رۆژنامەی ھەولێر

شاندی هەرێمی کوردستان بەشداربوو لە چالاکی ڕۆژی جیهانیی ژەمی بەیانی ( تێشت )

ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.6.7، هەریەک لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و جێگری پارێزگاری سلێمای و شاندی یاوەریان کەپێکهاتبوو لە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی و قائیمقام و نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی و نوێنەرانی ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، و نوێنەری هەناردە و ناردنکاران، بەشداربوون لە کردنەوەی چالاکیەکانی ڕۆژی جیهانیی ژەمی بەیانی (تێشت) لە شاری وان کرد.

ئەم بەشداریکردنەیان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان هات، بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتووری، گەشتیاری و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو لایەن.

لە ڕێورەسمەکەدا، کە نەجدەت تەکوا، سەرۆکی لیژنەی بەڕێوەبەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی وان و بەرپرسانی دیکەی ئیداری شارەکە و کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکە ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا، وێڕای نیشاندانی خۆشحاڵی بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان لە چالاکیەکەدا، جەختی لە پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییە کۆن و مێژووییەکانی نێوان هەولێر و وان و کۆماری تورکیا و هەرێمی کوردستان کردەوە.

هەروەها، جەختی لە گرنگیی کردنەوەی هەردوو دەروازەی سنووریی “زێت” و “سەرزێڕ” کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری، گەشەپێدانی کەرتی بازرگانی، و پتەوکردنی پەیوەندییە دۆستانە و کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا لە پێناو بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولادا.

هاوکات لایەنی خانەخوێ ڕێز و پێزانینی خۆیان بۆ ئامادەبوونی شاندی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئەم هەنگاوەیان بە دەرفەتێکی نوێ بۆ داڕشتنی پلانی هاوبەشی داهاتوو لە قەڵەم دا.

جێگەی باسە، نانی بەیانیی وان کە لە 2014 پێشەنگی لە ئەمریکا وەرگرتەوە و لە کتێبی گینس تۆمارکرا، لە 2019ـەوە هەموو ساڵێک لە یەکەم یەکشەممەی مانگی حوزەیراندا لە رێگەی چالاکییەکانی رۆژی جیهانیی نانی بەیانییەوە ئاهەنگی پیرۆزبایی و ناساندنی بۆ ساز دەکرێت.