رۆژنامەی ھەولێر

11 یاریزان ڕیزەکانی یانەی هەولێریان جێ هێشتووە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

دوای تەواوبوونی وەرزی ڕابردووی خولی تۆپی پێی ئەستێرەکانی عێراق، بەشێکی زۆری یانەکانی عێراق و کوردستان، بە تایبەت ئەو یانانەی دەیانەوێ ڕکەبەری بکەن، دەستیان بە جووڵەکردن بۆ دەستخستنی چەند یاریزانێک کرد، ئەوەی جێی سەرنجە، یانەی هەولێر بەشێکی بەرچاوی یاریزانە دیار و بەرچاوەکانی ریزەکانی یانەکەیان جێ هێشتووە.

هەریەک لە مارلین چۆڤانۆڤ، شێرزۆد تێمیرۆڤ، گەیلان لوقمان، کومەیل سەعدی، کریستیان بارکۆ، مامادۆ دیارا، مایکۆل کابرێرا، زولفەقار یوونس، کریستۆڤەر جۆن، ئەحمەد زیرۆ و عەلی شاخەوان ریزەکانی یانەکەیان جێ هێشت.
هەرچەندە یانەی هەولێر لە دوای تەواوبوونی خولەکە، دانوستانی لەگەڵ باسم قاسمی راهێنەری یانەکە کرد، بۆ ئەوەی هەرچۆنێک بێ بگەنە ڕێککەوتن و لە یانەکە بمێنێتەوە، دواجار و دوای دوو قۆناغی دانوستان، ئەو هەوڵانە سەریان نەگرت و باسم قاسم بە فەرمی بووە راهێنەری یانەی زەورا. یانەی هەولێر ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند ئەوان بە مەرجەکانی باسم قاسم رازی بوونە و لە گەرمەی دانوستاندا بوون کە باسم قاسم چووەتە یانەی زەورا. دواتریش باسم قاسم ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ئەوەی رەت کردەوە.
ئەو یاریزانانەی ریزەکانی یانەی هەولێریان جێ هێشتووە، یاریزانی ئاستباڵا و ئەنجامگۆڕ و خاڵی جیاوازن، لە گۆڵپارێز، هێڵی بەرگریی و ناوەڕاست و هێرشبەریش. کە بەشێکیان بوونە هۆی ئەو ئاستە بەرزەی وەرزی ڕابردووی یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
دوای ئەو رۆیشتنی ئەو یاریزانە، سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر بەڵێنی داوە هەموو توانای بخاتە گەڕ تا راهێنەرێکی باش و کۆمەڵێک یاریزان بباتە ریزەکانیان، بۆ ئەو مەبەستە دانوستانی لەگەڵ عەدنان حەمەد، راهێنەری ناسراوی عێراقی کردووە، بەڵام بە شێوەیەکی فەرمی لەو بارەیەوە هیچ شتێک لەسەر دانوستانەکە، یان ئەنجامی دانوستانەکە ڕانەگەیاندراوە، لەگەڵ ئەوەی سەرچاوەی نافەرمی باس لە سەرنەگرتنی دانوستانەکان دەکەن.
هاندەرانی یانەی هەولێر بە هیوای ئەوەن، یانەکەیان هەرچی زووە ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ دەست پێ بکات و وێڕای راهێنەر، کۆمەڵێک یاریزانیش ببەنە ریزەکانیانەوە، بە جۆرێک ئەنجامی شاییستە بە دەست بهێنن، بە تایبەت کە یانەی هەولێر ئەمساڵ بەشداریی جامی یانەکانی کەنداویش دەکات.