رۆژنامەی ھەولێر

من چۆن دەنووسم.(ئالان گۆرگەنووس). پلان بــــــۆ نووسینی ڕۆمانەکانی دانانێت

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

(ئالان گۆرگەنووس ـ Allan Gurganus)، ڕۆماننووسێکی ئەمریکییە و یەکەمین ڕۆمانی ناوی (بەساڵاچووترین بێوەژنی کۆنفیدراڵی زیندوو هەموو شتێک دەگێڕێتەوە – Oldest Living Confederate Widow Tells All)یە. هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی لە ساڵی 1989، بووە شاکارێکی کلاسیکی ئەدەبی. لە ڕۆمانە نوێیەکەیدا کە ناوی (ڕۆحە ناوخۆییەکان – Local Souls)ە، دەگەڕێتەوە بۆ شارۆچکەی فۆڵس لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور، بۆ ئەوەی سێ کورتە ڕۆمان دەربارەی (باشووری نوێ – the new South) پێشکەش بکات. لەم گفتوگۆیەدا، دەربارەی بەکارهێنانی دەستوخەتی جیاواز بۆ دەستنووسەکانی و نەبوونی پلان لە کارەکانی دەکات:

ـ لە کوێ گەورە بوویت؟
ئالان گۆرگەنووس: من لە (ڕۆکی ماونت – Rocky Mount)ـی (کارۆلاینای باکوور – NC) لەدایکبووم، شارۆچکەیەک کە ٢٤ هەزار کەسی لێ نیشتەجێ بوو، شوێنێکی نایاب بوو بۆ بەسەربردنی 17 ساڵی یەکەمی ژیانم، بەڵام دوای ئەوە، ڕێگەی پێشکەوتن و چوونە دەرەوەم گرتە بەر.

ـ لە کوێ و چیت خوێندووە؟
ئالان گۆرگەنووس: دوای تەواوکردنی خوێندنی گشتی، چوومە زانکۆی (پێن – Penn) و (ئەکادیمیای پێنسیلڤانیا – Pennsylvania Academy) بۆ هونەرە جوانەکان. دوای ئەوەی برام بۆ سەربازی و زمانی ئەندەنوسییم خوێند، وەک نووسەرێک دەرکەوتم نەک وێنەکێش. پاشان لەگەڵ (گریس پاڵی – Grace Paley) لە (سارە لاورانس – Sarah Lawrence) و (جۆن چیڤەر – John Cheever) و (ستانلی ئێڵکین – Stanley Elkin) و (جۆن ئێرڤینگ – John Irving) لە وۆرکشۆپی نووسەرانی (ئایۆوا – Iowa) کارم کرد.
ـ لە کوێ دەژیت و بۆ ئەو شوێنەت بۆ ژیان هەڵبژاردووە؟
ئالان گۆرگەنووس: من ١٢ ساڵ لە (مانهاتن – Manhattan) ژیانم بەسەر برد، پێش ئەوەی ڕوو بکەمە گوندێکی کارۆلاینای باکوور کە تەنها ٥ هەزار کەسی لێ دەژیا. ئێرە بیرەوەرییەکانی ساڵی ١٩٥٧ی شارۆچکەکەی خۆمم بیر دەخاتەوە. کاتێک ڕۆژانە بەرەو پۆستەخانە پیاسە دەکەم، قسە و باس و حیکایەتەکان دێنە بەر گوێم و بە منەوە دەنووسێن، ڕێک وەک چۆن هەڵاڵەی گوڵ بە قاچی هەنگەکانەوە دەنووسێت. ئەم شارۆچکەیە هەموو چاکە و خراپەیەکی سەر زەوی تێدایە، وەک ئەوەی (بلەیک – Blake) دەڵێت: گەردوونێک لەناو دەنکە لمیەکدا. لە ناپاکی هاوسەریگیرییەوە بگرە تا خێرخوازی و مایەپووچی و لێکچوونی خێزانی.

ـ بە کام لە کتێبەکانت زۆرترین شانازی دەکەیت؟
ئالان گۆرگەنووس: کتێبی (دڵە کردەییەکە – The Practical Heart)، یەک هەفتە پێش ڕووخانی تاوەرەکانی بازرگانیی جیهانی بڵاوکرایەوە. پێداچوونەوەی کتێب و هەموو شتێکی تری نێو کولتووری وڵاتەکەمان بۆ ماوەی نیو ساڵ بە تەواوی وەستا. سەرەڕای ئەوەش، من گەشتی ناساندنی کتێبەکەم کرد، بەڵام هەستم دەکرد وەک پۆڵسی نێردراوم کە دەچێتە ناو ئەشکەوتە تاریکەکان، ئەو شوێنەی بڕوادارە ترساوەکان خۆیان تێدا حەشارداوە و نزا دەکەن. لە گەشت و کۆڕەکانمدا دەربارەی ئازادی و ئەدەب قسەمان دەکرد نەک دەربارەی کتێبە نوێیەکەم. پێم وایە کورتەی ناوونیشانی کتێبەکە و درێژترین بەشەکەی واتە (سانت مۆنستێر – Saint Monster)، ڕاستگۆترین و پوختترین پەخشانی منە، بەڵام بێگومان نوێترین کارم واتە (ڕۆحە ناوخۆییەکان – Local Souls)، باشترینە تا ئێستا.

ـ باس لە ڕۆتینی بەیانیانت بکە.
ئالان گۆرگەنووس: سەعات ٦ی بەیانی لە خەو هەڵدەستم. قاوەیەکی تاڵ یارمەتیم دەدات ڕووبەڕووی کاغەزی چاپکراوی ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز – The New York Times) ببمەوە. ئەو ڕۆژنامەیە ڕۆژانە ئاڵەنگاریی توانای من دەکات بۆ دروستکردنی شتێکی ئەوەندە شێتانە کە وەک ڕاستی دەرکەوێت. تا سەعات ٢ی پاشنیوەڕۆ کار دەکەم مەگەر لە کاتی تەواوکردنی شتێکی گرنگدا بم. من دووبارە دەنووسمەوە بۆ ئەوەی شایەنی دووبارە خوێندنەوە بێت. بێدەنگییەک لە کاتژمێرە سەرەتاییەکاندا هەیە کە بۆ من وەک بێگەردترین و تەندروستترین ماددەی هۆشبەر وایە کە بۆ مرۆڤ بەردەست بێت. لەو کاتەدا، من هێشتا لە نێوان خەونبینین و ئازادیی منداڵانە و تەماحی بێئاگاییدا دێم و دەچم.

ـ خوویەکی جیاواز یان تایبەتمەندییەکی دیاریکراوت هەیە؟
ئالان گۆرگەنووس: من هێشتا مەرەکەبی (پێلیکان – Pelikan)ی قاوەیی بەکاردێنم بۆ پێنوسێکی گەورەی (مۆنت بلانک – Mont Blanc) کە خوێنەرێک پێی بەخشیوم. ڕەشنووسە یەکەمانەکان لەسەر پارچە کاغەزی زەرد دەنووسم. مەرەکەبەکە وەک چەمێکی پان دەڕژێت و چوار خولەکی دەوێت تا وشک دەبێتەوە. حەز دەکەم مێزی کارەکەم پڕ بێت لە لاپەڕە زەردەکان کە وەک تابلۆی وێنەکێشان لەبەر خۆر وشک دەبنەوە.

ـ خۆشەویستترین جل لای تۆ کامەیە؟
ئالان گۆرگەنووس: پزیشکی پێستم هانی هەموو سپیپێستەکانی باشوور دەدات کڵاو بکەنە لەسەریان. من ٤٠ کڵاوم هەیە، لە کڵاوی وەرزشییەوە تا کڵاوی حەسیر، بەڵام لەبیرنەکراوترین جلم پانتۆڵێکی (کۆردۆری\ Corduroy – مەخمەڵی) سەوز بوو کە بۆ ماوەی نۆ مانگ لە قوتابخانەی هونەر لەبەرم کرد. لێواری پانتۆڵەکە پەڵەی هەموو ئەو تابلۆ زەیتییە باش و خراپانەی پێوە بوو کە کێشابووم. هەستم دەکرد لەناو ئەو پانتۆڵەدا و بەهۆی ئەوەوە بوومە بوونەوەرێکی خاوەن هەست. خۆزگە پارچەکانیم هەڵبگرتایە.
ـ تکایە سێ کتێب، جگە لەوانەی خۆت، بە خوێنەران پێشنیار بکە؟
کۆمەڵە چیرۆکی (ئیسحاق بابل – Isaac Babel)، ڕۆمانی (پڵنگەکە – The Leopard) لە نووسینی (لامپێدۆسا – Lampedusa). کتێبی (درێژ، کورت، بەختەوەری – Long, Last, Happy)ـی (باری هانا – Barry Hannah).

ـ شوێنێک هەیە کە ئیلهامت پێ ببەخشێت؟
ئالان گۆرگەنووس: لە منداڵییەوە خولیای (دوورگەی ئیستەر – Easter Island)م هەبووە. دواجار سێ ساڵ لەمەوبەر چوومە ئەوێ. درێژییەکەی کەمتر لە نۆ مایلە. هیچ پەرژینێکی لێ نییە. دوورگەکە ٥ هەزار کەس و ٧ هەزار ئەسپی لێیە، کە زۆربەیان کێوین و بۆخۆیان دەسووڕێنەوە. شەوێکی مانگی چواردە، من و هاوڕێیەکم نوێنەکانمان برد بۆ لای سەرە بەردینە گەورەکان (مۆای – moai) کە بەرزیی هەندێکیان دەگاتە ٢٤ پێ. من دانەیەکم دۆزییەوە کە وەک هاوڕێیەکم (هاری – Harry) هاتە بەرچاو. لەژێر نیگا و پارێزەریی ئەودا خەوتم. لە ناو جەرگەی زەریای هێمن، ئەستێرەکان تەنها خاڵێک نین، بەڵکو وەک لانەی هەنگن لە ڕووناکیدا، خڕن وەک ئەو ئەستێرانەی (ڤان گۆگ – van Gogh) کێشاونی. وەک کۆرپەیەک خەوتم، لەژێر چاودێری خواوەندێک کە خۆم هەڵمبژاردبوو. (وەک هەموو خواوەندەکان، ئەو پەیکەرە بەردینە دەستکردی مرۆڤ بوو و هەر لەبەر ئەوەش پیرۆزتر بوو لەلای من).

ـ باس لەو ڕێکارانەت بکە کاتێک بیر لە کتێبێک و پلانەکەی دەکەیتەوە بەر لە دەستکردن بە نووسینی؟
ئالان گۆرگەنووس: گێڕانەوە وەک ژیان وایە، تەنها لەناو گەرمی ململانێدا سەر هەڵدەدات. ئەو کتێبانەی بەپێی پلان و ئاوتلاین دەنووسرێن، تامی نانی برژاوی ناو مایکرۆوەیڤیان لێ دێت (ڕەنگە قاوەیی بێتەوە، بەڵام نەبرژاوە). (گریس پاڵی – Grace Paley) نووسیوویەتی: کارەکتەرەکان شایەنی چارەنووسێکی کراوەی وەک ژیانن. کاتێک ئیتر چوارچێوەی ڕۆمانەکەم دوای نزیکەی ٩٠ لاپەڕە ڕوونتر دەبێتەوە، دەست دەکەم بە کێشانی خشتەی ڕێکەوتی لەدایکبوون و مردن، یان هەندێک ڕووداوی مێژوویی. تەنانەت هەوڵ دەدەم شێوازی دەستوخەتەکەم بگۆڕم بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی سەردەمە مێژووییە جیاوازەکان بێت. هەموو شتێک دەکەم بۆ ئەوەی چیرۆکەکەم زیاتر ڕاستەقینە دەرکەوێت.

ـ چ دەکەیت کاتێک لە نووسیندا پەکت دەکەوێت و پێت نانووسرێت؟
ئالان گۆرگەنووس: قورسترین بەشی نووسینی چیرۆک، وەستان و دەستپێکردنەوەیە. بۆیە من بەردەوام دەبم. بەو شێوەیە، ڕۆژێکی خراپ نابێتە کۆتایی جیهان، و ڕۆژێکی باشیش کەمتر نائاسایی دەردەکەوێت. پاڵەپەستۆ وەک کەشوهەوا هەمیشە لەگەڵماندایە. من تا ئێستا نەمبیستووە بڵێن “شۆفێری پاس لە لێخوڕین پەکیکەوتووە” یان “مامۆستای پۆلی چوار لە وانەوتنەوە پەکیکەوتووە”. ئەو زاراوەیە داهێنانی ئەو کەسانەیە کە بڕوایان بە دەنگی خۆیان و بابەتەکەیان نەماوە. ئەوان پێیان باشترە بەدوای لێکدانەوەی پزیشکیدا بگەڕێن. نووسەران، ئەگەر نووسەر بن، دەنووسن. هەر بەوەش دەناسرێنەوە! کاتێک دەوەستن دەبنە شتێکی تر. تاڵ، قەبز، حەسوود. شاعیرێک گوتوویەتی: ڕەخنەگرەکان بۆ نووسەران وەک باڵندەناسانن بۆ باڵندەکان.

ـ ئایا بڕوات بە خورافیات هەیە؟
ئالان گۆرگەنووس: ماچی هەر چوار گۆشەی هەر دەستنووسێک یان نامەیەکی دڵداری دەکەم کە بە پۆست دەینێرم، بەڵام ماچی ئەو زەرفانە ناکەم کە باجی خەمڵێنراوی ساڵانەیان تێدایە.
ـ شتێک هەیە کە هەمیشە پێتبێت؟
ئالان گۆرگەنووس: ئەو پێنوسە خۆشەویستەم، لەگەڵ کاتژمێرێکی گیرفان و زنجیرەکەی کە لە مامی باپیرمەوە بۆم ماوەتەوە کە قومارچی بوو.

ـ چ دەستەواژەیەک زۆر بەکار دەهێنیت؟
ئالان گۆرگەنووس: “چۆن دەکرێت کەسێک تەنانەت ئەگەر نیوەی عەقڵیشی هەبێت، ببێتە کۆماری؟” (مەبەستی لایەنگری پارتی کۆماری ئەمریکایە).

ـ شتێکمان دەربارەی خۆت پێ بڵێ کە زۆر کەس نایزانێت و ڕەنگە سەرسوڕهێنەریش بێت؟
ئالان گۆرگەنووس: من باوکی شەش منداڵم. لە نیویۆرک، لە ساڵانی حەفتاکان کە هەژار بووم، وەک کارمەند لە ئاژانسێکی بەخشینی سپێرم کارم دەکرد. ئەوان کەسێکیان دەویست کە قژی زەردباو بێت، چاوی شین بێت، بڕوانامەی باڵای هەبێت و درێژییەکەی شەش پێ بێت. من هێشتا چاوەڕێی هەواڵی نەوەکانمم، بەتایبەتی ئێستا کە ساڵانی خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووە.

ـ چیرۆکی پشت بڵاوکردنەوەی یەکەم کتێبت چی بوو؟
ئالان گۆرگەنووس: کاتێک تەمەنم ٢٦ ساڵ بوو، دەستم کرد بە بڵاوکردنەوەی چیرۆک لە گۆڤاری (نیویۆرکەر – The New Yorker ) و شوێنەکانی تر. ٣٠ چیرۆکم بڵاو کردبووەوە، کە گەیشتمە تەمەنی ٤٢ ساڵی، دواجار یەکەم کتێبم بڵاوکردەوە کە ڕۆمانی (بەساڵاچووترین بێوەژنی کۆنفیدراڵی زیندوو هەموو شتێک دەگێڕێتەوە) بوو. (لە منداڵیدا پێیان دەگوتم: قسە مەکە تا شتێکت نەبێت بیڵێیت.

ـ ئایا ساتێکی دیاریکراو هەیە کە تیایدا هەستت کردووە نووسەرێکی سەرکەوتوویت؟
ئالان گۆرگەنووس: باوکم لە یاریگایەکی گۆڵف لە فلۆریدا، لەلایەن بەڕێوەبەرێکی کۆمپانیای (IBM)ـەوە پرسیاری لێکرا ئایا خزمایەتی هەیە لەگەڵ نووسەرێک کە هەمان پاشناوی سەیر و سەمەرەی (وێڵش – Welsh)ـی هەیە؟ باوکم گوتی “ئەوە کوڕی منە”، هەر لەو کاتەدا بەڕێوەبەرەکە ڕۆمانەکەمی لەناو جانتای گۆڵفەکەی دەرهێنا و داوای واژۆی باوکمی کرد. بۆچی ئەمە بۆ من ئەوەندە گرنگە؟ چونکە یەکەمجار بوو باوکم وەک بڵێیت لە قەبارە و بەهای خەیاڵی من تێبگات. ئەو دەیویست من بچمە بواری (بیمە – Insurance)، چونکە دڵنیابوو وەک هونەرمەندێک لە برسان دەمرم. ئەو ئەمریکییەک بوو کە بەهۆی گەورەبوون لە سەردەمی “قەیرانی گەورەی دارایی” و پاشان جەنگەوە زیانی پێگەیشتبوو؛ چەمکە داراییەکان تەنها ئەو بەهایە بوو کە بڕوای پێیان هەبوو و لێیان تێدەگەیشت. هەر کە باوکم واژۆی لەسەر کتێبەکەم کرد – هەڵبەت بە ناوی خۆی نەک ناوی من – ئیتر منی قبوڵ کرد. ئەودەم تەمەنم ٤٢ ساڵ بوو.

ـ چ ئامۆژگارییەکت بۆ نووسەرە تازەکان هەیە؟
ئالان گۆرگەنووس: ڕۆژانە کارەکانت بە دەنگی بەرز بخوێنەرەوە. هەفتەی جارێک بۆ هاوڕێکانتی بخوێنەرەوە. شەرابەکە لەسەر حیسابی خۆت بکڕە. تەنها کرداری چالاک و جیاواز و بینراو بەکاربهێنە. کردار هەمیشە لە زانیاری گرنگترە. باشترین ئامۆژگاری بۆ ڕۆماننووسێکی گەنج هی (هێنری جەیمس – Henry James)ـە کە دەڵێت: دراماتیکی بکە، دراماتیکی بکە، دراماتیکی بکە. (بەڵێ، ئەو سێ جار ئەو وشەیەی بەکارهێنا تا پەیامەکەی بگەیەنێت)!

تێبینی:
ئەم چاوپێکەوتنە کورت و دەستکاری کراوە.