رۆژنامەی ھەولێر

نامەکانم بۆ جەنگاوەرێک

پەری شێخ ساڵح

 

هەموو بە پەلە ڕۆیشتن، کەچی تۆ جێ مایت، لەبەر ئەوە نا هەنگاوت خاو بوو، بەڵکوو ویستت ڕێگاکە بە پێی پەتی بناسیتەوە.
من لێرەم لە پشت پەنجەرەیەک کە بۆنی چاوەڕوانیی لێ دێت، سەیری ئەو شەقامە خۆڵاوییە دەکەم، کە وەک لۆچی نێوچاوانت درێژ بۆتەوە و تەپوتۆزی دووری لەسەر شانت دەبینم کە نمە نمە دادەچۆڕێت.
لە پشت شوورەی بێدەنگییەوە بۆت دەنووسم:
جەنگ لێرە بۆتە دیواربەندێکی گڵ و لە نێوان من و تۆدا ڕاکشاوە، دەزانم تەلبەندی دڕکاوی خەریکی لەباربردنی تریفەی مانگە لەوێ، تا کەس نەبینێت چۆن تەنیایی لەناو خەرمانێکی چۆڵ خەریکی کۆکردنەوەی با کێوییەکانە. تۆ لەوێ بە لەتە سەموونێکی وشک و هەزاران برینی کۆنەوە،تامی ئەو خاکە دەکەیت کە تەنیا پێیە پەتییەکانت دەیزانن چەند قووڵە.
من لێرە لەناو گیرفانی چاکەتە کۆنەکەتدا دەستم بەر کلیلێک دەکەوێت، کلیلێک کە ئیتر هیچ دەرگایەک ناناسێتەوە، بەڵام هێشتا.. قوفڵی هەموو ئەو غەریبییانەی لایە کە لە سەفەری جەنگدا پێت بوو.
لە گۆشەی ژوورەکەماندا کەمانچە شکاوەکە پاڵی داوەتەوە بە دیوار و تابلۆی پیاوێکی پیری غەمگین بە ڕوومەتە قڵیشاوەکانیەوە، وەک تۆ تەماشای دوور دەکات.
ئەو وڕێنە ناکات ئەو تەنیا خەریکی خوێندنەوەی ئەو نامانەیە کە من بۆ تۆم نووسیون. ئێستا شەو وەک مەلێکی ڕەش لەژێر چڕنووکی تریفەدا نیشتۆتەوە.
من بە دەستێکی لەرزۆکەوە لاپەڕەکانی ئەو کتێبە کۆنە هەڵدەدەمەوە، کە تاڵە قژێکی سپیی تێدا شاردراوەتەوە. ئەمە ئەو ڕاپۆرتەیە لە جەنگەوە تەنیا من و تۆ دەیزانین، ئەمە ئەو گەیشتنە ڕاستینەیە کە تەنیا لەناو بێدەنگیی ژوورەکەم و هەناسەی ماندووی تۆدا دەیدۆزینەوە.
تۆ لەوێیت و من لێرە.. لە بەردەرگایەکی گاڵەدراو، لەناو جەنگەڵێکی قووڵدا کە هەموو ئاماژەکانی ساختەن، بەڵام بەو شەبەنگەی لە چاوی منداڵەکانماندا جێ ماوە
ڕێگای ماڵەوەم بۆ ڕووناک کردوویتەوە. بگەڕێوە تەنانەت ئەگەر ماڵەکەش تەنیا بۆنی غەریبی و بێدەنگیی لێ بێت.