رۆژنامەی ھەولێر

خــوێندنەوەیــەک بــــــۆ کـتـــێبــی:ڕەهەندەکانی هزری پەرەپێدانی گەشتوگوزار، لە ستراتیژییەتی مەســــــڕور بــــــــارزانی و ڕەوتی مێژوو و ئایندەدا

ئاری ئاغۆک
لە جیهانی ئەمڕۆ دا گەشتوگوزار وەک پرس و بابەتێکی گرنگی سەردەم لە چەند ڕوانگەیەکەوە دەبێت خوێندنەوە و شرۆڤەی بۆ بکەین، نەک تەنیا وەک بابەتێکی پەیوەستدار لە گەشتکردنی مرۆڤ لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، یاخود چێژبینینێکی کاتی و قازانجێکی مادی، بەڵکو چەمکی گەشتوگواز ڕەهەندێکی فراوانە، لە نێوان کەسانی سەردانیکەر و ئاراستە و ژینگەی ئەو شوێن و خاک و ووڵاتەی سەردان دەکرێ، بۆیە لە نێوان ئەم دوو لایەنە، پردێک هەیە پێی دەڵێن پردی و زێرین و چێژبینی. بەمەرجێک گەشتیار بە ڕۆشنبیرییەکی فراوان و دەروون ئاسودە هەنگاو بنێ، لە بەرانبەریش دا خاوەن ماڵ بە رێز و خۆشەویستی و گرنگیەکی زۆرەوە ڕێز لە گەشتیار بگرێ، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی بە درێژایی مێژوو لە هەموو قۆناغ و سەردەمەکان دا گەشتکردن هەبووە و هەیە، ئەمەش بۆ ئەوەی ژیان لە یەک دیدەوە نابینرێت، چونکە ئەو کەسەی دێتە شوێنێکی گەشتیاری ئەوا تەنها وەک میوانێک سەیر ناکرێ بەڵکو وەک بابەتێکی قوڵتر، بریتیە لە گواستنەوە و نیشاندانی مێژووی کەلتور و شارستانیەت و ڕۆشنبیری و پەروەردە و ڕەوشت لە نێوان هەردوولا. لە دنیابینی فرە بابەتەکانەوە تا فێربوون و ئاشنابوونی ژیان و بیرکردنەوە، ڕەنگە زۆرانێک لەدوورەوە ئاشنابونێکیان بەو شوێنە گەشتیارییە هەبێت کە بە نیازن سەردانی بکەن ئەمیش لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و شاشەی تی ڤی، یاخود لە نووسراو و کتێبە مێژووییەکان ئەوا ئاشنابوونێکی سەرەتاییان هەیە، بەڵام کاتێ گەشت دەکەن بۆ ئەو شوێنە گەشتیارییانە ئەوا لەنزیکەوە زیاتر ئاشنای کەلتوور و ژینگەی شوێن و خەڵکی ئەو دەڤەرە دەبن، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی گرنگە شوێنە گەشتوگوزارییەکان بە پرەنسیبێکی جوان و سەردەمیانە بەرنامەی کار و دیدگایان نیشان بدەن.
هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێکی گرنگی ناوچە گەشتیارییەکانی جیهان ئەوا خاوەن چەندین شوێنی گەشتیاری دێرین و مێژووییە، کە لە قۆناغێکی زووەوە بۆتە جێی سەرنجی گەشتیاران، بەڵام بە هۆی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی رەنگە نە گەیشبێتە ئەو قۆناغەی کە بەدڵمان بێت، لەگەڵ ئەوەش دا قۆناغ دوای دوای قۆناغ، بەتایبەتتر دوای ڕاپەڕین و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەرەتاوە هەوڵ درا گرنگی بە سێکتەری گەشتوگوزار بدرێ وەک سامان و گەوهەرێکی نیشتیمانی تا گەیشتە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی دڵخۆش و گەشبینی کردین گرنگی دان بوو بە دوو سێکتەری گرنگ ئەوانیش ( گەشتوگوزار و ژینگە ) گەرچی ئەم دوو چەمکە لەکاری کارگێری و پڕاکتیکی جیان، بەڵام لە زۆر ڕووەوە یەک دەگرنەوەو دەبنە تەواوکەری ڕێگایەکی ستراتیژی نیشتیمانی و نەتەوەیی، بۆیە گرنگی دان بەم دوو لایەنە کارێکی پێویستی هەنووکەییە.
ئەوەندەی من ئاگاداربم و بەدواداچوونم کردبێت وەک ئەرکێکی کارگێری لە بواری پەروەردە، وەک بەرپرسی ژینگەو تەندروستی قوتابخانەکان، ئەوا سەرۆک وەزیران زۆر خەمخۆرانە کاری لەم بوارە کردوە، هەروەها وەک نووسەرێکی بواری ژینگە لە چەند ووتار و بابەت دا لە ڕووپەڕی رۆژنامە و گۆڤار و کتێب دا باسمان لە هەمە لایەنی بەرە و پێشڤەچوونی ژینگە کردوە.
دەربارەی پرسی (گەشتو گوزار) یش چەندین نووسەر و توێژەر، پەرۆشانە و خەمخۆرانە باسیان لە گەشتوگواز کردوە، یەکێک لەو نووسەرانە ( نادر ڕوستی) یە کە وەک خەمخۆرێک خاوەن چەندین ووتار و لێکۆڵینەوەی زانستی و مەیدانییە، هەروەها خاوەن چەند کتێبێکە دەربارەی گەشتوگوزار.
تازەترین چاپکراویشی کتێبی: ( ڕەهەندەکانی هزری پەرەپێدانی گەشتوگوزار لەستراتیژییەتی مەسڕور بارزانی و ڕەوتی مێژوو و ئایندەدا).
-لێرەدا خوێندنەوەیەکی گشتی بۆ ناوەڕۆکی ئەم کتێبە دەکەین:
کتێبی ڕەهەندەکانی هزری پەرەپێدانی گەشتوگوزار لە ستراتیژییەتی مەسڕور بارزانی و ڕەوتی مێژوو و ئایندەدا. لە نووسینی نادر ڕوستی، لە ٣٠٠ لاپەڕە پێکهاتوە، لە بڵاوکراوەکانی دەزگانی چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی یە، ناوەرۆکی بەشێوەیەکی گشتی لە پێنج بەشی سەرەکی پێک دێت، کە هەر بەشێک لە کۆمەڵە بابەتێکی پەیوەست بە گەشتوگوزار لە خۆ دەگرێ، لێرەدا شرۆڤەیەکی خێرا بۆ ناوەرۆکی هەر پێنج بەش دەکەین.
بەر لەوەی بچینە نێو ناوەڕۆکی بەشەکان، لەدەسپێک دا دەچینە پێشەکی کتێب. دیارە لە پێشەکی و دەسپێکی هەر کتێبێک دا، وەک کلیلی چوونە ناو دەروازە و دەستنیشانکردنی ئامانج و پەیامی کتێب، نووسەر بەرچاو ڕوونی بۆ خوێنەران دەخاتەڕوو، لەم کتێبەدا نادر روستی لە لاپەڕە ٩- ١٢ لە پێشەکیەکەی دا زۆر بە ڕوونی و فراوانی پرس و بابەت و لایەنەکانی نێو ئەم کتێبەی خستۆتەڕوو، لە گۆشەیەک دا دەڵێت: ( بەرەپێدانی هزری گەشتیاری نەبۆتە خەمی گرنگیی ئەکادیمییەکان و ناوەندەکانی ئەکادیمی، ئەوانەی لەو بوارە تاوی هزری خۆیان داوە ناگەن بە ژمارەی پەنجەکانی یەک دەست، ئەوەش وایکردووە لە پڕۆگرامەکانی خوێندنی گەشتیاری خاوەنی پڕۆگرامێکی یەکگرتوو و خۆماڵی نەبین، کە لەگەڵ ڕەوشی تایبەتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان گونجاو بێت، وەبەرهێن و بەرپرسە حکومییەکانیش لە نەبوونی هزری گەشتیاری و کەم ئەزموونی کەسە کارگێری و ئەکادیمییەکان، پەنا بۆ شارەزایانی بیانی دەبەن یان پڕۆژەی کۆپی کراو دەهێنن و وەبەرهێنان لە کوردستان دەکەن).
بێگومان ئەم چەند دێرەی نووسەری خاوەن کتێب خۆی لە خۆی دا پرسیار و بابەتێک گەلێکی گرنگە پێویستی بەشەن و کەن هەیە، ئەم پرسە تەنیا لە گەشتوگوزار بەدی ناکرێ، بەڵکو لە چەند لایەنێکی دیکەی کایەکانی ژیان هەستی پێ دەکرێت، کە بەداخەوە خەمی گرنگی بەشێک لە کەسە ئەکادیمییەکان زۆر بەسستی و ساردی دەخوێندرێتەوە.

-بەشی یەکەم/ گۆڕانکاری و هزری کارگێری لە گەشتوگوزار:
لەدەسپێکی ئەم بەشەدا نووسەر هەوڵی داوە لە ڕوانگەی گۆڕانکارییەکانەوە، هزری کارگێری بخاتە نێو بازنەی گەشتوگوزار ئەمەش لە لاپەڕە ( ١٥- ٨٤ ) لە ڕێگەی ( ١٣ ) ووتار و بابەتی هەمەچەشن لە چوارچێوەی دید و هزر ئەو پەیامانەی کە لە بنچینەی کارگێری هەر دەوڵەت و حکومەتێک دا هەن، کە هەمووی لە پێناو بە ستاندەرکردنی ڕێگای گەشتوگوزارە بەرەو ڕوناکی و گەشەسەندن و گەشە پێدان، کە هەر ووتارێک سەنگ و کاریگەی خۆی هەیە بە هۆی ئەو سەرچاوە زانستیانەی کە سوودی لێ وەرگرتوە، یاخود بە مەیدانی لەناو کێشەدا بووە.
لەم ڕوانگەیەوە لە لاپەڕەیە( ٧٥ ) بابەتێکی نووسیوە بەناونیشانی ( کێشەی نەبوونی ڕاوێژکار و شارەزای گەشتوگوزار) لەدەسپێکدا دەڵێت: ( نەبوونی ڕاوێژکار و شارەزای گەشتیاری لە ئەنجوومەنی وەزیران، کە چاوساغ و داڕێژەری سیاسەتی گەشتیاریی بێت و هاوکاری سەرۆکی حکوومەت بێت بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاری، کەچی بۆ زۆربەی کەرت و بوارەکان، سەرۆکی حکوومەت ڕاوێژکاری تایبەتی هەیە…. هتد).
لەم ووتارەدا نووسەر بابەتێکی گرنگی خستۆتەڕوو، هەم وەک پێشنیار، هەم وەک گلەیی، بێگومان بوونی ڕاوێژکار لەهەر بوارێک لە بوارەکان نیشانەی گرنگی دان و پەرەپێدانی بواری دەستنیشانکراوە، بۆیە بوونی ڕاوێژکاری گەشتیاری لە ئەنجوومەنی وەزیران زۆر گرنگە، بەڵام لێرەدا ڕەهەندە گرنگەکە ئەوەیە، کێ دەبێتە ڕاوێژکار، ئەوەی دەبێتە ڕاوێژکار ئەزموون گرنگە، یا بڕوانامە؟!، لە کاتێکدا کەسی ئەزمووندار لەهەر بوارێک دا، سوودی لێ وەردەگیرێ و بڕوانامەش وەک لایەنێکی ئەکادیمی گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، لێرەدا بە بۆ چوونی من لە نێوان ئەم دوو بوارەدا تەوەری سێیەم گرنگترە ئەویش خەمخۆری و هەست بەلێپرسراویەتی کەسی دیاریکراوە، کە بایەخێکی گرنگ و خەمخۆرانەی بۆ بواری دەستنیشانکراو هەبێت.
هەروەها کە لاپەڕە ( ٨٣ ) نووسەر بابەتێکی گرنگی ورووژاندوە بەناونیشانی ( کێشەی شوێنەکانی گەشتیاری لە شارۆچکەکان) دەڵێت: ( ئەو شوێنانەی ڕاستەوخۆ خزمەتگوزاریی پێشکەش بە گەشتیاران دەکەن، بەتایبەت لە وەرزی هاوین، بەشی زۆریان دەکەونە قەزا و ناحیە و ناوچە شاخاوییەکان، بە تایبەت هاوینە هەوارەکان کارمەندی گەشتیاری لەو شوێنانە هیچ ڕاهێنانیان پێ نەکراوە، یان زۆر کەم کەسانی ئەکادیمی و پیشەیی و ڕاهێنراوان، بۆیە زۆر کەم لە بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گەشتیاری شارەزان).
بێگومان ئەم بابەتە وەک یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان هەژمار دەکرێ، ئەوەی نووسەر باسی دەکات کێشەیەکە لە هەناوی واقیعی ئێستای ئەو شوێن و دەڤەرانە سەرچاوە دەگرێ، چونکە هەموومان دەزانین بەشێکی زۆری شوێنە گەشتیارییەکان کەوتونەتە شارۆچکەکان، بۆیە دەبێ بە گرنگی و بایەخەوە لێی بڕوانین، چونکە نا شارەزا و نا ئەکادیمی کاریگەرییەکی خراپی بەسەر وێنە گەورەکە هەیە ئەویش پەڕەپێدانی هزری گەشتیاری یە.

_بەشی دووەم/ هزری پەرە پێدانی گەشتوگوزاری.
ئەم بەشە ( ١٣ ) بابەتی گرنگی گەشتوگوزاری لە خۆدەگرێ لە لاپەڕە( ٨٥- ١٤٤) تایبەتە بەلایەنی پەرەپێدانی هزری، ئەمەش لە چەند دیدگایەکی جیاوە پرس و بابەتەکانی خستۆتەڕوو، لە لاپەڕە ( ٩٥ ) بە ناونیشانی (نووسین و هزری گەشتیاری)، لە گۆشەیەک دا نووسەر دەڵێت: ( لە هەرێمی کوردستان هیچ کەناڵێک یان گۆڤارێک یان ڕۆژنامەیەک یان نووسەرێکی تایبەت بە گەشتوگوزار بوونی نەبووە، کە خاوەنی چەند توێژینەوەیەک یان چەند کتێبێک بێت و کتێبخانەی کوردی پێ دەوڵەمەند بکات، هیچ خاوەن هزر و بیرێک نەبووە، کە خاوەنی تێڕوانین و بۆچوونی هەڵقوڵاوی خۆرسکانەی سروشتی کوردستان بێت و مۆدێلێکی تایبەتی گەشتوگوزاری خۆماڵیانە و ڕەسەنانە بێنێتە ئاراوە).
بێگومان ئەم بابەتەی نووسەر واقیعێکی سەردەمە، بەداخەوە لەم زۆری و بۆرییەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە هەرسێ بەشییەوە( بینراو، بیسراو، خوێنراو) دەزگایەکی تایبەتمان نیە بە گەشتوگوزار کە ڕەنگدانەوەی سروشتی جوانی گەشتوگوزاری نیشتیمانەکەمان بێت، ئەم بۆ شاییە ئیعلامییە لە زۆر بواری دیکە هەستی پێ دەکرێت، بۆنموونە لە بواری ژینگە بە هەمان شێوەیە، کە خۆم چەند جارێک لە ڕێگەی نووسین و دیبەیتە ژینگەییەکان ئاماژەم پێ کردووە، بۆیە پێویستە ئەم پرس و بابەتە لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە کاری لەسەر بکرێت، چونکە پێویستیمان بەنووسەری بواری گەشتوگوزار هەیە.
هەروەها لەم بەشەدا خاوەن کتێب لە لاپەڕە ( ١٢٧ ) بەناونیشانی ( ئاماری گەشتیاران و ڕەوشی گەشتیاری هەرێم ) لە گۆشەنیگایەکەوە نووسیویەتی: (ئەوەی لێرەدا بۆتە پرسیار بریتییە لەوەی ئایا ژمارەی ئەو گەشتیارانەی دێنە هەرێمی کوردستان، بە چ سیستەمێک هەژمار کراون؟ تا چەند ئەو ئامارانە لە ڕاستی نزیکن؟ وەڵامەکە لای من ڕوونە، چونکە زیاتر لە ١١ ساڵ لە دەستەی گەشتوگوزار بەرپرسی ڕاگەیاندن بووم، وەڵامەکە دەڵێت، ئامارەکان لە بازگە و لە خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکە خانەکان وەردەگرین، واتە بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکانی گەشتوگوزار و دەستەی گەشتوگوزار خاوەنی هیچ ئامارێک نین!).
خستنە ڕووی ئەم بابەتە گرنگەی نادر ڕوستی ، وەک کێشەیەک و تێبینیەک، نەک لە لایەنی گەشتو گوزار، ئەوا لە زۆر سێکتەری دیکەی کارگێری هەستی پێ دەکەین، دەبێت فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە ووردی بەدواداچوون بۆ ئەم ئامارانە بکات، چونکە گرنگیەکەی لەوەدایە، بۆ نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرا، یا توێژینەوە و ڕاپرسی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بێت، نەک هەرەمەکی و ئاماری لابەلا، ئەمە دەچێتە خانەی مێژوو و دیکۆمێنت و ئەرشیف، ئامارەکان چەندی زانستی و ئەکادیمی و نزیک لە دەزگای پەیوەندیداربن، هێندە زیاتر دەچێتە خانەی باوەڕپێکراو، لە چەندین لاوە سودی دەبێت بە تایبەتی لە ڕووی ئامارو داتای ئابوورییەوە.

-بەشی سێیەم/ هزری ئابووریی گەشتیاری:
بەشی سێیەمی ئەم کتێبە ( ١٠ ) بابەت لە خۆ دەگرێ بە ناونیشانی: هزری ئابووریی گەشتیاری، لە لاپەڕە ( ١٤٥ – ١٨٩ ) کە هەر بابەتێک گوزارشت لە سێکتەرێکی گرنگی بە هێزبوونی لایەنی گەشتیاری دەکات ئەویش هزری ئابوورییە، بێگومان ئابووری وەک ڕۆحی گەشەپێدان و بەردەوامی ناسراوە لە هەموو بوارەکان بەتایبەتی گەشتوگوزار، بە مەرجێک لەسەر بنەمایەکی زانستی و لەسەر دەست و بیرۆکەی کەسانی پسپۆر بێت.
لە لاپەڕە( ١٨١ ) لە بابەتێک دا بە ناونیشانی: (گەشتوگوزار و نەوت و دراوی گرانبەها)، ئاماژەی بە بابەتێکی گرنگی سەردەم کردوە، لە گۆشەیەک دا دەڵێت: (نەوت بە هەناردەکرنی بۆ دەرەوە دراوی گرانبەها دەهێنێت، بەڵام گەشتیار بە هاتنی بۆ ناو وڵات دراوی گرانبەها دەهێنێت، نەوت لەدەرەوەی وڵات دەفرۆشرێت، بەڵام خزمەتگوزاری بۆ گەشتیار لە ناو وڵات ( لە شوێنە گەشتیارییەکان ) دەفرۆشرێت.
ئەم بابەتە ڕەهەندێکی قوڵ لە خۆ دەگرێ، کە هەموو چاوەکان لەسەر نەوتن، وەک بابەتێکی ئابووری، بەڵام بابەتگەلێکی دیکە هەن دەبێ زیاتر بایەخی پێ بدەین، وەک گەوهەرێکی ئابووری نیشتیمانن ئەمەش دەبێت کاری لەسەر بکرێ، دەبێ بزانین لە فۆڕمی گەشتیاری دا چۆن پارە و داهات بهێنینە ناوەوەی هەرێمی کوردستان، ئەمەش دەبێت زۆر بە ووردی و ئەکادیمی و کارگێرییانە بهێتە ئاراوە، بۆیە خستنە ڕووی ئەم بابەتە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار بە بایەخەوە لێی بڕوانن.

-بەشی چوارەم/ ئەو بنەمایانەی سودیان لێ وەرنەگیراوە:
ئەم بەشە ( ٩ ) بابەت لە خۆ دەگرێ، لە لاپەڕە ( ١٩١ – ٢٣٤ ). لێرەدا دووبابەت دەستنیشان دەکەین و شرۆڤەی خۆمان دەخەینەڕوو.
لە لاپەڕە ( ٢١٤ ) بە ناونیشانی: گەشتوگوزاری گۆڕستانەکان. لە دەستپێکدا نووسەر ئاماژە بەوە دەکات، ( هەندێک لە وڵاتان گرنگییان بە گەشتوگوزاری گۆڕستانەکان داوە، کە گۆڕی ناوازەو کۆنی لێیە، بەشێک لە هاوڵاتییان و گەشتیاران ئارەزووی بینینیان دەکەن، هەندێک گۆڕستانیشمان هەیە کە تایبەتە بە هونەرمەند و کەسایەتییەکان، گەشتیاران سەردانی دەکەن، بە ناوبانگترین گۆڕستانە جیهانییەکان، گۆڕستانەکانی وڵاتی فەرەنسا، بەریتانیا، هۆڵەندا، هیندستانە.)
لەم بابەتە نادر روستی پرسێکی گرنگی خستۆتەڕوو، گەلی کورد، وەک موسڵمان بە درێژایی مێژوو، رێزی لە بەها ئایینی و کەلتوورییەکان گرتوە، بە تایبەت ئەو کەسایەتیە زانا و ئایینیانە کە پێگەیەکی گەورەیان لە هزر و دیدی گەلی کورد هەیە، بۆیە مەزار و ئارامگەکانیان بە درێژایی مێژوو، بە ڕێز و تەقدیرەوە لێیان دەڕوانرێت، دەکرێ سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێ و گەشتیاران سەردانی مەزارەکان بکەن وەک شوێنێکی ئایینی، مێژوویی، کەلتووری، ئەمەش بە هەماهەنگی نێوان وەزارەت و دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان بەتایبەتی وەزارەتی ئاوقاف و کاروباری ئایینی.
لە لاپەڕە ٢٢٢ بابەتێک نوسراوە بە ناونیشانی: گەشتوگوزاری سەرچیاکان- چیاکان لە زستان دەبن بە زیوو، بەڵام نرخیان نازانین! لە گۆشەیەک دا دەڵێت:( بەشێکی زۆر لە سروشتی هەرێمی کوردستان لە وەرزی زستان بۆ ماوەیەک بەفر دایدەپۆشێت و دیمەنێکی جیاوازتر لە وەرزەکانی دیکە دەبەخشێتە میوان و گەشتیاران …. هتد)
بێگومان کە باس لە هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەوا ڕاستەخۆ وێنەی چیاکان و دیمەنە دڵڕفێنەکانی هاوینەهەوارەکانمان دێتە بەرچاو، لەم بابەتەدا نووسەر ئاماژەی بە پرسێکی زۆر گرنگ کردوە، سود وەرگرتن بۆ هاتنی گەشتیاران بۆ چیاکان، هەم چێژی دەروونی هەیە، هەم دیمەنێکی جوان و سەرنج ڕاکێش و یادگاری، بۆیە بەسود وەرگرتن لەم شوێنە دەتوانین ژمارەی گەشتیاران زیاد بکەین، هەروەها وەک هێزێکی ئابووری گرنگی و بایەخی خۆی دەبێت.

-بەشی پێنجەم/پەرە پێدانی بواری جیاواز.
لەم بەشەی کۆتایی دا لە لاپەڕە ( ٢٣٥ – ٢٩٦ ) جگە لە ئاماژەدان بەو سەرچاوانەی سودی لێ وەرگیراوە، هەروەها پاشکۆی وێنەکانیش لە خۆدەگرێ، تەوەرەی سەرەکیشی بەناوانیشانی پەرە پێدانی بواری جیاواز، ( ٧ ) بابەت لە خۆ دەگرێ،
یەکێک لەو بابەتانە بەناونیشانی (گرنگیی گوندە کۆنەکان بۆ کەرتی گەشتوگوزار) لە گۆشەیەک دا دەڵێت: (گەشتیاری بیانی بۆ بینینی میوانخانەی پێنج ئەستێرە و مۆڵی گەورە و باخچەی گەورە بۆ وڵاتان گەشت ناکات، بەڵکو بۆ بینینی کەلەپووریی جیاواز و بابەتی ڕەسەن و شوهنەواری نەبینراو و دابونەریت و خواردنی خۆماڵی و ڕێوڕەسمی جلوبەرگی جیاواز و بەرهەمی دەستکردی جیاواز دەچێتە شوێنی نوێ و ناوچەی جیاواز)
ئەم تەوەر و بابەتەش ڕەهەندێکی قوڵی هەیە، چونکە کەلتوور و داب ونەریتی ڕەسەنایەتی گەلی کورد هەمیشە جێی شانازی بووە، ئەمیش بە هۆی زمانپاڕاوی و ئەو ژینگە و بیرکرنەوانەی تێیدا ژیاون و گەورەبوون، هەروەها جلو بەرگی کوردی بە یەکێک لەو جلوبەرگە جوان و بە ڕەوشتانە دادەنرێت بە هەردوو ڕەگەزیەوە، بۆیە دەکرێ لە مۆزەخانەیەک دا جلوبەرگی سەرجەم ناوچە و دەڤەرەکان نیشان گەشتیار بدەن، ئەمەش هەم وەک کەلتوور، هەم وەک مێژوو، هەم وەک لایەنێکی ئابووری سودی دەبێت، هەروەها خواردنی کوردەواریش کە تاییبەتمەندیەکی دێرین و تامداری هەیە ئەمیش لە ڕێگەی فیستیڤاڵ و یاد و بۆنەکان نمایش بکرێ.
بەشێوەیەکی گشتی، ئەم کتێبە دەکرێ بڵێێن وەک هەگبەیەک وایە، پڕە لە: (پێشنیار، نەرمە ڕەخنە، گلەیی، بۆچوون، ….هتد). کە هەموویان لە پێناو خزمەتکردنە بە کەرتی گەشتوگوزار لەهەرێمی کوردستان.