ئەو بەفرە، ئەو بەفرە نەفرەتییە

و: خالید فاتیحی

جه‌مال میرسادقی
بەشی دووەم و كۆتایی
ئەو ڕۆژانەی كە هەوا خۆشبوو، گۆشتە بۆگەنەكان و ئێسقانەكانم دەبردنە زبڵدانەكەی سەر ڕێگا. فیتوویەكم لێدەدا سەگەل بەكلكەسووتێ‌ دەهاتن. بەڵام ئێستا كێ‌ دەتوانێ‌ ئەو هەموو ڕێگایە ببڕێ‌؟
هەر لەوێ‌ لە پەنایەك هەڵمڕشتن و گەڕامەوە. پێیەكانم لەگۆ چووبوون، ئەو بەفرە بێ ئامانە. پێیەكانم لەسەر ئاگر دانا. چزەی لێدەهات. پێم خۆشبوو لەناو ئاگرەكەم هاویشتبان. هێشتا گەرم نەببوومەوە، وەستام نەڕاندی:
«دووبارە پەیدا بووەوە. بڕۆ ئەوجار لە دەستت دەرنەچێ‌. بیست تمەن و خوردەیەك قەرزدارە، نا جسنە نەدێ گۆشتی بەرێ‌، نە قەرزەكەش دێنێتەوە.»
بە لاژە لاژ هاتمەدەر، ناڕەسەن. چەقۆت لێدابام خوێنم لێ نەدەهات. ئاخر بڵێ تۆ كە لەو دەورووبەرانە خۆت دەرنەدەخست، ئێستا چ مەرگێكتە خۆت نیشان دەدەی؟ لەسەر شەقامەكە گەیشتمە لای و هاوار م كرد:
«خانم، هۆی خانم…»
یەك دوو پیاو ئاوڕیان دایەوەو سەیریان كردم، مایەی شەرمە زاری! لەگەڵ كوڕوكاڵی گەڕەك زۆرمان تاقی كردبوونەوە. ئەگەر لەنێو هەزاریاندا بانگت كردبا: «ئەرێ‌ هۆی ڕووقییە خانم. هۆی…» هەموویان ئاوڕیان دەدایەوەو تەماشایان دەكردی. دەتگوت ناوی هەموویان ڕووقییە خانمە!
كۆڵانەكە چۆڵ بوو دەنگی من وەك بۆمبێك تەقییەوە:
«ئەرێ‌ هۆی ی ی ی …»
بەڵام ژنە هۆشی نەبوو تیژ دەڕۆیشت. لەبەر خۆمەوە گوتم لەو پیرە خەڵفاوانەیە. بەو چەكمەو لەش و لارەیەوە دیاربوو. ئەوجار خۆم گەیاندێ‌ و لەپشت سەریەوە قیژاندم:
«خانم، هۆی خانم…»
یەكسەر ڕاوەستا. گەڕایەوە تەماشای كردم. كە ڕوخسایم دیت، تێكڕابووم. جوان و لەبارو مێرمنداڵ بوو. نەك وەك ئەوانەی خۆیان تاس و لووس دەدەن و كە باو بارانێك لێی دان، نه‌توانی سەیریان بكەی. لەوانەبوو كە تا دڵ حەزدەكا لێی ڕامێنی، جوان و لەبەردڵان بوو. چارشێوەكەی تووند لەخۆیەوە پێچابوو، بووخچەیەكی گەورەشی لەبن هەنگڵ نابوو بە ئەندازەی مەنجەڵێكی گەورە دەبوو. هەروا كە بەسەرسووڕمانەوە سەیری دەكردم پرسی:
«چیت دەوێ‌؟»
«وەستام ناردوومی….»
نەیهێشت قسەكەم تەواو كەم، برووسكەیەك كەوتە چاوەكانی، زانیم ناسیومیەوە. بە پەرێشانییەوە گوتی:
«بڕۆ پێی بڵێ پێویستی نەدەكرد یەكێكم بەدوابخا، هەركاتێك بۆم گونجا بۆخۆم بۆی دێنم.»
هیچ نەیویست نه‌بوو شێرو ڕێویان بێنێتەوە. هەر زوو تێگەیشتم فرت و فێڵی نیین، بەڵام ئەو سەرما گورچووبڕە، لەپەل و پۆی خستبووم. گوتم:
«دەڵێ تا پارەكەی وەرنەگرم، نابێ پێم لەدوكان بنێمەوە.»
سەیرێكی سەرتاپای كردم. لێوەكانی لەرزین:
«كوڕیژگە گیان، ئاخر باش نییە وەدوام كەوی. خەڵك سەیرمان دەكەن، بۆ من باش نییە. بڕۆ پێیبڵێ هەركاتێك پارەیەكم كەوتەدەست لەپێشدا پارەكەی ئێوە دەدەم. نامەوێ‌ پارەكەتان بخۆم، چەند ساڵە مشتەریم.»
لەسەرمان ڕەق ببوومەوە هێندەم سەرمابوو:
«پێیگوتووم تا پارەكە وەرنەگرم نەگەڕێمەوە دوكان. كارو كاسبی كزە، حاڵمان باش نییە.»
ژنە چەند ساتێك ڕاوەستا، هەروا سەیری دەكردم. پاشان بێ ئەوەی وشەیەك بڵێ، سەری بەردایەوەو تووند ڕۆیشت. بیرم كردەوە ڕەنگە بیری لەشتێك كردبێتەوە. هەمیشە كاتێك بێدەنگ دەبوون، نیشانەی باشی بوو. منیان تا بەردەرگای ماڵەوەیان دەبردو پارەیان لەم و لەو قەرز دەكردو دەیان دامێ‌. دڵم نەهات دووبارە وەڕووی هەڵێنم، لەبەرئەوەی ژنێكی باش دیاربوو. نە جنێوی پێدام، نە بەردیشی تێگرتم، نە ڕێگاو شوێنیشی بۆدانام. هەروا وەدوای دەكەوتم و هیچم نەگوت. ژنەش هیچی نەگوت. بێدەنگ بوو، بەڵام خەڵك سەیریان دەكردین. لەدواییدا دەتگوت تووڕەبووە، ڕاوەستا، بەچاوە ڕەشە گەورە كانییەوە تێم ڕاما:
«كوڕەكە گیان، ئاخر ئەگەر هەمبایە دەمدایتێ‌. هێندە وەدوام مەكەوە. باش نییە، خەڵك بیری خراپ دەكەنەوە خۆ تۆ منداڵ نی، دەبێ ئەو شتانە بزانی.»
دەنگی دەلەرزی. نازانم لەسەرمان بوو، ئەو سەرما كوشندەیە، یان شتێكی دیكە. پێموابوو دەمباتە ماڵەوەیان تا قەرزەكەم بداتێ‌، منی خۆش خەیاڵ، دووبارە خاو بوومەوە. پێ و گوێم سڕببوون. قسەی وەستام: «لێگەڕای لەدەستت دەرچێ‌ هیچ و پووچ…» دەستمكرد بەهات و هاوار. ژنە واقی وڕما:
«ئاخر بێ مروەت، كاتێك نەمبێ لەكوێ‌ بۆت بێنم؟ دەتەوێ‌ لەبەرچاوی خەڵك ئابڕووم بەری؟»
پێیەكانم، گوێچكەكانم، ئەو سەرما گورچوو بڕە.. دادو هاوارم بەرزتر كرد. دەستیكردبەپاڕانەوە:
«زۆرباشە هاوار مەكە، بەیانی حەتمەن لە جێگایەك بۆی پەیدادەكەم و بۆی دێنم، بەخودا بۆی دێنم.»
دەیویست تووندتر بڕوات، سووچێكی چارشێوەكەم گرت. پێیەكانم، گوێچكەكانم، «هێشتت لەدەستت دەرچێ‌…» كۆڵەگریم لەگەروو دابوو، هیچ و پووچ…» هات و هاوارم بەرزتر ببوو:
«گۆشتت بردووە پارەكەی بدە، بیست تمەن و خووردەیەكە.»
كاتێك خەڵك لێمان كۆبوونەوە، ڕەنگی چۆن گۆڕا، وەك مردووانی لێهات.
دەنگەكان بەپشتیوانی لە من بەرزبوونەوە:
«كوڕیژگە گیان چییە؟ بۆچی دەگری؟»
«كوڕەكە گیان چتە، كێ‌ لێیداوی؟»
من هاوارم بەرزتركرد. بەرە بەرە كۆڵانەكەم وەسەر خۆم گێڕا. پاشان نازانم چی بوو چیم گوت كە ژنە پەلاماری دام، بەو دەستەی دیكەی كە بەتاڵ بوو، دەستی كرد بە لێدانم. چ چاپەڵۆكێك، زۆری ئازاردام. فرمێسك چاوەكانمی پڕكرد. بێویژدانە سەیر دەستی دەوەشاند چ دەستێكی قورسی هەبوو!
هیچ كەسێك ئاوا لێینەدابووم، تەنانەت حاجیاغاشم. فرمێسك بەچاوەكانمدا هاتنەخوار.
گوێم لەدەنگەكان بوو:
«بۆ لێی دەدەی ژنەتیوە؟»
«گۆشتت كڕیوە پارەكەشی بدە»
«هەقت نییە لێیبدەی. منداڵەكەت كوشت؟»
ڕقم هەستا بوو كە ئەوە چ جۆرە بنیادەمێكە. هیچ كات كار نەدەگەیشتە ئەو ڕادەیە. هەركاتێك خەڵك كۆدەبوونەوە، سەرو بەری كێشەكە پێكدەگیرا. بەڵام ئێستا دەمدیت ژنە بەو ڕوخسارە سپی هەڵگەڕاوەی، هەروا لێیدەدام. ئەگەر خەڵك لە بەر دەستی دەریان نەهێنابام، شل و كوتی دەكردم. بەڕاستی گێژببووم. هەم لێی بەڕق داچووبووم هەم دڵیشم پێی دەسووتا. خۆزگە لێی گەڕابام بڕوات. نازانی چەندە تێكچوو بوو، چۆن تێك تەپی بوو، چەندە بێچارەو بەدبەخت.
لەناو ئاپۆرای خەڵكەكە ڕاوەستابوو چاوەڕەشەكانی دەبریسكانەوە. هەروا دەلەرزی، وەكو درەختێك كە ڕایوەشێنی.
پێیەكانم، گوێیەكانم، دەستەكانم. هەمووی خەتای ئەو بەفرە بوو كە دووبارە دەستی كردبووەوە بەبارین. وەكو سەگێكم لێهاتبوو، سەگێكی هاری نەفرەتی. لەو كاتەدا چارشێوە كەیم ڕاكێشاو بووخچەكە لەبن هەنگڵیدا خزیەخوار. دیتم چەندە تێكڕابوو، چەندە دەستەپاچەبوو. دەیویست بووخچەكە تووند بگرێ‌، دەستی لەرزی. دەستی وەبووخچەكە كەوت. بووخچەكە پەڕی، وەك تۆپێك، ڕێك وەك تۆپێكی یاری. لە هەوالێك بڵاو بووەوە. ئێسقانەكان، هەمان ئەو ئێسقانانەی كە من لە كۆڵانەكە فڕێم دابوون، هەمان ئێسقانەكانی كە رێزدار جەنابی سەرهەنگ دەیبردن بۆ…. لە بەرچاوی هەمووان، كەوتنە سەر زەوی.
دیتم كە چۆن ژنە وەكو فانۆس زەرد هەڵگەڕا، دیتم چۆن ئەژنۆی شكاو لە پێش ئێسقانەكاندا لە سەر زەوی چۆكی داداو ئەشك بە ڕوخساریدا هاتەخوار.
چوومە پێش. ئازارم نەمابوو. چوومە پێش و دەستمكرد بە كۆكردنەوەی ئێسقانەكان. هەریەكەو بۆ شوێنێك پەرت ببوون. چەندە ڕقم لەو كەسانە هەستابوو كە لە دەوروو بەری ئێمە كۆببوونەوە، چەندەش لەخۆم….
ئیدی نازانم چی بوو، كاتێك دیتم لە ژێر بەفردا ڕادەكەم و دەگریم، ئەو بەفرە نەفرەتییە….

  • * *
  • سەنارو عەباسی دوو جۆرە دراوی كۆنی ئێرانی بوون.
    سەرچاوە:
    كتێبی: «یادگاری خشكسالی های باغ» انتشارات نیلوفر/1376
ھەواڵی زیاتر