رۆژنامەی ھەولێر

ئەگەر ویستت بڕیارێکی هەڵە بدەیت ڕاوێژ بە هەمووان بکە

مەرج نیە هەموو وشە و ئامۆژگاریەکی پێت دەوترێت ڕاست بێت. مرۆڤ کاتێک لە دووڕێیانێکدا دەوەستێت، بە سروشتی خۆی دەگەڕێت بە دوای کەسانێکدا یارمەتیی بدەن لە هەڵبژاردنی یەکێک لە ڕێگاکان و یەکچاوبوونەوەی؛ بە لای ڕاست و چەپدا مل دەسووڕێنێت؛ پرسیار لەم و لەو دەکات؛ وا گومان دەبات کە ڕاوێژی زۆر، نزیکی دەکاتەوە لە ڕاستی، بەڵام لە ڕاستیدا ڕاوێژ گەر زیادە بێ و، دەرچێ لە سنووری خۆی، ئەوە دەبێتە بارێکی گران بۆ دڵ و، بیریش بەلاڕێدا دەبات. هەربۆیە لێرەدا ئەم دەربڕینە هاتووە کە لە سەرەتای خوێندنەوەیدا وا ئەزانین نامۆیە، ئەگەر ئەتەوێت بڕیاری هەڵە بدەیت ئەوە ڕاوێژ بە هەمووان بکە؛ ئەم وتەیە پێمان ناڵێت واز لە ڕاوێژ بێنین، بەڵکو بەئاگامان دێنێتەوە لەوەی کە بێسەروبەر ڕاوێژ نەکەین.

خوای مەزن ڕێنموونیمان دەکات بۆ ڕاوێژکردن، بەڵام ڕاوێژکردنێک کە پەیوەست بکرێت بە کۆمەڵێک ڕیساوە و لە سای ژیریدا بکرێت؛ خوای مەزن دەفەرمێت: (وشاورهم فی الامر)؛ ئەم ئایەتە پیرۆزە نەیفەرمووە ڕاوێژ بە هەموو کەسێک بکەن، چون مرۆڤەکان جیاوازن لە ڕووی ژیری و ئەزموون و نیەتیانەوە. مرۆڤی ژیر ئەوە دەبینێت کە خەڵکی تر نایبینن، خاوەنئەزموون پەی بە شتانێک دەبات کەسانی تر نایپێکن. هەرکەسێک شوێنکەوتەی ئارەزووی بێت، ڕاوێژێکت پێشکەش دەکات کە لەگەڵ ویستە ئارەزووبازیەکانیدا بەیەک بخوات، هەربۆیە پێغەمبەری خوا ئەو کەسانەی کە ڕاوێژی پێ دەکردن هەڵیدەبژاردن، ڕاوێژی لەوانە وەردەگرت کە خاوەنی ژیری و تێڕوانینی باش بوون، هەروەکچۆن لە ڕۆژی بەدردا ڕاوێژی حەبابی کوڕی مونزیری وەرگرت و، لە شەڕی خەندەقدا ڕاوێژی ‘سەلمانە فارس’ـی جێبەجێ کرد؛ لەو سەردەمەدا ڕاوێژ هێز بووە نەک لاوازی و ڕاڕایی.
لە فەرمودەی پێغەمبەری خوادا هاتووە دەفەرمێت (المستشار مؤتمن)؛ واتە هەرکەس ڕاوێژی پێ کرا پێویستە شایستەی ئامانەتپارێزی و ئەهلی زانست بێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی کە هەموو کەسێک شایستەی ڕاوێژپێکردن و ڕاوەرگرتن نیە، ئەگەر هەموو کەسێک ڕایان وەک یەک وا بووایەتە، ئەوا هیچ شتێک ڕۆڵی خۆی نەدەما، بۆیە ڕاوێژ بە مرۆڤێک دەکرێت کە دوو مەرجی تێا بێت:
یەکەم/ ڕاسگۆیی؛
دووەم/ زانیاری و تێگەشتوویی، چونکە تەنها ڕاسگۆیی بەس نیە بۆ ڕاوێژ.
کەواتە ئەو کەسەی ڕاوێژی پێ دەکرێ، ئەگەربێتو زانیاری و زانستی نەبێت، کەڵکی نابێت. زانیاری و زانستیش بە تەنها بەس نیە بۆ ڕاوێژکردن کاتێک ئەو کەسەی ڕاوێژی پێ دەکەیت ڕاسگۆ و نیازپاک نەبێت.
بە هەمان جۆر، زانا و داناکان لە دێرزەمانەوە پەییان بەم واتایە بردوە، دانایەک دەفەرمێت (كثرة الآراء تفسد الرای)؛ چونکە مرۆڤ ئەگەر گوێی لە چەن ڕایەکی دژ بەیەک گرت، ئەوکات ئیشەکەی لە بڕیاردانەوە دەگۆڕێت بۆ هەڵسەنگاندنی ڕا دژ بەیەکەکان و، تووشی دوودڵی دەبێت؛ زۆرکات لا دەدات بە لای ئاسانترین ڕایەکاندا و، ڕای ڕاست پشتگوێ دەخات. یەکێکی تر لە دانایان دەفەرمێت (اذا كثر الدلیل ضاع المدلول) واتای گەر دەلیلە جیاوازەکان زۆر بوو، گەیشتە ئاستێکی دژبەیەک، ئەوکاتە ئامانج و ڕێگاکە ون دەبێت. تەنانەت فەیلەسوفەکان وەکو ئەفلاتۆن و ئەرستۆ ئەوەیان سەلماندووە کە حیکمەت لەوەدا نیە گوێ بۆ ڕای زۆر بگیرێت، بەڵکو حیکمەت لەوەدایە باشترین ڕا هەڵبژێرێت و گوێی بۆ بگیرێت، چون ڕاستی ناپێورێت بە زۆری وتنەوەی لەلایەن زۆرترین کەسەوە، بەڵکو ڕاستی بە جێگیری و بەهێزیەکەی دەپێورێت.
لە هەمان کاتدا ئەزموونی واقیعیەتی ڕۆژانەی مرۆڤەکان شایەتی لەسەر ئەم حاڵەتە دەدەن، چەندین کەسان لەنێو کۆمەڵگادا کاتێک دەیانەوێت دەس بە پڕۆژەیەک بکەن و، کاتێک ڕاوێژ بەچواردەوریان دەکەن، گوێیان لێ دەبێت هەندێک پێیان دەڵێن (خێرا دەس پێ کە) هەندێکی تر دەڵێن: (نەکەی زەرەر دەکەی)… چەندین وتە و ڕای تریش دەبیسن، تا وایان لێ دێت کە نەتوانن هیچ هەنگاوێک هەڵگرن؛ تا وایان لێ دێت نە کاتیان بە دەسەوە دەمێنێت و، نە تاقەت و تامڵ.
یا دەبینین چەندین کەس کاتێک دەیانەوێت ئیختیساسێک وەرگرن لە بوارێکدا، کاتێک ڕاوێژ دەکەن بە خزم و هاوڕێیانان، گوێیان لە چەندین ڕای دژ بە یەک دەبێت، یەکێ ئەڵێ ببە بە دکتۆر، یەکێکی تر ئەڵێت ببەرە ئەندازیار، یەکێکی تر دەڵێیت بووە بە مامۆستا، تا وایان لێ دێت سەریان لێ دەشێوێت و متمانەیان بە خۆیان نامێنێت، زۆرکات ئەو فرەڕاییە وایان لێ دەکات شتێک هەڵبژێرن کە ئەسڵەن لەگەڵ لیهاتوویی و حەزیاندا ناگونجێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەوەندە دراوە بە گوێیاندا، هەڵبژاردن لە دەسی خۆیان نامێنێت. لە بەرامبەردا کەسانێک دەبینین کە سەرکوتوو دەبن لەبەر ئەوەی ڕاوێژ بەکەسانێک دەکەن کە شیاوی ڕاوێژن و، بە نهێنی و بێدەنگی گوێیان بۆ دەگرێت و، دوایی گوێ لە ڕا و بیر و بۆچونی خۆی وەردەگرێت و بڕیارێکی ڕوون و ڕاست دەدات، چون ڕێگەی نەداوە بە کۆمەڵێک ڕای جیاواز تاکو سەری لێ تێک بدەن.
ڕاوێژکردنی دروست وەک چرا وایە؛ ڕێگات بۆ ڕوون دەکاتەوە بەڵام ڕاوێژکردنەکە لە جیاتی تۆ ڕێ ناکات بەو ڕێگەیەدا، بەڵام ڕاوێژکردن بە فرەڕای زۆر وەک ئەوە وایە چەندین چرای جۆراوجۆر بەدەسەوە بگریت تا وات لێ دێت ڕۆشناییەکان تێکەڵ دەبن و لە کۆتاییدا هیچ ڕێگا نابینیت. ئەبێت ئەوە باش بزانین کە مرۆڤ خۆی بەرپرسە بەرامبەر بە خوای مەزن، بۆیە نابێت هەڵەکانی بخاتە ئەستۆی کەسانی تر؛ چون هیچ کام لەو کەسانەی ئەم ڕاوێژی پێ کردوونە، ڕایان بەسەریدا نەسەپاندووە، بەڵکو خۆی گوڵبژێری ڕاکانی کردووە و بڕیاری داوە. هەربۆیە لە پێگەشتنی مرۆڤ ئەوەیە کە گوێ بگرێت بەڵام نەتاوێتەوە لە ئاستی هیچ ڕا و ڕاوێژێکدا و، سوود ببینێت لەو ڕا و ڕاوێژانە بەڵام بینایی و ژیریەکەی خۆی لەدەس نەدات. هەربۆیە وەک باسمان کرد مرۆڤ لە کۆتاییدا، هەر خۆی بەرپرسە لە سەرجەم کارەکانیدا.
خوای مەزن باسی ئەو بەرپرسیارەتیەمان بۆ دەکات و دەفەرمێت: (ان السمع والبصر والفؤاد كل اولئك كان عنه مسؤلا)؛ ئەو دڵەی کە شتەکان لێک جیا دەکاتەوە، ئەو ئەقڵەی کە شتەکان هەڵەسەنگێنێت، ئەوانەن کە بەرپرسن لە هەموو بڕیارێکدا، نەک کەسانی تر کە ڕاوێژیان پێ کراوە.
وتەیەکی جوانی عەرەبی هەیە دەڵێ: (لیس العاقل من یعرف الخیر من الشر ولکن العاقل من یعرف خیر الخیرین وشر الشرین)؛ مرۆڤی ژیر تەنها ئەوە نیە چاکە و خراپە لێک جیا دەکاتەوە، بەڵکو ئەو کەسەیە کە چاکی ناو چاکان و خراپی ناو خراپان لێک جیا بکاتەوە، ئەمەش ناکرێت بەزۆر پرسیارکردن بەڵکو تەنها بە تێگەشتن دەکرێت، ئەگونجێت یەک ڕا و ڕاوێژ دەرگای خەیرت لێ بکاتەوە، بەپێچەوانەوە دەیان ڕا و ڕاوێژ سەرجەم دەرگاکان بە ڕووتدا دابخەن.
باشترین ڕێگا و بژاردە ناوەڕاستگیری و تەوازونە؛ مرۆڤ نابێ واز لە ڕاوێژ بێنێت بۆ ئەوەی تووشی ڕاپەرستی نەبێت، ناشبێت زیادەڕەوی لە ڕاوێژدا بکات تا وای لێ بێت سەربەخۆییەکەی لەکیس بچێت؛ ڕاوێژ دەبێ بکرێتە ئامراز نەک ئامانج؛ ڕاوێژ بە پێوانەی ئایین و ژیری و ئەزموون هەڵسەنگێنرێت، هەرکات مرۆڤ ئەوەی کرد ئەو کاتە ڕاوێژکردن دەبێتە سەرچاوە و بەخششێکی بەسوود، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر خراپ بەکار هات ئەوە دەبێتە هۆکارێکی سەرلێشێوان.

سلێمانی ـ کوردستان