شەممە, تشرینی دووه‌م 2, 2024
Image default

ژنان و كچانی كورد چۆن باسی زیانەكانی تەكنەلۆژیا دەكەن؟

مەزهەر كەریم – سلێمانى

 

زۆرینەی پیاوان هۆكارن لە خراپ‌بەكارهێنانی ئامێرەكانی تەكنەلۆژیا بەڵام لە کاتی كێشەدا ئافرەتان پریشکی زۆریان بەر دەكەوێت و دەبنە قوربانی تەكنەلۆژیای سەردەم.

دنیا كەریم كچە خوێندكارێكی 21 ساڵانە؛ بە وتەی خۆی شەو هەتا بەیانی لەسەر هیڵی ئەنتەرنێت دەمێنێتەوە، بە دوای زانیاریدا دەگەڕێت بەبێ ئەوەی كێشەی بۆ خەڵك و خۆی هەبێت” بەڵام زۆربەی كاتەكان بە تایبەت لە شەودا هیڵێ ئەنتەرنێتەكەی ماڵەوە دەبڕێت، پێی وایە بۆ ئەوە نەكراوە كچ بەكاری بهێنێت.”
دنیا دەڵێ: “براكەم لە من باشتر دەزانێت كە ئەنتەرنێت بۆ مەبەستی خراپ بەكار ناهێنم بەڵام ئەو دەڵێت خۆم دەزانم بەم رۆژگارە پەیجەكانی فەیسبووك و تیک‌تۆک و سناپ‌چات وەتسئاپ و ئینیستاگرام چی بڵاو دەنەوە”.
دنیا پێی وایە ئەو کوڕانەی خۆیان هۆكاری كێشەن بۆ ئافرەتی خەڵكی بۆ خۆشیان هۆكاری گێچەڵكردنن، گومان لە خۆشكەكەی خۆیان دەبەن.
بەكارهێنانی تیک‌تۆک و سناپ‌چات و ئینیستاگرام و فەیسبووك كە لە رێگەی ئەنتەرنێتەوە بەكار دەهێنرێت دەرگایەكی نوێی بەڕووی پەیوەندی دروستكردنی نێوان كچان و کوڕاندا كردۆتەوە؛ زۆرێك لەو كەسانەی ئەنتەرنێت بەكار دەهێنن بڕوایان وایە بە مەستی زانیاری‌وەرگرتن نیە لەم تۆڕە فراوان و سەرسامكەرە خەریكە كۆی ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت.
توێژەرێكی كۆمەڵایەتی بە ناوی سیدرا ئەحمەد پێی وایە بەكارهێنانی ئەنتەرنێت و هەموو ئەو هۆكارانەی دیكەی تەكنەلۆژیا بەهۆی ئەنتەرنێتەوە بەكار دەهێنرێت ئەگەر بۆ لایەنی باش بەكار بهێنرێت ئەوا گەورەترین خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکات.
ئەو توێژەرە دەڵێ: “ئەنتەرنێت و تەكنەلۆژیای جیهانی ئەمڕۆ وەك هەموو داهێنانێكی دیكەی مرۆڤایەتی لایەنی باش و خراپی هەیە، زۆر گرنگە لەسەر ئاستی خێزان و كۆمەڵگە و حكومەت گفتوگۆ بكرێت لەسەر ئەوەی چۆن لەلایەن خراپەكانی خۆمان بپارێزین و لەلایەنە باشەكانی سوود وەربگرین”.
بەدەر لە ئەنتەرنێت لەم ساڵانەی دواییدا مۆبایل یەكێكی دیكە بووە لەو ئامێرانەی دەستی تەكنەلۆژیا كە كچان و ژنانی ڕووبەرووی كێشەی زۆر كردۆتەوە لە كۆمەڵگەی كوردیدا.
بەناز خۆشناو كچێكی تەمەن هەژدە ساڵانە لە گەڕەكی هوانە لە شاری سلێمانی؛ ئاماژە بەوە دەكات بە بیانوی پەیوەندی خۆشەویستیەوە هانی داوە لەرێگەی مۆبایلەوە قسەی لەگەڵ بكات و نامە و وێنەی خۆی بۆ بنێرێت بەڵام دواتر كوڕە قسە و وێنە و نامەكانی لە لای هاوڕێكانی باس كردووە و بۆتە هۆی ناوزڕاندنی؛ تووشی كێشە و گرفتی کردووە لەگەڵ براكانیدا؛ گوتی: “من نەمزانی وەهام بەسەر دێت و تووشی شەرمەزاری دەبم زۆر پەشیمانم”.
هەروەها زۆرێك لە پیاوان و کوڕان بەبێ ئەوەی ژنان و كچان ئاگادار بن لە رێگەی ئامێر و هۆكارەكانی پەیوەندیەوە راستەوخۆ پەیوەندی دەكەن و تووشی كێشەیان دەكەن.
هەنار عەلی تەمەن بیست ساڵان، باس لەوە دەكات كاتێك ژمارەكەی داوە بەو سایەق ماتۆرەی كاری دلیڤەری دەكات دوایی بیری دەچێتەوە كە پیی بڵێت تەلەفۆنی بۆ نەكاتەوە بەڵام كاتێك سەیر دەكات لە نیوەی شەودا تەلەفۆنی بۆ دێت و دەیداتە دەست براكەی دەزانێت كوڕە زۆر لێی تووڕە دەبێت پێی دەڵێت ئەوە كێیە بۆ بەم نیوەشەوە تەلەفۆن دەكات؟!”
هەنار گوتیشی: “من قەت لەو باوەڕەدا نەبووم ئەوە كوڕە بێت تەلەفۆن بكاتەوە بابەتێكی خۆشەویستی پەیوەندی لە لا دروست بووبێت چونكە ئەوە دووەم جارە داوا دەكەین و بە شێوە دلیڤەری شتمان بۆ دەهێنێتە بەر دەرگای ماڵەوە بەڵام براكەم زۆر چاك ئەو کوڕانە دەناسێت، بەو هۆیەوە مۆبایلەكەی لێ وەرگرتووم ماوەی ساڵێك سیمی پەیوەندیی لێ دەرهێناوە ناتوانم پەیوەندی وەربگرم”.
هەندێك لە كچان و ژنان تەنیا جوابی ئەو تەلەفۆنانە دەدەنەوە كە ناویان لەسەرە و دەیانناسن؛ بەیان عەلی كە پیشەی فەرمانبەرە، دەڵێ: “لەو كاتەوەی تەلەفۆنم كڕیوە خەتی ئەنتەرنێت بەكار دەهێنم؛ یەكێك زۆر نەیناسم و دڵنیا نەبم كە كێیە وەڵام نادەمەوە بۆ ئەوەی تووشی كێشە نەبمەوە”.
سیدرا ئەحمەد تویژەری كۆمەڵایەتی ئەو پێی وایە تەكنەلۆژیا و ئەنتەرنێت و مۆبایل گرنگیی خۆی هەیە؛ بەتایبەت مۆبایل ئاسانكاری زۆری بۆ خەڵكی كردووە؛ دەڵێ: “بەداخەوە لە كۆمەڵگەی دواكەوتوودا ئەنتەرنێت و مۆبایل كە تەكنەلۆژیان، خراپی بەكار دەهێنن، بە كێشە دەشكێتەوە بەسەر ژنان و كچاندا؛ ئەوان دەبنە قوربانی”.
گوتیشی: “پێویستە لە چەند ئاستێكی جیاوازدا لەكۆمەڵگەی كوریدا قسە و گفتوگۆ لەسەر پەیوەندیی تەكنەلۆژیا و شێوەی ژیان و گرفتەكانی بكرێت، بەڵام بەداخەوە وەك پێویست ئەوە نەكراوە یان ئەوە بەدی ناكرێت وەك پێویست؛ هەرچەندە لیرەولەوێ هەوڵێك هەیە لەو بارەیەوە”.