رۆژنامەی ھەولێر

ڕانانێکی کورت بۆ ڕۆمانی “کاتیا”ی تۆڵستۆی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

پرسی بەختەوەری و گەڕان بەدوایدا، یەکێکە لەو پرسە گرنگانەی ئەدەبیات دەمێک ساڵە لە گۆشەنیگای جیاوازە لێی دەدوێت. لە چیرۆکی کوڕێژگەکەی نێو حیکایەتەکەی هەزار یەک شەوەوە کە لە ئەندەلوسیاوە دێتە میسر و دوای خەونەکەی دەکەوێت کە دەوڵەمەند بێت و بگات بە بەختەوەری تا دەگاتە ڕۆمانی “سواڵکەرەکە”ی نەجیب مەحفوز، کە چیرۆکی ئەو پارێزەرە دەگێڕێتەوە کە خاوەنی هەموو شتێکە لە دەسەڵات و پارە و سامان و خێزان، بەڵام خاوەنی بەختەوەریی نییە، یان شانۆنامەی “خاوەنقەرز”ی ستریندبێرگ، کە لەوێشدا پرسی بەختەوەری پرسێکی سەرەکی شانۆنامەکەیە، کە مرۆڤ بەچی بەختەوەر دەبێت و لەگەڵ کێدا بەختەوەرە؟ ئەم پرسە هەمیشە پرسێکی نوێی نێو ئەدەبیاتە.

ئەم پرسە بۆ نووسەرێکی ناوداری وەکو لیۆ تۆڵستۆیش پرسێکی گرنگە، بەڵام ئەو دێت و لە ڕوانگەی کچێکەوە لەم پرسە دەدوێت. ڕۆمانی “کاتیا” یەکێکە لە شاکارەکانی لیۆ تۆڵستۆی، ئەم ڕۆمانە ئەگەرچی وەکو قەبارە کورتە، بەڵام هەڵگری پرسێکی گرنگە، کە ئەویش گەڕانی مرۆڤە بەدوای بەختەوەرییدا؟
پرسی بەختەوەری بۆ ئەو نووسەرە بەناوبانگەی کە سنوورەکان لەبەردەم ناوبانگیدا نامێنن، دەبێتە شاپرسی ئەم ڕۆمانە کورتە و تۆڵستۆی لەڕێی چیرۆکی کاتیاوە دەیەوێت هەوڵی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە بەختەوەری بخاتەڕوو. کاتیا چیرۆکی ژیانی کچێکە کە عەوداڵی بەختەوەرییە، خەونی ئەوەی هەیە بگات بە بەختەوەری و بۆ ئەمەش هاوسەرگیریی لەگەڵ کەسێک دەکات هەم زۆر لە تەمەنی خۆی گەورەترە، هەم دەوڵەمەندە تا لەڕێی ئەوەوە بەگات بە خەونەکەی، بەڵام هەر زوو ناکام دەبێت بۆیە لە گوندەوە دەیەوێت بچێتە شار و دەیەوێت لەڕێی گۆڕینی شوێنەکەیەوە بە ئاواتەکەی بگات، بۆیە لە ژیانی گوند هەڵدێت و بەرەو شار دەڕوات، دوای ماوەیەک لە ژیانی ڕۆتینی شار، هەست بەوە دەکات ئەوێش ئەو سەرزەمینە نییە، کە بۆی دەگەڕێت و تێیدا بەختەوەر نییە بۆیە هەر زوو بێزار دەبێت و ناچار لەگەڵ هاوسەرەکەی ئەوێش بەجێ دەهێڵن. ڕۆمانەکە دەیەوێت ئەو ململانێ دەروونی و کۆمەڵایەتییە بگوازێتەوە، کە کاتیا تووشی دەبێت، تۆڵستۆی بە ڕستە و دیالۆگی کورت (کە دەتوانم بڵێم یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بەرهەمەیە) ئەمەی کردووە.
تۆڵستۆی بەردەوام لە ڕۆمانەکانیدا باسی خۆشەویستی دەکرد، لەوانەش: ئانا کارنینا و کاتیا. ڕۆمانی “کاتیا”، کە ڕۆمانێکی نەزانراو بووە و دوای مردنی دۆزراوەتەوە. لەم ڕۆمانەدا تۆڵستۆی باسی دەرئەنجامەکانی خۆهەڵواسین بە چینی خانەدانەکان و باڵاکان دەکات لەپێناو بەدەستهێنانی بەختەوەرییدا، هاوکات تیشک دەخاتە سەر ئەوەشی کاتێک جێگەیەک شوێنی ئێمە نییە دەکرێت چ کاریگەرییەک لەسەر ژیانمان دروست بکات، بەتایبەت لە نێوانی دوو خۆشەویستدا.
سەرەڕای هەموو ئەو ئاڵەنگارییانەی بۆ بەدیهێنانی خەونەکەی دێتەڕێی، بەڵام کاتیا دەستبەرداری خەونەکەی نابێت… لە دواجاردا کاتیا بە خەونەکەی دەگات و دەیدۆزێتەوە و چەشنی کوڕێژگەکەی نێو حیکایەتەکەی هەزار و یەکشەوە، یان چەشنی پاڵەوانی ڕۆمانی “سواڵکەرەکە” بۆی ڕوون دەبێتەوە بەختەوەری لە جێگە دوورەکان نییە لەو سەرزەمینانە نییە، کە مرۆڤ دەستیان پێی ناگات، بەڵکو بەختەوەریی لەنێو دڵی مرۆڤ خۆیدایە، لەو ژیانەدایە کە خۆی دەتوانێت دروستی بکات و چێژی لی وەربگرێت. بەختەوەری هیچ شوێنێکی نییە، جگە لە نێو دڵی مرۆڤ و ئەو شێوە ژیانەی خۆی هەڵی دەبژێرێت.
لە جێگەیەکی دیکەی ئەم رۆمانەدا تۆڵستۆی وەکو پیشەی هەمیشەیی بەشی زۆری بەرهەمەکانی دەیەوێت مانای ژیان و هۆکارێک، کە لەپێناویدا بژین بۆ خوێنەر ڕوون بکاتەوە، کە لێرەدا لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا کاتیا پێی دەگات.
رۆمانی کاتیا؛ تەنها لەم پرسەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو دەکرێت لە چەند ڕوانگەی دیکەشەوە لێی بدوێین، بەڵام بۆ من ئەم پرسە، کە پرسێکی گرنگە هەموو سەردەم و ژیانی هەموو مرۆڤێکە سەرنجڕاکیش بوو. رۆمانەکە زۆر بە کورتی پێمانەڵێت تا لەگەڵ دڵی خۆماندا ئاشت نەبینەوە و فێری هونەری ژیان نەبیت بە بەختەوەری ڕاستەقینە ناگەین.
دەستخۆشی بۆ “مەدینە ئەحمەد”ی وەرگێڕ و ناوەندی ڕەهەند بۆ چاپکردنی ئەم بەرهەمە.