سەنتەرێکی مافی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، پیسبوونی هەوای بەغدا، لە سەدا 60ـی بەهۆی دووکەڵی ئۆتۆمبێلەوەیە، پسبوونە گازییەکان لەئەنجامی سووتاندنی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە بە بەنزین و گازوایل کار دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فازڵ غەڕاوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیجیی مافی مرۆڤ لە عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، عێراق لەسەر ئاستی جیهان ڕیزبەندی 55ـی گرتووە، لە ڕێژەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل، هەروەها لەسەر بنەمای ڕێژەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بۆ هەر هەزار کەسێک بەکار دەهێنرێن، لە ڕیزبەندی 20مدایە لە کۆی 63 وڵاتدا کە ساڵانە ڕێژەی گەشەکردنی ئۆتۆمبێل بە ڕێژەی 4% گەشە دەکات.
نیوزلەندا لە پلەی یەکەمدایە بە ڕێژەی خاوەندارێتی 869 ئۆتۆمبێل بۆ هەر هەزار کەسێک، لە کاتێکدا پاکستان لە ڕیزبەندی کۆتاییدا بوو بە 20 ئۆتۆمبێل بۆ هەر هەزار کەسێک.
غەراوی گوتیشی: ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە عێراق لە ساڵی 2024 دا گەیشتووەتە هەشت ملیۆن ئۆتۆمبێل، واتە بە ڕێژەی 1.9% یان نزیکەی یەک ئۆتۆمبێل بۆ هەر 5.55 کەسێک بە بەراورد بە ساڵی 2023، کە گەیشتە 1.8% بە بەراورد بە ساڵی 2022.
سەرۆکی سەنتەری ستراتیجیی مافەی مرۆڤ لە عێراق ڕاشیگەیاند، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2030 ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە عێراق بگاتە زیاتر لە 10 ملیۆن ئۆتۆمبێل و ئاماژەشی بەوەدا، کە زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان دەبێتە هۆی فشار لەسەر ژێرخانی ڕێگاوبان و پردەکان جگە لە تێچوونی زۆری هاوردەکردن.
غەڕاوی، ڕوونیشی کردەوە، ڕێژەی زۆریی دووکەڵی ئۆتۆمبێل لە عێراق مەترسیدارتر دەبێت بۆ سەر تەندروستی گشتی بەهۆی دەردانی ئۆکسیدی کاربۆن و نایترۆجین و گۆگرد کە دەبنە هۆی نەخۆشی جۆراوجۆری کۆئەندامی هەناسەدان، جگە لە کاریگەرییەکانی لەسەر نەخۆشی شێرپەنجە.
غەڕاوی، داوای لە حکوومەت کرد کە سنوورێک بۆ ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان دابنێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ توانای ڕێگەوبانەکان بگونجێت. هەروەها دامەزراندنی سیستەمێکی مۆدێرن بۆ گواستنەوە لەسەر بنەمای وزەی نوێبووەوە. هەروەها چەمکەکانی پەرەپێدانی بەردەوام و شارە زیرەکەکان بە هەموو وردەکارییەکانیانەوە لەسەر بنەمای گازی دۆستی ژینگەییەکان و کەمکردنەوەی هاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بەنزین و گازوایل کا ردەکەن. چونکە کاریگەرییان لەسەر ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ دەبێت.