رۆژنامەی ھەولێر

سەرجەم دەنگ و ڕەنگ و جەمسەرە جــــــــــــیاوازەکان

ئاری ئاغۆک

ڕۆڵە تاقانەکەم…..!
بەداخ و پەژارەیەکی هەرە قوڵەوە، بگرە بە فرمێسکێکی خوێناوییەوە، زۆر زوو بوو، ڕۆیشتی و هەرگیز- داخم ناچێ- ناگەڕێیتەوە.
باوکی هەمیشە ستەمدیدە و بەئازارت))

*زەنگێکی تاڵ و یادەوەریەکی ناخۆش.
کاتژمێر یەک و چل خولەکی نیوەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممە ١٤-٥-٢٠٢٦ کاک بۆتانی کۆمپیوتەر زەنگی بۆ لێدام و دوای هەواڵپرسین گوتی: خەبەرێکی ناخۆشم پێیە، گوتم خێر؟! گوتی بەداخەوە کاروانی مامۆستا مومتازی کارەبا گرتیتی و کۆچی دوایی کردیە، ئەو هەواڵە بێ دەنگی کردم، یەکسەر هەمان کات و هەمان نیوەڕۆی ئەو ڕۆژەم بە بیرهاتەوە چەند ساڵێک لەمەوبەر زەنگێکم بۆ هات و یەکسەر پێیان گوتم (نەوزاد ئاغۆک) ی برات کارەبا گرتیتی و وابزانم مردیە، وەرە تەواری ڕۆژئاوا!!!.
ئەو هەواڵەی کاروانی مامۆستا مومتازی هەمان قەدەری ژیانئاوایی براکەم بوو، چۆن بۆ نەوزادی برام گریام و چۆکم شکا بۆ ئەم حەیدەریزادەیەش بە هەمان شێوە، بۆ دڵنیابوون لەم هەواڵە ناخۆشە پەیوەندیم بە هیوای کۆمپیوتەر کرد، گووتی بەڵێ،،،، ڕاستە بەداخەوە!.
نازانم چۆن خۆم گەیاندە (پزیشکی دادوەری)، لە ڕێگا بیرم لە مامۆستا مومتاز حەیدەری دەکردەوە ئاخۆ هەواڵی ئەم جەرگسوتانەیان چۆن پێ ڕاگەیاندووە؟!. تا گەیشتمە ئەوێ چەندین وێنەی ڕەش و ناخۆشم دەهاتە بەرچاو، کە گەیشتمە لای دەمویست دەستی مامۆستا مومتاز ماچ بکەم، جاران ئاسا نەیهێشت، بۆیە بە فرمێسکێکی حەزین نێو چاوانیم ماچ کرد و بەیەکەوە گریان.

*کتێبێکی ژانگرتووی مومتازحەیدەری.
کاتێ ناوی مومتاز حەیدەری لە بەرگی کتێبێک دەبینین، ئەوا یەکسەر دەزانین ناوەڕۆکی ئەو کتێبە تایبەتە بە یەکێک لە بوارەکانی ( ڕۆشنبیری، کەلتووری، مێژوویی، ئەرشیفی، دیکۆمێنتاری… هتد) ئەمەش بۆ ئەو ئەزموون و باگڕاوندە ڕۆژنامەوانییەی مامۆستا مومتاز دەگەڕێتەوە کە بەدێژایی تەمەنی نووسینی کاری لەسەر کردوە، بەڵام ئەمجارەیان و ئەم کتێبەیان جیایە، نەک خوێنەر، خودی مومتاز حەیدەریش بە خەیاڵی دا نەدەهات ڕۆژێک لە ڕۆژان کتێبێکی ژانگرتوو چاپ بکات، ئەم ژانەش بۆ نزیکترین کەسی و ئازیزی بێت، ئەویش جەرگی خۆیەتی، بەڵێ،،، بۆ مەرگی تاڵی کورە تاقانەی خۆی کاروان مومتاز حەیدەری.
بەداخەوە قەدەر بەو ڕۆژگارەی گەیاند کە گەورە نووسەرێک، دوایین کتێبی بە ناونیشانی
( کتێبێکی ژانگرتوو، کاروان حەیدەری لەئارامگەی سەروەریدا) بێ، هەروەک گوتراوە عەیبیی تەمەن درێژی ئەوەیە مەرگی ئازیزانی خۆت دەبینی، بەڵێ ئەوەتا مامۆستا مومتاز ئەو مەرگەی بینی و لە چلەی ژیانئاواییدا کتبێکیشی بە چاپ گەیاند!.
لێرەدا وەک وەفاو ڕێزێک بۆ هزر و قەڵەمی مامۆستا مومتاز، خوێندنەوەیەکی گشتی بۆ ناوەڕۆکی ئەم کتێبە دەکەین:
لە دووتوێی کتێبێکی ٢٤٠ لاپەڕەیی، لە ئامادەکردن و دیزاینی: مومتاز حەیدەری – هیوا عەباس -،م ، فەرمان فەرهاد. لە بڵاوکراوەکانی کتێبخانە و ئەرشیفی مومتاز حەیدەری، بە ژمارە سپاردنی ( ٨١٥ ) ی ساڵی ٢٠٢٦ بە تیراژی ١٠٠٠ دانە لە چاپخانەی ڕۆژهەڵات چاپکراوە.

– پێکهاتەی کتێب
ناوەڕۆکی ئەم کتێبە لەیەکەم لاپەڕەوە تا دوایین لاپەڕە لە چەند لایەنێکی جیا جیای سەرجەم دەنگ و ڕەنگ و جەمسەرە جیاوازەکان، گوزارشتە بۆ مەرگی تاهەتایی کاروان حەیدەری کە لەچەندین پەنجەرەی حەزینەوە هەست و سۆز و پەیامەکان بەم جۆرە خراونەتەڕوو:

*بروسکەو پەیامی هاوخەمی.
هەر لەگەڵ بڵاوبونەوەی ژیانئاوایی کاکە کاروان کە بە تەزووی کارەبا گیانی سپارد، سۆشیال میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و کەسایەتیە ئاینی و سیاسی و ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوان و ئەدیب و نووسەران لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بروسکەو پەیامی هاوخەمیان بۆ مامۆستا مومتاز و ماڵبات و خانەوادەی حەیدەری زادە نارد، لەم کتێبەدا ١٣٦ بروسکە و پەیامی هاوخەمی سەرجەم دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی نیشتیمان بڵاوکراوەتەوە، ئەمەش وەک ڕێزێک بۆ هاوخەمیان، ئەوا مامۆستا مومتاز دەقاو دەق ناوەڕۆکی بروسکەکانی داناوەو دەقی وەڵامی خۆشی بڵاوکردۆتەوە.

*ووتاری خەمگین و ماتەمدار.
لەم کتێبەدا چەند ووتارێکی خەمگین و ماتەمدار بۆ ئەم کۆستە خەمناکە نووسراوە، هەر قەڵەمە و بەدیدگایەکی حەزین هاوخەمیان دەربڕیوە.
– ئازاد جۆلا لە لاپەرە ١٠٨ – ١١٠ ووتارێکی نووسیوە بە ناونیشانی ( لە نێوان کڕنوشی خەم و کۆستی باوکایەتیدا )، لەگۆشە نیگایەکەوە دەڵێت: کۆچی دوایی کاکە ( کاروان) تاقانەکەی چرای ماڵبات و پشت و پەنای باوکە ماندووەکەی، هەر بە تەنها ڕۆیشتنی گەنجێک نەبوو، بەڵکو داڕووخانی بەشێک لە ڕۆحی ڕوناکبیران و نووسەران و ڕۆشنبیرانی هەولێر و تەواوی گەلەکەمانیشی بەدوای خۆی دا هێنا. داخیگرانم ( کارەبا ) کە لە بنچینەدا وزەیە بۆ هێز و ڕوناکی بەخشین، بەڵام بوو بە تاریکییەکی هەمیشەیی بۆ کاکە کاروانی تاقانە و داگیرسانی ئازارێکی نەبڕاوە لە دڵی مامۆستا مومتاز و ماڵباتە سەربەرز و ناودارەکەیان و تەواوی ڕۆشنبیران و نووسەرانی کورد.
– هەروەها هێرش سنجاوی ووتارێکی نووسیوە بە ناونیشانی (ووشەیەک لەبارەی مەرگی کاروان حەیدەرییەوە، پەروەردە- فەلسەفە و جوانییەک کە لە دوای خۆی جێهێشت).
لە لاپەڕە ١١١ – ١١٥ بڵاوبۆتەوە، لە گۆشە نیگایەکی میراتی پەروەردە و فەلسەفە، دەڵێت: کاروان کوڕی مامۆستا مومتاز حەیدەری بوو، ئەو باوکەی کە ماڵەکەی کردبوو بە مەکتەب، لەو ماڵەدا کتێب لە نان پیرۆزتر بوو، گفتووگۆ لە خەو شیرینتر بوو، مومتاز حەیدەری فەلسەفەی ژیانی لە ڕێگەی خۆشەویستی بۆ زانست و وڵات چاند، کاروانیش بوو بە بەرهەمی هەرە جوانی ئەم باخچەیە، بنەماڵەی حەیدەری وەک درەختێکی بەڕووی قەدیم وابوو، ڕەگیان لە خاکی ئەم نیشتیمانەدا و لقیان بەرەو ئاسمانی زانین.
– هیوا کۆمپیوتەر، وەک هاوخەمی هاوکار و هاوخەمی هەمیشەیی مامۆستا مومتاز، نامەیەکی کراوەی نووسیوە بەناونیشانی کۆچی کاروان، ئاوابوونی خۆری کوڕە تاقانەی ماڵ کە لەلاپەڕە ١٣٢-١٣٣ بڵاوبۆتەوە لە چەندێری سەرەتا دەڵێت: مامی گەورە و مامۆستام، هەمیشە دەتگوت لە هەموو لایەک خەم دەبارێ، ڕاستت فەرموو، وەلی ئەو خەمەیان لە هیچ خەمی دیکە ناچێ و نەچووە، خەمێک تا دڵ لێ بدات بەخوێن لە ناو جەستەت گوزەر دەکات و سەرتاپای بەدەنت دەگرێ، سەختە زۆریش سەختە هەواڵی کۆچی لەناکاوی (کاروان) ی برامان، دڵ و ناخی هەموومانی هەژاند و تاساین!.

*فرمێسکە شیعر بۆ کاروان حەیدەری.
بەهۆی ئەو کارەساتبارە خەمگینە، لەلایەن چەند نووسەر و شاعیرێکەوە فرمێسکە شیعر و پەخشان لەدایکبوە، لەم ڕوانگەیەوە لە ئامێزی ئەم کتێبەدا ( ١٤ ) فرمێسکە شیعر و پەخشانە شیعر نووسراون لەلایەن ( خالید شەیدا، سەعید عەبدوڵڵا کەلهوڕی، هاودەنگ فاروق، حەیدەر عەبدوڵڵا، نەسرین عەباس ئیبراهیم، سروشت بارانی، هێرش مەلابرایم سنجاوی، عومەر حاجی عەلی شەناغەیی، نەهرۆ عوسمان، دیار ئازاد، جەبار سابیر قادر لاسی، فازڵ ئاغا حەیدەری، دڵشاد عەبدوڵڵا، ئاری ئاغۆک.
هەر یەک لەو نووسەر و شاعیرانە بە دیدگا و هەست و قەڵەمی جوانیانەوە لە رێگەی ووشە و پەیڤی ماتەمدار لە فۆرمێکی ئەدەبیدا شیعر و پەخشانە شیعریان دەربڕیوە.

*سەردانی وەفاداری و سێبوری.
دوای یەکەم ڕۆژی تەواوبوونی پرسە، ئەوانەی نەیانتوانی بوو لە هۆڵی پرسە ئامادەبن، یا ئەوانەی دڵیان ئاوی نەخواردبۆوە بۆ ئەم کۆستە، یا بۆ دووپاتکردنەوەی هاوخەمی، ئەوا کتێبخانەی حەیدەری بووە ماڵێک لە پرسە و ماتەم و خەمگینی، چەندین کەسایەتی فرە ڕەنگ و ئایدیا جیاواز و گەورە و بچوک چەند ڕۆژێک بەردەوام بۆ دڵنەوایی و خۆ بەخاوەن پرسە زانین سەردانی مامۆستا مومتاز یان دەکرد، لەم کتێبەدا ٣٧ وێنەی جیاجیا بەهەواڵەوە لە ئەکاونتی سەردانیکەران پۆست کراوەو لە ئامێزی ئەم کتێبە بڵاوبۆتەوە.

*ئارامگەی حەیدەرییەکان.
لە ڕۆژی ژیانئاوایی و بەخاکسپاردنی کاروانی جوانەمەرگ، لێرە و لەوێ ئەوەی زوو هەواڵەکەی زانی و وێراگەیشت، بەر لە خاوەن پرسە خۆیان گەیاندە گۆرستان ( ئارامگەی حەیدەرییەکان) لە سەنتەری شاری پاژێری هەولێر، لەگەڵ ئەوەی شوێنی ئۆتۆمبێل و پیادە زەحمەت بوو بەڵام وەک ئەرکێکی مرۆیی و ئایینی و کۆمەڵایەتی بۆ دوا ماڵئاوایی کاکە کاروان ئامادەبوون، لە ئامێزی ئەم کتێبەدا هەم وەک ڕێزێک بۆ بەشداربووان، هەم وەک ئەرشیف و یادگاری ٣٧ وێنە لە لاپەڕە ١٧١- ١٧٩ بڵاوبۆتەوە.

*پرسەیەکی قەرەباڵغ و فرە رەنگی جیا.
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٥ ی ئایاری ٢٠٢٦ لە کاتژمێر ( ١ ) ی نیوەڕۆ تاوەکو ( ٦ ) ی بەر لە خۆرئاوابوون، لە مزگەوتی نانەکەلی پرسەی ژیانئاوایی (کاروان حەیدەری) بەڕێوەچوو، ئەوەی تێبینیم کرد، کەسایەتی ئایینی و تەریقەتی شێخان و زانایان و پەروەردەکاران و نووسەران و هونەرمەندان و کەسایەتیە سیاسیەکان بە هەموو حزب و لایەن و ڕێکخراوەکان و ئەوانەی لەدوورەوە قەڵەم و ناو و مێژووی مومتاز حەیدەریان دەناسی، ئەوا هاتنە پرسە، ئەمەش گەورەترین مەدالیای شانازی یە بۆ بنەماڵەی حەیدەرییان بەگشتی و خودی مامۆستا مومتاز بەتایبەتی، بۆیە وەک رێز و ئەمەکێک، وەک دیکۆمێنتێکی مێژوویی لەم کتتێبەدا ٢١ وێنە لە لاپەڕە ١٨٠ – ١٨٦ بڵاوبۆتەوە.
کامیرای کەناڵی ڕەسەنیش وەک ئەرکێکی ئیعلامی مەراسیمی پرسەی تۆمار کرد.

*ئەو خەمخۆرانەی سەردانی کتێبخانەیان کرد.
وەک ئاماژەم پێکرد لەدوای ڕۆژی یەکەمی پرسە هەر سەر لە ئێوارەوە تا درەنگانی شەو، بۆ ڕۆژانی دواتریش چەندین کەسایەتی سەردانی کتێبخانە و ئەرشیفی مومتاز حەیدەر یان کرد، ئەمەش نیشانەی وەفاداری و دڵسۆزییان بوو بۆ مامۆستا مومتاز و ماڵباتەکەی، بۆیە لەم کتێبە خەمناک و کۆژانەدا ٣٧ وێنە کە لاپەڕە ١٨٧- ٢٠٤ بڵاوبۆتەوە.

*ژیانی کاروان حەیدەری لە وێنەدا.
لەم کتێبەدا لە لاپەڕە ٢٠٥ تا ٢٣٥ وێنەی جیاجیای قۆناغ و وێستگەی تەمەنی کۆچکردوو کاروانی ڕەوانشاد لە خۆ دەگرێ، لە تەمەنی منداڵی و گەورەبوون و وێستگە جیاجیاکانی بە وێنەی ڕەش و سپی و ڕەنگاو رەنگ کە هەر وێنەیەک چیرۆکە یادێک لە خۆ دەگرێ کە بریتین لە ٧٢ وێنە.

*بەڵگە تۆمارێکی تاڵی کارگێری.
کاتێ مرۆڤ لەدایک دەبێت، یەکەم بەڵگەی کارگێری، بریتیە لە ناو تۆمارکردن و ساڵ و مانگ و ڕۆژی لەدایکبوونی، ئیدی تا لە ژیان بەردەوامە لە چەند فەرمانگە و شوێنێک ناوی تۆمار دەکرێت، بەداخەوە دوایین ناو تۆمارکردن لە کاتی کۆچی دوایی دا بریتیە لە ( بەڵگەنامەی کۆچی دوایی- شهادة وفاة ). لە لاپەڕە ٢٣٦ ی ئەم کتێبە، تایتلی لاپەرەکانی بە (مەرگێکی زێدە ناخهەژێنی مرۆیی ) نووسراوە، کە ئەم لاپەڕەیە و ئەم نووسینەم دیت لەدڵەوە گریام، نووسراوە:
-کاروان ممتاز حیدر.
-لەدایکبووی: ١٨- ٢- ١٩٧٣
-کۆچی دوایی: ١٤-٥-٢٠٢٦ کاتژمێر ٢،٣٥ خولەک.

*سوپاسنامەیەک لە دڵێکی ئارامگرەوە.
بەر لەکۆتایی لە ئامێزی ئەم کتێبەدا لە لاپەڕە ٢٣٧-٢٣٩ سوپاسنامەیەک بڵاوبۆتەوە بە واژووی مومتاز حەیدەر لە ڕێکەوتی ٢٤ی مایسی ٢٠٢٦ .
سەرتاپای ووشە و ڕستە و پەیڤ و هەستەکان لە دڵێکی ئارامگرەوە هەڵقوڵاون کە بریتین لە سوپاسی وەفاداری و ئەمەکداری مامۆستا مومتاز حەیدەری باوکی (کاروان) ی کۆچکردوو، هەر وەک لە گۆشەیەک دا نووسەر و خاوەن پرسە دەڵێت: بۆ سەرجەم سەرکردە و کەسایەتیە سیاسییەکان، ڕۆشنبیران، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، مامۆستایانی ئایینی و هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییە دڵسۆزەکانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستان.
ئامادەبوونی ئێوە لەم چرکەساتە پڕ لە دڵەڕاوکێیانەی بەردەم ( نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژناوا) لەو کاتە سارد و کڕانەی بەردەم ( پزیشکی دادوەری ) و نێو فەزای پڕ لە نزاو نوێژ و کڕنۆشی مزگەوت و تەمومژی دوایین ماڵئاوایی لە ئارامگەی ( حەیدەرییان )، تەنیا ئامادەبونێکی جەستەیی نەبوو، بەڵکو بەرجەستەبوونی باڵای فەلسەفەی وەفاداری و پەیامێکی گەورەی ئەخلاقی بوو…..هتد.

*شیعر و وەفاداری.
لە دوایین لاپەرە بە وێنەی کۆچکردوو – بە ئاماژەی خودا حافیزی، کۆپڵە شیعرێکی جەوهەر کرمانج بڵاوبۆتەوە و نووسراوە:
کێ پێی گوتی
لەم چەرخە نایەکسانەدا
پشت بکەیتە ئاوەدانی و
بۆ هەمیشە نەیەیتەوە
خۆ تۆ وەکو هەڵۆیەکی هەوار دیتە
لەسەر لووتکەی بەرز نەبق
نەدەنیشتی!.
لە بەرگی ناوەوەی دواوە، شیعرێکی ئاری ئاغۆک بڵاوبۆتەوە بەناونیشانی( نەرمە گریان ) وەک سەرچاوە لە ڕۆژنامەی هەولێر، ژمارە ٤٥٤٥ ڕێکەوتی ٢٤ ی ئایاری ٢٠٢٦ بڵاوبۆتەوە و لەم کتێبەدا ئاماژەی پێکراوە.
هەروەها لە دیوی ناوەوەی بەرگی یەکەمی ئەم کتێبە، هەڵوێست و وەفاداریەکی جوانی مامۆستا مومتازحەیدەری بەدی دەکەین، کە یەکەم بابەت بەر لە چوونە نێو دەروازەی ئەم کتێبە، وێنە و ژیاننامەی ڕاگەیاندکار ( هەڵکەوت عەزیز ) بڵاوبۆتەوە کە بە ( ٧ ) ناونیشان و تایتل، مامۆستا مومتاز پێناسەی کۆچکردوو (هەڵکەوت عەزیز) دەکات، کە لە ڕێکەوتی ٨-٦-٢٠٢٦ بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ ژیانئاوایی کرد، ئەمەش ئەو جوانی و وەفاداریەی مومتازحەیدەریمان بۆ دەردەخات دوای ٢٤ ڕۆژ لە کۆستی کوڕە تاقانەکەی، ئەوا وەک باوکێکی جەرگسوتاو، وەک نووسەر و ڕۆژنامەنوسێکی دێرین خەمی کۆستی ئەم گەنجە جوانەمەرگە و ڕۆژنامەنووسە ڕەسەنەی کەرکوکی لەدڵ دایە بۆیە لەم کتێبەدا بە شکۆوە ئاماژەی بە ژیانی کردوە.

*دوو ریش سپی، لەدوابەرگ دا.
لەدوابەرگی ئەم کتێبە کۆژانەدا، وێنەی (کاروان حەیدەری) کۆچکردوو بە ڕیشێکی سپی و وێنەی گەورە نووسەری کورد (مومتاز حەیدەری) وەک باوکێکی جەرگسوتاو بە سەر و ڕیشێکی سپی و ماتەم و حەزین بە ( ٦ ) دێر ووشە و ڕستەی خەمگین، کۆتایی بەم کتێبە هێناوە.