دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

کۆمەڵە گرووپێکی چەکداریی ڕۆڵیان لە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە هەیە

بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و هاتنەژوورەوەی بەلێشاوی ئەو ماددەیە لە سنوورەکانەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان بووەتە دیاردەیەکی زۆر مەترسیدار و هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر کۆمەڵگە. بەرفراوانیی سنوورەکان و کۆنترۆڵ نەکرانی سنوورەکان بە پێی پێویست بە گرنگترین هۆکار هەژمار دەکرێت. پارێزگای سلێمانی لەم بەرپرسیارێتییەدا پشکی شێری بەردەکەوێ.

هەرێمی کوردستان سنوورێکی زۆر درێژی لەگەڵ ئێراندا هەیە کە بە ڕێڕەوێکی سەرەکیی بازرگانیکردن بەم ماددەیە دادەنرێت، بەدەر لەمە هەرێمی کوردستان سنوورێکی زۆریشی لەگەڵ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقدا هەیە و ئەو مادانەی لە باشووری عێراقەوە هاوردە کراون ئەوا زۆر بە ئاسانی لە تەواوی پارێزگاکان بە هەرێمی کوردستانەوە بڵاو دەکرێنەوە.
هیچ هەفتەیەک نییە حاڵەتێکی دەستگیرکردنی قاچاخچییەکی ماددەی هۆشبەر یان دەستبەسەرداگرتنی برێک لەو مادە مەترسیدارە لە کوردستان ڕانەگەیەنرێت و لە میدیاکان بڵاو نەکرێتەوە. بۆ نموونە هەر لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە هەولێر دەستگیر کران کە بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان هەرسێکیان بیانی بوون و پێنج کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریان هێنابووە نێو شارەکە و مەبەستیان بووە ساغی بکەنەوە. دوای دەستگیرکردنیان ئەو سێ تۆمەتبارە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
لە مانگی ئابی ئەمساڵیشدا دەست بەسەر هەشتا و پێنج کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیرا کە لە سنووری قەڵادزێ لە پارێزگای سلێمانییەوە بە قاچاخ هاوردەی هەرێمی کوردستان کرابوو.
لە کۆی ئەو ڕووداوانە دەردەکەوێت کە نەیارانی کورد بە چ شێوەیەک لە هەوڵی گیرۆدەکردنی گەنجانی کورد و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستاندان کە زۆر لە تیرۆر مەترسیدارترە.
هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە دوو سنوورەوە مەترسیی ئەوەی لەسەرە ماددەی هۆشبەری لێیەوە هاوردە بکرێت کە یەکێکیان سنووری هەرێمی کوردستانە لەگەڵ ئێران و دووەمیشیان سنووری درێژی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە و لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هاتووەتە کایەوە، دەرفەتی زیاتری بە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر داوە تا پەرە بە قاچاخبردنی مادەی هۆشبەر بدەن.
ئێران خۆی لەو وڵاتانەیە کە ڕێژەی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، تاوانکاریی ئەو ماددە مەترسیدارە بەرزە و لە ئێرانەوە قاچاخچییان ماددەکە بۆ زۆربەی وڵاتانی دنیا دەگوازنەوە و دراوسێیەتیی لەگەڵ هەرێم هۆکارە لەوەی ئەو مادەیە بە ئاسانی بهێنرێتە هەرێمی کوردستان.
سنوورەکە لە داڵانپەڕەوە لە پشتی سیدەکان دەست پێدەکات تا دەگاتە خوارووی خانەقین و ئەو سنوورە درێژەیش پێویستی بەوە هەیە زۆر بە تۆکمەیی کۆنترۆڵ بکرێت و هیچ دەرفەتێک بۆ هێنانە ژوورەوەی مادەی هۆشبەر نەهێڵدرێتەوە.
هەبوونی ژمارەیەکی زۆری گرووپی میلیشیا کە هەندێکیان تەنانەت سنوورەکانی گەرمیانیان تەنیوە، ڕۆڵیان هەیە لە هێنانەژوورەوەی ماددەی هۆشبەر و ئەو گرووپانە لە ڕاستیدا بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەکەن و گومانی ئەوە دەکرێت کە تەنانەت لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەندێک کەس و لایەنی دەستڕۆیشتوو دەستیان لەگەڵیاندا تێکەڵ کردبێت و بە هەماهەنگی ئەو ماددانە لە ئێرانەوە بهێننە ژوورەوە و لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق ساغی بکەنەوە.
پێشتر میدیا جیهانییەکان ڕاپۆرتی جیاوازیان هەبووە کە بەشێک لەو ماددانە لە ڕێی گرووپە میلیشیاکانەوە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمەوە دەربازی سووریا و هەرێمی کوردستان و عێراق و شوێنەکانی تر دەکرێت و پۆلیسی عێراقیش چەند باندێکی پێوەست بەو گرووپانەی لە کەرکووک و دیالە گرتووە.
ماددەی هۆشبەر و ژمارەی ئاڵوودەبووانی ئەم مادەیە و قاچاخچێتیی پێی لە کوردستان زۆر بووە و تەنانەت ژمارەیەکی زۆر لە حوکمدراوان لە چاکسازییەکانی کوردستان تاوانەکەیان پێوەندیی بە ماددەی هۆشبەرەوە هەیە. مانگی ئاب ئەوە بڵاو کرایەوە کە لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو کەسانەی خەریکە ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن دەگاتە چوار هەزار و پێنجسەد کەس و ئەو کات ئاماژە بەو ڕاستییە کرا کە هەزار و چوارسەد کەسیان بەهۆی بەکارهێنان یان بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە حوکم دراون.
سەرۆک بارزانی لە میانەی بانگەشەی هەڵبژاردن و دوای بانگەشەی هەڵبژاردن زۆر بە ڕاشکاوی باسی لەو مەترسییە کرد و پێداگری کرد کە ئەرکێکی سەرەکیی کابینەی داهاتووی حکوومەت بنبڕکردنی ماددەی هۆشبەرە و بە پێویستی زانی لە چوارچێوەی یەک بازنەدا هەموو هەرێمی کوردستان لەو مەترسییانە دوور بخرێتەوە.
نەیارانی کورد چاویان بەوە هەڵنایە کوردستان خاوەنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست بێت و دەخوازن لە تواناکانی بیرکردنەوە و چالاکییەکانی کەم بکەنەوە و تاکەکانی لاواز و سست ببن و دواجار کۆمەڵگەیەک هەبێت کە مرۆڤەکانی بێدەسەڵات بن و بە ئاسانی بکەونە ژێر کاریگەری پیلان و فریوکارییەکان و بۆیەش ئەرکی حکوومەت و سەرجەم ناوەندە پەروەردەیی، ئایینی، ڕۆشنبیری و تەناهییەکانە بە جیددی مشووری ئەو دۆخە بخۆن، تەواوی سنوورەکان تۆکمەتر بکەن و هیچ دەرفەتێک بۆ هێنانەژوورەوەی ئەو ماددە مەترسیدارە نەهێڵنەوە کە لە تیرۆر زۆر مەترسیدارترە.