دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان: ئەو مامەڵەیە پێشێلکاری بنەماکانی ئازادی ڕا و ڕۆشنبیریە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کاردانەوەکان دژی هەڵکوتانە سەر ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر و داخستینی بەردەوامە، بەبڕوای ڕۆشنبیران و بەشێک لە سیاسەتمەدارانی نێو یەکێتی، سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتی بەو کارەی بەرانبەر بە مەلا بەختیار و دەزگاکانی کردیان، ڕێگەگرتن و نەهێشتنی ئازادییە لە سنوورەکە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، هەر کەسێک پێچەوانەی بۆچوونی ئەوان قسە بکات هەڵدەکوتنەسەر و سەرکوتی دەکەن.

ڕووداوەکە
کاتژمێر ٥ـی ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، لە گردی ئەندازیاران لە سلێمانی هێزێکی کۆماندۆ، هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر کە مەلا بەختیار سەرپەرشتی دەکات و ناوەندەکە و بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژیان داخست و کەلوپەلەکانیشیان بردن. دوای ئەوەش لە راگەیەندراوێکدا کە سەرکردایەتیی یەکێتی ئیستا بڵاوی کردەوە، باس لەوە دەکەن ئەوە موڵکی یەکێتییە و ئازادن لەوەی چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
تۆڕی ناوەندیی ڕۆشنگەریی چاودێریش، دەڵێن؛ ئێمە وەکو تۆڕی ناوەندیی ڕۆشنگەریی چاودێر، سەرکۆنەی ئەو کردەوەیە دەکەین و ئەم کارە بە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ سەر ئازادیی نووسین، ئازادیی بیروڕا، ئازادی ویژدان دەزانین.

هەڵوێستی دەستەی مافی مرۆڤ
دوای ڕووداوەکە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند؛ بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی پێنجەشەمە ٥ی ئەیلول بەگوێرەی زانیاریەکان لەسەر زمانی بەڕێز مەلا بەختیار سیاسەتمەدار کە بڵاوی کردۆتەوە ، هێزێکی دەزگای ئەمنی لەشاری سلێمانی چونەتە سەر ئۆفیسی ( ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر) و دەستیان بەسەر بارەگاکە و کەلوپەلەکاندا گرتووە کە لەهەمان کات ئۆفیسی تایبەتی ناوبراوە.
دەشڵێن؛ دیارە هێزەکە بەناوی گەڕانەوەی ئەو شوێنە وەک موڵکی لایەنێکی دیاری کراو ئەو کارەیان کردووە و بەفەرمان چوونە، بەڵام چوون و بەکارهێنانی هێزی ئەمنی و دەست بەسەردا گرتنی کەل و پەلی تایبەت لەو شوێنە کە بنکەیەکی ڕۆشنبیریە دوورە لە بەکارهێانی ڕێکاری یاسایی و دادگاو مەدەنی و گونجاو نیە ئەو مامەڵەیە بەو جۆرە پێشێلکاری بنەماکانی ئازادی ڕاو ڕۆشنبیریە.
دەستەکە ڕاشیگەیاندووە؛ ئێمه هیوادارین بارودۆخەکە ئاسایی بێتەوەو پەل نەهاوێ بۆ کاردانەوەی ترو مافی کەسی و خاوەنی ئەو دەزگایەش پارێزراو بێت و هەموانیش پابەندبن بەیاساوەو دادگا یەکلای بکاتەوە.

کاردانەوەکان بەردەوامە
بورهان محەممەد مەجید، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی، لەوبارەیەوە، ڕایگەیاندووە، داخستنی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر و دەستبردن بۆ مەلا بەختیار بە کارێکی ترسنۆکانەی دەزانم و پاشەکشەی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕینە.
بورهان محەممەد، دەشڵێت: داخستنی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر هەموو ڕووناکبیرانی دڵگران کردووە، ئەمەی کراوە جەخت لەسەر بەرتەسک کردنەوەی ڕۆشنبیری و ڕۆشنگەری نووسین و قەڵەم و ئازادی ڕادەربڕین دەکاتەوە، ئێستا ترسم لەوەیە سلێمانی بگەڕێنێتەوە بۆ سەدەیەک لەمەوبەر.
هەروەها ڕەخنە لە یەکێتیی ئێستا گرت و ڕایگەیاند، لەسەرەتای شۆڕشەوە یەکێتی خۆی ئەو ناوەندانەی کردووەتەوە و پشتیوانی دامەزراندنی کردوون، ئێستا کە دایاندەخات پرسیارێکی گەورەیە و ڕووبەڕووی سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتی دەبێتەوە، هەربۆیە دەبێت ئەو ڕەفتارانە ڕابگیرێت و لەلایەن هەموو ڕووناکبیران و هاووڵاتییانیشەوە هەڵوێست وەرگیرێت، چونکە ماوەیەکە دەبینین کەسانی دژە دیموکراسی دژی ئەم ناوەندانە وەستاونەتەوە، ئەمەش پاشەکشەیە لە دیموکراسی، ئازادی و ئەو چەمکانەی کە ڕووناکبیران پێوەی ماندوو بوون و شەونخونیان بۆی کردووە بۆ ئەوەی ئەم ناوەندانە لە سلێمانی دروست بکەن.
مەلا بەختیار لە ماڵەکەی خۆیدا ڕووی قسەکانی لە سەرانی ئێستای یەکێتی کرد و بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: شووناس و مێژوو و سەروەرییەکانی یەکێتی هی ئەوان نییە، با هەمووان بێن لێرە دابنیشن لەپێش هەموویانەوە سەرۆکی یەکێتی، پەنجا پرسیاری لەسەر مێژووی یەکێتی لێدەکەم، ئەگەر توانی وەڵامی یەک پرسیاریش بداتەوە، هەرچی ئەوان دەیڵێن من قسە ناکەم.
دەشڵێت: ئەو کات ئێوە لە شوێنێ دیکە کارتان دەکرد، ئێوە پارێزەرانی یەکێتی نەبوون، ئەوە ئێوە نەبوون کە یەکێتیتان زیندوو کردووەتەوە، لەبەر ئەوە شەرم لە خۆتان بکەن، پەلاماری هاوڕێ تێکۆشەرە کۆنەکانی ئێمە نەدەن.
ڕوونکردنەوەی بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ
هەر لەو بارەیەوە، بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و دەڵێن؛ لە‌كاتێكدا ئێمە‌ سە‌رقاڵی ئامادە‌كارییە‌كانی سازكردنی (٢٧)مین فێستیڤاڵی نێودە‌وڵە‌تی گە‌لاوێژ بووین کە بڕیارە لەکۆتایی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت، هێزێكی كۆماندۆ چوونەتە سە‌ر بارە‌گای تۆڕی ناوە‌ندی ڕۆشنگە‌ری چاودێر كە‌ لە‌بە‌شێكی بیناكە‌دا بنكە‌ی ڕووناكبیری گە‌لاوێژی تیا بووە‌، دە‌ستیان گرتووە‌ بە‌سە‌ر ئە‌رشیف و سە‌رجە‌م كە‌لوپە‌لە‌كانی بنكە‌كە‌دا، کە ئەرشیفی کارو چالاکییەکانی بنکەکەو (٢٦) فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژی لەخۆگرتووە.
دەشڵێن؛ ئێمە‌ لای خۆمانە‌وە‌ بە‌توندی ئیدانە‌ی ئە‌و كارە‌ دە‌كە‌ین و پێمانوایە‌ ئە‌م كردە‌وە‌یە‌ لە‌كە‌داركردنی ناوبانگی پایتە‌ختی ڕۆشنبیریی و بێبایە‌خكردنی ئە‌و مێژووە‌ پڕ لە‌ سەروەری و گە‌شە‌ی دنیای ڕووناكبیری و ئە‌دە‌بییە‌ لەشاری سلێمانیدا، چونكە‌ لای هە‌مووان ڕوونە‌ كە‌ بنكە‌ی ڕووناكبیری گە‌لاوێژ بنكە‌یە‌كی ڕووناكبیرییە‌و لە‌ماوە‌ی تەمەنیدا (٢٦) فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ڕێکخستووەو ڕۆڵێکی دیاری هە‌بووە‌ لە‌ناساندنی سلێمانی وە‌ك پایتە‌ختی‌ ڕۆشنبیری و بانگهێشتکردن و كۆكردنە‌وە‌ی سە‌دان نووسە‌رو ڕووناكبیر لە‌ئە‌وروپاو وڵاتانی دراوسێ و عێراق و هەرێمی کوردستاندا بۆ شاری سلێمانی، هە‌روە‌ها سە‌كۆیە‌كی گرنگی داهێنان بووە‌و چە‌ندین قە‌ڵە‌می تازەی پێگە‌یاندووە‌و دەیان نووسەریشی خەڵاتکردووە.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو؛ داوا لە‌نووسە‌ران و ڕووناكبیران دە‌كە‌ین‌ کە هە‌ڵوێستی جدییان هە‌بێت لە‌بە‌رامبە‌ر ئە‌م كردەوەیەو ڕێگری بکەن لەهەر کارێک کە دەبێتە هۆی‌ بە‌رتە‌سكردنە‌وە‌ی ئازادی ڕادە‌ربڕین و چالاکی ڕووناکبیریی و ئەدەبیی و هونەری لەمشارەدا.

هەڵوێستی نووسەر و ڕۆشنبیران
دوای ئەو ڕووداوە، لێشاوێکی توندی ناڕەزایی لەلایەن نووسەر و ڕۆشنبیران دەربڕا، پشکۆ نەجمەدین، نووسەر و چاودێریی سیاسی، دەڵێت؛ دەزگەی چاودێر، ئەگەر مەلابەختیاریش لێپرسراوی نەبا، ئەگەر داگیرکردن و داخستنیشی، وردەحیساباتی فیکر، هەڵوێست و سیاسەتیشی لەپشت نەبا، دیسان شکاندنی دیواری ترس و بێدەنگی، شکۆ و شەهامەتێکە، هەق وایە هەموو نووسەران و خاوەنقەڵەمان، ڕێزی لێ بگرن و دەستی پێوە بگرن.
مامۆستا جەعفەر، ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی جیهان، دەڵێت؛ پرسیارەكەی من ئەمەیە :
١-ئایا كتێب سووتاندن لە سەردەمی نازییەكاندا كارێكی قانونی و رەوا بووە ؟
٢- ئایا قانون و دادگا ، رێگە دەدەن كەسێك داوای یاسایی لە سەر تۆمار كرابێت ، هێزی كۆماندۆ ، بە بڕیاری سەرۆك حزبێك ” قەڵا ”كەی ، بە TNT بتەقێنرێتەوە ؟
٣- زۆر لایەنی سیاسی و ناسیاسی هەڵوێستی توند و گرژیان بەرامبەر پاژێك لە سەركردایەتی یەكێتی دەربڕیوە ، كەچی ئەم سەركردانە هیچ كاردانەوەیەكیان دەرنەبڕیوە ؟
٤- گریمان بینای دەزگای چاودێر موڵكی یەكێتییە . چاودێر پێش ( ١٥ )ساڵ داگیری كردووە . باشە لەم ماوە دوورودرێژەدا ، سەركردایەتی یەكێتی بۆ ( نووكە )یەكی بۆ ئیدارەی چاودێر نەكرد ؟ بۆ چوار مانگ لەمەوپێش لە داوایەكی لە دادگا دژی ئیدارەی دەزگای چاودێر تۆمار نەكرد ؟ خێرە پاش پانزە ساڵ ئینجا دوای سەعات دوانزەی شەو یەك دوو كەس لە سەركردایەتی یەكێتی بیریان دەكەوێتەوە : ” تاقە یەك ” داگیریكاری و ” زەوتكردنی ” موڵكی یەكێتی ماوە و دەبێ ”قەڵای خەیبەر ” زوو بگیرێت !
ئەو نووسەرە دەشڵێت؛ ئامۆژگاری من بۆ بەڕێزتان :جیاوازی بیروڕا و جیاوازی تێگەیشتن بە نواندنی زەبروزەنگ و هێزی كۆماندۆ چارەسەر ناكرێت !
رەخنەی زۆر كەس لە مەلا بەختیار ئەوەیە : دەیان بەڵگەنامە و دۆكۆمێنتی لە بەردەستدایە و دەتوانێت لە دادگاكانی هەرێم ، دادگای باڵای فیدرالی و دادگای لاهای بەكاریان بهێنێت . ئەو نەیویستووە لە بەر كردەوەی هەندێك لە كەسانی هەست بە بەرپرسیارێتی نەكەر ، ناوبانگی یەكێتی لەكەدار بكات !
یەكێكیتر لەو رەخنانەی لە مەلا بەختیار دەگیرێت : ئەو دەیتوانی لە ماوەی پێنج ساڵی رابوردوودا ، ببێتە هەوێنی كۆكردنەوەی دەنگی ئۆپۆزسیۆن راستەقینەی ناو یەكێتی ، بەڵام بڕوای بە یەكڕیزی ناو یەكێتی و پەرەپێدانی رۆشنگەری و دەزگای چاودێر بوو . نەچووە بچێ ئێستاش دەتوانێت ، داوای كۆنگرەیەكی نائاسایی بكات !
داوای من لە رۆشنبیرانی ئەم گەلە ئەوەیە : بەرامبەر پێشێلكردنی مافی مرۆڤ ، ئازادی بیروڕا ، یاساشكێنی و هەڵكوتانە سەر خەڵك لە سەر جیاوازی بیروڕا بێدەنگ نەبن ! قەت مەڵێن : ئاگرە سوورە لە من دوورە !

ھەواڵی زیاتر