبی (بڕۆکلینی هەتیو – Motherless Brooklyn) خەڵاتی ڕەخنەگرانی نیشتمانی بردەوە، هەستم کرد دوای کارێکی ماندووکەر دەتوانم هەناسەیەکی قووڵ هەڵکێشم. لەناکاو ئەم دەرفەتەم بۆ ڕەخسا و کتێبی (قەڵای تەنهایی – The Fortress of Solitude)م نووسی. ڕاستەوخۆش، ئەو بەختەی ماکئارسەر بووە وتارێکی گرنگ بە ناوی (جۆش و خرۆشی کاریگەری – The Ecstasy of Influence) کە یەکێک بوو لە قورسترین ئەو کارانەی تا ئێستا کردوومە. دواتر کردیشمە کتێبی (شاری ئاڵودەبوو – Chronic City) کە زۆر شانازی پێوە دەکەم.
ـ باسی پڕۆسەی داڕشتنی بیرۆکەی کتێبێکی نوێمان بۆ بکە، پێش ئەوەی دەست بە نووسینی بکەیت؟
جۆناتان لەسەم: من بە گشتی چەندین ساڵ لەگەڵ بیرۆکەی کتێبێکدا دەژیم پێش ئەوەی بزانم چیم بەدەستەوەیە. بۆ ئەوەی وشەیەکی یاری شەتڕەنج بەکاربهێنم، کاتێکی زۆر بە وێناکردنی بەسەر دەبەم. لە ناو مێشکمدا، هەستێکی وردم هەیە بۆ ئەوەی چی ڕوودەدات. بەڵام من جۆرە هەستیارییەکم هەیە بەرامبەر بە تێبینی نووسین و نەخشەکێشان. هیچ شتێک ناخەمە سەر کاغەز. بۆیە ئەگەر لە نیوەی یەکێک لەم کارانەدا بمرم، وەک (نهێنی ئێدوین دروود – Mystery of Edwin Drood)ی لێدێت و کەس نازانێت بڕیار بووە دواتر چی ڕوو بدات.
ـ ئایا ڕۆژانە کە دەنووسیت، ئامانجێکی دیاریکراوت هەیە؟ واتە بە ژمارە ڕۆژانە چەند وشە دەبێت بنووسیت؟
جۆناتان لەسەم: ڕێگای ڕازیکردنی خۆم زۆر سادەیە. هەوڵ دەدەم هیچ شتێک نەژمێرم: نە وشە، نە لاپەڕە، نە کاتژمێرەکانی سەر کار. ئەمانە بە تێپەڕبوونی کات زۆر دەگۆڕێن. بێگومان، ئەگەر لە جیاتی نیو لاپەڕە سێ لاپەڕە بنووسم، هەستی پێ دەکەم و دڵخۆش دەبم. بەڵام من هەمووڕۆژێک کار دەکەم، بەمەش ژماردن و شتەکانی تر گرنگ نین. تەنها دڵنیا دەبمەوە کە هەموو ڕۆژێک دەستم بەر کتێبەکە بکەوێت. ئیدی کتێبەکە خۆی تەواو دەبێت.
ـ ئایا هیچ شتێکی جیاواز لە شوێنی کارەکەتدا هەیە؟ چ دیمەنێک لە پەنجەرەی شوێنی کارەکەتەوە دەبینرێت؟
جۆناتان لەسەم: شوێنی سەرەکی کارکردنی من جۆرێکە لە کۆگا. کۆگایەکی گەورە کە دەتوانیت بچیتە ناوی. پێموایە من لە هەردوو جەمسەرەکەدا کارم کردووە: شوێنی زۆر فراوان و شوێنی زۆر تەسک و بچووک، وەک مشکەکەی کافکا. بۆیە ڕەنگە بۆ من گرنگ نەبێت، بەڵام پێویستم بەوەیە شوێنەکە نامۆ و تایبەت بێت. من یان لەگەڵ دیمەنێکی زۆر جوان گەشە دەکەم، یان ڕێک پێچەوانەکەی.
ـ حەزت لە سووکەژەمی چی هەیە لە کاتی نووسیندا؟
جۆناتان لەسەم: من بە دوای ڕۆنی مێشکەوەم. ماسی سەردین یان ئەڤۆکادۆ لەسەر کێکی برنج.
ـ تۆ چیرۆکی کورت، ڕۆمان و وتاریش دەنووسیت. کامیان بۆ تۆ ئاسانترە؟
جۆناتان لەسەم: لە ناخەوە هەست دەکەم من ڕۆماننووسم. حەزم لەو نوقمبوونە درێژخایەنەی ماراسۆنی نووسینە. حەز دەکەم هەست بکەم لە ناوەڕاستی شتێکی دوور و درێژدام بۆ هەمیشە. چێژ لە جۆرەکانی تریش دەبینم، و ئەوان یەک سوودی سادەیان هەیە: ئەوەی کە دەتوانیت تەواویان بکەیت. دەتوانیت چێژی تەواوکردنی شتێک تاقی بکەیتەوە زیاتر لە جارێک. ئەوان زیاتر وەک ڕاکردنی خێرا وان، کاتێک هێڵی کۆتایی پڕۆژەیەک دەبینیت، وزەت بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام من ئەوە ناگۆڕمەوە بەو لەسەرخۆییەی کە ڕۆمان پێم دەبەخشێت.
ـ تۆ چەندین ساڵ وەک کارمەند لە کتێبفرۆشییە کۆنەکان کارت کردووە. کەوتمەوە بیری (کوێنتن تارانتینۆ – Quentin Tarantino) کە پێش نووسین و دەرهێنانی فیلمەکانی، وەک کارمەندی ڤیدیۆ مۆدێل کاری دەکرد و بەهۆی کارەکەیەوە فێری هەموو فیلمە کلاسیکییەکان ببوو. تۆ وەک نووسەر، چیت دەستکەوت ئەو کاتەی کە لە کتێبفرۆشییە کۆنەکان کارەت دەکرد؟
جۆناتان لەسەم: مانای زۆری بۆ من هەبوو. بۆ ئەوەی بیبەستمەوە بە نموونەی تارانتینۆوە، تێگەیشتم کە لەوێ شتی زۆر هەیە. من بوومە خوێنەری کتێبە پەراوزخراوەکان. لە کتێبفرۆشییە کۆنەکان، تۆ ئەو کتێبانە دەخوێنیتەوە کە خەڵک نایانبات. من زۆر گرنگی بەو سووچ و پەنایانەی ڕەفەکان دەدەم، ئەو کتێبانەی کە کەس گرنگییان پێ نادات. من چەندە لە کتێبە کلاسیک و بەناوبانگەکانەوە فێری نووسین بووم، هێندەش لەو کتێبە فەرامۆشکراوانە فێر بووم.
ـ ئەگەر خوێنەرێک کە بە تۆ ئاشنا نەبێت بەڵام بیهەوێت یەکێک لە کتێبەکانت تاقی بکاتەوە، پێشنیار دەکەیت لە کوێوە دەست پێ بکات؟
جۆناتان لەسەم: کتێبەکانم زۆر لە یەکتر جیاوازن. ئەگەر هەلێکم هەبێت، سەرەتا چاوپێکەوتن لەگەڵ خوێنەرەکە دەکەم بۆ ئەوەی بزانم حەزی لە چی ترە. دواتر بەپێی حەزی ئەو، کتێبێکی خۆمی بۆ هەڵدەبژێرم. بەڵام دەڵێم (بڕۆکلینی هەتیو Motherless Brooklyn)، چونکە سەرنجڕاکێشترین، پڕجووڵەترین و گەرموگوڕترین کتێبی منە. پێدەچێت باشترینیان بێت بۆ دەستپێکردن.
ـ زۆرێک لە کتێبەکانت چەندین جۆر ئەدەبییان لەخۆگرتووە (بۆ نموونە زانستی – خەیاڵی لەگەڵ لێکۆڵینەوەی پۆلیسی و تاوانکاری). کاتێک هەندێک نووسەر هەوڵ دەدەن ئەمە بکەن، دەزگاکانی چاپ دژایەتییان دەکەن چونکە پێیان وایە خوێنەر تووشی سەرلێشێوان دەبێت. ئەزموونی تۆ لە ڕووی بازرگانی و چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکانت چۆن بوو؟
جۆناتان لەسەم: من هەر لە سەرەتاوە ڕێگەم بەوە نەدا کەس ڕای هەبێت لەسەر ئەمە، چونکە زۆر پێداگربووم لەسەر ئەم شێوازە پێش ئەوەی هیچ دەربارەی جیهانی بڵاوکردنەوە بزانم. ڕاشکاوانە نیشانم دا کە من ئەو کەسەم لە نێوان شێوازەکاندا باز دەدەم. یان دەبوو بە شتێکی باش یان نا، بەڵام ئەوان نەیاندەتوانی ڕێگریم لێ بکەن.
ـ (پڕۆژە هەمەچەشنەکان – Promiscuous Projects) چۆن دەستی پێکرد، کە تێیدا ڕێگە دەدەیت چیرۆکەکانت لە لایەن دەرهێنەرانی فیلم و شانۆ و مۆسیقارەکانەوە بەکاربهێنرێن تەنها بەرامبەر بە ١ دۆلار؟ ئایا وەک ئەوە دەرچوو کە هیوات بۆ دەخواست؟
جۆناتان لەسەم: ئۆهـ، بەڵێ، زۆر خۆش بوو. هەر ئێستا هەواڵم لە دەرهێنەرێکی فیلمەوە پێگەیشت. ئەو فیلمێکی کورتی لەسەر (مرۆڤە خەواڵووەکان – Sleepy People) وێنەگرتووە. وادیارە من دیارییەکم پێشکەش بە خەڵک کردووە، بەڵام ڕاستییەکەی پێچەوانەکەیەتی؛ من ئەم دیارییانەم بۆ دەگەڕێتەوە. لێشاوێک لە دەرهێنەر و مۆسیقاڕ و ئەکتەری شانۆم بۆ دێت کە بە جۆری جیاواز وەڵامی چیرۆکەکانم دەدەنەوە. ئەمە چ بەختێکی گەورەیە بۆ من! بیرت نەچێت ئەوە بەختەوەرییەکی گەورەیە کە کەسێک گرنگی بە کارەکانت بدات. بۆیە ئەم ئاڵوگۆڕە زۆر ناوازە بوو.
ـ چی دەتخاتە پێکەنین؟
جۆناتان لەسەم: منداڵەکانم.
ـ چی دەتگریێنێت؟
جۆناتان لەسەم: سەرکەوتنە وەرزشییەکان.
ـ ئەرێ بەڕاست تۆ هاندەری یانەی (مێتس – Mets)یت، وانییە؟
جۆناتان لەسەم: ئاهـ، بەڵێ. ئەوە ڕندۆکم پێ دەڕژێنێت. (مەبەستی لە دۆڕانە بەردەوامەکانی ئەو یانەیە).
ـ ئایا هیچ باوەڕێکی خورافیت هەیە؟
جۆناتان لەسەم: پێدەچێت هەبێت. ئەوەندە تێکەڵی ژیانم بوون کە وەک خورافیات هەستیان پێ ناکەم. گومان دەکەم خورافیاتەکانم وەک ڕەفتارێکی عەقڵانی شاردبێتەوە.
ـ ئەگەر بتوانیت کەسێکی مردوو بگەڕێنیتەوە بۆ ژیان، کێ دەبێت و بۆچی؟
جۆناتان لەسەم: چۆن ئەمە بۆ هەموو مردووەکانی تر ڕوون بکەمەوە کە پشتگوێم خستوون؟ دایکم دەبێت.
ـ چ دەستەواژەیەک زۆر بەکاردەهێنیت؟
جۆناتان لەسەم: هەبوونی منداڵێکی ٣ ساڵان کە هەموو قسەکانت وەک دەنگدانەوە بۆ دووبارە دەکاتەوە، وادەکات تێبگەیت سەد دانە دەستەواژەت هەیە کە زۆر بەکاریان دەهێنیت. من وشەی(ئاکچوەڵی – Actually) زۆر دووبارە دەکەمەوە کە بە واتای (لە ڕاستیدا) دێت.
ـ ئایا کاتێکی دیاریکراو هەبووە کە هەست بکەیت نووسەریت؟
جۆناتان لەسەم: لە نووسینی یەکەم کتێبی بەرگی ڕەق. بۆ من زۆر سادە بوو. من کەوتبوومە نێو ڕەفەکان. ئیتر پێویستم بە زۆر شتی تر نەبوو.
ـ چیرۆکێکی کۆمیدی پەیوەست بە ناساندنی کتێبەکانت هەیە کە بۆمان بگێڕیتەوە.
جۆناتان لەسەم: کاتێک کە من و (گراهام جۆیس – Graham Joyce) چووین بۆ فرۆشگایەکی زنجیرەیی لە دەوروبەری (شیکاگۆ – Chicago) بۆ ئەوەی پێکەوە کتێبەکان واژۆ بکەین. تەنها یەک کەس هات بۆ لامان کە تەنانەت کتێبەکەشی پێ نەبوو، تەنها پارچە کاغەزێکی پێبوو بۆ ئەوەی واژۆی بکەین. کاغەزەکەش دڕابوو. ڕێژەی نووسەر بەرامبەر خوێنەر: ٢ بە ١. هیچ کتێبێک واژۆ نەکرا، و ئەو کاغەزەشی کە لە نێوانماندا بوو دڕابوو!
ـ حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
جۆناتان لەسەم: دەبێت ئەمە لە هاوڕێیەکی ترم بدزم، (جۆن کێسێڵ – John Kessel). ئەو دەیهەوێت لەسەر قەبرەکەی بنووسرێت: “نەیدەزانی، بەڵام گوومانێکی هەبوو.”

تێبینی:
ئەم چاوپێکەوتنە کورت و دەستکاری کراوە.