رۆژنامەی ھەولێر

گەڕانەوە بۆ شیعریی کلاسیک و فەرامۆشکردنی شیعری نوێ

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

ماوەی چەند ساڵێکە چەند شاعیرێک هەوڵی نووسینی دەقی شیعریی کلاسیک دەدەن و ئەم دەقە شیعریانە بەشی هەرە زۆریان دووبارەکردنەوەی هەمان موفرەدە و ئایدیای شیعریی دونیای شیعری کلاسیکییە، کە زۆرجار لەڕووی بەلاغەت و جوانکاریی هێزی دەقگەراییەوە ناگەنەوە بە (کلاسیکیاتی کۆن) یان کلاسیکیاتی قوتابخانەی شیعریی بابان، بەڵام ئەم شاعیرانە هەر پەنای بۆ دەبەن و وەکو جۆرێک لە ڕۆحێکی نوێی کلاسیکیات دەیناسێنن.

شیعری کوردی لە گۆران و شێخ نوورییەوە بەرەو نوێبوونەوە هەنگاوی ناوە و دواتر لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لەسەر دەستی کۆمەڵێک شاعیری نوێخواز هەوڵەکانی نوێکردنەوەی شیعریی بەتەواوەتی کلاسیکیاتیان بەجێهێشت. من لە کتێبی “شیعر و دۆزینەوە”دا لە جێگەیەکدا گەڕاومەتەوە بۆ ئەو خاڵەی “گۆران”ی شاعیر دەگەڕێتەوە بۆ کلاسیک و سەرەتاکانی ئەزموونی شیعریی دەگەڕێتەوە بۆ کلاسیک، لە کاتێکدا بەر لە ئەو و دوایی کلاسیک، ڕۆمانتیک لەبەردەمیدایە و بۆچی شیعری ڕۆمانتیکی نانووسێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بەڵگەیەکی گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا شیعر وەکو هونەر دەمرێت و وەکو گوتار لە دایک دەبێتەوە. شیعر دەبێتە جۆرە دەربڕینێک، یان هۆکارێک بۆ پەروەردە و فێرکردن و ئاراستەکردنی کۆمەڵگە و وشیارکردنەوە لەو دواکەوتوویەی تێیدا دەژی. لێرەوەیە، کە شیعر لەو قۆناغەدا لەوە دەردەچێت شیعر بێت وەکو هونەرێکی ئیستاتیکی و فەلسەفی و لانکەی کەڵکەڵەکانی مرۆڤ بێت، بەڵکو شیعر لە هەوڵی ئاراستەکردنی کۆمەڵگەدا بووە و لەپێناوی وشیارکردنەوەی ئەودا جەنگاوە. شیعر بووەتە کەرەستەی بەرەنگاربوونەوە نەزانی و نەخوێندەواریی و چەوساندنەوە مێینە، هەربۆیە شیعر وەکو هونەر لە شیعربوون دەخرێت و دەبێتە “گوتارەشیعر”.
گۆران لەو شاعیرانەیە توانایەکی درککردنی شیعریی هەبووە، بۆیە گەڕاوەتەوە بۆ “هونەری شیعر” و بۆ ئەمەش یەکەمجار شیعریی لە ئاستێکی هونەری بەرزدا لای قوتابخانەی شیعریی بابان بینیوە و بۆیە بە کاریگەربوون بە نالی دەستی بە نووسینی کلاسیکیات کردووە. بەڵام دواتر کە لەڕێی زمانی تورکی و ئینگلیزییەوە بەر شیعری نوێی تورکی و ئینگلیزی دەکەوێت و بەکاریگەربوون بە شاعیرانی نوێی تورکی و دواتر ئینگلیزی هەوڵی نوێکردنەوەی شیعریی کوردی تێدا دەڕسکێت و دەست بە نوێکردنەوەی شیعری کوردی دەکات. واتە نووسینی شیعریی کلاسیکی بۆ گەڕانەوە بووە بۆ هونەری شیعر و ئەو ڕەسەنییەتەی لەم هونەرە باڵایەدا هەیە. بەڵام ئێستا کە شاعیرانێک دەگەڕێنەوە و دەقی کلاسیک دەنووسن، ئایا دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ڕەسەنیەتی شیعر وەکو هونەرێکی باڵا، یان توانای نووسینی شیعری نوێیان نییە، کە ئاستێکی هونەریی باڵای هەبێت؟
من گومانم لە توانای بەشێکی زۆر لەو شاعیرانە نییە، کە کلاسیک دەنووسن، بەڵام بەجۆرێک لە ئەزموونی نوێکردنەوەی شیعر دابڕاون و ئاگادارییەکی ئەوتۆیان لە ئەزموونە نوێکانی شیعری مۆدێرنی کوردی و جیهانی نییە، یان توانایی شیعرییان ناگاتە ئەوەی دەقێکی مۆدێرن بە موفرەدە و دونیابینی نوێوە بنووسن، بۆیە گەڕاونەتەوە بۆ نووسینی شیعریی کلاسیک، نەک لەپێناو ئەوەی بەو هونەرە باڵایە بگەن، بەڵکو لەپێناو ئەوەی خۆیان لەو لێزانی سەختییە بدزنەوە، کە شیعری مۆدێرن هەڵگریەتی و بەئاسانی ڕام ناکرێت.
شیعری نوێ هەڵگریی کۆمەڵێک تایبەتمەندییە، کە بەشی هەرە زۆریان ناوەکییە و شاعیر ئەگەر بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ موفرەدە و تەکنیک و ڕیتمدا نەکات دەکەوێتە هەڵەوە و دەقەکە لە دەقێکی شیعریی داهێنەرانەوە دەبێتە کۆمەڵێک وشەی ڕیزکراو. بۆیە هەموو وشەڕیزکردنێک شیعر نییە و شیعر مۆدێرن تەنها بە شکاندنەوەی دێڕ و ڕاکردن بە وەزن و قافییە نابێتە نوێ. شیعری نوێ پێویستی بە دیدگای نوێ و موفرەدەی نوێ و ڕیتم و خولقاندنی جیهانێکی نوێیە، کە خوێنەر درک بە نوێبوونی هەموو لایەنەکانی دەقەکە بکات. ئەوەی زۆرجار دەقێک لەژێر ناونیشانی شیعردا دەبێتە تۆپەڵێک وشەی ڕیزکراو دەگەڕێتەوە بۆ ناشارەزایی شاعیر لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێویستی و تایبەتمەندیانەی شیعری نوێ هەڵگرییەتی.
شیعرێک ئەگەر لەڕووی موفرەدە و تەکنیک و ڕیتمەوە نوێ بێت، بەڵام خاوەنی ئایدیایەکی چەقبەستووبێت ناتوانرێت وەکو شیعری نوێ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. شیعری نوێ دوور کەوتنەوەیە لە هەموو چەقبەستن و کۆنخوازییەک. ئەوەی شیعرێک نوێ دەکاتەوە هەموو پنتەکانییەتی لە ناونیشانەوە تا دواهەمیش پیتی شیعرەکە.
محەمەد عومەر عوسمان (ژەنراڵی پاییز) دەشێ نموونەیەکی سادە و گونجاوبێت بۆ ئەوەی وردتر لە شیعری نوێ تێبگەین. ئەم شاعیرە لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەوکاتە شیعری نوێی کوردی بارگاوی بوو بە دووجۆر بیرکردنەوە و لە دوو ئاراستەوە بەرهەم دەهات، یەکەمیان ئاراستەیەکی شۆڕشگێڕی بوو و دووەمیشیان ئاراستەیەکی فۆڕمخوازی بوو. لە ئاراستەی یەکەمدا شیعر جگە لە دروشم و پێداهەڵگوتن و جۆشدانی شۆڕش هیچی دیکە نەبوو. لە ئاراستەی دووەمیشدا ئەوەی ئەولەویەتی پێدەدرا فۆڕمخوازی بوو و ئیدی چێژ و بابەت ڕیتمی شیعریی کرابووە قوربانی. بەڵام لەم نێوانەدا “ژەنڕاڵی پاییز” دێت و لەڕێی کتێبی “لەغوربەتا”وە جۆرێک لە کودەتا بەرپا دەکات و بە گەڕانەوە بۆ کێشی پەنجە و کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی شیعریی بابەتاهیری هەمەدانی و بە نوێبوونی بابەتگەلێک لەو ڕۆژگارەدا ئەزموونێکی نوێی شیعریی دەخولقێنێت، بەڵام کاتێک سەرنج دەدەین ئەم ئەزموونە تەنها لەڕووی بابەت و دونیابینییەوە بۆ ئەو سەردەمە نوێ بووە و دەنا نەیتوانیوە خۆی لە کۆتی وەزن قافییە ڕزگار بکات و گەڕاوەتەوە بۆ یەکێک لە کۆنترین فۆڕمەکانی نووسینی شیعر لە ئەدەبی کوردیدا، بەڵام ناتوانین وەکو جۆرێک لە تێپەڕبوون و ئەزموونی جیاواز بۆ ئەو قۆناغە سەیری نەکەین.
لێرەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە نوێکردنەوە و مۆدێرنبوونی شیعر تەنها لە ناوەرۆکدا ناکرێت، وەکو چۆن تەنها بە فۆڕمخوازیش ناکرێت. شیعری هونەرێکە پێویستی بە نوێبوونی هەموو لایەنەکانی هەیە، نەک تەنها یەکێک لە سیماکانی.
ئێستا ئەو گەڕانەوەیەی بۆ نووسینی شیعریی کلاسیک هەیە، جۆرێک لە خۆدزینەوە و فەرامۆشکردنی شیعری نوێیە، نەک لەبەرئەوەی شیعری نوێ ناتوانێت هونەری شیعریی تێدا بەرجەستە بکرێت، بەڵکو لەبەرئەوەیە نووسینی شیعریی نوێ سەختە، هەر چۆن تێگەیشتن و درککردن و چێژکردنیشی سەختە. بۆیە ڕاکردن لە شیعری مۆدێرن لەپێناو خۆدزینەوەیە لە سەختییەک، کە خۆماندووکردنێکی زۆر و قووڵبوونەوەی تەواوەتی دەوێت لەم هونەرەدا، کە شیعر لەم سەردەمە نوێیە و بەم فۆڕم و دونیابینییە نوێیەوە هونەرە سەختەیەکەیە، نەک ئاسانەکە.