رۆژنامەی ھەولێر

من وەرگێڕێکی ئارەزوومەندم، نەوەک وەرگێڕێکی پیشەمەند

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

بەشی یەکەم

شەفیقی حاجی خدر، وەرگێڕی شاکارە گەورەکان و کتێبە قەبەکان، ئەو پۆستەچی گەیاندنی چەندین شاکاری گەورەیە لە هەردوو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و هۆڵەندییەوە بۆ کتێبخانەی کوردی.

زۆربەی بەرهەمەکانی قادر عەبدوڵڵای نووسەری ئێرانی هۆڵەندینووسی کردووە بە کوردی و ئێستا نوێترین کتێبی ئەم نووسەرەی وەرگێڕاوە و ئامادەی چاپە. لەم دیدارەدا باس لە ئاریشەکانی وەرگێڕان و ئەو پێشهاتە نوێیانە دەکات کە ڕووبەڕووی وەرگێڕ دەبێتەوە لەکاتی وەرگێڕاندا.

* ماوەی چەند ساڵێکە سەرقاڵی وەرگێڕانن لە بەرهەمی گەورە نووسەرانی جیهان و کتێبە ناودار و کاریگەرەکان، چۆن خولیای وەرگێڕان بوون؟
وەڵام: لەپێشدا پێویستە ئەو ڕاستییە بڵێم، ئەگەر وەرگێڕیش بم، ئەوا من وەرگێڕێکی ئارەزوومەندم، نەوەک وەرگێڕێکی پیشەمەند. هەرچەندە نزیکەی بیست ساڵ دەبێت خووم داوەتە وەرگێڕان، بەرهەمە چاپکراوەکانیشم ٣١ دانەن، هەر هەموویان وەرگێڕانن، نەوەک نووسین، هەرچەندە خواستی بەرایی و سەرەکیشم نووسین بووە، یان با وەها بڵێم، لەبەر وەرگێڕان نەپڕژاومەتە سەر ئەوەی کتێبێکی نووسراوی خۆم، یان هەر هیچ نەبێ ئەو لێکۆڵینەوانەی کاتی خۆی بڵاومکردوونەتەوە، ڕێکیان بخەمەوە و لە کتێبێکدا بڵاویان بکەمەوە، هەموو جارێکیش لەبەر خۆمەوە گوتوومە، ئیدی لەمەوپاش دەبێت ئەو کارە هەر بکەم، کەچی تا ئێستا نەمکردووە!
ئەوەی ڕاستی بێت، لەسەرەتای گڕوگاڵی نووسینم هەرگیز بەتەمای ئەوە نەبووم ڕۆژێ لە ڕۆژان ببمە وەرگێڕ. کاتێکیش ئەو ڕێڕەوەم گرت، بە ڕێکەوت بوو. ڕێکەوتێک لەگەڵ ئاوارەبوون و خولیای خوێندنەوە و نووسینم هاتەوە.
زۆر بەکورتی، دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی ١٩٩٧ ئاوارەی هەندەران بووم و لە وڵاتی هۆڵەندا گیرسامەوە، کاروباری مافی پەنابەریم و نیشتەجێبوونم بۆ ڕەخسا، منیان لە گوندێکی باشووری وڵاتەکە ئاکنجی کرد، ئیدی بەناچاری دەبوایە فێرە زمانی هۆڵەندی ببم، ئەوە بوو لە ڕێگای کۆرسی زمان و تێکەڵاوی لەگەڵ یەک دوو کەسی دێیەکە، خۆم و هاوژینم (کنێر جەمیل) فێری زمان بووین، سەرەتا وەک هەر کەسێک زمانێکی بازاڕی، زمانێک کە تاڕاددەیەک پێداویستییەکانی ڕۆژانەی بازاڕ ڕاییبکەین، پاشان لەڕێی کۆرسی فێربوونی زمانەوە، کاتێک توانیم سەروگوێی زمانەکە بشکێنم، تامەزرۆی خوێندنەوەشم هەر هەبوو، ئیدی بە هاوکاری فەرهەنگێکی هۆڵەندی-عەرەبی کەوتمە سەر خوێندنەوە.. تا دەهات باشتر دەبووم.. تا وای لێهات قۆناغی باشم بڕی، بڕوانامەی زمانی هۆڵەندیییم وەک زمانی دووەم (پێیان دەگوت ستاتس ئیگزامن) بڕی، ئەوەبوو کێشەی خوێندنەوە و تێگەیشتنم نەما، بەڵام هێشتا قسەکردنم دووکەڵی ڕۆژەڕێیەک دەڕۆیشت. پاشان کۆرسێکی یەک ساڵ و نیوی وەرگێڕانیشم بینی. تاڕاددەیەک بەسەر زمانی هۆڵەندی زاڵ بووم، ئینجا سەرەداوێکی وەرگێڕانم بۆ کوردی هەڵوێزنییەوە، بە کتێبی (نهێنییەکانی مۆساد) دەستم پێکرد، ئەو کتێبەشم لە ٢٠٠٨دا چاپ و بڵاوکردەوە. لێرەشەوە هەر ڕێکەوت و بەخت ڕۆڵێکی هاندەرانەی هەبوو، کە درێژە بە ڕەوتی وەرگێڕانم بدەم. بەحوکمی ئەوەی کتێبەکە لەسەر بابەتێک بوو، کە پێشتر بە کوردی و بەم جۆرە وردەکارییە لەسەری نەنووسرابوو، یان کتێبی وەرگێردڕاو لەوبنارەیەوە نەبوو، یاخود دەگمەن بوو، ئیدی کتێبەکە ڕەواجێکی باشی پەیداکرد، نەوەک هەر بە کتێبی کاغەز، بەڵکو ڕادیۆی ئەوسای (خاک) لە سلێمانی بە دەنگی بەڕێز (حاکم فەرهاد) کردییە کتێبی دەنگی، هێندەی دیکە کتێبەکە بڵاوبووەوە و هەڕمێنی پەیداکرد. مایەی سەرنجە ئەم کتێبە کۆمەڵێ ئۆپەراسیۆنی زۆر گرنگی دەزگای هەواڵگریی ئیسڕائیلی لەخۆگرتووە، کە نووسەرێکی بەناوبانگی ئیرلەندی (گۆردۆن تۆماس) نوسیبووی، لەنێویشیاندا گرتنی سەرکردەی کورد بەڕێز “عەبدوڵڵا ئۆجەلان”ـی تێدابوو.. مایەی باسکردنە کتێبەکە کرابووە هۆڵەندی، بەڵام کاتێک لەگەڵ دەقە ئینگلیزییەکە بەراوردم کرد، بینیم بابەتی گرتنی بەڕێز “عەبدوڵڵا ئۆجەلان”ـی تێدا نەبوو، دیاربوو وەرگێڕ، یان وەشانە هۆڵەندییەکە دوو بەشی تایبەت بە هۆڵەندای وەرنەگێڕابوو، منیش ئەوکات دەسەڵاتم بەسەر وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە نەدەشکا، بۆیە هانام بۆ مامۆستا حەسەنی قازی برد، ئەویش دەستی بەڕوومەوە نەنا و ئەو بەندەی کە لە چاپە هۆڵەندییەکەدا نەبوو بۆی کردمە کوردی. کتێبەکە کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆنی تێدابوو، کە تا ئەوکات بە کوردی و بەو بەرفراوانییەی وەک کتێب نەکەوتبووە سەر ڕەفەی کتێبخانەی کوردی.. ئەمە دنەی ئەوەی دام، لەسەر وەرگێڕانی ئارەزوومەندانەی خۆم بڕۆم و درێژەی پێبدەم.
وەک ئاماژەم پێدا، سەرەتای وەرگێڕانم لە زمانی هۆڵەندییەوە بوو، دوو بابەتیش بۆ ئەم مەبەستە هاوکارم بوون، خۆشبەختانە هەردوو بابەتەکەش لەنێو کتێبخانەی کوردی جێگەی خۆیان کردەوە: یەکەمیان کتێب لەبارەی مۆساد و ئەزمونی سەرکردەکانی ئیسڕائیل، دووەمیشیان ڕۆمانەکانی قادر عەبدولڵا، کە ئەویش دەساڵ پیشتر وەک من لە ئێران هەڵاتبوو، وەک پەنابەر ڕووی کردبووە وڵاتی هۆڵەندا و لەوێ بووبووە نووسەرێکی ناودار، لەمەشیاندا هەر بەخت و ڕێکەوت هاوکارم بوون، چونکە ڕۆمانی (خانووەکەی مزگەوتێ)م وەرگێڕا، کە بە شاکارێکی ئەو دەناسرێت.. پاشان درێژەم بە وەرگێڕانی ڕۆمانەکانی دیکەی دا، تائێستا نۆ ڕۆمانی ئەوم وەرگێڕاون، بەڵام نۆهەمەکەیان (کە لەبارەی زەردەشتەوەیە) هێشتا دەرفەتی چاپی بۆ مەیسەر نەبووە.
بەم جۆرە چیڕۆکی بوون بە وەرگێڕێکی ئارەزوومەند لە ٢٠٠٨ەوە دەستیپێکردووە؛ بەڵام خۆ لێرەدا نابێت ڕاستیەک لەبیر بکرێت، ئەو ڕاستییەی نەوەک هەر بۆ من، بەڵکو بۆ زۆرینەی نووسەرانی کوردیش هەر یەکە. ئەویش ئەوەیە، کە نووسەرانی کورد لە باشووری کوردستان، ئەوانەی هاوتەمەنی منن، یان پێش منن، لە زۆر لە نووسینەکانی خۆیاندا، بە جۆرێک لە جۆرەکان، کارەکانیان شەقڵێکی ناڕاستەوخۆی وەرگێڕانی پێوە دیارە، چونکە پاشخان و سەرچاوەی نووسینەکانیان بەتایبەتیش لێکۆڵینەوەکانیان زمانی عەرەبی بووە، یان بابڵێین عەمباری زەخیرەی خوێندنەوەیان زمانی عەرەبی بووە، بۆیە کاتێک بیروڕای خۆیان لەهەر فۆرمێکدا بە کوردی داڕشتبێتەوە، ئەوا لە مێشکی خۆیاندا بە کردەی وەرگێراندا تێپەڕیون. منیش کاتێک لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو خوێندکاری قانوون بووم لە زانکۆی بەغدا، بە چوار ئەڵقە لە گۆڤاری ڕۆشنبیری نوێدا نووسین و لێکۆڵینەوەی قانوونییم سەبارەت بە پرسی دەوڵەت و دێموکراسی بڵاوکردەوە، لەوێوە ویستبێتم، یان نەمویستبێت، بەهەمان تەوژمی وەرگێڕانی لەبن (پەنهان/ناڕاستەوخۆ)دا تێپەڕیووم، کە ڕۆژگار دوای بیست ساڵ منی خستە سەر ڕێڕەوی ڕاستەوخۆی وەرگێڕان.
دوای ئەوەی ڕەوتی وەرگێڕانم بەم شێوە ئارەزوومەندانەیە و لە زمانی هۆڵەندی بۆ سەر زمانی کوردییەوە کەوتەگەڕ، هەروەک ئاماژەم پێدا، سەرەتا لە بابەتی ئیسڕائیل و ڕۆمانەکانی قادر عەبدوڵڵا سەبارەت بە ئێران، پاشان چاوم بڕییە سەر بابەتگەلی بەرفراوانتر، هەروەها دوای ئەوەی توانای ئینگلیزیشم باش بوو، ئینجا ڕووم کردە ئەو زمانە و هەوڵم دا کتێبگەلێک وەربگێڕم هەم لەڕووی بابەتیانەی خۆیان لەبار بن، هەم لەڕووی ناوەرۆکیشەوە (بەتایبەتی کتێبە مێژووییەکان) پەیوەندیان بە کورد و کوردستانەوە هەبێت.
شتێک ماوە لە تا لە وەڵامی ئەم پرسیارەتان ببمەوە و حەقی خۆی بدەمێ. هەرچەندە پاشخانی خوێندن و خوێندنەوە لە سەرەتای گەنجیم لە دوای کوردی لە زمانی عەرەبییەوە بوو، بەڵام نازانم چۆن ڕوونی بکەمەوە (لەوانەیە ئەمەشیان هەر هەر بە ڕێکەوت بێت) کە تا ساڵی ٢٠٢٣ دەستم بۆ ئەوە نەبرد لە زمانی عەرەبییەوە کتێبێک وەبگێڕم، ئەوەبوو لەنێوان ئەو ٣١ وەرگێڕانەمدا تەنیا یەک دانە کتێبم لە زمانی عەرەبی وەرگێڕاوە، ئەویش هەر بەڕاستی تاقانەیە، کە کتێبە سەربەگۆبەندەکەی د. تەها حوسین بوو، ئەو کتێبەی لە ١٩٢٦دا و بەر لە سەدەیەکی ڕێک بەناوی (لەبارەی شیعری جاهیلییەوە) نووسراوە. هەر لام سەیر بوو چۆن نووسەران و وەرگێرانی کورد پێشترئەم کتێبەیان وەرنەگێڕابوو، لەگەڵ ئەوەی چەند کتێبێکی نایابی ئەم گەورە نووسەرە لەلایەن وەرگێڕی بەتواناش کراونەتە کوردی.