ئارام كۆشكی – سلێمانی
مەرج نییە هەموان ئاسوودە بن بە چالاکییە کولتوورییەکان، بۆیە ڕەنگە بەشێک هەمیشە دژی چالاکی کولتووری بن، ئەمەش بەهۆی عەقڵی داخراوەوە بێت، یان پێیانوابێت کولتوور کۆمەڵگە پێش ناخات و ئەوەی کۆمەڵگەیەک پێش دەخات تەنها سیاسەت و ئابوورییە، بەڵام ئەوان لەوە ئاگادار نین، ئەگەر سیاسەت و ئابووری سەرخانی پێشخستنی کۆمەڵگە بن، کولتوور کارکردنە لەسەر ژێرخانی کۆمەڵگە و لەوێوە هەم سیاسەت و هەم ئابووریش بەهێز دەبێت، چونکە ئەو دوانەش دەتوانن هێز لە نەوەیەکی بەکولتوور و وشیار و ڕۆشنفیکر وەربگرن و بیانخەنە خزمەتی خۆیانەوە. واتە (ئاساییە) ئەگەر هەندێک کەس لە گرنگی کولتوور تێنەگەن، بەڵام ئەوەی (نائاساییە) شتێکی دیکەیە، کە لەم وتارەدا سەرنجی دەخەمەسەر.
ماوەیەکی زۆرە سەرنجی ئەو چالاکی و ئیڤێنت و کاری ئەو گرووپانە دەکەم کە (بەحساب) بۆ خزمەتی کولتوور کار دەکەن، یان کۆڕ و کۆبوونەوە و فیستیڤاڵ و مەراسیمی کولتووری ڕێک دەخەن، بەڵام هەمیشە ئەو سەرنجەم هەبووە کە دوای ئەو کۆڕ و کۆبوونەوە و فیستیڤاڵانە بەرهەمی ئەو کارانە چی بوون؟ ئایا ئەوەی ئەوان کردیان لە پێناوی کولتووردا بوو، یان چالاکییەک بوو دژ بە کولتوور و جۆرێک لە نمایش بوو بۆ ئەوەی جیدییەت لەبیری هەموان بەرنەوە و کولتوورێکی ساختە بخەنە شوێنی. بۆ ئەوەی مەبەستم ڕوونتر بکەمەوە تیشک دەخەمە سەر یەکێک لە سێکتەرەکانی کولتوور کە چالاکی کتێب و بڵاوکردنەوەی کتێب و خوێندنەوەیەتی.
چەند ساڵێک لەمەوبەر نەریتێکی جوان پەیدا بوو کە مەراسیم بۆ بڵاوکردنەوەی کتێب ڕێکبخرێت و نووسەر خۆی ئامادەی واژووکردنی کتێبەکەی بێت، یان کۆمەڵێک گرووپ و لە زۆر ناوچەی کوردستانەوە دروستبوون بۆ خوێندنەوەی کتێب و بەشێک لەم گرووپانە ئێستا نەماون، بەڵام تاک و تەرا ئێستاش چالاکییان هەیە. ئەم چالاکیانە لەو ساڵانەدا کران بەشی هەرە زۆریان چالاکی سەنگین و گرنگ بوون و ڕۆڵیان لە پێشخستنی کولتوور و پێگەیاندنی نەوەیەکی کتێبدۆست و خوێنەردا هەبوو، کە خۆم لە نزیکەوە لە بەشێک لەو چالاکیانەدا بەشداربووم. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم بوارەدا ئێستا ئەم جۆرە چالاکییانە هێندە زۆربوون، کە بە دەگمەن چالاکییەکی جیدی و کتێبێکی جیدی تێدا دەدۆزرێتەوە. زۆرجار کتێبەکە بە دیاریی دەدرێتە خوێنەران، ڕەنگە لە نیگای یەکەمدا ئەمە وەکو نیەتێکی باش بێتە بەرچاو، بەڵام ئەم جۆرە چالاکییانە هێندەی لێدانن لە کتێب و دژ بە بەکولتوورکردنی خوێندنەوە هێندە لە خزمەتی کتێبدا نین، چونکە بەشی زۆری ئەو کتێبانەی بەو شێوەیە دەناسێنرێن و بە دیاری دابەش دەکرێت لە ئاستی ئەوەدا نین بخوێنرێنەوە، چونکە بەشی زۆریان لە ئاستێکی خراپی ئەدەبی و زمانیدان و ئامانجی نووسەرەکە تەنها ئەوەیە ناسنامەی نووسەریی خۆی بەدەست بهێنێتەوە (کە ساڵانێکە کاڵ بووەتەوە، یان هەر ناسنامەی نووسەری نەبووە)، نەک لەڕێی کتێبەکەوە پەیامێکی نوێ و دیدیگایەکی تازەی بۆ شتەکان خستبێتەڕوو. لێرەدا بەپێویستی نازانم نموونە بنووسم، چونکە ئەمە لە حاڵەت دەرچووە و بووە بە دیاردە.
هاوکات بەشێکی لەو گروپانەشی کە ئێستا کاری خوێندنەوەی کتێب و هەڵسەنگاندن دەکەن و خۆیان وەکو چالاکی بواری کولتوور دەبینن. لە جەوهەردا چالاکییەکەیان دژ بە چالاکی کولتوورییە و زیاتر لەوەی چالاکییەکی کولتووری بێت، چالاکییەکی نمایشییە و زۆرجار ئەو نووسەر و شاعیرانەی داوەت دەکرێن بۆ باسکردن لە بەرهەمەکانیان خۆیان بیریان چووەتەوە نووسەر/شاعیرن و تێیاندایە هیچ پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە جیهانی نووسینەوە نەماوە، بەڵکو تەنها ئەم (گروپانە/ نمایشچیانە) وەکو دۆزینەوەی توحفەیەکی دەگمەن لێیان دەڕوانن، کە لە جەوهەردا هیچی ئەوتۆ نین و سەنگیان لەنێو دونیای ئەدەبدا نییە.
ئەم دوو نموونەیە، ئێستا لە حاڵەتەوە بوونەتە دیاردە و ئەمەش مەترسی سەرەکی سەر پێشکەوتنی کولتوور و بووژانەوەیەتی. ئەوەی وا دەکات کولتوور پێش بکەوێت چالاکی نمایشی نییە، هەر چۆن بڵاوکردنەوە بەرهەمی لاواز نییە لە کتێب و کایە هونەرییەکانی وەکو شانۆ و سینەما و شێوەکاریشدا، بەڵکو بڵاوکردنەوەی بەرهەمی بەپێز و چالاکی بەهێزە تا سەنگی لای بینەر و بیسەر و خوێنەر هەبێت. بەبێ بوونی سەنگی مەعریفی هەر چالاکییەکی کولتووری بکرێت دەچێتە خانەی چالاکی نمایشییەوە، یان دەبێتە چالاکییەکی دژە کولتووریی. بۆیە ئێستا بەشی هەرە زۆری چالاکییە بەناو کولتوورییەکان لەبری ئەوەی چالاکین لەپێناوی چالاکیدا، بۆیە بە چالاکی دژە کولتووری هەژمار دەکرێن.

