رۆژنامەی ھەولێر

کاری وەرگێڕ ئەوەیە بەرهەمی نائاشنا بە خوێنەران بناسێنێت

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

مەدینە ئەحمەد-ی وەرگێڕ، دانیشتووی شاری کەلار، بەڵام بەرهەمەکانی لە تەواوی کوردستان خوێنەری هەیە و زیاتر لە 10 بەرهەمی وەرگێڕاوە. ئەو گەنجێکی چالاکە و بە وزەیەکی زۆرەوە چەندین شاکاری جیهانی کردووە بە کوردی. نوێترین کاری وەرگێڕانی لەمساڵدا چوار بەرهەم بووە، کە ئەوانیش (سەرکەشییەکانی نێڵز، نامەکانی دۆستۆیڤسکی و تۆرگینێڤ، لێگەڕێ گوڵە زەمبەقەکە بفڕێ، دارپرتەقاڵە ئازیزەکەم)، ئێستاش سەرقاڵی بەرهەمێکی دیکەیە و لەم دیدارە کورتەدا باس لە ئەزموونی خۆی و وەرگێڕان دەکات.

* ماوەی چەند ساڵێکە سەرقاڵی وەرگێڕانن لە بەرهەمی گەورە نووسەرانی جیهان، چۆن خولیای وەرگێڕان بوون؟
وەڵام: لەڕاستیدا ناتوانم بڵێم خولیایەکی لەمێژینە بووە، بەڵام حەزم بە کتێب هەبووە. دەتوانم بڵێم وەکوو سیسرکەکەی کافکا بوو، کە ڕۆژێک هەستا و بوو بە سیسرک. منیش ڕۆژێک هەستام و بڕیارمدا دەست بکەم بە کاری وەرگێڕان. ئەمەش مانای ئەوە نەبوو هەر کتێبێکم ببینایە و دەستم بە وەرگێڕانی بکردایە، بەڵکوو حەزم بە جۆرێکی دیاریکراو بوو، وەکوو هەر خوێنەر و وەرگێڕێکی تر.
ئیتر لەوەو بەدوا دەستمکرد بە کاری وەرگێڕان. ئەوەندە حەزم لە وەرگێڕان بوو، سەرەتا بە pdf بڵاومدەکردەوە و گرنگ نەبوو بەلامەوە کارە وەرگێڕانەکانم چاپ بکرێت بە شێوەی کتێبی کاغەزی، بەڵام ئومێدی ئەوەم هەر هەبوو ڕۆژێک لە ڕۆژان بە چاپکراوی بیانبینم. پاش ئەوە دوو ساڵ دواتر یەکەم کتێبی چاپکراوم بڵاوکرایەوە. بێگومان لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانم قوربانیم داوە، قوربانییەک کە بەرهەمێکم وەرگێڕا کە لەگەڵ حەزەکانی وەرگێڕانم یەکی نەدەگرتەوە. پاش ئەوەی گەشتم بە چاپ و ئامانجەکانم، ئێستا لە خودای ئافرێنەر بەزیادبێ ئەو بەرهەمانە دەکەم، کە لەگەڵ حەزەکانمدا یەکدەگرێتەوە. وا تا ئێستاش بەردەوامیان هەیە.
کاتێک ئەو کتێبەی کە لە حەزی خۆت بووە، هەر بە تەنیا وەکوو کتێبێک نامێنێتەوە، سنوورەکان دەشکێنێ، دەچپێنێ بە گوێی خوێنەردا و پرسیاریان لەلا گەڵاڵە دەکا. گسکئاسا تەپوتۆزەکان ڕادەماڵێ. بۆیە کاری وەرگێڕان هەر بە تەنیا وەرگێڕانی وشە نییە، وەرگێڕانی فیکرە، بیروبۆچوونە، دیدگایە، دۆزینەوەی لێکچووەکانە.

* لە پڕۆسەی وەرگێڕاندا چ ئاستەنگێک ڕووبەڕووتان بووەتەوە؟
وەڵام: وەرگێڕان، وەکوو هەر بوارێکی تر قورسی و ئاستەنگی خۆی هەیە. یەکێک لەوانە بوونیادنانی کەشی ڕۆمانەکەیە. بە جۆرێک ئێمەی وەرگێڕ دەبێ کەشێکی ئاسان و لەبار بۆ خوێنەر بخوڵقێنین، ئێمە بۆ ئەوە وەردەگێڕین کە شتەکان ئاسان بکەین، نەک قورسی بکەین. ناکرێ لە پەڕەیەکدا خوێنەر بەدەست وشەوە گیر بخوات و بەردەوام چاوی بێنێتە خوارەوە و پەراوێز بخوێنێتەوە (هەندێکجاریش پەراوێز پێویستە.)، ئەم کارە خوێنەر تاقەتپڕوکێن دەکا و حەزی خوێندنەوەی لێ دەستێنێتەوە. وەکوو چۆن ترۆمبیلەکان گواستنەوەمان بۆ ئاسان دەکات، ئێمەش دەبێ گواستنەوەی پەیامەکان ئاسان بکەین، بەڵام گرنگیشە لە ماهیەتی دەق کەم نەکەینەوە، مەبەستم لە ئاسانی ڕوونی زمانە، نەک بارگاویکردنی بە وشە ناوچەیی و چەمکگەلێک کە هاوواتای لە زمانی کوردی هەیە، بەڵام ئێمە بێین و چەمکە بیانییەکە دابنێینەوە. زۆرجار خوێنەر ناچار دەبێ سایت بە سایتی وشەی کوردە پەتییەکان بدا لە بێژن تاوەکوو مانای ڕاستەقینەی بۆ دەردەکەوێ.
یاخود کاتێک وەرگێڕان دەکەین، یەکێک لە ناخۆشییەکانی ئەوەیە خوێنەر درک بەو ماندووبوونانە ناکات و ڕەخنەی ڕووخێنەر دەگرێ، بەڵام بێشک ئەمانە نامانوەستێنن. کاتێک خوێنەر ڕەخنە دەگرێ، دوو جۆرن، جۆرێک ڕووخێنەر، کە ئامانجی شکاندن و کەمبەهاکردنی ڕەنجی وەرگێڕە و دووەمیان جۆرێکی بوونیادنەر. بێگومان پێشوازییەکی گەرم لە بونیادنەرەکان دەکەین، بگرە زۆریش سوودیان لێ دەبینین و دەبنە سەرەتایەکی نوێ بۆ بەخۆداچوونەوە و وردبینانە کارکردن.
* هەموو وەرگێڕێک کاتێک کتێبێک وەردەگێڕێت ئامانجێکی هەیە، لای ئێوە ئامانجی وەرگێڕان بە گشتی چییە؟
وەڵام: بەڵێ، دەتوانم بڵێم ئامانجی من ئەوەیە خوێنەران بە ئەدەبی پشتگوێخراو و نەناسراو ئاشنا بکەم. ئێمەی وەرگێڕ نابێ خوێنەران لەیەک ئەڵقەی نووسەراندا بخولێنینەوە، بەڵکوو دەبێ لەو ئەڵقە دەریانبهێنین. ناکرێ ئێمە ڕێگە نەدەین ئەو ئەڵقەیە نەشکێنن و بەردەوام بخولێنەوە، ئەرکی ئێمەیە دەرەوەی ئەڵقەکەیان پێ ئاشنا بکەین. ئامانجێکی دیکەش ئەوەیە خوێندنەوە بکرێ بە کولتوورێک. پاش ئەوەی بوو بە کولتوورێک، دەتوانرێت زیاتر و زیاتر ئەدەبی خۆمان بە وڵاتان ئاشنا بکەین، یاخود نووسەری دیکەی باشمان لێ هەڵبکەوێ. ناکرێ ئێمە هەر وەربگرین، بەبێ ئەوەی ببەخشین. بێشک خوێندنەوە بەرهەمی خۆی دەبێ. بەتایبەت بۆ وڵاتێکی وەکوو ئێمە کە دەبێ بە زمان و کولتوور نیشتمانەکەمان بپارێزین.
وەرگێڕان بۆ خۆی ئامانجە، کاتێکیش دەگەی بەم ئامانجە ئیتر لقی لێ دەبێتەوە، وەکوو: ئەدەبی منداڵان، ئەدەبی نێوجەوانان و گەورەکان، تەنانەت ئەدەبی پیرەکانیشمان هەیە.

*ئاستەنگی وەرگێڕان لەم سەرجەمی هەژموونی (ئەی ئای)دا چۆن دەبینن؟ ئایا پێتوایە وەرگێڕانی ئەدەبیات جێگرەوەی بۆ پەیدا دەبێت؟
وەڵام: ژیری دەستکرد (ئەی ئای)یش مرۆڤ دروستی کردووە، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم بتوانن وەکوو مرۆڤ هەست بە وەرگێڕان ببەخشن و هەستەکان بگوازنەوە. چونکە وەرگێڕ کاتێک وەرگێڕان دەکات، بەشێک لە هەستەکانی خۆی تێکەڵ بە بەرهەمەکە دەکات، یان کار بۆ گواستنەوەی دەکات و دەیگەنێت بە خوێنەر. بێشک خوێنەریش هەست بەمە دەکات. بەڵام کاری (ئەی ئای) سنووردارە و ئەو زانیارانە لەبەر دەگرێتەوە، کە مرۆڤ بۆی زیاد کردووە، واتە توانای (ئەی ئای) سنووردارە، بەڵام توانای مرۆڤ بێسنوورە.
بەپێچەوانەی وەرگێڕ، (ئەی ئای) لەزەتی چاوەڕوانی تێدا نییە. کاتێک وەرگێڕێک قاوی ئەوە دەدا بەمزوانە ئەم بەرهەمم بڵاودەبێتەوە، خوێنەران بە تامەزۆرییەوە چاوەڕێ دەکەن، بەڵام ئەمە لە (ئەی ئای)دا نییە.

*ئێستا سەرقاڵی وەرگێڕانی بەرهەمی چ نووسەرێکن؟
وەڵام: لە ئێستا بە بەرهەمێکی جۆرج ئۆروێڵەوە سەرقاڵم بە ناوی “ڕۆژگارەکانی بۆرما”. لەم دوایەشەدا بەرهەمێکی دیکەیم بەناوی “لێگەڕێ گوڵە زەنبەقەکە بفڕێ” بڵاوبووەوە. ئۆروێڵ هەمیشە پاڵەوانەکانی دەخاتە دۆخی یاخیبوونەوە، وایان لێدەکات بەگژ چواردەورەکەیاندا بچنەوە، دەیانخاتە چارەنووسێکەوە کە بەگژیدا دەچنەوە و لێی بێزار و قەڵسن و بە هەر چوار لاوە دەیانەوێت لێی دەربچن و خۆیان قوتار بکەن. بە گەشتێکی درێژدا دەیانبات و لە کۆتایشدا پێیان دەڵێ: دەست هەڵبگرن، ئەمە چارەنووسی حەتمی ئێوەیە، بۆ ئەوەندە گەمژەن! هەوڵدان سوودی نییە.
ئومێد بە پاڵەوانەکانی دەبەخشێ، بەڵام گاڵتەیان پێدەکات و دەیانخاتە تەڵەی ئومێدەوە و تەنیا ماندوویەتی هەوڵدانیان بۆ دەمێنێتەوە.