میدیا سەلاح عوسمان
“ئێمە لە سەردەمێکدا دەژیین کە ئامێرەکان لێکمان نزیک دەکەنەوە، بەڵام مرۆڤەکان لە یەکتری دوور دەخەنەوە. لە پشت شاشە ڕووناکەکانی مۆبایلەکانمانەوە، ژیانێکی تاریک و بێدەنگ بۆ پەیوەندییە خێزانییەکانمان دروست دەکەین، بەبێ ئەوەی هەست بەو باجە قورسە بکەین کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە تەمەن و ڕەوشتی نەوەکانمان دەڕوات.
مرۆڤی هاوچەرخ گەورەترین کێشەی لە نێوان پێشکەوتنی ماددی و پاشەکشەی سۆزداریدایە. زۆربەمان هەمیشە بە تامەزرۆیی و ئاواتەوە دەڕوانینە ڕابردوودا؛ بیر لەو ڕۆژانە دەکەینەوە کە ڕەنگە لە کاتی خۆیدا زۆر بایەخیان لای ئێمە نەبووبێت، بەڵام ئەمڕۆ کە ژیانی ئێستا بە ڕابردوو بەراورد دەکەین، تێدەگەین چی گەوهەرێکی گەورەمان لە دەستداوە
جیاوازی نێوان تێربوونی ماددی و برسیێتی سۆزداری
ئەوسا لە ڕووی ماددییەوە قەیران هەبوو، شتومەک گران بوو، هاتوچۆکردن قورس بوو چونکە کەم کەس ئۆتۆمبێلی تایبەتی هەبوو. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو کەمداهاتییەدا، دڵەکان لە یەکتر نزیک بوون، کۆبوونەوەکان پڕ بوون لە گەرمی، قسەی خۆش و خۆشەویستی ڕاستەقینە. خەڵک لە پێناو یەکتردا دەمردن و ئامادەی قوربانیدان بوون .
ئەمڕۆ خودا نیعمەتی زۆری پێ بەخشیوین؛ کەم خێزان هەیە خاوەنی یەک یان دوو ئۆتۆمبێل و خانووی تایبەت بە خۆی نەبێت. هەموو شتێک لەبەردەستدایە؛ جاران ئاواتمان بۆ زۆر شت دەخواست بەڵام ئێستا هەموو ئاواتی ئێمە ئەوەیەکە وەکو جارانمان لێ بێتەوە. گەورەترین قەیران کە ئێستا پێوەی دەناڵێنین (بەفیڕۆدانی کاتی سۆزداری و خۆشەویستی کۆمەڵایەتیە) ئێمە بەبێ هۆکار سەردانی دۆستان و کەسانی دەوروبەرمان ناکەین و هەمیشە پاساوی ئەوە دەهێنینەوە کە “نامانپەرژێ و سەرقاڵین”، لە کاتێکدا تەمەنمان لە پشت شاشەکانەوە بەفیڕۆ دەدەین.
تەڵەی شاشەکان بۆ منداڵەکانمان: کێ تاوانبارە؟
کاتێک باس لە ژیان لە پشت شاشەکانەوە دەکەین، دەبێت بزانین .لێرەدا پێویستە لە خۆمان بپرسین: ئایا لە پشت ئەم شاشانەوە تەماشای چی دەکەین؟ و لەوەش گرنگتر، منداڵەکانمان لە پشت ئەو شاشە بێدەنگانەوە چ جیهانێک دەبینن؟
زۆربەی دایک و باوکان مۆبایل و ئایپاد دەدەنە دەست منداڵەکانیان تەنیا بۆ ئەوەی بێدەنگ بن، بەبێ ئەوەی بزانن ئایا ئەو ڤیدیۆیانە هاوتەمەنی ئەوانن؟ یان ئایا یەک جار ڕێنماییان پێداون کە تەماشای چی بکەن چی گونجاوە بۆیان؟
کارەساتەکە لێرەوە دەست پێ دەکات؛ کاتێک دایک و باوک خۆیان کاتژمێرەکان لە بەردەم درامایەکی بیانی یان تورکیدا بەڕێ دەکەن، منداڵەکەش لەگەڵیاندا دادەنیشێت و چاوی دەکەوێتە سەر دیمەنە قیزەون و توندوتیژەکان کە بە هیچ شێوازێک لەگەڵ ئاداب و کەلتوری کوردی ئێمەدا ناگونجێن. کاتێکیش منداڵەکە لەژێر باری ئەم کاریگەرییەدا تووشی ڕووداوێکی نەخوازراو و لادانی ڕەوشتی دەبێت (وەک ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بینیمان)، نابێت بچین سەرزەنشتی منداڵەکە بکەین! چونکە لە بنەڕەتدا خۆمان بێئاگا و بەبێ سانسۆر، ئەم شاشەمان وەک “دیاری” بۆ کڕیوە و جیهانی دەرەوەمان بەبێ پارێزبەندی هاوردە کردووە بۆی . بێگومان هۆشیاریی خێزانێکیش بۆ خێزانێکی تر دەگۆڕێت و هەر خێزانەو بەجۆرێک چاودێری منداڵەکەی دەکات.
دیوارە بەردینەکە و لێکترازانی خێزانی
بەداخەوە، دیوارێکی بەردینی گەورە لە زۆر خێزاندا لە نێوان دایک و باوک و منداڵەکاندا دروست بووە. کەم خێزان دەبینیت بەبێ مۆبایل پێکەوە کۆ ببنەوە. هەمووان لە ژێر یەک میچدا دەژیین، بەڵام هەریەکێک لە پشت شاشە ڕووناکەکەی خۆیەوە نقوم بووە و بە تەواوی بێئاگایە لەوەی لە ناو دڵ و مێشکی ئەوی دیکەدا چی دەگوزەرێت.
ئەم غافڵبوون و بێدەنگییە ماڵ وێرانکەرە تەنیا کات بەفیڕۆدان نییە، بەڵکو بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ لێکترازانی خێزانی، زیادبوونی خیانەتی هاوسەر و بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە. ئەو خۆشەویستییە ڕەسەنەی دوێنێ جێگەی خۆی چۆڵ کردووە بۆ پەیوەندییە کاتییە ساختەکان، کە لە کاتی کێشەشدا شاشەکان دەبنە چەکێک بۆ سووکایەتی بە یەکدی و هەڕەشە لە یەکتر، بەبێ ئەوەی هیچ نرخێک بۆ دابونەریت و کەرامەتی خێزانی دابنرێت.
لادانی بەساڵاچووان و ئەرکی گەنجان
یەکێک لە دیاردە نامۆکانی ئەم دواییەی سۆشیالمیدیا ئەوەیە کە زۆرجار کەسانی بەساڵاچوو دەبینین چەندین وته و کاری زۆر ناشیرین و نەشیاو دەکەن کە لەگەڵ تەمەنیاندا ناگونجێت. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: کەسێک خۆی پێویستی بەوە بێت ڕەفتارەکانی چاک بکرێت، چۆن دەتوانێت پەروەردەیەکی تەندروست پێشکەش بە نەوەی نوێ بکات؟
بۆ چارەسەری ئەمەش، پێویستە ئەو گەنجانەی کە خۆیان بیرکردنەوە و بەکارهێنانی ژیریان لەگەڵ شاشەکانیان هەیەو بە تێگەیشتنەوە لێی دەروانن ببنە هاوکار و ڕێنشاندەری ئەو بەساڵاچووانەی کە لەگەڵیاندان تا نەکەونە ناو تەڵەی ئەم جیهانە مەجازییەوە.
کولتووری «بلۆک» لەبری گەورەکردنی کەسە بێباکەکان
کێشەی گەورە لە کولتووری بەکارهێنانی خۆمانەوە دەست پێ دەکات؛ کاتێک کەسێک لە ناو شاشەکاندا کارێکی ناشیرین ئەنجام دەدات یان بەهەر جۆرێک لە جۆرەکان خۆی دەردەخات، لەبری ئەوەی ڕەتی بکەینەوە، بە لایک، کۆمێنت و فۆڵۆو گەورەیان دەکەین و هانیان دەدەین بۆ کاری خراپتر!
دەبێت لە جیهانی پشت شاشەکاندا فێربین کە لەبری فۆڵۆو و لایک، «بلۆک»کردنی کارە ناشیرینەکان بکەینە کولتوور، بۆ ئەوەی ببێتە وانەیەک بۆیان و سنوورێک بۆ ڕەفتارە نەشیاوەکانیان دابنرێت. ئەم گۆڕانکارییەش هەرگیز نابێتە ڕاستی ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە لە ناو ماڵەکەی خۆیەوە دەست پێ نەکات.
ژیان لە پشت شاشەکانەوە، ڕاستی و جوانیی کۆمەڵگەکەمانی شێواندووە. ئێمە لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەی ڕەوشتی خێزانیداین. ئەگەر بە زوویی بەخۆماندا نەچینەوە و کۆنترۆڵی ئەم شاشانە نەکەین، پاشەکشەی کۆمەڵایەتی و لێکترازانی زیاتر چاوەڕوانمان دەکات.
ڕێگای ڕزگاری تەنیا بە چاکردنی خەڵکی تر نابێت، بەڵکو دەبێت هەموو دایک و باوک و گەنجێک لە ناو ماڵەکەی خۆیەوە شۆڕشی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم داگیرکارییە ساردە دەست پێبکات. مۆبایلەکان دابنێین و بگەڕێینەوە بۆ باوەشی گەرمی خێزان، پێش ئەوەی کات بڕوات و تەنیا پەشیمانی بمێنێتەوە.

