گۆهدار شوکری ئاکرەیی
لە دێرزەمانەوە مرۆڤ هەوڵی زۆریان داوە بۆ ئەوەی قوفڵی نادادپەروەری بشکێنن، بەڵام هەوڵەکان نەیتوانیە هەموو ئەو شتانە لەناو ببا کەوا رۆڵی هەیە لە خولقاندنی ئەم نادادپەروەریەدا.
یەک لە فاکتەرە هەر بەهێزەکان کە ڕاستەوخۆ بووەتە هۆیەکی ئەم نادادپەروەریەوە، سروشتی مرۆڤ خۆیەتی؛ ئاخر مرۆڤ لە بنەڕەتدا، بوونەوەرێکی مەنتقی نیە. ئەمەش لە رێگای زانستی سایکۆلۆژیی کۆمەڵایەتی مرۆڤەوە بەدەرکەوتووە، کە لە دوای هەوڵ و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بەو دەرەنجامە گەیشتوونە. هەر بۆ ئاشنابوونی زیاتر و بەرچاوڕوونی، زانستی سایکۆلۆژی وەکوو هەموو زانستێکی دی تایبەتمەندیی خۆی هەیە؛ تایبەتە بە لێکۆڵینەوەی ئەو هەموو گۆڕانکاریە بەردەوامانەی لە هەست و هزری مرۆڤدا روو دەدەن. لە دەرنجامی ئەو کارلێکردنەی مرۆڤ، بە هەریەک لە ژینگەی ئایینیی و ژینگەی سیاسی و ژینگەی هونەری و هتد وە بەتایبەتی ئەوەی ئێمە مەبەستمانە ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی مرۆڤ، کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر رەفتارەکانی مرۆڤەوە دەنێتەوە، لە هیچ قۆناغێکی ژیانیدا، لێی دانەبڕاوە؛ هەر لەبەر ئەوەیە زیاتر لە نیوەی بڕیارەکانی مرۆڤ مەبەستدارن. ئامانج و مەبەستی تایبەتی خۆی لەپشتەوەیە، لەکاتی هەر بڕیارێک هەموو ئەو هەستە ورژێنەرانەی جیهانی دەرەوە و جیهانی ناوەوەی تاکەکە، خۆیان بەسەر هزرەکانیەوە فەرز دەکات، کە گرنگی بەو شتانەوە بدات کە لەگەل ویست و حەز و ئارەزووی دەگونجێت. کە مەترسی دارترین کاری دژ بە مرۆڤایەتییە.گەر بەرەنگاری ئەم ناعەدالەتییە نەبینەوە کە لە پێکهاتەیدا، لەسەر بنەمای حەز و چێژ و ئارەزوو و ویستی تاک دروست بووە! کە رۆڵی سەرەکی لە پرۆسەی نادادپەروەری ئەم جیهانەوە هەیە. تا دێت حەوانەوەی مرۆڤ کەمتر دەبێت. بەڵام ئەگەر لایەنی مەنتقی وەرگرین، دەبینین رێک بەپێچەوانەی هەموو ئەو پاڵنەر و حەز و ئارەزووی تاکەکەسییە؛ گشت کارەکانی هەمەلایەن و هاوسەنگن. لەپێناو پێداویستیەکانی مافی بەرامبەرە، دوور لە هەموو دەمارگیرییە نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی و مەزهەبییەکانە بەبێ جیاوازی، بەتایبەتی دژ بە بەرژەوەندییەکانی تاک و تایبەتە. جا ئەوەی جێی زۆر سەرنجە، مرۆڤ بە گشتی زۆر بە جوانی، دەرنجامی شتە مەنتقییەکان دەناسنەوە و خۆشیان دەوێن، بەڵام بە کردار بەکاری ناهێنن! هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کاتێ تاکێک بڕیارێکی مەنتقی دەدات، خۆی بێبەش دەکا لە زۆر چێژ و ئارەزوو خۆشییەکان، ئەمەش کارێکی قورسە، چونکە هەموو مرۆڤێک خۆی بێبەش ناکات لەپێناو کەسی بەرامبەردا؛ ئەم کەسانە دەگمەنن یا زۆر کەمن، چونکە سروشتی مرۆڤ، شتی سادە و ئاسانی پێ خۆشە؛ حەز دەکات هەموو شتێکی بە ئاسانی دەست کەوێت؛ خۆبێبەشکردن لە چێژ و خوشی، کارێکی قورسە بۆ مرۆڤ بە گشتی. کەواتە ئەمەشیان بۆ خەتای سروشتی خودی مرۆڤ دەگەڕێتەوە. لە کۆتاییدا تا حەز و چێژ و، ئارەزوو، شتی ئاسان و خۆش و، هتد، هۆی بڕیارەکانی مرۆڤ بن، مەنتق و عەدالەت بوونی نابێ.

