پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 14, 2024

دەبوو تا ساڵی ٢٠٠٧ قۆناغی ئاساییکردنەوە، قەرەبوو، ڕاپرسی لەو ناوچانە جێبەجێ کرابان

 

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بڕیارە لە بیستی ئەم مانگەدا سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوە بچێت و لەگەڵ زیاتر نزیکبوونەوە لەم بەروارە نیگەرانییەکانی کورد بەرانبەر بە پڕۆسەکە زیاتر دەبێت. لە سەد ساڵی ڕابردوودا هیچ سەرژمێرییەک لە عێراق نەکراوە کە ئامانجی بچووککردنەوەی کورد و کوردستانی لە پشت نەبێت و بۆیەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانە و لە ڕێی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە داوای کردوووە دۆسیەی هەموو ئەوانەی کە کەرکووکی نین بۆ پارێزگاکانی خۆیان بگوازرێنەوە و خەڵکی ڕەسەنی شارەکە بگەڕێنەوە و سەرژمێری بکرێن.

لە ساڵانی ڕابردوو و پێشتریش بە پلان ژمارەیەکی زۆری عەرەب کە خەڵکی ڕەسەنی سنووری مادەی سەد و چل نین بۆ ئەو ناوچەیە هێنراون و بەو سیاسەتەی بەشێک لە حزب و دامەزراوە و لایەنە سیاسییە شۆڤێنییەکانی عێراق گرتوویانەتە بەر ئەو مەترسییە لەئارادایە سەرژمێرییەکەی ئەم مانگە بە سیاسی بکرێت و بەهۆیەوە پرسی مادەی سەد و چلی پێ یەکلایی بکەنەوە لە کاتێکدا دوو پڕۆسەی بە تەواوی جیاواز لە یەکترن.
دوێنێ یەکشەممە فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بە ڕاشکاوی باسی لەو مەترسییانە کرد بەهۆی ئەو سەرژمێرییە لە سەر ناوچە کوردستانییەکان بەتایبەتی کەرکووک، خانەقین و شنگال لەئاردایە و گوتی ئامانجیان ئەوە بوو سەرژمێری کاتێک بکرێت کە لانی کەم بەشێک لە مادەی سەد و چل جێبەجێ کرابا و کەشێکی سیاسیی لەبارتر بۆ بەڕێوەبردنی سەرژمێری ڕەخسابا. بەڵام مادام مادەکە جێبەجێ نەکراوە لە ڕووی دەستوورییەوە ئەو ناوچانە ئاسایی نەبوونەتەوە و ئاوارەیەکی زۆری ئەو سنوورە لە هەرێمی کوردستان دەژی کە هێشتا نەگەڕێنراونەتەوە.
جگە لەمە لە سەردەمی ڕاکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک ژمارەیەکی زۆری عەرەب هاتوونەتە ئەم شارەوە، چەندان گەڕەکی نوێ دروست کراون و بەرچاویان ڕوون نییە کە هەر ئەمانە چارەنووسی شارەکە یەکلایی نەکەنەوە. هەروەها کەمتر لە هەشتا لەسەدای خەڵکی عێراق کارتی نیشتمانییان بۆ دەرکراوە و پێویست بوو هەموو هاووڵاتییەک کارتی نیشتمانی هەبوایە و ئەوجا سەرژمێری کرابا.
فەهمی بورهان، داوای لە تەواوی ئاوارەکانی ئەو سنوورە کرد کە لە کاتی بەڕێوەچوونی سەرژمێری بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و وەک حکوومەتیش بەرنامەیان هەیە کارئاسانی بکەن بۆ ئەو پرسە و ئومێد دەخوازن پێکەوە بتوانن کوردانی کەرکووک بگەڕێننەوە کەرکووک، کورد لە کەرکووک کە خۆی خاوەن ماڵە، ناکرێت لەو ڕۆژەیدا کە سەرژمێری دەکرێت میوان دەرگا بکاتەوە. ئەو بەرپرسەی هەرێم هەر دوێنێ داوای دواخستنی سەرژمێرییەکەی کرد تا دۆخی سنوورەکە ئاسایی دەبێتەوە، چونکە ترسیان هەیە بە سیاسی بکرێت و تێکەڵاوی مادەی سەد و چل بکرێت لە کاتێکدا ئەوانە دوو شتی جیاوازن.
بەپێی ئامارێک کە سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم خستیەڕوو زیاتر لە دووسەد هەزار خێزانی کەرکووک لە ئاکامی سیاسەتی تەرحیل کەرکووکیان جێهێشتووە ، جگە لەمە دوای ٢٠١٧ سەرووی شەست ودوو هەزار خێزان شنگالیان جێهێشتووە و هەمووی ئەوانەش ژمارەی گەورەن و کاریگەرییان لە دەرەنجامی سەرژمێریدا هەیە.
یەکێک لەو مەرجانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەر بەغدایدا سەپاندووە ئەوەیە لەو سەرژمێرییەدا ئاماری ساڵی ١٩٥٧ بکرێتە بنەما و بەغدا بەڵێنی داوە ئەمە بکرێتە بنەما.
بەپێی مادەی دەستووریی سەد و چل، دەبوایە لانی کەم تا ساڵی ٢٠٠٧ هەر سێ قۆناغی ئاساییکردنەوە و قەرەبووکردنەوە و ڕاپرسی لەو ناوچانە جێبەجێ کرابا بەڵام تەنیا بەشێک لە قۆناغی قەرەبوو جێبەجێ کراوە و قۆناغی ئاساییکردنەوەش ماوەیەکی کورت چەند هەنگاوێک نرا بەڵام دواتر دۆخەکە پێچەوانە بووەوە و بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە بە عەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکان هاوشێوەی سەردەمی بەعس و بگرە لە هەندێک شوێن زۆر خراپتر لە جێبەجێکردندایە.
هەموو ئەو ماڵە عەرەبانەی پێشتر قەرەبوو کرابوونەوە و بۆ ناوچەکانیان لە پارێزگاکانی تری عێراق گەڕێندرابوونەوە، دووبارە بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی تر گەڕێنراونەتەوە و هاووڵاتییە کوردە ڕەسەنەکانی ئەم ناوچانەش بەشێکی زۆریان لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و کەشێک نەرەخساوە بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە. لە لایەک ژمارەی کورد کەمی کردووە، لە لایەکی تر ژمارەی عەرەب زیادی کردووە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سەرژمێرییەی بڕیارە لە بیستی ئەم مانگەدا بکرێت مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان جیددی و مایەی تێڕامانن.
لە سەرەتای تەمووزی ساڵی ١٩٥٧ و ساڵێک و دوو هەفتە بەر لە ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتیی عێراق و سەرهەڵدانی شۆڕشی تەمووز، سەرژمێری لە تەواوی عێراق کرا و هەرچەندە لە سەردەمی بەعسیشدا کۆمەڵێک سەرژمێری کراون بەڵام دانیان پێدانەنراوە و تا ئەم ساتەش حکوومەتی عێراق کار بە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ دەکات.
گرنگترین دەرەنجام لە دواین سەرژمێریی ڕژێمی پاشایەتیی سەرەڕای دەستکاری و سیاسەتەکانی ئەو سەردەمە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کورد لە کەرکووک، سەلمێنراوە زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانی شارەکە کوردن و دانیشتووانی تورکمان و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە بە هەموویانەوە بەشەکەی تر لەخۆ دەگرن.
بە درێژایی ئەو شەش دەیە لە دەسەڵاتی بەعس و پاشان دەسەڵاتی زۆرینەی شیعە لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵیدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری کراوە و سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی کورد لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی تر بە پلان جێبەجێ کراوە و ساڵ بەساڵ هەوڵ دراوە لە ژمارەی کورد کەم بکرێتەوە و لە ژمارەی عەرەب زیاد بکرێت و ترسەکە ئەوەیە لەم سەرژمێرییەشدا گورزێک لە کورد بوەشێنرێت کە پێویستە لەو ماوە کورتەی بۆ سەرژمێری ماوە مشووری بخورێت.