رۆژنامەی ھەولێر

ئومێد خۆشنا لە گەڤەرێ: سڵاوی سەرۆک بارزانی گەیاندە هۆز و کەسایەتییەکانی ناوچەکە

ئەمڕۆ شەممە 6 ی حوزەیرانی 2026، ئومێد خۆشناو، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ باکووری کوردستان، گەیشتە سەنتەری قەزای گەڤەرێ لە پارێزگای جولەمێرگ و لەلایەن سەرۆک هۆزەکان، پیاوانی ئاینی و کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا.

لە دیدارەکەدا، کە شاندێکی باڵای کارگێڕی و بازرگانی یاوەری پارێزگاری هەولێر بوون، ئومێد خۆشناو سڵاو و ڕێزی تایبەتی “سەرۆک مەسعود بارزانی” گەیاندە خەڵک و کەسایەتییەکانی گەڤەرێ و دەڤەرەکە. پارێزگار جەختی لەسەر ڕۆڵی مێژوویی و نیشتمانیی هۆزەکانی (هەرکی بنەجێ، ساتی، و دۆسکی) و سەرجەم خەڵکی تێکۆشەری ناوچەکە کردەوە لە پشتگیریکردنی شۆڕشەکانی کورد، بەتایبەتی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بە گرنگییە ستراتیژییەکەی دەروازەی نێودەوڵەتی “زێت” کرا.ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند کە ئەم دەروازەیە دەبێتە “شادەمارێکی نوێی بازرگانی و گەشتیاری” لە نێوان هەردوولادا، و وەک هۆکارێکی سەرەکی دەبینرێت بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری و پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان خەڵکی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان.

لای خۆیانەوە، سەرۆک هۆز و کەسایەتییە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکانی گەڤەرێ، خۆشحاڵی زۆری خۆیان بە سەردانی پارێزگار و شاندی یاوەری نیشاندا. جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە دیدارە فەرمییانە دەبنە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندییە دێرینەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر بۆ گەنجانی ناوچەکە لە ڕێگەی پەرەپێدانی بازرگانییەوە.

شایەنی باسە لەم دیدارەدا هەریەک لە غەفوور مەلا ئەحمەد سوار قائیمقامی مێرگەسۆر، کارزان عەبدولهادی سەرۆکی شارەوانی هەولێر، دلێر محەمەد بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزار، ئیبراهیم سەمین جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، و جەواد سوار حەمەد سەرپەرشتیاری دەروازەی زێت، لەگەڵ نوێنەرانی ژووری بازرگانی هەولێر ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون