ڕائیب جادر – هەولێر
لەگەڵ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ داڕشتنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ـی عێراق، ھەوڵەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ جێگیرکردنی پشکەکەی لەسەر بنەمای دەرەنجامەکانی سەرژمێریی گشتی چڕتر بوونەتەوە. ئامانج لەم ھەنگاوە، گەڕاندنەوەی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانە بۆ ١٤.١٤٪ و کۆتاییھێنانە بەو فشارە سیاسییەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە پشکی کوردستانی کەم کردووەتەوە. پەرلەمانتارانیش ئاماژە بەوە دەکەن، بەبێ لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن لە نێوان ھەولێر و بەغدا، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی نایەتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر نادرێت، بۆ ئەم مەبەستە تێگەیشتنێکی باش ھەیە.
بە گوێرەی سەرژمێری گشتیی عێراق و تەواوی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی پلاندانی عێراق بێت، لە بودجەی ٢٠٢٧دا دەبێت پشکی کورد ١٤.١٤% ڕەوانە بکرێت، ئەمە تەنیا قسەی نافەرمی نییە، بەڵکو بەژمارەکان بەڵگەی سەرەکی ئەو پشکەن.
لە سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق کە ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجام درا، ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان بەبێ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بریتی بوو لە شەش ملیۆن و ٥١٩ ھەزار و ١٢٩ کەس، ئەم ژمارەیەش دەکاتە ڕێژەی ١٤.١٤٪ی کۆی گشتیی دانیشتووانی عێراق کە دەبێتە پێوەرێکی یاسایی حاشاھەڵنەگر بۆ دیاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە خەزێنەی فیدراڵیدا.
ئەمە بەڵگەیەکی فەرمییە کە عێراق خۆی سەرژمێری گشتیی کردووە و ئەو ڕێژەیە دروست کراوە، ھەرچەندە لەماوەی ساڵانی ڕابردووشدا لە بابەتی بودجەدا ستەمی زۆر لە ھەرێمی کوردستان کرا.
ئێستا عێراق کار لەسەر دانانی بودجەی ٢٠٢٧ دەکات، شاندێکی تایبەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی ھەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانانی عێراق لە گفتوگۆی بەردەوامدایە، ھەموو ھەوڵێک دەدرێت کە پشکی ھەرێمی کوردستان بەپێی شایستەی یاسایی و دەستووریی ھەرێم و لەبەر ڕۆشنایی ئەنجامی دوایین سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق جێگیر بکرێت، تاوەکو بابەتی بودجە بە شێوەیەکی یەکجاری یەکلایی دەکرێتەوە. پەرلەمانتارانیش، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، سەرژمێری وەک بەغدا خۆی ڕایگەیاندبوو ئامانجی سیاسیی و گۆڕینی دیمۆگرافی نییە، بەڵکو بۆ پلاندانان و پەرەپێدانی ئابووری وڵات سوودێ لێ وەردەگرێت، بۆیە سەرباری ئەو بەڵگەی سەرژمێری چەندان بەڵگەی تری نووسراوی دەستەی ئامار و وەزارەتی پلاندانان ھەن کە ئەوە دەسەلمێنن، ئەوە لەکاتێکدایە کە پێشتر مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان ڕایگەیاندبوو بەکۆی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیران سوورن لەسەر ئەوە کە دەبێت پشکی ھەرێمی کوردستان ١٤.١٤% بێت لە بودجەدا و بە پێچەوانەوە ڕەتی دەکەنەوە.
ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لە لیژنەکەیان ئامادەکارییەکان دەستیان پێکردووە، سەبارەت بە گفتوگۆکانیان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە و بە گوێرەی پێشبینییەکانیان ڕەنگە کورتھێنان لە بودجەی ٢٠٢٧ بگاتە ٦٥ ترلیۆن دینار، لە ھەمان کاتدا شاندەکانی ھەولێر و بەغدا ئێستا لە گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ ئەوەی لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی ٢٠٢٧ی عێراق بگەنە ڕێککەوتن، ھیوادارین بە زووترین کات ئەمە یەکلایی بکرێتەوە، ھەرچەندە ھێشتا ھەندێک خاڵی ناکۆک لەنێوانماندا ھەن کە دەبێت چارەسەر بکرێن، سەبارەت بە خاڵە ناکۆکەکانیش ڕوونیان کردەوە، ئەوان پشکی ھەرێمیان بە ڕێژەی ١٢.٦٧% داناوە، کەچی ئێمە داوا دەکەین بەپێی داتا و ئەنجامی دوایین سەرژمێریی عێراق بۆ ١٤% بەرز بکرێتەوە، سەبارەت بە پرسی ھەناردەکردنی نەوت، ئەوان مەرجیان داناوە کە دەبێت ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت، لەکاتێکدا ئەم بڕە زۆرە و پێویستی بە گەرەنتیی ئەمنی و لۆجستیی ھەیە، بەگشتی کەشوھەوایەکی ئەرێنی ھەیە و لایەنەکان لەسەر ئەو خاڵە کۆکن کە دەبێت بودجەی ٢٠٢٧ بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان تێنەپەڕێنرێت.
شارەزایانی بواری ئابووری، دەڵێن، دەبێت سەرجەم ھێزە کوردستانییەکان یەکدەنگ و یەکدەست بن بۆ تێپەڕاندنی پشکی شایستەی بودجەی کوردستان بەپێی سەرژمێری، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا ئەوەی بۆ کوردستان نێردراوە نەک پشکی ڕاستەقینەی خۆی نەبووە، بەڵکو زۆر کەمتر لەو بڕەی دیاریش کراوە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.
سامی ئیسماعیل، شارەزای بواری ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: شاندی کوردستان لەگەڵ تیمی ھەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانانی عێراق ھەوڵ دەدات پشکی ھەرێمی کوردستان بەپێی شایستەی یاسایی و دەستووریی ھەرێم و ئەنجامی دوایین سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق بێت، بەڵام ئەمە پێویستی بە زەمینەسازیی گەورەی سیاسی و ڕاگەیاندن ھەیە و دەبێت ھێزە سیاسییەکان پشتیوانی لە شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، تا دەستکراوە بن و بەرچاویان ڕوون بێت کە چۆن لەگەڵ بەغدا مامەڵە دەکەن و داوای پشکی بودجەی کوردستان دەکەن، بەڵام ئەمجارە ناکرێت لەسەر بنەمای ١٢% مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکەن، لەکاتێکدا بەپێی سەرژمێریی ٢٠٢٤ی عێراق، ئێمە لە ١٤% بووین نەک لە ١٢% ھەرچەندە ھیچ کات سەدا دوازدەکەش نەدراوە.
ئەو شارەزایەی بواری ئابووری، ئەوەشی خستەڕوو: بەداخەوە لە دوای ساڵی ٢٠١٨ بەشێوەیەکی زۆر نایاسایی مامەڵە لەگەڵ بەشە بودجەی کوردستاندا کراوە، چونکە بەپێی یاسا و بڕگەکانی بودجەش، دەبێت پشکی پارێزگاکان و ھەرێمەکان لەسەر بنەمای سەرژمێری بێت، جا ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایەش بێت، ناکرێت ڕێگە بدرێت وەک ساڵانی ڕابردوو ئەو بڕە پارە کەمە بۆ کوردستان بنێردرێت.
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پێشبینی دەکرێت پرۆژەیاسای بودجە لە ١٥ کانوونی دووەمی داھاتوو بگاتە پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر بکرێت و لیژنەی دارایی پەرلەمانیش ڕۆڵی بەرچاوی دەبێ لە ڕێکخستنی بڕگەکانی پرۆژەکە. باسی لەوەش کرد، ڕەنگە لە بودجەی ٢٠٢٧ کورتھێنان بگاتە ٦٥ ترلیۆن دینار.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: لیژنەکەمان کار بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم پرۆژەیاساکە دەکات و پیشنیاری خۆی دەداتە وەزارەتی دارایی، بەڵام ئەوەی ھەیە مووچەی فەرمانبەران زامن کراوە.
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، زیاتر گوتی: ھەناردەی نەوت لە زیادبووندایە تا بتوانرێت ڕۆژانە ٣ بۆ ٤ ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردە بکرێت، ھەروەھا بوونی یەدەگ لە بانکیی ناوەندی، دەتوانی بەشداریی لە سەقامگیریی دارایی بکات. ڕوونیشی کردەوە: واقیعێک ھەیە کە لە عێراقی نوێدا ھەمیشە ھەستی پێکراوە، بەڵام لە ٢٠١٤ەوە بە ڕوونی دەرکەوتووە و لە ٢٠١٨ـەوە بە کردار جێبەجێ کراوە، ئەویش ئەوەیە کە لە ٢٠١٨دا دەسەڵاتدارانی بەغدا پشکی ھەرێمی کوردستانیان لە ١٧%ـەوە بۆ ١٢،٦٧%کەم کردەوە، بەو پاساوەی کە گوایە ئەوان بەپێی ڕێژەی دانیشتووان بودجە خەرج دەکەن و بە خەمڵاندنەکانی ئەوانیش ڕێژەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان تەنیا ١٢،٦٧% بوو. لە سەردەمی کابینەکەی حەیدەر عەبادی، پشکەکە لە ١٧٪ـەوە بۆ ١٢.٦٧٪ کەم کرایەوە، ئەو ھەنگاوەی بەغدا بەھۆی دەرھاوێشتە سەربازی، سیاسی و ئەمنییەکانی دوای ڕووداوەکانی ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ بوو کە وەک کارتێکی فشار دژی ھەرێمی کوردستان بەکارھێنرا، ئێستاش بە ھەبوونی داتای فەرمیی سەرژمێری، ھەرێمی کوردستان کار بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە سیاسییە دەکات، بەڵام ھەر ئەو سەرژمێرییەی عێراق خۆی کردی، دەریخست کە ڕێژەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان ١٤%یە، بۆیە پێویستە لە بودجەی ٢٠٢٧ ئەو زوڵمە ڕاست بکرێتەوە کە لە ھەرێمی کوردستان کراوە.
باسی لەوەش کرد، ئەگەر بودجەی ھەرێمی کوردستان ١٤%ـش دیاری بکرێت، ھێشتا دوو زوڵمی دیکە دەمێننەوە کە عێراق بۆ کەمترکردنەوەی بودجەی کوردستان دایناوە، ئەویش بابەتی خەرجییە سیادییەکانە کە عێراق ساڵانە پارەیەکی زۆر بە ناوی خەرجیی سیادی لە بودجە دەبات، پاش لێدەرکردنی ئەو خەرجییە سیادییانە، ئینجا دێن بودجە بەسەر عێراقدا دابەش دەکەن. خاڵی دووەمیش بابەتی خەرجیی فعلییە کە ئەویش دیسان پاساوێکە بۆ خۆدزینەوە لە خەرجکردنی بودجەی کوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ١٤% بۆ کوردستان تەرخان بکرێت، تا ڕادەیەک دادپەروەری لە دابەشکردنی بودجە بۆ ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.

