رۆژنامەی ھەولێر

ئەدەبی ئایرۆنی، لە گریانی نووسەرەوە بۆ پێکەنینی خوێنەر

 

بژار حەکیم

ئەدەبی ئایرۆنی (تەنزئامێز) یان توانج وپلار، فۆرمێکی گرنگی هونەریی ئەدەبییە، کە تەنز لەگەڵ ڕەخنە تێکەڵ دەکات. نووسەران ئایرۆنی و زیادەڕۆیی و نوکتە بەکاردەهێنن، بۆ تیشک خستنەسەر کەموکوڕیی کۆمەڵایەتی، سیاسی، یان کەسی، بەمەبەستی چاکسازی و ڕاستکردنەوە، پێکەنین وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن بۆ گەیاندنی پەیامی قووڵ و کەمکردنەوەی تووندوتیژی واقیعی. تەنز لە ئەدەبدا تەنیا مەبەست لێی پێکەنین و گاڵتەکردنی خەڵک نییە، بەڵکو ئامانجێکی باڵاتر و کاریگەرییەکی درێژخایەنتر و بەردەوامترە، کە بریتییە لە ڕاستکردنەوەی کەموکوڕی و لاوازییەکانی ناو کۆمەڵگە، دەربڕینی ئازارەکانی مرۆڤ و ئەوانی دیکەیە، بەبێ قسەکردن و قێزەونیی لە دەربڕیندا .
پۆستمۆدیرنەکان لەبری ئەوەی گرنگی بە هەقیقەت بدەن، هاتن تانە یان پلاریان بەکارهێنا، لەم تایبەتمەندییەی پۆستمۆدێرندا، نووسەرانی مۆدێرنیست خەریکی ئەوەن، زۆرجار ئامرازەکانی وەک نوکتەی ڕەش، یاریکردن بە وشە و ئیرۆنی یان تەکنیکەکانی دیکەی یاریکردن بەکار دەهێنن، بۆ سەرنج ڕاکێشانی خوێنەرەکانیان، چونکە لە ئایرۆندا گرنگی زۆر بە تێگەیستنی خوێنەر دەدرێت.کۆنسێپتی ئەدەبیی ئایرۆنی یەکێکە لە ئاڵۆزترین ڕەگەزەکانی ناو جیهانی دەق، لە مێژووی ئەدەبیات و ڕەخنەدا جێگەی مشتومڕێکی زۆر بووە، ئەم چەمکە بە تەنها شێوازێکی تەکنیکی یان تەنزێکی سادە نییە بەڵکو ستراتیژییەتێکی قووڵی فیکری و زمانەوانییە، کە تێیدا نووسەر جیاوازییەکی ڕیشەیی لەنێوان دەرکەوتەی ڕووکەشی شتەکان و هەقیقەتی ناوەکیاندا دروست دەکات.
لە ڕاستیدا ئایرۆنی هێز و جوانی خۆی لەو دژایەتی و ناڕوونییە وەردەگرێت، کە لەنێوان ئەوەی دەگوترێت و ئەوەی مەبەستە هەیە، بەشێوەیەک خوێنەر ناچار دەکات لە پشت وشە ڕواڵەتییەکانەوە بەدوای مانایەکی شاراوەدا بگەڕێت، ئەمەش پەیوەندی نێوان دەق و خوێنەر لە ئاستێکی پاسیڤەوە دەگۆڕێت بۆ ئاستێکی چالاکی پڕ لە گومان و لێکدانەوە. ئەگەر سەیری مێژووی ئەم چەمکە بکەین لە فەلسەفەی یۆنانی کۆنەوە بە تایبەت لەڕێگەی سوقراتەوە گەشەی کردووە، کاتێک ئەو فەیلەسوفە خۆی وەک نەزانێک نیشاندەدا، بۆ ئەوەی بەرامبەرەکەی کەموکوڕییەکانی خۆی ئاشکرابکات، ئەمەش بە ئایرۆنی سوقراتی ناسراوە و دواتر لە سەردەمی ڕۆمانسیزمدا ئەم چەمکە بوو بە فەلسەفەیەکی گشتگیر بۆ بینینی جیهان.
مرۆڤ لەناو ئەدەبیاتی مۆدێرن و پۆستمۆدێرنەدا، بوو بە کەرەستەیەکی سەرەکی بۆ نیشاندانی پارچەپارچەبوونی مرۆڤ و تێکچوونی سیستەمە گەورەکان، نووسەران لەڕێگەی جۆرە جیاوازەکانی ئایرۆنییەوە وەک ئایرۆنی زارەکی، کە تێیدا کەسێک پێچەوانەی ئەوەی لە دڵیدایە دەڵێت، یان ئایرۆنی درامی کاتێک بینەر یان خوێنەر ڕاستییەک دەزانێت، کە خودی کارەکتەرەکە نایزانێت یان تەنانەت ئایرۆنی دۆخی، کاتێک ئەنجامی ڕووداوەکان بە تەواوی پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان دەبێتەوە.
دەتوانن ڕەخنەی قووڵ لە کۆمەڵگە و دەسەڵات، تەنانەت لە خودی بوونی مرۆڤ بگرن. کارکردنی ئایرۆنی لە ئەدەبیاتدا پێویستی بە هۆشیارییەکی باڵای خوێنەر هەیە، چونکە ئەگەر خوێنەر نەتوانێت نیشانە شاراوەکانی دەقەکە بخوێنێتەوە، ئەوا مانا ڕاستەقینەکە ون دەبێت و دەقەکە بە سادەیی وەردەگیرێت، ئەمەش وادەکات ئایرۆنی ببێتە چەکێکی دووسەر، لە لایەکەوە چێژێکی فیکری و هۆشیاری دەبەخشێت و لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەری تێنەگەیشتنی لێدەکەوێتەوە. لە ڕێگەی ئەم تەکنیکەوە زمان لە ئەرکە باو و ڕاستەوخۆکەی خۆی دادەماڵرێت، دەبێتە کایەیەک بۆ گەمەی ماناکان، کە تێیدا هیچ شتێک ئەوە نییە کە دەبینرێت و هەر بەم هۆیەشەوە ئایرۆن، هەمیشە وەک هێمایەکی ئازادیی هزر و یاخیبوون لە قاڵبە جێگیرەکان لەناو داهێنانی ئەدەبیدا دەمێنێتەوە.
پەیوەندی نێوان ئایرۆن و تراژیدیا لە ئەدەبیاتدا، یەکێکە لە قووڵترین و ئاڵۆزترین پەیوەندییە فەلسەفی و داهێنانەکان، چونکە لە ڕوواڵەتدا وا دەردەکەوێت کە دوو جیهانی دژبەیەک بن، بەو پێیەی تراژیدیا مامەڵە لەگەڵ خەم و تێکشکانی قورسی مرۆڤدا دەکات، بەڵام ئایرۆنی پەیوەندی بە دژایەتی و جۆرێک لە تەنزی تاڵەوە هەیە. لە ڕاستیدا ئەم دوو چەمکە نەک هەر دژایەتی یەکتر ناکەن، بەڵکو تەواوکاری یەکترن، لە زۆرێکی شاکارە ئەدەبییەکاندا بەبێ بوونی ئایرۆنی، تراژیدیا ناتوانێت بگاتە لووتکەی کاریگەریی و ڕەهەندە ڕاستەقینەکەی خۆی، لەناو جەرگەی دەقە تراژیدییە کۆن و نوێیەکاندا، ئایرۆنی وەک بڕبڕەی پشتی ڕووداوەکان کاردەکات بەشێوەیەک، کە تێیدا کارەساتەکە کاتێک قووڵتر و بەئازارتر دەبێت، کە بەهۆی پێچەوانەبوونەوەی چاوەڕوانییەکان یان نەزانیی پاڵەوانەکەوە ڕووبدات، ئەمەش ڕێک ئەو شوێنەیە کە پێی دەگوترێت ئایرۆنی درامی.
کاتێک خوێنەر یان بینەر لە ڕاستییەکی مەزن و ترسناک ئاگادارە، بەڵام کارەکتەرەکە خۆی لەناو نەزانیندا دەژی، بەرەو تیاچوونی خۆی هەنگاو دەنێت، ئەم دژایەتییە گەورەیە لەنێوان زانیاریی بینەر و نەزانیی پاڵەوانەکەدا، هێزی تراژیدیایەکە چەند بەرامبەر دەکات و هەستی هاوسۆزی و ترس لە دەروونی مرۆڤدا دەورووژێنێت.
لایەنێکی دیکەی ئەم تەواوکارییە لە ئایرۆنی دۆخدا ڕەنگدەداتەوە کاتێک مرۆڤەکان، بۆ ڕاکردن لە چارەنووسێکی ڕەش یان بۆ بەدەستهێنانی بەختەوەری، هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن، بەڵام ڕێک ئەو هەنگاوانەی کە دەیانهاوێژن دەبێتە هۆکاری سەرەکی بۆ کەوتنیان بەناو دڵی کارەساتەکەدا. ئەمجۆرە لە تێکشکانی پلانەکان نیشانەیەکە لە لاوازی مرۆڤ لە بەرامبەر هێزە گەورەکانی وەک قەدەر یان سرووشت یان سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان، کە پێی دەگوترێت ئایرۆنی گەردوونی. نووسەرە مەزنەکان لە ڕێگەی تێکەڵکردنی ئەم دوو چەمکەوە ڕێگری دەکەن لەوەی، دەقەکە بکەوێتە ناو تەڵەی سۆزداریی دەستکردو کڕووزانەوەی بێزارکەرەوە، چونکە ئایرۆنی وەک دەرمانێکی تاڵ مەودایەکی هۆشیاری لەنێوان خوێنەر و کارەساتەکەدا دروست دەکات، وادەکات مرۆڤ لەبری گریانی ڕووکەش بە قووڵی بیر لە هۆکارەکانی پشت تراژیدیاکە بکاتەوە. لێرەوە دەردەکەوێت تراژیدیا پێمان دەڵێت، کە مرۆڤ دەشکێت و کارەسات ڕوودەدات لە کاتێکدا ئایرۆنی بە زمانێکی شاراوە و پڕ لە ناڕوونی پێمان دەڵێت چۆن و بە چ شێوازێکی سەیر و دژبەیەک ئەو کارەساتە دێتەدی ئایرۆنی نەک دژی تراژیدیا نەبێت، بەڵکو ببێتە زمانە فەلسەفی و ڕەخنەییەکەی بۆ دەرخستنی هەقیقەتە تاڵەکەی بوونی مرۆڤ.
لە جیهانی پۆستمۆدێرنەدا، ئەدەبی ئایرۆنی پێگەیەکی ئێجگار ناوەندی و بنەڕەتی وەرگرتووە، بەشێوەیەک لە تەکنیکێکی ئەدەبیی سادەوە گۆڕاوە بۆ ڕوانینێکی فەلسەفی و ناسنامەیەکی کولتووری، بۆ ناسینەوەی تەواوی سەردەمەکە، چونکە مرۆڤی پۆستمۆدێرن متمانەی بە ڕاستییە ڕەهاکان و هێڵە گشتییەکانی پێشکەوتن نەماوە، چونکە لەناو جیهانێکی پارچەپارچەبوو و پڕ لە گوماندا دەژیێت، کە تێیدا سنووری نێوان واقیع و خەیاڵ یان نێوان ڕەسەن و کۆپی تەڵخ بووە. لەناو ئەم کەشەدا ئایرۆنی دەبێتە تاکە چەک و زمان بۆ دەربڕینی ئەم دۆخە دژبەیەکە.
نووسەرانی پۆستمۆدێرن ئایرۆنی بەکاردەهێنن نەک بۆ ڕەخنەگرتن لەپێناو چاکسازی، بەڵکو بۆ نیشاندانی ئەوەی مرۆڤ توانای گەیشتن بە هەقیقەتێکی جێگیری نییە، یەکێک لە دیارترین شێوازەکانی نوێنەرایەتیکردنی ئایرۆنی لەم سەردەمەدا لە ڕێگەی تەنزی ڕەشەوەیە، کاتێک نووسەران بابەتە زۆر جددی و ترسناکەکانی وەک جەنگ و مەرگ و نەمانی مرۆڤایەتی دەخەنە ناو چوارچێوەیەکی کۆمیدی و پێکەنیناوییەوە، بۆ ئەوەی بێهوودەیی و پووچیی سیستەمە گەورەکانی جیهان ئاشکرابکەن.
لایەنێکی دیکەی گرنگی ئەم نوێنەرایەتییە لە ڕێگەی مێتافیکشن یان سەرووئەدەبەوە دەبێت، تێیدا دەقەکە بە شێوازێکی ئایرۆنییانە ڕووی دەمی دەکاتە خوێنەر و بەردەوام ئەوەی بیردەخاتەوە، کە ئەوەی دەیخوێنێتەوە تەنها کایەیەکی زمانەوانی و دروستکراوە نەک واقیعێکی ڕاستەقینە، ئەمەش جۆرێک لە ئایرۆنی خۆیی یان ئایرۆنی گوماناوی دروست دەکات، کە ڕێگە نادات خوێنەر نوقمی ناو جیهانی خەیاڵی چیرۆکەکە ببێت. لێرەوە ئەدەبی ئایرۆنی لە پۆستمۆدێرنەدا وەک ئاوێنەیەک کاردەکات، کە تێیدا مرۆڤ پێکەنینەکەی تێکەڵی گریانی نووسەر و گومانەکەی تێکەڵی یەقین دەبێت، زمان لە هێزێکی ڕاستەوخۆوە دەگۆڕێت بۆ کایەیەکی بێکۆتایی، لە مانای جیاواز کە هیچ هەقیقەتێکی کۆتایی تێدا بەدی ناکرێت. کەواتە ئەدەبی ئایرۆنی تەنیا ژانرێکی سادە نییە، بەقەد ئەوەی سیاقێکی باڵای ئەدەبییە لە زمانێکی نەرمی تەنزەوە بۆ چاکسازیی ریشەیی بنیادی مرۆیی.