هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

توندوتیژیی خێزانی و لێکەوتە خراپەکانی

گەرمیان گلی ـ هەولێر

توندوتیژی خێزانی دیاردەیەکی ترسناکە و لە هەموو کۆمەڵگا و کولتوورە جیاوازەکاندا هەیە.توندوتیژی دەبێتە هۆی خراپی ڕەوشتی خێزان لە ڕووی جەستەیی و خۆشەویستی و کۆمەڵایەتییەوە. پارێزەر محەمەد ساڵح، دەربارەی دیاردەی توندوتیژی خێزانی دەڵێ: بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی توندوتیژیی خێزانی بریتییە لە:هەر کردارێک یان گوتەیەک یان هەڕەشەلێکردنێک لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی پەیوەندیی خێزاندا کە لەسەر بنەمای هاوسەرگیری یان خزمایەتی تا پلەی چوارەم بنیات نرابێ و ئەوانەی بەپێی یاسا هاتوونەتە ناو خێزانەوە دەشێ لە باری جەستەیی و دەروونییەوە زیانییان پێ بگەیەنێ و ماف و ئازادییان لەدەست بدات.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەم شێوازە پێناسەی دەکات و دەڵێت:بریتییە لە نواندنی هەڵسوکەوتێکی توندوتیژ بەرامبەر هەر تاكێکی خێزان، جا ئەم هەڵسوکەوتە لە ڕووی جەستەیی یاخود دەروونی بێت یان کۆمەڵایەتی بێت. توندوتیژی خێزانی وەکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، خاوەنی کۆمەڵێک سیما و پێکهاتە و ڕەهەندە، توندوتیژی جەستەیی دژ بە ئافرەت و دژ بە منداڵ لە ناو خێزانی کوردەواریماندا، بە شێوەیەکی بەرفراوان بەرقەرارە، خۆشبەختانە کوشتنی منداڵ لە ناو کوردستان بە کوڕ و کچەوە، لەبەر هەر هۆیەک بێت باو نییە و پەسەند نەکراوە، بەڵام جۆری توندوتیژی دەروونی، جەستەیی دژ بە ژنان بەربڵاو و پەسەندکراوە لە ناو کۆمەڵگەماندا.
ش، ب، خانمێکە کە چەندجارێک، پیاوەکەی توندوتیژیی لێ کردووە و دەڵێ: من لەژیانی هاوسەرێتی تا ڕادەیەک شکستم هێنا، چونکە ئەو پیاوەی شووم پێی کرد، ئەوە نەبوو کە من دەمویست. زۆربەی ڕۆژەکان لێمی دەدا، بەتایبەت ئەو کاتانەی کە مەی زۆر دەخواردەوە و زۆر لێی دەدام، من هەر بەرگەم دەگرت و دەمگوت بەڵکو بەرەو باشی بڕوات، بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبوو. من دوو منداڵم لێی هەیە و ئێستا لێی جیابوومەتەوە، لەو نێوەندەدا منداڵەکانم بوونەتە قوربانی، من لەپێناوی منداڵەکانم زۆر شتم قبوڵ دەکرد، بەڵام لەکۆتاییدا هیچ بەرگەم نەگرت و بڕیاری جیابوونەوەم دا. هاوسەرەکەم زۆر سوکەیەتی پێم دەکرد و دەیگوت، بەشەق تۆم هێنا بەشەقیش دەتبەمەوە ماڵی باوکت، تا وای لێهاتبوو لەمنداڵەکانیشی دەدا، چونکە زیاد لە پێویست دەیخواردەوە، ئیتر هەستم کرد هیچ ئومێدک بۆ بەرەوباشبوون لەو پیاوە نابینم، لەگەڵ خێزانەکەم گفتووگۆم کرد و بابەتەکەم تێگەیاندن، باوکم زۆر تووڕە بوو، بەبڕیاری خێزانەکەشم لێی جیابوومەوە، من دەڵێم هەندێک جیابوونەوە وەکو تازە لەدایک بووبیتەوە وایە، چونکە هاوسەرگیری واتە پێکەوەنانی خێزان و ئاسوودەیی، نەوەک هەموو ڕۆژێک ژیانت لە ناخۆشیدا بێت، هیوادارم ئەو خانمانەی دەیانەوێ هاوسەرگیری بکەن، دەبێ لە هەڵبژاردنی هاوسەری ژیانیان زۆر وریا بن، چونکە دوایی پەشیمان بوونەوە هیچ سوودێکی نییە، خۆزگە ژیان دەگەڕایەوە، تا بە عەقڵ بڕیارم دبووایە، بەڵام تازە هەرچی بڵێم هیچ سوودی نییە، تەنیا دەڵێم دڵم شکا تەواو بۆ تاهەتایە دڵم لەهەموو شتێک شکا.
ج. پ. پیاوێکی تەمەن ٤٠ ساڵانە و دانیشتووی هەولێر؛ ئەو لەلایەن خێزانەکەیەوە توندوتیژیی لێ کراوە و دەڵێ: من ساڵی ٢٠١٩ ژیانی هاوژینیم پێک هێنا و منداڵێکم هەیە، بەهۆی کێشەی خێزانییەوە لە هاوسەرەکەم جیا بوومەتەوە. هاوسەرەکەم زۆر ئەزیەتی منی دەدا، چەندینجار لەکاتی دەمەقاڵیدا برینداری کردووم، بەڵام من خۆشم ویستووە و هیچم بەرامبەر نەکردووە، لەکاتی شەڕمان چەندین قسەی نەشیاو و ناشرینی پێ گوتووم، خێزانەکەم زۆر تووڕە و توند بوو، بەهیچ شێوەیەک قسەی لەگەڵ نەدەکرا، من یەک قسەم بکردابایە بۆم دەهات یان شتی تێم دەگرت، هیچ ژیانم نەمابوو، نازانم بۆ وای بەرامبەر من دەکرد، چونکە من هیچ خراپ نەبووم بۆی، بەڵام ئەو بەرگەی هیچی نەدەگرت، لەپێش هەر کەسێک بوایە گوێی لێ نەبوو سووکایەتی پێم دەکرد، لەپێش خانەوادەکەم چەندینجار سوکایەتی پێم کردووە کە قسەکان هێندە ناخۆشن ناتوانم لێرە باسی بکەم، لەکۆتاییدا ناچاربووم جیاببمەوە، چونکە لەوپەڕی ناخۆشیدابووم، من منداڵێکم هەیە، بەزۆر دەهێڵێت بیبینم، هەفتەی نیو سەعات ڕێگە دەدا منداڵەکەم ببینم، من ئێستا لە بارودۆخێکی زۆر ناخۆش دەژیم، خۆزگە ژیانم ئاوا نەدەبوو، بەڵام ئیتر ئەوە قەدەری خودای گەورەیە و چارەنووسی منی وا دیاری کردووە.
ئامانج ناسح، پارێزەرە و باس لەیاساکانی توندوتیژیی خێزانی دەکات و دەڵێ: بیرۆکە و شێوەکانی توندوتیژیی خێزانی بەپێی یاسا لە ماددەیەکی ئەم یاسایە، توندوتیژیی خێزانی بەوە پێناسە کراوە کە بریتییە لە هەر کردارێک یان گوتەیەک یان هەڕەشەکردنێک، لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی پەیوەندییە خێزانییەکانی بونیاتنراو، لەسەر بنچینەی هاوسەرگیری و خزمایەتی تاوەکو پلە چوار، ئەو کەسەی بەپێی یاسا خراوەتە پاڵ خێزان، بە جۆرێک زیانێکی جەستەیی یاخود دەروونی بنێتەوە و داماڵینی ماف و ئازادییەکان لە خۆوە بگرێت.
مەبەست لە خێزان بریتییە لە کۆمەڵە کەسێکی سروشتی کە پەیوەندییەکی هاوسەرگیری یاخود خزمایەتی تاکو پلە چوار دەیانبەستێتەوە، و هەر کەسێکیش بەپێی یاسا خرابێتە پاڵ خێزان. مەبەست لە خزمایەتی تاکو پلە چوار بریتییە لە، پلە یەک واتە دایک، باوک، کوڕ، کچ لەخۆدەگرێت. پلە دوو واتە خوشک، برا، کوڕی کوڕ، کچی کوڕ، باپیر، داپیر لە خۆدەگرێت. پلە سێ واتە مام، پلک یان پوور لەخۆدەگرێت. پلە چوار واتە منداڵی مام، منداڵی پلک یان پوور لەخۆدەگرێت. پیادەکردنی ئەم یاسایە، مەرجە پەیوەندی نێوان کەسی تۆمەتبار و کەسی قوربانی لەسەر بنەمای هاوسەرگیری یاخود خزمایەتی تاکو پلە چوار بێت، یاخود هەر کەسێک بەپێی یاسا خرابێتە پاڵ خێزان. ئەو کردەوانەی کە بەپێی ئەم یاسایە بە توندوتیژیی خێزانی هەژمار دەکرێن لەگەڵ مەرجەکانیان لە ماددەی دووی ئەم یاسایەدا هەندێک شێوەی ئەو کردەوانە خراونەتە ڕوو، ئەگەر ئەنجام بدرێن ئەوا بە توندوتیژیی خێزانی هەژمار دەکرێن، چ زیانی جەستەیی یاخود دەروونی بنێتەوە، مەرجە تاوەکو کردارێک بە توندوتیژیی خێزانی هەژمار بکرێت، لە لایەن کەسێکەوە دژی یەکێکی تر ئەنجام بدرێت کە هەردووکیان پەیوەندی هاوسەرێتی یاخود خزمایەتی تاکو پلە چوار بیان بەستێتەوە یان هەر کەسێک بەپێی یاسا خرابێتە پاڵ خێزان، بەدەر لەم حاڵەتە کردارەکە بە توندوتیژیی خێزانی هەژمار ناکرێت، ئەم کردارانەش یاسا ئەنجامدانی قەدەغە کردووە و سزای دیاری کراویش بەسەر کەسی ئەنجامدەر دەسەپێنێت. دەڵێتیش: هەندێک سزا هەیە کە یاسا دەیسەپێنێت وەکو، بە زۆر بەشوودان، نابێت کەس ناچار بکرێت شوو بە کەسێکی تر بکات لەسەر بنەمای ئەوەی کەوا هاوسەرگیری لەسەر ڕەزامەندی و ئازادی هەڵبژاردن بنیات نراوە، هەر تاکەکەسێکی تر لە نێو بازنەی خێزاندا ناچار بە شووکردن بکات، ئەوا بە ئەنجامدەری تاوانی توندوتیژیی خێزانی هەژمار دەکرێت و سزا دەدرێت.
ئەگەر پیاوەکە نەچووبێتە لای هاوسەرەکەی، گرێبەستی هاوسەرگیرییەکە پووچەڵ دەبێتەوە.ئەگەر چووبێتە لای، ئەوا گرێبەستەکە بە ڕاوەستاو هەژمار دەکرێت لەسەر مۆڵەتی ئەو کەسەی زۆری لێ کراوە.
ئەویش بەپێی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی ساڵی ٢٠٠٨. ژن بە ژنی و بەشوودانی بچووک، مەبەست لە ژن بە ژنی ئەوەیە کە هەردوو گەورە کاربەدەستی خێزان مەرج بکەن بەوەی بەرامبەر مارە بکات، بۆیە یەکێکیان بەوەی تر دەڵێت: لێم مارە بکە، لێت مارە دەکەم، بۆ نموونە دەڵێت:
کچەکەتم لێ مارە بکە، کچەکەم لێت مارە دەکەم.
یاخود بڵێت: خوشەکەکەتم لێ مارە بکە، خوشکەکەم لێت مارە دەکەم؛ بەم چەشنە، یاسا ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەی قەدەغە کردووە و بە توندوتیژی خێزانی هەژماری کردووە.
یاسا بەشوودانی بچووکی قەدەغە کردووە و ئەم کردارەی بە جۆرە توندوتیژییەکی خێزانی هەژماری کردووە و یاسا سزای بۆ داناوە. بەشوودان لە بری خوێن، بریتییە لە حاڵەتی بەشوودانی ئافرەتێک بە پیاوێک بەبێ ڕەزامەندی، بەڵکو زۆرەملێی لێ کراوە تاوەکو ببێتە بەرامبەرێک یاخود بەدیڵێک بۆ بنبڕکردنی دژمنایەتیی نێوان دوو بنەماڵە، بۆیە لە بری پێدانی پارەی خوێن، هەڵدەستن بە سوڵحکردن لە ڕێگەی بەشوودانی یەکێک لە ئافرەتەکانی ئەو عەشیرەتە یاخود بنەماڵەیە بە پیاوێکی بنەماڵەکەی تری خاوەن مافی تۆڵە. ئەم کردارەش بە کردارێکی توندوتیژیی خێزانی قەدەغە کراوە بە پێی ئەم یاسایە هەژمار کراوە کە بکەرەکەی سزا دەدرێت. بەزۆر تەڵاقدان، بریتییە لە حاڵەتی بەزۆر ڕازی کردنی پیاو یاخود ژن لەسەر تەڵاقدانی نێوانیان لە ژێر پاڵەپەستۆی تاکەکانی خێزان بەهۆی کێشەی دیاری کراو یاخود بە پاڵنەری تۆڵەسەندنەوە یاخود بۆ دەستەبەر کردنی مەرامێکی دیاری کراو، بکەرەکانی دوای ئەم جۆرە تەڵاقدانەش سزا دەدرێن و بەپێی ئەم یاسایە بە شێوەیەک لە شێوەکانی توندوتیژیی خێزانی هەژمار دەکرێت.