رۆژنامەی ھەولێر

عەگیدەکەی کوردان ریکۆردێکی تۆمار کرد و بووە پاڵەوانی جیهان

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

عەگید کابایێل، بووە یەکەمین کوردی ئەڵمانیا لە پاڵەوانێتی WBC لە کێشی قورس ببێتە پاڵەوانی جیهان و پشتێنی زێڕینی بەدەستهێنا، ئەمەش لە کاتێکدایە نزیکەی سەدەیەک بوو هیج پاڵەوانێکی ئەڵمانی نەیتوانیبوو ئەو پشتێنە بباتەوە.

عەگید کابایێل لە هەژماری خۆی لە X رایگەیاند پشتێنی زێڕینی بەدەستهێناوە دوای ئەوەی ئۆلیکساندەر ئوسیک شەڕکەری ئۆکرانی کشایەوە و دەستبەرداری پشتێنەکەی بوو، بەمەش عەگید بووە یەکەمین کورد لە مێژوودا ئەو پشتێنە زيرە بباتەوە.
بۆکسێنەرە کوردەکە دوای ئەوەی بووە پاڵەوان لە پەیامێکدا رایگەیاند هەستێکی باوەڕپێنەکراوە و لە ئێستاوە پاڵەوانی کێشی قورسی جیهانە، دەشڵێت: هیچ وشەیەک نادۆزمەوە بۆ ئەوەی هەستی خۆمی پێدەربىڕم، بەڵێنیش دەدەم هەموو شتێک بکەم بۆ ئەوەی تا ماوەیەکی دوور و درێژ پارێزگاری لەم پشتێنە بکەم.
عەگید کابایێل، هێزەکەی کوردان، پێش ئەوەی ئەو ناسناوە گەورەیە بباتەوە، یارییەکی دیکەی مێژوویی کە لە سەرەتای ئەمساڵ لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو رووبەڕووی دامیان نیبا پاڵەوانی پۆڵەندی بووەوە و لە کۆتاییدا پاڵەوانەکەی کوردان توانی رکابەرەکەی تووشی دۆڕان بکات و بردنەوەیەکی مێژوویی بەدەست بهێنێت.
عەگید لە سەرەتای رووبەڕووبونەوەکە تووشی ئەستەمی بووەوە و لە کۆتاییدا لە تایمی سێیەم توانی بە لێدانی کوشندە رکابەرەکەی ببەزێنێت و ببێتە براوەی یارییەکە.
پاڵەوانە کوردەکە پێش ئەم رووبەڕووبونەوەیە خاوەنی 26 بردنەوە و 0 دۆڕان و 18 لێدانی کوشندە، بەڵام لە دوایین لێدانی یەكلاكەرەوە عەگیدی کوردان توانی بیست و حەوتەمین بردنەوەی لەسەر یەک بەدەست بێنێت و ژمارەی لێدانە کوشندەکانیشێ گەیاندە 19 لێدان.
عەگید لەو یارییە سەرەتا سێ لێدانی راستی بەهێزی بەرکەوت و لە کۆتاییدا هێزەکەی کوردان بە ئامادەبوونی نزیکەی 13 هەزار کەس، لە قۆناغی سێیەم رکابەرەکەی بە لێدانێکی کوشندەی یەكلاكەرەوە تووشی شکست کرد.
عەگید کابایێل، ئەگەرچی بەناوی ئەڵمانیا بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکانی جیهان دەکات، بەڵام لەسەر سەکۆی پاڵەوانێتییەکان هیج کاتێک ئاڵای کوردستان لەبیر ناکات و هەفتەی رابردووش وێنەیەکی خۆی و دەنیز ئونداڤی هێرشبەری کوردی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای بڵاوکردبووە و نووسیبووی: هێزی کورد.