رۆژنامەی ھەولێر

دێمبڵی نهێنیی وزە زۆرەکەی یاریزانانیان بەرانبەر بایرن میوشن ئاشکرا دەکات

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

عوسمان دێمبڵی، یاریزانی فەڕەنسیی یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی، هەموو ئەو ڕێنوێنییە گرنگ و بەپەلانەی ئاشکرا کرد، کە لویس ئێنریکیی راهێنەر بە یاریزانانی داوە و نهێنیی وزە زۆرەکەی پاریسییەکانی بەرانبەر میونشن ئاشکرا کرد.

عوسمان دێمبڵی لە یاریی چوونی نیوەی کۆتایی چامپیۆنس لیگ بەرانبەر بایرن میونشن لە نێو یاریگەی خۆیان، توانی دوو گۆڵ تۆمار بکات، یانەکەشی سەرکەوتنێکی دراماتیکی بەرانبەر بایرن میونشن تۆمار کرد و بە ئەنجامی ٥-٤ گۆڵ یارییەکەیان بردەوە.
لە بەرنامەی سی بی ئێس سپۆرتس گۆڵازۆر، کە لە هاوشان تیری هێنری و میکا ڕیچارد دەرکەوت، دێمبڵی ئاماژەی بە نهێنیی ئەو وەزەیە زۆرە دا کە یاریزانانیان بە درێژایی یارییەکەیان پێی دەرکەوتن و کردیانە کارتی فشار لەسەر یانە ئەڵمانییەکە و بە ئاسانی وەڵامی دایەوە: “کارکە روونە، گەر فشار دروست نەکەی و بەرگری نەکەی، لویس ئێنریکی دەتخاتە سەر کورسیی یەدەگ.”
سەرەڕای ستاییشی زۆری یارییەکە، دێمبڵی لە هەندێ خۆپارێزی نەترسا و وتی: بایرن میونشن تیپێکی تێکۆشەرە، ئەوان هێرش دەبەن و ئێمەش هێرش دەبەین، بەڵام پێویست بوو ئەو کاتەی ئەنجامەکە ٥-٢ بوو، وردتر بین، پێویستە بە ژیرانە مامەڵە بکەین، بە تایبەت لەو جۆرە یارییانەدا.
لەو کاتەوەی لویس ئێنریکی بووەتە راهێنەر، دێمبڵی هەموو سەرنجەکانی لەسەرە بە هۆی ئەو فشارە زۆرەی دەیکا تەنانەت لەسەر گۆڵپارێزانیش، ئەوەیش کارێک نییە کە هێرشبەر خووی پێوە گرتبێ، بەڵکوو سەیریشە بۆ یاریزانێکی براوەی تۆپی زێڕین.
وردسەرنجدان لە کاتی بنیاتنانی یاری و هێرش لە پشتەوە و نێو یاریگەی تیپی بەرانبەر و بێزارکردنی بەرگریکارانیان، وای کردووە دێمبڵی لە ئەستێرەیەوە ببێتە یاریزانێک لە نێو دەستە و گرووپێکدا کاری بەکۆمەڵ بکات.
عوسمان دێمبڵی وتیشی: هەردوو تیپ بەردەوام هێرشیان دەبرد، هێرشبەران و یاریزانانی ناوەڕاست و بەرگرییش، هەمووان لە هێرشبردندان بەشدار بوون، یارییەکی زۆر نایاب بوو بۆ بینەران و تەماشاکاران، بەڵام هەوڵ و کۆششی زیاتری لە ئێمە دەویست، هیوامان وایە لە میونشنیش هەمان شت بکەین.
یاریی گەڕانەوە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لەسەر یاریگەی ئەلیانز ئەرینایە لە میونشن، پاریس سان جێرمان دەیەوێ بە بردنەوە، یان لانی کەم یەکسانبوون لەو یارییە دەربچێ و بگاتە یاریی کۆتایی.