سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

پلاسخارت ئیدانەی رێگریکردن لە کاندیدانی پارتی لە شنگال دەکات

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ عێراق، ئیدانەی رێگریکردن لە کاندیدانی پارتی لە شنگال دەکات لەلایەن پەکەکەوە و رایدەگەیەنێت “هەموو کاندیدەکان ئازادن لە هاتووچۆ و بانگەشە کردن”.

جێنین ھێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوامیدا لە بەغدا لەبارەی رێگریکردن لە کاندیدانی پارتی لەلایەن پەکەکە گوتی: “ئاگاداری ئەو رووداوەی شنگالم، هەموو حزبێک ئازادە لە بانگەشەی هەڵبژاردن، دەبێ دەسەڵات لە هەولێر و بەغدا کار بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە بکەن. دەزانم بانگەشەکردن ئاسان نییە لە عێراق، بەڵام دووپات دەکەمەوە هەموو کاندیدێک ئازادە چۆن و لە کوێ بانگەشە دەکات، دەبێ بە ئازادانە هاتووچۆ بکات. من ئیدانەی ئەو کارە دەکەم”.

سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق پلاسخارت ئاماژەی بەوەدا: “ئێمە هەموو ئامانج و ئەرکمان ئەوەیە رێگری بکەین لە ساختەکارییەکان، بەتایبەتی لە کەرکووک، چاودێرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسەی دەنگدان، هەروەها چاودێری هەموو لایەنەکان دەکەین و بۆ ئەوەی بە دووربن لە هەڕەشە لە کاندیدەکان و دەنگدەران کە بە ناچاری دەنگیان پێبدەن”.

رۆژی شەممە 2ی ئۆكتۆبەری 2021 لە سنووری شنگال ژمارەیەک چەكداری پەکەکە رێگرییان لە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، كە بە نیازبوون بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی دەڤەرەكە بكەن