رۆژنامەی ھەولێر

بووژانەوەی ژیلـــــەمۆ

د. ئازاد هیدایەت دەلۆ

 

ئەم ناونیشانەی سەرەوە، ناوی ڕۆمانێکە لە نووسینی مامۆستا (سەلام عەبدوڵڵا)کە لە ڕاستیدا کۆکراوەی چوار ڕۆمانە لە لایەن نووسەرەوە لە کاتی خۆی نووسراوە، لە چوار بەرگی جیاوازدا چاپکراون، هەوەکو لە ڕووی بەرگەکەشیدا ئاماژەی پێکراوە وەکو (کۆ ڕۆمان) کە بریتین لە ڕۆمانی(هەیئە، سێگۆشەی سنوور، کاروانی چەک،زیندانی گەڤەر) بە گشتی “بوژانەوەی ژیلەمۆ” (٦٠٥) لاپەڕەی قەبارە گەورە لە خۆدەگرێ و لە لایەن (دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان) وەکو چاپی یەکەم، لە ساڵی ٢٠٢٢ بە زنجیرەی (٧٩)هەمین بە تیراژی هەزار دانە و ژمارە سپاردنی (٢٧٧٦)ساڵی ٢٠٢١ی پێ دراوە و لە دووتوێی بەرگێکی ڕەقی ئەستووردا چاپ کراوە.لە سەرەتای بەرگەکەی و لە کۆتاییەکەشی وێنەی نووسەری بە جلی پێشمەرگایەتی و چەکەوە کە گوزارشت لە سەردەمی ڕۆمانەکە دەکات لێدراوە، شێوازی نووسینی ئەم ڕۆمانە وەکو زنجیرە بەسەرهاتێکی بەدوای یەکدا هاتوو پێکەوە گرێدراوە هەرچەندە نووسەر وەکو باسکرا سەرەتا بە پێی زەمینەی ڕوداوەکان دابەشی سەر چوار ڕۆمانی سەربەخۆی کردووە، وەهەر یەکە لەو ڕۆمانانەشی دابەشی سەر چەند بەشێک کردووە، وەکو وێستگەیەک بۆ حەسانەوەی خوێنەرو نووسەر خۆیشی، بەسەر یەکەوە هەموو ڕۆمانەکە (١٣٥) بەش، یان باشتر بڵێین وێستگە لە خۆ دەگرێت.
ئەوەی ڕاستی بێت شێوازی نووسینی ئەم بەرهەمە وەکو زنجیرە درامایەک خوێنەر بە دوای خۆیدا کێش دەکات، هەروەها لە کاتی دابڕان لە خوێندنەوەشی وادەکات هەمیشە هزرو ‌هۆشی خۆێنەر بۆخۆی کەمەنکێش بکات، پاش خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە چەند خاڵێک سەرنجی ڕاکێشام و وام بە باش زانی بیخەمە پێش چاوی خوێنەرانی، ئەم ڕۆمانە، یان باشتر بڵێم ئەم بەسەرهاتانە، کە بریتییە لە ژیانی چەندساڵێکی خودی نووسەر کە من بوایەم لە جێگای ئەو، بەو پەڕی شانازییەوە لە ژێر ناونیشانی (بەسەرهاتی خۆم، یان چەند وێستگەیەک لە ژیانی ڕابردووم) دەمنووسییەوە، نەک وەکو ڕۆمان…
بابەتی ڕۆمانەکە ڕابردوویەکی پڕ لەسەروەری ژیانی پێشمەرگایەتی و چۆنیەتی زیندانە پڕ لە کارەساتەکانی داگیرکەرانی خاک و نیشتمانی کوردستانە، کە نووسەر خۆی پاڵەوانی ڕاستەقینەیەتی، دەکرێ نەک تەنهاجێگای شانازی نووسەر خۆی بێ، بەڵکو دەبێ وەکو مێژوویەکی پڕ لە سەروەری هەموو نەتەوەی کوردو میللەتانی ئازادی خوازانی جیهانیش بێت بەگشتی سەیر بکرێت، ئەوەی جێگای سەرسوڕمانیشە نازانم (دام و دەزگاکانی سینەماو درامای کوری) بۆچی بێ هەڵوێستن لە ئاستی دەقێکی ئاوا زیندوو، وە کاری لە سەر ناکەن..
ڕۆمانی یەکەم: هەیئە، کارەساتەکانی جەرگ بڕو خوێناوییە لە سەرەتاوە پاڵەوان لە ناو ماڵی خۆیاندا دوای ململانێیەکی کەم دەسگیر دەکرێت،لە لایەن پیاوانی ئەمنی بەعس و بەرەو (زیندانی ئیستخبارات) ڕاپێچ دەکرێت، هەر لەوێدا نووسەر باس لە ڕابواردن و چێژ وەرگرتنی جەللادەکان دەکات کە ئەم بەو هەموو ئازارەوە دەبینن، ئەوەتا لە لاپەڕە (١٤) دا دەڵێ: (هەستابوومەوە سەرپێ، چاوم بە دەوری خۆمدا دەگێڕا و بەسەربازەکەم وت: چۆن بڕۆم بە قاچ بەستراوی…؟ سربازەکە بزەیەکی بریسکە ئاسا گرتی و سەری خێرا ڕاوەشاندو پەڕۆی قاچیشمی کردەوەو پاڵێکی پێوە نام و پێش خۆی دام…) نووسەر زۆر بە ووردی هە موو شێوازەکانی ئازاردانی جەستەیی و دەروونی خۆی دەگێڕێتەوە هەر وەکو لە لاپەڕە (١٥)دا دەڵێ: (عارەقی ناو چەوانم لەژێر پەڕۆکەی سەرچاومەوە دەچووە نێو چاوانم و دەیانکزاندەوە)، هەروەها لە وەسفی جەلادەکاندا دەڵێ: (سەربازەکە ڕەشتاڵەیەکی سیس، بەڵام یەکجار بە هێز بوو، تا توانی سۆندەی پێدا کێشام، پاشان دیار بوو هیلاک بوو بوو، چونکە سۆندەکەی دایە دەست هاوەڵەکەی و خۆی لە سەر تەپڵەکەکە دانیشت، هەناسەبڕکێی پێکەوتبوو، ئەو بە قەد من ئازار نا، بەڵام زیاتر شەکەت ببوو، ئازاردەریش ماندوو دەبێت !!) ئیتر نووسەر لە سەر گێڕانەوەی شێوازی ئازاردانەکەی بەردەوام دەبێت، تاکو بەرەو هەیئەی کەرکوک دەگوازرێتەوە.
ئەو، یان کەسی پاڵەوانی چیرەکەکە ئەوەندە ئازرو ئەشکەنجەدرابوو، باوەڕی بە قسەو کردارو ڕفتاری باش بەرانبەری نە داهات و لە هەموو کارێکی بەبەزەیی و دڵسۆزی بە گومان دەبێت، هەر وەکو لە لاپەڕە (٢٨) پاش ئەوەی بڕێک ئاوی ساردی دەرخوارد دەدەن، دەڵێ: پاشان وتی: (ناردووشمانە بە دوای دکتۆردا سەیرت بکات، هیچ دڵ لە دڵ نەدەیت، وا بزانە ئەم چەند ڕۆژە میوانیت…مێشکم تەواو ئاڵۆز بوو، سەرم لەم شانۆگەرییە دەرنەدەچوو، دکتۆری چی و میوانی چی ؟)
لەلاپەڕە (٤٧) دا نووسەر وەکو ئاماژەیەک بە کەسایەتی تاکی کورد و سەردانەنواندن و پاراستنی کەرامەت لە زمانی یەک لە بەندیەکانی هاوەڵی بە ناوی (موختار) دەڵێ: (من حەز دەکەم ئەم دڕندانە بمکوژن و قسەی سووکم پێ نەڵێن)، مرۆڤ لەوپەڕی بێ ئومێدیشدا تەنها تروسکاییەک لە ژیان دەدۆزێتەوە ئومێدی پێ ببەخشێت، ئەوەتا لە لاپەڕە (٤٧) دا دەڵێ خدر کەمێک ڕاوەستا، هەر تێیدەڕوانیم پاشان وتی: (بەتەمای ژنهێنان بووم. ئاگام لە هیچ نییە، زۆر بیری دەزگیرانەکەم دەکەم،) هەروەها مرۆف لەوپەڕی نەهامەتی و داماویشدا، ناتوانێ دەسبەرداری خواستی دڵ بێت ولە ئاستی جوانی ڕەگەزی بەرامبەردا بێدەنگ بێت، هەروەکو لە لاپەڕە (١٥٩) دا لە کاتی ڕاکردنی لە زیندانی هەیئە بەرەو سلێمانی ڕێی دەکەوێتە ماڵێک بۆ کەمێک حەوانەوە و پرسیاری ڕێگاکەی دەڵێ: (خەجاو چایەکی شیرینی خستە بەردەمم، سەرنجی دەستە ناسک و سپییەکەیم دا، لە دەستی: مۆنالیزا:: دەچوو…) تەنانەت لە لاپەڕە (١٦٢)شدا دەڵێ: (خەیاڵم هەر لای:خەجاو:: بوو.تۆ بڵێی ڕۆژێک بێت و ڕێگەم بکەوێتەوە دێیەکەیان و بە دیداری ئەو شۆخە شاد ببمەوەو تێرتێر نیگای ئەو چاوە گەشانەی بکەمەوە…) دەربارەی دڵسۆزی تاکی کورد بۆ کورد نووسەر لە لاپەڕە (١٣٣) دا دەڵێ: (کە شوفێرەکە جارێکی تر ئاوڕی لێدامەوە بەکوردییەکی ڕێک و ڕەوان وتی: – باشە کاکە، بەس تکایە سەرت دانەوێنە، باکەس نەتبینێ – وتەکانی دڵسۆزی لێ دەتکا). نووسەر باسی ژیانی پێشمەرگایەتی و خواردنیان دەکات ولە لا پەڕە (١٩٦)دا دەڵێ: (زۆربەی کات هەر نان و ماست بوو، جار جارەش لە هەندێک ماڵ توشی بڕێک هێلکە دەبووین کە بە ژەمێکی بێ وێنە لە قەڵەم دەدرا، بەتایبەتی کە لە ڕۆندا سوور بکرابایەوە…) دەربارەی هەستکردنی گەلی کورد بە ژێردەستەیی و داگیرکردنی خاک و نیشتمان هە موو پارچەکانی کوردستان هەمان ئازار دەچێشن و ئومێدێکیان هەبێت بە خەباتی پێشمەرگایەتییە، بۆیە لە لاپەڕە (٢٢٤)دا نووسەر دەڵێ: (خاوەن ماڵ هەندێ پرسیاری دیوی خۆمانی لێکردم و زۆر خۆشحاڵ بوو بەوەی کە شۆڕشمان دەستپێکردۆتەوەو بەردەوامین لە سەر خەبات، ئەوان هیوایەکی زۆریان بە ئێمە هەبوو، سەرکەوتنی ئێمەیان بە هی خۆیان دەزانی)،
هەر دەربارەی هەست و سۆزی کوردایەتی و یەکبوونی پارچەکانی کوردستان، لە پاش بەڕێکردنیان وەکو پێشمەرگەو گەڕاندنەوەی جەنازەی (شەهید خەسرەوی هاوڕێیان) لە لاپەڕە (٢١٩)دا نووسەر دەڵێ: {ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام بەو بەیانییە ساردە، ئەو ئەفسەرە کوردە بوو کە بە کوردییەکی ڕەوان تەرجەمەی بۆ دەکردین، هەستم کرد چاوەکانی پڕ بووە لە ئاو،دیار بوو دەگریا، بۆیە چوومە نزیکیەوەو وتم: ((بۆ ئێمە دەگری؟)) یەکسەر وەک چاوەڕێی ئەو پرسیارە بێت وتی وتی ((بەڵێ، منیش کوردم و خەڵکی سنەم)). زۆر بە چاوی بەزەییەوە تێیدەڕوانین کە خۆشەویستی لێ دەباری، وتی ((ئێوە کارێکی مەزن دەکەن)) هەروەها نووسەر خۆی دەڵێ: (بۆ ئەفسەر لە ناو سوپای ئێراندا،ئەوە کارێکی ئاسان نەبوو کە بەو شێوەیە هەستی بەرانبەر بەکورد دەربڕێ، بەڵام سەلماندی کە بوێری زاڵە بە سەر ترسداو ناتوانێت هەستی کوردایەتی خۆی دەرنەبڕێت). هەروەها نووسەر هەر لە لاپەرە(٢٢٠) هەر باسی ئەو ئەفسەرە کوردە دەکاو دەڵێ: (ئەفسەرە کوردەکە هاتە نزیکمەوەو ئیشارەتی بۆ شاخەکەی بەرامبەرمان کرد و وتی: – ئەوەش کێلەشینە – کە بۆ دواجار ئاوڕم لێ دایەوە، ئەو هەر دەگریا.)
لە باسی بارو دۆخی پێشمەرگە و چۆنیەتی گوزەران و خەباتیان نووسەر لە کۆتایی لاپەڕە (٣٥٧) دەڵێ: (عەزیز هاتە لامەوە و وەک باسێکم بۆ تەواو بکات وتی: ئاواتی گەورەی منیش هەر ئەوەیە شانس بیهێنم و بکەوم بەسەر شۆربایەکی گەرم و سەرینێکی نەرم و بەتانییەکی توکنی زەبەلاحدا. لە ڕاستیدا ئەوە هیوای هەموومان بوو) لە لاپەڕە (١٤٢) لە باسی چەکهێنان لەو سنوورانەوە، باس لە خانەخوێیەکەیان کە بە مام کوێخا ناوی دەبات، لە ڕووی دڵسۆزییەوە دەڵێ: (ئەو دەیوت قەت نەکەن ڕوی تفەنگ بکەنە یەکدی، نەکەن) وە لە لاپەڕەی پاشتر نووسەر دەڵێ: (وتەکانی کوێخا موزەفەر لە گوێمدا دەزرنگایەوە، بەدەنگی تا ڕادەیەک بەرز لە بەرخۆمەوە وتم: نەکەن ئەم چەکانە دژی یەکدی بە کار بهێنن)…
لە لاپە ڕە (٣٧٠) دیسان نووسەر لە ئەنجامی هەواڵی شەڕی براکوژی لە زمانی پێشمەرگەیەکەوە وەکو هەواڵ دەڵێ: (نەیارانمان بوون تەفروتونامان کردن و هەموویانمان کرد بەو دیوا) هەر لەو لاپەڕەیەدا نووسەر دەڵێ: (تەواو بە پێچەوانەی ئامۆژگارییەکانی کوێخا موزەفەرەوە کە لە گوێمدا دەزرنگایەوە و دەیوت: نەکەن ئەم چەکانە دژی یەکتری بەکار بهێنن: یەکەمین تەقە دژی هێزی بەرانبەر کە لە لای ئێمە بە نەیاران لە قەڵەم دەدرا کرا…) لە کاتی ڕاکردنی لە دەست سەربازەکان لە زیندانی گەڤەڕ – هەروەکو دڵسۆزییەک بۆ جەماوەری کوردستانی باکورو خۆ بە خاوەنی هەمان کێشە زانین، نووسەر لە لاپەڕە (٥٩٥)دا دەڵێ: (لە ژێر قۆڵی عەریفەکەوە چاوێکی بە پەلەم بەناو خەڵکەکەدا خشاند، ئەفسەرەکە دەمانچەکەی دەرهێناو دەستی کرد بە تەقە بە هەوادا، ئەو ڕەفتارە جەماوەرەکەی بە تەواوی خرۆشان و منیش هاوارم کرد: پێشمەرگەم پێشمەرگەی بارزانی: ناوهێنانی بارزانی، خەڵکەکەی تەواو خرۆشاند و تەوژمێکی بەهێزی بەغیرەتی بە خەڵکەکە دا و یەکسەر پەلاماری سەربازەکانیان دا و منیان لە چنگی سەربازەکان و عەریفەکە دەرهێنا، منیش هیچ هەلم لە کیس خۆم نەدا و کەوتمە ڕاکردن…).
بەهەرحاڵ ئەم ڕۆمانە بە هەر چوار بەرگەکەیەوە، بە زمانێکی پاک و پاراو و بێگرێ و ڕەمز و جەفەنگێک نووسراوە و خوێنەری بە سانایی لێی دەگات، دەستخۆشی و ماندوونەبوون لە نووسەر دەکەین و هیوای تەندروستی و بەردەوامی خەباتی نووسین و ڕەنگینی خامەکەی لە خوای گەورە بۆ دەخوازین، هەوەها بەهیوای بەرگێکی تری ئەم ڕۆمانەین کە نووسەر بەسەرهاتی دوای پەڕینەوەی بەرەو کوردستانی ڕۆژئاوا و وڵاتی سوریا و ڕووداوەکانی ئەوێش بخاتە ڕوو، زیاتریش بۆ ئەوەی خەباتی خۆی لە هەرچوار پارچەکانی کوردستان دەسنیشان بکات…