رۆژنامەی ھەولێر

٦ ساڵەی خەمیادی ژیانئاوایی هونەر مەند و نووسەر و ڕۆژنامەنووس، شێرزاد عەبدولرەحمان ١٩٥٨-٢٠٢٠

ئاری ئاغۆک

 

لە زەمەنێکى هیلاک و ڕۆژگارێکى نەخۆش و مات و غەمبار، لە سەردەمى ڤایرۆسى کۆڕۆناى نەفرەتى، هێدى هێدى مرۆڤە جوان و پیاوە نازدارەکانى وڵات جێیان هێشتین، ئەوانەى ڕۆژگارێک بە خەمى ژیان و کۆمەڵگەوە پەیوەستبوون و ژیانیان لە پێناو باشترکردنى کەسانیتر بەڕێدەکرد، ئەوا ئەمڕۆ لەم کاروانە بەجێیانهێشتین و ماڵئاواییان لە ژیان کردووە، بەڵام پەنجە مۆری کارەکانیان و وێستگەی تەمەنیان هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆش هەمدیس لە (یاد و وەفا) دا بە داخێکی گرانەوە، یادى ژیانئاوایى یەکێک لەو پیاوە جوانانە دەکەینەوە کە لە وێستگەى ژیانى دا توانى مێژوویەک بۆ خۆی تۆمار بکات، ئەویش نووسەر و هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس (شێرزاد عەبدولرەحمان)ە. ئەوەى لە هزر و بیرکردنەوەى من دایە، حەزدەکەم جوانتر لە جوانژیایى ئەو، گەورەتر لە خەونە جێماوەکانى ئەو، دەردەدڵتر لە خەمە واقیعیەکانى ناخى ئەو، حەقتر لە نووکى خامەى ئەو، وەک ئاهێکى تەمەن و خەمێکى نەبڕاوە، چەند وشەیەک بۆ گەورەیى و جوانى و سادەیى خوالێخۆشبێ (شێرزاد عەبدولرەحمان) دەردەبڕم.

* هونەرمەندێکى دەنگخۆش و لەبیرنەکراو
شێرزاد، یەکێک بوو لە پیاوە جوانەکانى هەولێر و گەڕەکى تەیراوە، هەر لە سەرەتاى خۆناسینی تەمەن دا، ئەوا عەشقى کتێب و نووسین و ڕۆژنامە و گۆڤار بووە، هەروەها یەکێک بووە لە دەنگخۆشەکانى سەردەمى زێڕین، توانى بە چەند بەرهەمێکى ڕەسەن، مێژوویەکى پڕ لە جوانى و نەمر بۆ خۆى تۆمار بکات، لە ڕێگەى گۆرانى (لیمۆ هەى لیمۆ و نەجیبەوە) پێمانى گوت: ئەگەر بمانەوێ گۆرانى چێژبەخش لە هزر و خەیاڵى گوێگر جێبهێڵین دەبێ بە ئیحساس و جوانى و پاکیەوە لە دڵەوە گۆرانى بڵێین، ئەویش لەسەر بنەماى تێکستى مانادار و وێنەدار، ئاوازى ڕەسەن و خاوێن، دەنگ خۆش و کاریگەر. بۆیە لەم ڕوانگەیەوە هونەرمەندى کۆچکردوو شێرزاد عەبدولرەحمان توانى مەبەستە هونەریەکە بگەیەنێ، دواى تەمەنێک بەسەر گوتنى ئەم گۆرانیانە نەوەى ئەوکات و ئێستا و داهاتوو هەمیشە بە دەنگى جیاواز و نوێبوونەوە و چێژبەخش پێناسەى دەکەن و گوێگرى گۆرانیەکانى دەبن.
نەک وەک سەردەمی ئێستا، وێڕاى ئاسانى تەکنیک و بوارى هونەرى، بەڵام نەتوانراوە گۆرانى لەو قاڵبە دووبارەیە بهێننە دەر کە ماوەى گوێبیست بوونى تەنیا چەند ڕۆژێکە و بەس!!. بەڵام هونەرمەند شێرزاد عەبدولرەحمان توانى لە سەردەمی مەحاڵ مەحاڵەکان بگەیەنێتە واقیع، بۆیە وەک هونەرمەندێک جێى شانازیە و دەبێت گۆرانیەکانى لەم چوارچێوەیەوە هەژمار بکرێت.
* ڕۆژنامەنوسێکى حەقبێژ و خاوەن قەڵەمێکی جوان.
لایەنێکی دیکەی ژیان و ئەرشیفى زێڕینى ئەم کەسایەتیە بریتییە لە خزمەتکردن بە بوارى ڕۆژنامەگەرى و نووسین و وتار و ڕێپۆرتاژى کۆمەڵایەتى. وەک ئاماژەمان پێکرد لە تەمەنێکى زووەوە عەشقى بۆ نووسین هەبووە، بۆیە سەرەتا بە دیمانە و هەواڵ و ڕێپۆرتاژ دەستیپێکردووە، هەموو قۆناغەکانى ڕۆژنامەگەرى بڕیوە، تا بۆتە سەرنووسەرى گۆڤارى هەرێمى کوردستان، کە زمانحاڵى وەزارەتى ڕۆشنبیرى بووە. شێرزاد عەبدولرەحمان لە قۆناغێک لە قۆناغەکان سەرنووسەرى ئەم گۆڤارە بووە، بە شایەدى زۆربەى زۆرى نووسەران و خوێنەران، لە سەردەمى ئەو سەرنووسەرە گۆڤارى هەرێمى کوردستان لە لوتکەى پڕ خوێنەرى و بەهێزى بووە لە ناوەڕۆک، بۆیە ئەم مێژوەش پێویستە بە هەند وەربگیرێت و هەمیشە بە شانازیەوە باس بکرێت.

* دەردى دڵى زۆر گران بوو
یەکێک لە گۆشەکانى خوالێخۆشبێ شێرزاد عەبدولرەحمان بە ناوى (دەردەدڵ) بوو، کە بە درێژایى تەمەنى ڕۆژنامەنووسى لەهەر شوێنێک و لە هەر ڕۆژنامە و گۆڤارێک بوایە بەر لە خەمى خۆى، خەمى گۆشەکەى بوو بە ناوى دەردەدڵ، بۆیە لە دەردەدڵ بە هەزارەها دەردەدڵى کۆمەڵگەى نیشانی بەرپرسان دەدا، چەندەها کێشەى (من، تۆ، ئەو، ئەوان)ى دەخستە ڕوو، کێشەکان کێشەى گشتى بوون، لە خەمى تاکەوە دەستى پێدەکرد تا خەمى کۆمەڵگە و خاک و نیشتیمان، چەندین جار دەردە دڵەکانى دەگەیشتە چاو و دڵى بەرپرسان و ئەوانیش چارەسەریان دەکرد، زۆرجاریش ئەو دەردەدڵە بە چەقبەستوویى دەمایەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین دەردەدڵى ئەو، دەردە دڵى هەژاران و کاسبکاران و هونەرمەندان و وەرزشوانان و…هتد بوو. هەمووى لە هەناوى واقیعێک لە دایک بوون، بەڵام بەداخەوە سەربارى هەموو دەردە دڵەکان بە هەموو دەنگ و ڕەنگەکانەوە، دەردەدڵى خۆى لە سندوقێکى داخراو بە جێماو نەتوانرا بەدڵ و ویستى خۆی خەمەکانى ساڕێژ ببێ، ئەو خەمەش تەندروست باشى و دەربازبوون بوو لەو گرێ شێرپەنجەیەى کە تا دواین هەناسە بەدەستیەوە دەیناڵاند!

* چى بۆ بکرێت و چۆن لە دڵمان بە زیندوویى بمێنێتەوە؟
وەک ئاماژەمان پێکرد، شێرزاد عەبدولرەحمان تا ماڵئاوایى لە ژیان کرد، خەونى گەورەى تەندروستباشى بوو، کەچى بەداخەوە هەر بەو نەخۆشیەوە ژیانئاوایى کرد، بەڵام ئەوەى لێرەدا مەبەستە بریتییە لە دووپاتکردنەوەى وەفادارى بۆ ڕابردووى ئەم مرۆڤە مەزنە، وەفادارى بۆ ماڵبات و خێزان و بنەماڵەى، ئەویش بە ڕێزگرتن و لەبیرنەکردنى! بەڵێ لەبیرنەکردنى، بەداخەوە قەدەرى نووسەر و هونەرمەندانى ئەم وڵاتە ئاوایە کە ماڵئاوایى دەکەن هەر زوو لەبیر دەکرێن! بۆیە بۆ ئەوەى شێرزاد و شێرزادە زیندووەکانى ئێستا لە یاد نەکرێن، پێویستە یادیان بکرێتەوە و رێز لە خەبات و ماندووبوونیان بگیرێت. پێویستە دەزگا ڕاگەیاندنەکان بە شێوەیەکى گشتى و بەتایبەت ئەو دەزگایانەى کارى تێدا کردووە (بیسراو و بینراو و خوێنراو) یادى بکەنەوە و لەبیرى نەکەن، جگە لەمانەش لە ساڵیادى دا بە دیکۆمێنت لە هۆڵێک لە هۆڵەکان یادى بکرێتەوە. هەروەها پێشنیار دەکەین، شەقامێک لە گەڕەکى تەیراوە بە ناوى (شێرزاد عەبدولرەحمان) بکرێت، چونکە ئەو کوڕى ئەو گەڕەکە میللییە بووە و هەمیشە بە شانازیەوە باسى لەو گەڕەکەی کردووە.

*پرۆفایل:
-شێرزاد عەبدولرەحمان مامە نانەکەلی.
– ساڵی 1958 لە گەڕەكی (تەیراوە)ی شاری هەولێر لە دایکبووە.
– قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی زانین و ناوەندی و دواناوەندیشی لە قوتابخانەی کۆماری لە ھەولێر خوێندووە.
– ساڵی 1970 لە رادیۆی كوردی بەغدا بە گۆرانی (دۆستە دۆستە) چووه‌ ناو دونیای ھونەر و موزیک، دواتر چەندین گۆرانی دیکەی بڵاوکرایەوە و ناوبانگی دەرکرد.
– دواتر گۆرانی (لیمۆ ھەی لیمۆ) بۆ رادیۆ و تەلەڤزیۆن تۆمار دەکات.
– وەک بچووکترین رۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی ھاوکاری و گۆڤاری رەنگین سەدان رێپۆرتاژی بڵاوكردووەتەوە.
– خاوەن ٢٤ کتێبە.
– ماوەی 10 ساڵ بەرپرسی نووسینگەی ھەولێری رۆژنامەی (الشرق الاوسط)ـی لەندەنی بووە.
– لە مێژووی کاری رۆژنامەنووسی خۆیدا، ئەركی چەندین بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بووە.
– راوێژکاری وەزیری رۆشنبیری و لاوان بووە لە کابینەی پێنجەم و شەشەم.
– سەرنووسەری گۆڤاری (ھەرێمی کوردستان) و بەڕێوەبەری نووسینی ھەفتەنامەی (هاوکاری) و رۆژنامەكانی (خەبات و برایەتی) و گۆڤاری (گوڵان) بووه‌.
– بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی (ھەولێر) بووە.
-ساڵی 1984 لەگەڵ هونەرمەندی بواری شانۆ (جیهان ئەحمەد) ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەن 6 منداڵە 3 کوڕ و 3 کچ، بە ناوەکانی (ئیڤان – شیڤان – سۆنیا – ئالان – سۆلین – وارڤان)، جیهان ئەحمەد خوشكی هونەرمەندان (جەلال بەیار و جەمال دیلان)ە.
-لە ڕێکەوتی ٨-٧-٢٠٢٠ بە هۆی نەخۆشی ژیانئاوایی کرد.
دواجار هەر ئەوەندە ماوە بڵێین یادت بەخێر و یادت گوڵباران، شێرزاد عەبدولرەحمان، هەمیشە لەبیرمانی و هەرگیز لە بیرت ناکەین.