پاشەکشەی سیاسی یەکێتی و ڕۆڵی بافڵ تاڵەبانی
(ڕێگایەک بەرەوپیری مردنی سیاسی)
یونس محەمەد
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، یەکێتی تووشی قەیرانگەلێکی بەرچاو بوو کە بافڵ تاڵەبانی وەک سەرکردە، هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانانە و بەرپڕسی ئەم بارودۆخەی ئێستای یەکێتی یە.
ئەو بەردەوام هەوڵ دەدات دەست بخاتە سەر میراتی حیزبیی باوکی لە پێناو بەدەستهێنانی پێگەیەک کە بە ڕوونی دیارە لە باڵای بەرزترە.
لەم نووسینەدا ڕۆشنایی دەخەمە سەر هەڵسوکەوتی بافڵ تاڵەبانی و سیاسەت و کردەوەکانی کە بووە هۆی خێڕاکردنی مەرگی یەکێتی، هەروەها رەفتارەکەی بافڵ و کارییان بەسەر دەنگدەری ئەم خوولەی هەڵبژاردنەوە.
-ململانێ ناوخۆییەکان و لێکتڕازانی سەرکردایەتی
بافڵ تاڵەبانی دوای کۆچی دوایی باوکی، سەرکردایەتیی یەکێتی بە میرات بردووە، بەڵام لە چەسپاندنی دەسەڵاتدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووە. بەپێچەوانەی مام جەلال کە لە ناو باڵە جیاوازەکانی یەکێتی و خێل و عەشایری ناوچەکەدا ڕێزی لێ دەگیرا. بافڵ ئەو هۆشیارییە سیاسییەی نییە بتوانێ باڵە جیاوازەکان یەک بخات، بەڵکو خۆیشی بووەتە بەشێک لە ململانێی دەسەڵات، ئەمە نەک تەنیا لەگەڵ ڕکابەرەکانی دەرەوەی حزب، بەڵکوو لە ناو یەکێتیشدا، لەوانە کەسوکاری خۆی و کەسایەتییە ئایکۆنییەکانی حزب و ئەو سەرکردە ناڕازییانەی کە دواتر لەلایەن خودی بافڵەوە پەراوێز خراون.
ئەم ململانێ ناوخۆییانە بوونەتە هۆی لێکتڕازانی پێکهاتەی حزب کە لە بنەڕەتدا خۆی هەر پارچەپارچەیە و هەر کوتلەیەک بە ئاراستەی پێچەوانەی ئەوەیتر دەجووڵێ. بافڵ لە بری ئەوەی سەرنجی لەسەر هێنانەئارای دیدێکی یەکگرتوو بۆ داهاتوو هەبێت، لە ململانێی ناوخۆییدا نوقم بووە. ئەو لەلایەن زۆر کەسەوە وەک منداڵ و ناکارامە و بێ بڕیار و خۆپەرست سەیر دەکرێت. ئەم بۆشاییە لە سەرکردایەتی یەکێتی وایکردووە بەتایبەتی لە بەرچاوی گەنجان و دەنگدەرانی گشتیدا بکەوێت.
-سیاسەتی سەرلێشێواویی کورتخایەن
یەکێک لەو ڕەخنە سەرەکییانەی ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی دەکرێت، بایەخیەتی بە دەستکەوتی کورتخایەن لەسەر حیسابی ستراتیژییە درێژخایەنەکان. سیاسەتەکانی، ئەو دووربینییە ستراتیژییەیان نییە کە پێویستە سەرکردایەتیی حزبێک لە سەردەمی قەیرانەکان بیگرێتە بەر. بۆ نموونە مامەڵەکردنی لەگەڵ قەیرانی ئابووری و کێشەکانی کەرتی گشتی (وەک دواکەوتنی مووچە). ئەم شێوازی مامەڵەکردنە پێگەی حزبەکەی زیاتر دابەزاندووە و ناڕەزایی گشتی زیاتر کردووە.
سەرەڕای ئەوەش، بافڵ زۆر جار پەنای بۆ توقاندن بردووە، بە ئامانجی لێڵکردنی کەشی سیاسی بە جۆرێک کە خەڵک سەرقاڵ ببن و شکستەکانی بەرجەستە نەکرێت. بە تۆمەتبارکردنی سیاسییەکانی دیکە، چ لەناو هەرێم و چ لە بەغدا، هەوڵ دەدات خۆی وەک قوربانیی هێزە دەرەکییەکان پیشان بدات لەجیاتی لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی بارودۆخی چەقبەستوویی. بەڵام ئەم تاکتیکە تەنیا ڕەشبینی خەڵک قووڵتر دەکاتەوە و وا دەکات زۆر کەس وەک سەرکردەیەک سەیری بکەن کە هیچ ئاراستەیەکی ڕوونی نییە.
-لەناوچوونی بەها و بیروباوەڕە سەرەکییەکانی یەکێتی
یەکێتی ئەگەر بە بیروباوەڕ سۆسیال دیموکرات و هەڵگری درووشمی لە خۆ گەورەتر (مافی چارەنووس) بووبێ و رۆژانێک لە پێناویدا بەردێکیان لەسەر دار دانابێ، لە ژێر سەرکردایەتی بافڵدا، ئەم بەها و باوەڕانە نەمان.
سەرکردایەتی بافڵ بەرەو مەیلی تاکڕەوی گۆڕاوە، پشتی بە تاکتیکی ترس و توقاندن بەستووە وەک بەکارهێنانی کۆماندۆ و هێزە ئەمنییەکان بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان. ئەمەش نەک هەر پێگەی لەناو خەڵک لاواز کردووە، بەڵکو وێنەی (ترس) یان مافیایێکی تۆقێنەری لە زهنی بنکەی جەماوەڕی حیزبەکەی و سەرکردەکانی دروست کردووە، کە هەر چی یەکێتی لە ڕابردوو بینای کردووە بکاتە قوربانیی مەرامە کەسییە مەترسیدارەکانی. ململانێی نێوان سەرکردایەتی یەکێتی و پارێزگاری سلێمانی نموونەیەکی بەرجەستەیە لەوەی بافڵ چۆن حوکمڕانی خۆجێی دەشێوێنێت و ڕەوایی حزبەکەی خۆی تێک دەدات.
-هەڵبژاردن و دەرئەنجامی سیاسەتەکانی بافڵ
●لەدەستدانی متمانە لە نێوان گەنجان: گەنج کە بەدوای گۆڕانکاری و دەرفەتی نوێدا دەگەڕێت، بەهۆی بێتوانایی یەکێتی لە چارەسەرکردنی پرسی وەک بێکاری گەنجان و گەندەڵی و نەبوونی دەرفەتی ئابووری بێزار بووە.
●تێکدانی ناوخۆی یەکێتی: پێدەچێت لێکتڕازانە ناوخۆییەکانی یەکێتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی دراماتیکتر دەربکەوێت. ڕکابەرەکان بە ئاشکرا تەحەددای سەرکردایەتیی بافڵ دەکەن و کار دەکەن بۆ تێکدانی پێگەی بافڵ. ئەم ناتەباییە، دەنگدەران زیاتر سەرلێشێواو دەکات و ئاژاوە و ناسەقامگیری لێ دەکەوێتەوە.
●کەمبوونەوەی کاریگەری: یەکێتی، لە سەردەمی بافڵدا لە دیمەنە سیاسییە بەرفراوانەکانی کوردستاندا بایەخی خۆی لە دەست دەدات. ئەگەر رۆژانێک ئەو حزبە یاریزانێکی سەرەکی بووبێ، ئەمڕۆ پێگەی لە هەرێمدا بە شێوەیەکی بەرچاو لە کەمی داوە و ئەگەر بافڵ هەروا بەردەوام بێ، یەکێتی قەڵای خۆی لە سلێمانی لە دەست دەدات.
-سەرلێشێواوی و نائومێدی سیاسی
لە کاتێکدا یەکێتی ڕووبەڕووی هەڕەشەی مەرگی سیاسی دەبێتەوە، ڕەنگە بافڵ بۆ پاراستنی خۆی پەنا بۆ تاکتیکی نائومێدتر ببات. لە ئێستاوە بەڵگە هەیە لەسەر هەوڵەکانی بۆ چەواشەکردنی خەڵک لە بواری سیاسیدا، لە رێگەی سەرقاڵکردنیان بە شتی سووک و ڵاوەکییەوە بۆ شاردنەوەی شکستەکانی خۆی و یەکێتی نوێ. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی بێمتمانەیی خەڵک. بافڵ بەم شێوەیە نیازی هەیە خاڵە لاوازەکانی حیزبەکەی بە سینگ دەرپەڕاندن و سیاسەتی بشوێنەخوازی بشارێتەوە، بەڵام ئەم کردارە ژینگەیەک دەخولقێنێ کە خەڵک چی تر متمانەی پێ ناکەن.
ئەم تاکتیکانە مەترسیدارن. لە سەردەمێکدا کە گەلی کورد و بەتایبەت گەنجان داوای شەفافیەت و لێپرسینەوە دەکەن، ئەم جۆرە مانۆڕانە دەکرێت کاردانەوەی نەگەتیڤی هەبێت و بێهیوایی زیاتر لەناو دەنگدەری یەکێتی بێنێتە ئارا.
-سەرکردایەتیێکی ڕوو لە شکست
بێتوانایی ئەو لە یەکخستنی حزبەکەیدا، چارەنەکردنی داواکاریی ڵایەنگرانی، یان نەپاراستنی بەها بنەڕەتییەکانی یەکێتی، حزبەکەی گەیاندووتە کەناری نائارامی و لە لێواری مەرگی نزیک کردووتەوە