رۆژنامەی ھەولێر

نرخاندنێکی کورت بۆ “خولیاکانی کەوشەنی با”

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

ئەگەرچی هونەری پەخشان و هونەری گێڕانەوە وەک هونەری نووسین لای ئێمەی کورد درەنگ دەستی پێ کردووە، بەڵام ئەوەی لە سەرەتاکانی ژیانی کوردەوارییەوە هەرگیز لێمان دانەبڕاوە حیکایەت و گێڕانەوەی زارەکیی بووە. گێڕانەوە بە فۆڕمی سادە و زارەکیی مێژووەکەی هێندەی مێژووی مرۆڤ کۆنە. بۆیە ئەگەر لەنێو گوندە و شارۆچکەکاندا لای باب و باپیرانمان بگەڕێین بەر گەلێک حیکایەت دەکەوین، کە شایستەی نووسینەوە و تۆمارکردنە، هەمان شت بۆ بەشێکی زۆری گەل و نەتەوەکانی دیکەش دروستە.

لەو سەرەتایانەدا چیرۆک و حیکایەتی کوردی بەشێکی لەنێو بەیتە شیعرییەکان و هۆنراوە میلییەکاندا تۆمار کراون و بەندبێژ و دەنگخۆشەکان بەشێوەی جۆراوجۆر چڕیویانن، بەشێکی دیکەیان سینە بە سینە گوێزراونەتەوە و نەوە بە نەوە بە ئێمە گەیشتوون، بەڵام زۆر بە کەمی بەشێوەی نووسینی پەخشانی تۆمارکراون و لە 50 ساڵی ڕابردوودا هەندێک هەوڵی گرنگ دراون بۆ نووسینەوەیان، کە سەرجەمیان جێگەی ڕێز و ستایشن، بەڵام هیچیان وەکو پڕۆژەیەکی سەرەکی کاریان لەسەر ئەم بابەتە نەکردووە. ئێستا لەم سەردەمەدا کە وەختە هەموو شت لەناو بچێت و بەدیجیتاڵکردن زاکیرەی تەمبەڵ کردووە، گرنگە ئەو حیکایەت و چیرۆک و بەیتانە تۆمار بکرێن و وەکو گەوهەرێکی کولتووری لێیان بڕوانرێت، چونکە دەشێ ئەوانە ببنە بناغە بۆ لەدایکبوون و گەشەکردنی بەردەوامی گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردی.
یەکێک لەو هەوڵە گرنگ و جێبایەخانەی لەم بوارەدا سەرڕێ خراوە و بێگومان دەتوانین وەکو گەوهەری حیکایەتی کوردی ناوی بەرین، کتێبی “خولیاکانی کەوشەنی با”یە، کە گەنجینەی حیکایەت و چیرۆکی کوردییە و لە کۆکردنەوەی “بێهناز، شاناز، حسێن” جەوانشیرە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە. ئەم کتێبە گرنگە، کە دەکرێت وەکو گەوهەرێکی بەنرخ تەماشای بکەین تا هەنووکە چوار بەرگی لێ بڵاوکراوەتەوە و بەرگی یەکەمی لە ساڵی 2022 بڵاوکراوەتەوە و بڕیارە ئەمساڵیش دوو بەرگی دیکەی بڵاوبکرێتەوە. ئەم چوار بەرگەی تا هەنووکە بڵاوکراونەتەوە 2951 لاپەڕەیە، کە دەتوانم بڵێم یەکێکە لە بەنرخترین ئەو بەرهەمانەی لەم بوارەدا دەتوانێت لە ڕیزی پێشەوەی ئەو حیکایەت و چیرۆکە فۆلکۆرییانەدا بێت، کە تا ئێستا کتێبخانەی کوردی بەخۆیەوە بینیوە.
لە پێشەکی کتێبەکەدا هاتووە کە “ئەوەی دەیخوێنیتەوە دەستپێکی سەرەتایەکی مەزنە، کە خوڵقان و خولیای مرۆڤی کوردت بۆ باس دەکات و شۆڕبوونەوەیە بەرەو ناخی حەز و ویستی مرۆڤی داهێنەری کورد، کە بە شێوەی زارەکی و لە لایەن خەڵک و چیرۆکبێژەکانەوە سنگ بە سنگ هەتا ئێستا هاتووە.” دواتر هەر لە پێشەکییەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە “لە درێژەی زەماندا و بە هۆی نەنووسرانەوە و تۆمارنەکردنیان، زۆر لەو خەزێنانەی ئەدەبیاتی زارەکیی کوردی، هەر لەگەڵ مەرگی خەڵکی ئەودەم و چیرۆکبێژەکاندا، لە گۆڕ نراون. بەڵام بە خۆشحاڵییەوە و لەبەر دەوڵەمەندیی ئەدەبیاتی زارەکیی کوردی، هێشتاش دەکرێت گەلێک چیرۆک و بابەتی فۆلکلۆری کوردی بدۆزییەوە و کۆ و تۆمار بکرێن و لە بیرۆکەی فەرامۆشکاریی مۆدێرنیتە و تۆزی زەمان بپارێزرێن.”
لە درێژەشدا ئاماژە بۆ گرنگی ئەدەبیاتی زارەکی دەکەن وەکو ئەو زەویەی کە ئەدەبیاتی نووسراوی لەسەر بینا کراوە. ئێمە لێرەدا نامانەوێت ڕانان بۆ ئەم چوار بەرگە گرنگ و ناوازەیە بکەین، تەنها دەمانەوێت نرخاندنێک بۆ هەوڵ و ماندووبوونی هەرسێ ئامادەکار و نووسەرەوەی ئەم کتێبە دەربڕین، کە هەم ئەرکێکی پیرۆزیان جێبەجێ کردووە و هەم ئەرکێکی نەتەوەیی و کولتوورییشیان خستووتە سەر شانی خۆیان. ئەرکێک کە کتێبخانەی کوردی ڕووناک دەکاتەوە و جێگەی ئەم بەرهەمە لەنێو کتێبخانەی کوردیدا چۆڵ بوو. بێگومان ئێمە کارەکانی پێشووی نووسەران و وەرگێڕەکانی دیکە نادیدە ناگرین لە خزمەتی چیرۆکی فۆلکلۆری کوردی، بەڵام ئەم بەرهەمە سەنگینتر و دەوڵەمەنتر و بەبەرنامەتر کاری تێدا کراوە، کە دەتوانێت ئەو جێگەیەی بە چۆڵی لە نێو کتێبخانەی کوردیدا مابوویەوە پڕ بکاتەوە.
ئێستا نووسەران و ئامادەکارانی ئەم زنجیرە کتێبە لە چنینەوەی گەوهەرەکانی حیکایەتدا سەرکەوتوو بوون و سەرکەوتنەکەشیان جیگەی شانازی و پێزانینی هەموو خوێنەرێکە، بەڵام لەگەڵ ئەمەدا کاتی ئەوە هاتووە کە نرخاندنێک بۆ ئەم هەوڵە بکرێت، کە شایستەی ماندووبوون و سەنگینی بەرهەمەکەیان بێت. دەستخۆشی بۆ هەرسێ نووسەری ماندوونەناس و بەهیوام بەرگەکانی دیکەشی بە زوویی بەچاپ بگەیەنرێت.