شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هەوێن و بنیاتنەری دەسکەوتەکانی ئەمڕۆی کوردستانە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ ٦٣ ساڵ بەسەر ھەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەڕابەرایەتی بارزانیی نەمر، سەرکردەی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان تێدەپەڕێت، کە لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە ١١ ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١ شۆڕش دەستیپێکرد و توانی خەڵکی کوردستان بە ھەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکانەوە لە زاخۆ تا خانەقین لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، ڕۆژبەڕۆژیش متمانەی خەڵک بە بارزانی و شۆڕشەکەی بەھێزتر بوو و بڕوابەخۆبوون و ئیرادەی لە ناخی ھەموو تاکێکی کوردستان دروست کرد.

دەستپێکردنی شۆڕش
دوای ئەوەی عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی ١٩٥٨ کودەتای سەربازی لە عێراق کرد و ڕژێمی حوکمڕانیی پاشایەتی لە عێراق بۆ ڕژێمی کۆماری گۆڕی، بەڵێنی پێدانی مافەکانی بە گەلی کوردستان دا و داوای لە بارزانیی نەمر کرد لە یەکێتی سۆفیەت بگەڕێتەوە، بەڵام دوای سێ ساڵ، عەبدولکەریم قاسم و ڕژێمەکەی لە پێدانی مافەکان بە گەلی کوردستان پەشیمان بوونەوە، بەھۆی پەشیمانبوونەوەی ڕژێمی عێراق لە بەڵێنەکانی، بارزانیی نەمر لە ١١ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١ دەست پێ کردنی شۆڕشی ئەیلوولی لە دژی ڕژێمی عێراق ڕاگەیاند.

شۆڕش بەڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر بوو
شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بەڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر دژی ستەم و زۆرداری داگیرکەران ھەڵگیرسا، لە کاتێکدا کە تەمی تاریکی و نائومێدی باڵی ڕەشی کێشابوو بە سەر خاک و خەڵکی کوردستان، دوژمنان لە ھەموو لایەکەوە خەریکی سڕینەوە و لە ناوبردنی خەڵکی کوردستان بوون، بڵێسەی ئەم شۆڕشە ئومێدێکی نوێی بەخشیە کوردستانیان و بوو بە ھەوێنی بنیاتنانی دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی کوردستان، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و بە پێشڕەوایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەنگی ڕەوای گەلێکی خاک و ماف زەوتکراو بوو، پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی سەرتاسەری بوو کە کۆی جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی و چینایەتی و ھەموو ئینتیما لاوەکییەکان و سنوورە دەستکردەکەی نیشتمانی تێپەڕاند. بە بڕوای پێشمەرگەکانی ئەم شۆڕشە ‌وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە شێوازی خەباتدا.

شۆڕشی ھزری
لە شۆڕشی ئەیلوولدا بیری نەتەوایەتی بەھێزتر بوو، ئەو نەوە نەتەوایەتییە بەرھەمی ئەو شۆڕشەن، جگە لە ھەموو دەستکەوتەکان دەستکەوتی ھزریی ھەبوو، بەھۆی ئەوەی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەپێی نەخشەڕێگای خۆیان خەڵکی کوردستانیان لە خوێندن بێبەش کرد، بۆ ئەوەی لە جیھانی نوێ دووریان بخەنەوە، شۆڕش لە سەرجەم ناوچە ئازادکراوەکان چەندین قوتابخانەی کردەوە و گرنگیی زۆری بەو بوارەدا، ئەوەش بووە مایەی فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەی تاکی کورد، شۆڕشی ئەیلوول لەڕووی ھزرییەوە لە مێژووی میللەتەکەماندا بە قوتابخانەی بیری نەتەوایەتی دادەنرێت و زۆربەی کەسایەتییە سیاسییەکانی گوڕەپانی ئێستا ڕاھێنراوی ئەو قوتابخانەیەن.

شۆڕش ھەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی یەکخست
مەناف بژیانی، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ڕۆژی دەستپێکی شۆڕشی ئەیلوول لە مێژووی گەلی کوردستان بە وەرچەرخانێکی نوێ دادەنرێت، چونکە لە مێژوودا بۆ یەکەم جار بوو، کورد یەک دەست و یەک گیان ڕووبەڕووی دوژمنانی ببێتەوە، حکوومەتی عێراق بەردەوام ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی بۆردومان دەکرد، ھەروەھا ھێرشی دەکردە سەر خەڵکی کوردستان، ئەوەش وای کرد کە شۆڕشی ئەیلوول بەڕابەرایەتی بارزانیی نەمر بەرپا بێت، شۆڕشەکە ھەستی نەتەوایەتی، بیروباوەڕی نەتەوایەتی بەرز بوو، لەبەر ئەوە لە زاخۆ تا خانەقین ھەموو یەکگرتوو بوون و ھاوکاری شۆڕش بوون، بە یەکەوە تێکەڵاو ببوون لە چوارچێوەی بەرژەوەندی کوردستان.
عەزیز مەحموود، پێشمەرگەیەکی دیکەی ھەمان شۆڕشە، بۆ “ھەولێر” ئاشکرای کرد: بارزانیی نەمر، ھەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی یەکخست، تێیدا یەکدەنگیی ھەمووان گەورەترین ھێزی بە شۆڕشەکە بەخشی، جگە لەوەی بۆ یەکەمجار بوو شۆڕشێک سنوورەکانی ناوچەگەری تێپەڕ بکات و ھەموو ناوچەکانی کوردستان بگرێتەوە، بۆیە ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆ بەدەست ھاتوونە بە ئاسانی بەدەست نەھاتوون، بەڵکو بە ھەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشەکانی دیکە بەدەست ھاتوون، بۆیە شۆڕشی ئەیلوول داینەمۆیەک بوو بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە گەلی کوردستان لە زوڵم و ستەم ڕزگار بێت و نەکەوێتە ژێر دەستی چەپۆکی بێگانەوە.

ئافرەتانیش ھاوشانی پیاوان دەجەنگان
بژیانی، گوتیشی: لەو شۆڕشەدا نەک تەنیا پیاو، بگرە ئافرەتانیش ھاوشانی پیاوان دەجەنگان و ڕۆڵیان ھەبوو، بۆیە جیاوازیی ئەو شۆڕشە ئەوە بوو، ئافرەتی کورد لەڕووی ھزری نەتەوایەتییەوە ھاوکاریی پێشمەرگەی دەکرد، لە شۆڕشی ئەیلوولدا گیانی یەکڕیزی و یەکگۆتاری ھەبوو، گەلی کورد بە ھەموو شێوەیەک نەیھێشت دوژمن بگاتە ئامانجەکانی و بەڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، توانیمان ھەموو پیلانەکانی دوژمن پووچەڵ بکەینەوە.

شۆڕش ئامانجەکەی بەدەستھێنا
شۆڕشی ئەیلوول توانی بە نۆ ساڵ چۆک بە ڕژێمی عێراقدا بنێت و ناچاری بکات ددان بە مافەکانی گەلی کوردستان بنێت، ئامانجی شۆڕشەکە، کە حوکمی زاتی بوو بۆ کوردستان بەدی ھات و سەرکەوتوو بوو، لە ڕۆژی ١١ـی ئاداری ١٩٧٠، ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕش و ڕژێمی عێراق ئیمزا کرا، بەیاننامەکە خاڵی زۆر باشی تێدا بوو، تا ڕادەیەک مافە سیاسی و کلتووری و کارگێڕی و سەربازییەکانی کوردی چەسپاند، کە تێیدا ددان بە مافە سیاسی، ئابووری و ڕۆشنبیرییەکانی گەلی کوردستان نرا و سیستەمی حوکمی زاتی خۆڕێبەریی لە چوارچێوەی عێراق بۆ کوردستان دامەزرا. د. ھەمزە خدر، مامۆستای مێژوو، بە ڕۆژنامەی” ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، شۆڕشی ئەیلوول بەھێزترین و فراوانترین ھەوڵی کورد بوو لە سەدە تاریکەکەی بیستەم بۆ بەرگریکردن لە بوون و ناسنامەی خۆی، جەماوەر، پێشمەرگە، ڕۆشنبیر، تەنزیم، حزب، ستراتیژی و تاکتیک ھەر ھەموویان ئامادەیان ھەبوو، ئامانجی ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولیش ڕزگارکردنی نیشتمان و سەربەخۆیی کوردستان بوو، ئامانجەکەشی بەدی ھات.

ڕێککەوتنی جەزائیر
ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ئاداری ١٩٧٥ بوو، ئەم ڕێککەوتنە وایکرد کوردەکان بەبێ یارمەتی بمێنەوە، لە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنەدا لە ساڵانی ١٩٧٧ تا ١٩٧٩، زیاتر لە ٦٠٠ گوندی کوردستان خاپوور کران و زیاتر لە دوو سەد ھەزار مرۆڤی کورد لە ناوچەکانی خۆیان ڕاگوێزران. د. ھەمزە خدر، مامۆستای زانکۆ، گوتی: گەلی کوردستان، گەلێکی بندەست بوو، دەیویست لەژێر دەستی و زۆرداری ڕزگار بێت و وڵاتی خۆی لە داگیرکەران و ناحەزان ڕزگار بکات، کاتێک شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و بە پاڵپشتیی گەلی کوردستان بەردەوام لە بەھێزبووندا بوو، بەتایبەتی دوای ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ کە کورد توانی نێوماڵی خۆی ڕێکبخاتەوە، دوژمنەکانی گەلی کوردستان دڵنیابوون کە ناتوانن کورد لەناو ببەن، بۆیە پەنایان بۆ ڕێککەوتنی جەزائیر برد.

ھەواڵی زیاتر