ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
بۆ خولی نوێی (فێستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید)، فیلمسازان و بەرھەمهێنەرانی بواری فیلم داوایان لکراوە بەرھەمی تایبەت بە تاوانی جینۆساید رەوانە بكەن.
رێكخەرانی فیستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید مەرجەكانی بەشداریكردنیان دیاری كردووە كە بریتین لەوانە: یەکەم دەبێ فیلمەكە بەرهەمی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٦ بێ. دووهەم، لە خولەكانی پێشووی ئەم فێستیڤاڵەدا بەشداری نەكردبێت. سێهەم ئەوەیە فیلمەکە كورت ب و لە (٢٠ )خولەك زیاتر نەبێ. چوارەمیش ئەوەیە چیرۆكی فیلمەكە لە چوارچێوەی تاوانی جینۆسایددا بێت، جا چ دژ بە گەلی كوردستان کرابێ یان نەتەوەی تر. پێنجەم ئەوەیە لینكی فیلمەكە بە گۆگڵ درایڤ ڕەوانە بكرێ و، كۆدی كردنەوەی لەگەڵدا بێ. شەشەمیش ئەوەیە فیلمەكە ژێرنووسی عەرەبی یاخود ئینگلیزییشی لەگەڵدا بێ و، فایلێكی (pdf) پێك بێت لە ژینامەی دەرهێنەر، کورتە (سینۆپس)ــی فیلمەکە، وردەكاری كاست و ستافی فیلم و ژمارە مۆبایل و ئیمەیلی دەرهێنەر و پرۆدیوسەر. پێویستە وێنەی پۆرترەیتی دەرهێنەر و پۆستەری فیلمەکەیش ڕەوانە بكرێت.
هەروەها چوار وێنەی باكستەیجی فیلم و چوار وێنەی نێو فیلمەكە و پۆستەری فیلم و ترەیلەری فیلم ڕەوانە بكرێت.
بە پێی راگەیێنراوەكە دوا وادە بۆ وەرگرتنی فیلمەكان ٢٠٢٦/٤/٢٥، دەبێت.

