رۆژنامەی ھەولێر

نەریت و پەروەردە؛

بەکر کەریم حەسەن
بنیادنانی نەوەیەك لە نێوان ڕەسەنایەتی و نوێگەریدا
پێم باشە وتارەكەم بەو پرسیارە دەست پێبكەم لە خوێنەرانی ئازیز، ئایا قوتابخانە تەنیاشوێنی فێربوونی پیت و ژمارەكانە، یان كارگەیە بۆ داڕشتنەوەی خووەكانی كۆمەڵگە؟
(جۆن دیوی) زانا و فەیلەسووفی هەرە گەورەی ئەمریكا لە بواری پەروەردە دەڵێ “پەروەردە ئامادەكاری نییە بۆ ژیان، بەڵكو خودی ژیانە”.
بێگومان پەروەردە تەنیا گواستنەوەی زانیاری وشك نییە، بەڵكو پڕۆسەیەكی درێژخایەن و دوورمەودایە بۆ ڕێكخستنەوە و داڕشتنەوەی خووەكانی تاك و مرۆڤ و ئاراستەكردنی نەریتە كۆمەڵایەتییەكان بەرەو ئاسۆیەكی ڕوونتر و جوانتر و گەشتر.
كۆمەڵگە لە سەر بنەمای كۆمەڵێك نەریت و خوو بنیاد نراوە كە ناسنامە و ڕەگو ڕیشەی ئێمە پێك دەهێنن، بەڵام هەموو ئەو خوو و نەریتانە لەگەڵ پێویستیەكانی سەردەمی نوێدا ناگونجێن. لێرەدا ڕۆڵی پەروەردە دەست پێ دەكات وەكو فیلتەر و پاڵێنێك كار دەكات بۆ جیاكردنەوەی ئەو بەها بەرزانەی وەك (ڕاستگۆیی و ڕێز و دڵسۆزی و هاوكاری و خیانەتنەكردن و شكۆ و زمانی دایك) لەو خووانەی كە ڕێگرن لە گەشەكردن وەك (پابەندیی كوێرانە و ترس لە داهێنان و لاوازی لە كەسایەتی).
ئەلێرەدا ڕۆڵی مامۆستا لەو هاوكێشەیەدا خۆی دەبینێتەوە وەكو سەركردەیەكی پەروەردەیی بەرپرسیار كە تەنها وانەبێژ نییە، بەڵكو پێشەنگێكی كۆمەڵایەتی و سەركردەیەكی پەروەردەییە قوتابخانە دەكاتە ژینگەیەكی سەرنج ڕاكێش و هێور بۆ چاندنی خووی مەدەنی. كاتێك مامۆستایەك قوتابیەكانی فێر دەكات كە ژینگەی قوتابخانە وەك مڵكی گشتیی بپارێزن ئەوا هەستی بەرپرسیاریەتیان لا دروست دەكات. چونكە خەریكی گۆڕینی نەرتێكی كۆمەڵایەتییە لە (بەرژەوەندی تایبەت) بۆ بەرژوەندی گشتی.
لێرەدا نابێ ئەوە لە بیر بكەین كە باسی نەریت و پەروەردە دەكەین ڕۆڵی زمانی دایك ناكرێ فەرامۆش بكرێ. زمان هەر تەنها ئامرازی تێگەیشتن نییە، بەڵكو هەڵگری هەموو مێژوو نەریتە جوانەكانی ئێمەیە. كاتێك سیستەمی پەروەردە گرنگیی بە زمانی دایك دەدات. لە ڕاستیدا نەوەیەك پێدەگەیەنێت كە خاوەن ناسنامەیەكی بەهێزە و دەتوانێت بە متمانەوە ڕووبەڕووی هەموو جیهان ببێتەوە.
لە هەمان كاتدا دەتوانرێ سوود لە تەكنەلۆژیا وەربگیرێ وەكو هاوكارێكی سەرەكی پەروەردە دەبینرێت بۆ گۆڕینی “خووی وەرگرتنی زانیاری” لە شێوازە وشک و كۆنەكە بۆ شێوازی چالاك و بنیاتنەر و داهێنەرانە، كە قوتابی فێر دەكات لەگەڵ پاڕاستنی ناسنامەی خۆی ڕێز لە جیاوازییەكانی تریش بگرێت. لە هەمان كاتدا قوتابی فێر دەكات لە “خووی وەرگرتن” بگۆڕێت بۆ “خووی گەڕان و دۆزینەوە”.
گەر دوو نموونەی وڵاتانی جیهان وەربگرین لەسەر هەمان بابەت، لە وڵاتی ژاپۆن قوتابخانە تەنیا شوێنی فێربوون نییە، بەڵكو شوێنی چاندنی نەریت”بەرپرسیاریەتی كۆمەڵایەتییە” قوتابیان خۆیان پۆڵەكانیان پاك دەكەنەوە و خواردن دابەش دەكەن. لێرەدا نەریتی “ڕێزگرتن لە كار و پاك و خاوێنی”، بۆتە بەشێك لە سیستەمی پەروەردە و نەوەیەكی لێ بەرهەم هاتووە كە بەرژەوەندی گشتی دەخەنە پێش هەموو شتێك واتە “نەریت وەك دیسپلین”.
فینلەندایش توانیویەتی متمانەیەكی زۆر بداتە مامۆستا و گرنگیەكی بێوێنە بە “زمانی دایك” بدات؛ ئەوان پێیان وایە كە قوتابی كاتێك دەتوانێت داهێنان بكات كە لە ناسنامە و زمانی خۆی دانەبڕێت، ئەوە وای كردووە نەریتە كۆمەڵایەتییەكانیان ببێتە پاڵنەرێك بۆ ئەوەی ببنە خاوەن یەكێك لە باشترین سیستەمەكانی پەروەردە لە جیهان.
لە كۆتاییدا ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئەوەیە پەروەردە شەڕ لەگەڵ نەریت ناكات، بەڵكو ڕێكی دەخاتەوە و پەرەی پێ دەدات بۆ ئەوەی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوومان هەبێت، پێویستە قوتابخانە ببێتە ئەو شوێنەی كە تێیدا “نەریتە مەدەنییەكان” لەدایك دەبن و، لێرەدا مامۆستا ئەو كەسەیە كە ڕابردوویەكی ڕەسەن بە داهاتوویەكی گەش و ڕۆشن دەبەستێتەوە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی