رۆژنامەی ھەولێر

عەلی شاخەوان لەبارەی رۆیشتنی لە یانەی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

عەلی شاخەوان، یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر، کە بەم دواییە ریزەکانی یانەی هەولێری جێهێشت، روونکردنەوەیەکی لەبارەی رۆیشتنی لە یانەی شارەکەی لەژێر ناوی “لە نێوان دڵسۆزیی هاندەر و واقیعی تۆپی پێدا” بڵاو کردەوە.

عەلی شاخەوان، کە کوڕی شاخەوان عومەری یاریزانی دێرین و ناسراوی هەولێرە و خۆیشی یاریزانێکی ئاستباڵایە، بەم دواییە ڕیزەکانی یانەی هەولێری بەرەو مووسڵ جێ هێشت، پێدەچێ لە دوای رۆیشتنەکەی، ڕەخنەی لێ گیرابێ کە بۆچی یانەی شارەکەی جێ هێشتووە، بۆیە عەلی لەو رووەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە.
عەلی شاخەوان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسینێکی بڵاوی کردەوە و لە بەشێکیدا هاتووە: کاتێک یاریزانێک بڕیاری جێهێشتنی یانەکەی دەدات، یەکسەر شەپۆلێک لە تۆمەتی وەک “پـارەپـەرسـت” یان “خـۆفـرۆش” لەلایەن هاندەرانەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. بەڵام وەرن با کەمێک لە دەرەوەی سۆز سەیری هاوکێشەکە بکەین
شاخەوان ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات: تۆپی پێی مۆدێرن کارە (بزنسە): بۆ ئێوەی هاندەر، تۆپی پێ عەشق و خولیایە، بەڵام بۆ یاریزانەکە، پیشە و سەرچاوەی بژێویی ژیانیەتی. تەمەنی وەرزشیی یاریزانێک زۆر کورتە (کەمتر لە ١٥ ساڵ)، بۆیە سروشتییە بیر لە داهاتووی خۆی و خێزانەکەی بکاتەوە.
هەروەها عەلی شاخەوان باسی لەوە کردووە: کاتێک یانەکە یاریزانێکی ناوێت: کاتێک ئاستی یاریزانێک دادەبەزێت، یانەکە زۆر بە بێدەنگی دەیفرۆشێت یان دەیخاتە سەر کورسیی یەدەگ و هاندەرانیش داوای دەرکردنی دەکەن! لەو کاتەدا کەس ناڵێت یانەکە “بێوەفایە”، ئەی بۆچی کاتێک یاریزانەکە دەیەوێت بڕوات دەبێتە تاوانبار؟
یاریزانە ناوەڕاستکارەکە، دەشڵێ: سۆز بۆ لۆگۆیە، نەک بۆ ناوەکان: هاندەری ڕاستەقینە کاتێک دەگری یان دڵخۆش دەبێت، بۆ لۆگۆ و ناوی یانەکەیەتی. یاریزانەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا قەوارەی یانەکەیە
عەلی شاخەوان داوا لە هاندەران دەکات: با فێربین ڕێز لە بڕیاری مرۆڤەکان بگرین. سوپاسی ئەو کاتانە بکە کە دڵخۆشی کردوویت، لێگەڕێ با بڕوات. چونکە لە کۆتاییدا، هیچ یاریزانێک لە سەرووی یانەوە نییە و عەشقی ئێمەش بۆ لۆگۆکەیە نەک بۆ کەسەکان!
لە کۆتاییدا سوپاسی یانەی شارەکەی دەکات و دەڵێت: سوپاس بۆ یانەی دایک و هاندەرە دڵسۆز و ڕاستەقینەکان هیوای سەرکەوتنتان بۆدەخوازم.