هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 1, 2024
Image default

ئەنتۆلۆجیای چیرۆکنووسانی هەولێر

 

خالید کۆچەر

 

(سابیر ڕەشید)، چیرۆکنووس و ڕەخنەگر و توێژەر و وەرگێڕ و نووسەر، کتێبێکی گرانبەهای پێشکێش بە کتێبخانەی کوردی کرد، لە چوار بەرگدا، ئەنتۆلۆجیای چیرۆکنووسانی هەولێر، من ناوی لێ نانێم کتێب، ناوی لێ دەنێم شاکارەکتێب، ئەو شاکارە جوانەی گرنگە لە کتێبخانەی هەموو ماڵێکدا هەبێت؛ ئەگەر عەبداڵی چیرۆک و رۆمانی کوردی لە هەر دەڤەرێکدا، بە تایبەت چیرۆکنووسانی هەولێر، ئەوەتا سابیر رەشید دوای شەونخوونی و ماندووبوونی چەندین ساڵ گەوهەرە کتێبێکی چاپ کرد، ناوی لێ نا (ئەنتۆلۆجیای چیرۆکنووسانی هەولێر) لە چوار بەرگدا، بەرگی یەکەم لە نێوان ساڵانی (1920 – 1980) 510 لاپەڕەیە، بەرگی دووەم لە نێوان ساڵانی (1980 – 1990) 720 لاپەڕەیە، بەرگی سێیەم لە نێوان ساڵانی (2000 – 2020) 499 لاپەڕەیە، بەرگی چوارەم لە ژێرناونیشانی ئەنتۆلۆجیای چیرۆکنووسانی دانیشتووی هەولێر لە نێوان ساڵانی (1930 – 2020) 488 لاپەڕەیە، کۆی هەر چوار بەرگ 2217 لاپەڕەیە، لە چاپخانەی دانیشفەڕ – هەولێر چاپ کراوە. برای نووسەر نووسیویەتی: سوپاس بۆ ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەرکی چاپکردنی گرتە ئەستۆ.
لە پێشەکیەکەی کتێبەکەدا، نووسەر دەڵێت: “بەم ئەنتۆلوجیایەش زۆر دڵخۆش بووم، چونکە دەمزانی ئەم هەوڵە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەگەر منیش نەیکەم هەر دەبێ کەسێکی تر شانی خۆی بۆ بداتە بەر و سەرچاوە و ئەرشیفێکی چیرۆکی کوردی بۆ ئەم شارە تۆمار بکات. کارێکی پێویست و گرنگیشە، ئەگەرچی دەمزانی ئەم کارە، کارێکی سەختە و کار و ماندووبوونی زۆری دەوێت، لەبەر ئەوەم نەبوو کە کۆکردنەوەی چیرۆکەکان ئاسان نییە، بەڵێ ئەویش زەحمەتە دەبوایە هەموو هەموو گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکان و کتێبەکانی چیرۆکنووسان هەموو پێدا بچمەوە و ببینم و ئەوەی من دەمەوێ کۆپی بکەم، یان بە دەست بیاننووسمەوە، ئەوە خۆشتر بوو لەوەی ژیاننامە و وێنەی چیرۆکنووسەکان ئامادە بکەم، چونکە نەمدەزانی سەداسەد کامە چیرۆکنووس خەڵکی چ شارێکی کوردستانە و زۆربەیان لە کاتی بڵاوبوونەوەیاندا چ لە کتێبی چیرۆک و چ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا هیچ ئاماژەیەکیان بۆ ناسینەوەی چیرۆکنووسەکە تێدا نادۆزێتەوە، لە ئاستەنگی کۆکردنەوەی چیرۆکەکاندا سەر کەوتم و، بە هەر شێوەیەک بێت کە دوایی باسی ئاستەنگەکان دەکەم، توانیم چیرۆکەکان هەم کۆپی و هەمیش بە دەست بیانووسمەوە و، هتد.”
ئەو کارەی کاک سابیر کردوویەتی کارێکی ئەوەندە ئاسان نییە، کورد وتەنی مەردم دەوێت خۆی لە شانی بدات، جێگای دەستخۆشییە، چیرۆننووسێک لە ساڵانی 1920 و سییەکان و تا دوایی چیرۆکێکی نووسیبێت و لە لاپەڕەی گۆڤارێک یا رۆژنامەیەک یا کتێبێک بڵاویکردبێتەوە، ئەوەندە بە ئاسانی نایەتە دەستت، سەدان نووسەر، سەدان قەڵەم ئەوانەی عەبداڵیی چیرۆک بوونە و چیرۆکیان نووسییوە و بڵاویان کردۆتەوە ئەوەتا دوای ئەو هەموو ساڵە بێژمارە لە کتێبی ئەنتۆلۆجیای چیرۆکنووسانی هەولێر بێبەش نەبوونە، ئەوەی لێرەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت و جێگای هەڵوێستەیە مەرج نییە ئەوەی چیرۆکێکی نووسیبێت یا چەند چیرۆکێک چیرۆکنووسێکی باش بێت، ئەوە کاری شرۆڤەکار و ڕەخنەگرانە بۆ هەڵسەنگاندنی چیرۆکەکان لە ماوەی نزیکەی سەدەیەێکدا هەولێر وەکو هەموو شارەکانی تەواوی دنیا بە هەموو نەتەوە و وڵاتانی دیکە کوردیش نووسەر و چیرۆکنووس و شاعیر و قەڵەمی بەهرەمەندی هەبووە، بۆ نموونە: پیاوێکی جوانی وەکو حوزنی موکریانی بە چیرۆکی پادشا و کراس بەشدارە، من وا راهاتووم لە ژیاندا دەستخۆشی لە هەموو کارێکی جوان بکەم، دەستخۆشی لە هەموو قەڵەمێکی داهێنەر بکەم، بە چەپکەگوڵی وشەوە بە سابیر رەشید چیرۆکنووس و رۆماننووس و ڕەخنەگر بڵێم: شاکارێکی جوانت نووسیوە بۆ مێژوو؛ وەختی دابێ، دەبێتە کارئاسانی بۆ دەیان قوتابی؛ دەبێتە سەرچاوە بۆ توێژەران و بۆ بەدەستهێنانی ماستەر و دکتۆرا. نابێت ئەوەش لەیاد بکرێت ئەو سەدان نووسەرەی ناویان لەم ئەنتۆلۆجیایەدا هاتووە هەرهەموویان چیرۆکنووس نین، پڕیەتی لە شاعیر و نووسەر و قەڵەمی جوان. لە کۆتا وشەدا دروود بۆ رۆحی نووسەرە کۆچکردووەکانمان، تەمەندرێژی بۆ ئەو قەڵەمانەی لە ژیاندان، دەستخۆشی لەو نووسەرانەی هاوکار بوون بۆ ڕۆشناکردنی ئەم کتێبە.