خوێندنەوە و “وەهمی ژیریی”چەند سەرنجێک بەبۆنەی خولی 16ی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب

ئارام كۆشكی – سلێمانی

لە سەردەمێک کە هەموو شتێک خێرایە و بە سەردەمی ژیریی دەستکرد ناسراوە، وەختە مرۆڤەکانیش بکەونە وەهمی ئەوەی کە پێویستیان بە خوێندنەوە و کتێب نییە و بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆڕسکانە ژیرن. لێرەوەیە کە فریو دەخۆن بەوەی لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و ئەو لێشاوە کەناڵە تەلەفزیۆنییەوە زانیارییەکی بێشومار دەڕژێتە هزریانەوە و ئیدی تووشی “وەهمی ژیریی” بوون. لە کاتێکدا ئەوەی ڕۆژانە بەری دەکەون بەشی هەرە زۆری بێکەڵک و ڕۆژانەیی و تێژتێپەڕە، کە کەڵکی بۆ هیچ شتێکی ژیان نییە.

ئەگەر بە سەرنجەوە لەو سەرچاوە بێشومارەی زانیاریی وردبینەوە هەست بەوە دەکەین کە ئەوانە تەنها سەرچاوەی زانیاریین و سەرچاوەیەکی ڕووکەش و توێژاڵێکی تەنکی مەعریفییان تێدایە و تا هەنووکەش سەرچاوە ڕەسەن و بنەڕەتەکەی مەعریفە هەر کتێبە. بۆیە دووربوون لە کتێب بەرەو داخران و وەستان و ڕووکەشگەراییمان دەبات.
خولی شانزەهەمینی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب ئەمساڵ لە ژێر ناونیشانی “بخوێنەوە.. ژیریت دەستکرد نییە” ئەم خولە نوێیە ساز دەکات. ئەم ناونیشانە گەلێک سەرنجڕاکێش و سەردەمیانەیە و بەرزکردنەوەی ڕستەیەکی شۆکئامێزە بەرامبەر نەوەیەک، کە فریوی ئەوەی خواردووە ژیریی دەستکردە و خۆڕسکانە مەعریفە بەبێ خوێندنەوە ڕژاوەتە نێو هزرییەوە. لەکاتێکدا مەعریفە بەبێ هەوڵدان و ماندووبوون و شەونخونی بە هیچ کەسێک ناگات.
هەموو پێشانگەیەکی کتێب دەشێ خاڵێکی وەرچەرخان بێت بۆ ئاشتکردنەوەی تاک لەگەڵ کتێبدا. سازدانی کەرنەڤاڵی گەورەی کتێب و پێشکەشکردنی کۆڕ و سیمیناری تایبەتی لەبارەی کتێب و ئامادەیی نووسەرەکان لە پێشانگەدا گەرموگوڕی دەداتە پرۆسەی خوێندنەوە و ئاشنابوونەوەی خوێنەرە تۆراوەکان لە کتێب و هەر ئەمەش هەنگاوێک لە بەکولتوورکردنی خوێندنەوە نزیکمان دەخاتەوە. بۆیە هەر پێشانگەیەکی کتێب لەگەڵ ئامانجەکانی دیکەیدا ئامانجە باڵاکەی ئامانجێکی کولتوورییە و نیشانەی زیندووێتی ئەو وڵاتە و شارە دەدات.
دووربوون لە کتێب و خوێندنەوە دووربوونە لە پێشکەوتن و گەشە و داهێنان و ژیانێک کە خۆمان خاوەنی بین. یەکەم سوودی خوێندنەوە ئەوەیە کەسایەتی مرۆڤ بەهێز دەکات و وای لێ دەکات ئەو ژیانە بژی کە خۆی دەیەوێت، نەک ئەو ژیانەی ئەوانی تر بۆیان ئامادە کردووە، یان دەیسەپێنن بەسەریدا. سوودێکی دیکەی خوێندنەوە ئەوەیە کە یارمەتیت دەدات لەو ڕشتەیەکدا پسپۆڕی وەربگریت، کە خۆت ئارەزوومەندی دەکەیت، نەک ئەوەی دەسەپێنرێت بەسەرتدا. لەم دوو نموونە نزیکەوە تێدەگەین ئەوەی دەخوێنێتەوە مرۆڤێکی ئازادە و ئەزموونی ئازادی خۆی دەکات. کەواتە بۆ ئەوەی ئازادبیت خوێنەربە.
لەم ڕۆژانەدا قسەیەکی سەرنجڕاکێشی نووسەرێکی ئەمریکیم خوێندنەوە بەناوی “پاتریک ڕۆتفۆس” ئەو سەبارەت بە خوێندنەوە دەڵێت: “هەمیشە دەخوێنمەوە. دەزانی قرشەکان چۆن دەبێت بەردەوام بن لە مەلەکردن، یان دەمرن؟ منیش وام، ئەگەر واز لە خوێندنەوە بێنم، دەمرم.” لێرەدا مردن مانایەکی مەجازی هەیە واتای وەستان، یان نەبوونی چالاکی دەگەیەنێت. مرۆڤ بۆ ئەوەی داهێنان و چالاکی هەبێت و ڕۆحی نوێ بێتەوە گرنگە بخوێنێتەوە، چونکە بەبێ خوێندنەوە مەحاڵە فیکرمان نوێ بێتەوە.
بۆ ئەوەی لە وەهمی ئەوە بێینە دەرەوە، کە ژیریمان دەستکردە گرنگە دۆستی کتێب بین و ئەم پێشانگە نوێیەش لە شاری هەولێر دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی نوێترین کتێبە دڵخوازەکانمانی لێ بەدەست بهێنین. چونکە پێشانگەکە نێودەوڵەتییە و لە هەموو لایەکی دونیاوە سەرچاوەی دەگمەنی تێدا بەردەستە. بۆیە گرنگە بخوێنینەوە، چونکە ژیریمان دەستکرد نییە.

ھەواڵی زیاتر