رۆژنامەی ھەولێر

تاوانەکانی جینۆساید دژی فەیلییەکان و گەلانی عێراقی

بەشی دووەم و کۆتایی
موزەفەر فەیلی
ئامارەکانی ڕاگوێزرانی ھاووڵاتیانی فەیلی عێراقی تا کۆتایی ساڵی (١٩٩٦) گەیشتە (١٠٠٠،٠٠٠) یەک ملیۆن کەس بە پێی ڕاپۆرتی د. کەمال قەیتولی، سەرۆکی لێژنەی ئازاد کردنی بەندکراو و دەستگیرکراوان لە عێراق. ھەروەھا شەھید کردنی زیاتر لە (١٥٠٠٠) فەیلی و بزرکردنی نزیکەی (٢٢.٠٠٠) لاوی فەیلی لە نێوان تەمەنی (١٨-٤٠) ساڵ. ھەروەھا زیندانیکردنی فەیلییەکان لە ناو بەندیخانەکانی: (نقرە السلمان و ابو غریب و الحاکمیە) کە بەپێی دەزگا تایبەتی و سەربازییەکانی رژیمی بەعسی، ھۆکاری گلدانەوەی گەنجانی فەیلی بۆ مەبەستی کەرەستەی زیندوو بۆ تاقیکردنەوەکانی سەربازی لە بواری کیمیایی و بایۆلۆژی بەکارھاتوون! ھەروەھا لە ساڵانی (١٩٨٠-١٩٨٣) بەشێکی زۆر لە کوردانی فەیلی و بارزانی بۆ ناوچەکانی عکاشات و قائم گواسترانەوە بۆ مەبەستی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی چەکی کیمیایی لەسەریان!؟
شایانی باسە کە لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٨٠ ژمارەی راگوێزراوان گەیشتە زیاتر لە (٤٠٠,٠٠٠) کەس، ئەمەش بە پێی بڵاوکراوەی (حقوق الانسان) کە لە ساڵی ١٩٩٤ بڵاوکراوە. تێدا باس لەو تاوانانە دەکات کە ێدام بە سەر وڵاتەکەی ئەنجامیداوە لە ژێر ناونیشانی (تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی). ئەو تۆمەتانە کە لە ئەستۆی دایە:
یەکەم: تاوانەکانی دژی ئاشتی.
دووەم: تاوانەکانی شەر.
سێیەم: تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی:
١- راگوێزرانی سەدان ھەزار ھاووڵاتی عێراقی لە کوردانی فەیلی کە ھەڵگری بەڵگەنامەی عێراقیین لە سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی (١٩٨٠) کە بە (٤٠٠,٠٠٠) کەس مەزەندە دەکرێن.
٢- ئەنجامدانی تاوانەکانی ئەشکەنجەدان و لەناو بردن و کوشتن و دەست درێژی کردن و کاری درندانەی نامرۆڤانە کە بەشێوەی رێکوپێک و بەردەوام و بە ژمارەی زۆر ئەوەش بەبێ ھیچ بەڵگەیەک و لەسەر ھەوا وھەوەس.
٣- بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی دژی ھاووڵاتییانی عێراقی وەکو لەسەر شاری ھەڵەبجە و شێخ وەسانان بەکار ھات.
٤- تێکدانی زیاتر لە (٤٠٠٠) گۆندی کوردی بەپێی پرۆسەی ئەنفال و کۆتایی پێ ھێنانی ئەنفال کە لە ساڵانی (١٩٨٧-١٩٨٩) ئەنجامدرا.
٥- راگوێزرانی ھەزاران ھاووڵاتی عێراقی لە گۆند و شارەکانیان بۆ شوێنەکانی تری ناو عێراق. شایانی باسە کە بەپێی راپۆرتەکان کوردیان راگواستووە لە شوێنی تایبەتییان بەشێوەی زۆرەملی. ھەروەھا راگوێزرانی عەرەبی ئەھوار لە شوێنی نیشتەجێیان.
٦- زیندانی کردنی ھەزاران ھاووڵاتی عێراقی بەشێوەی ھەرەمەکی و بەبێ ھیچ بەڵگەیەک بۆ تاوانبار کردنیان.
٧- زەوتکردن و فروشتنی ماڵ و مۆڵکی ھاووڵاتییانی عێراقی بە زۆر و بەبێ ھیچ قەرەبوو کردنێک بۆیان.
چوارەم: ئەنجامدانی تاوانەکانی لەناوبردنی بەکۆمەڵ لەسەر رەگەزی مرۆڤایەتی (جینۆساید):
لقی (ڕ): پرۆسەی ئەنفال و کۆتایی پێ ھێنانی ئەنفال لە کوردستانی عێراق. ئەم ئۆپەراسیۆنە دارێژراو بوو، بەھۆی ئەوە (٤٠٠٠) گۆندی کوردی خاپور و وێران کران. ھەروەھا چەکی کیمیاوی بەکار ھێنرا بۆ جێ بە جێ کردنیدا.
لقی (ب): دوورخستنەوە و راگوێزرانی ھەزاران لە گەلی کوردی، و “عرب الاھوار” و ئاشورییەکان لە شوێنی نیشتەجێ بنەرەتی خۆیان بۆ شوێنەکانی تری ناو عێراق.
لقی (د): خاپورکردن و لەناوبردنی ژمارەیەکی زۆر لە گۆندەکانی ئاشووری بە مەبەستی لەناوبردنی بەشێک لە گرۆپی ئاشورییەکان.
لقی (ە): ئۆپەراسیۆن لە دژی گرۆپەکانی تورکمانی باکووری عێراق.
لقی (و): ئۆپەراسیۆن لە دژی کوردانی فەیلی رۆژھەڵاتی عێراق.
ھەروەھا لە ساڵی (١٩٨٣) نزیکەی (٨٠٠٠) بارزانی بزرکران، ھەروەھا ئەنفالی فراوانی سەرتاسەری کوردستان لە ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٨٨ و دواتریش کیمیاباران کردنی کوردستان ھەر لە دۆڵی خۆشناوەتی و دۆڵی بالیسان و لە ناوچەی نێروە لە ئامێدی و لە ساڵی (١٩٨٨) زیاتر لە (١٨٣.٠٠٠) گەرمیانی بێسەر و شوێن کران و لە ھەمان ساڵ شاری ھەڵبجە کیمیاباران کرا و زیاتر لە (٥٠٠٠) کورد تێدا شەھید کران. ھەروەھا جینۆساید کردنی ئێزدییەکان لە ساڵی ٢٠١٤. شایانی باسە کە ئەو ھەموو زیندانیکراو و رفێنراو و دەستگیرکراوانی گەلی کورد تا ئێستا ھیچ دەنگوباس و زانیارییان لە سەر نییە! لەکۆتایی (٤٦)ە مین ساڵوەگەری یادی جینۆسایدی فەیلییەکان بەرز رادەگرین و سەری رێز و نەوازش دادەنوێنین لەسەر ھەموو شەھیدانی کورد و کوردستان و ھیوادارین کە حکومەتی کوردستان و ھەروەھا پارت و رێکخراوە کوردستانییەکان ئەو قوربانیدانەی فەیلییەکان لەسەر کورد و کوردستان لەبیر نەکەن!