ئایدن مەعروف: داوا دەکەین ڕێککەوتنی شنگال بەزووترین کات جێ بەجێ بکرێت

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ڕایگەیاند، “داوا دەکەین ڕێککەوتنی شنگال بەزووترین کات جێ بەجێ بکرێت، تا وەکوو دۆخی ناوچەی شنگال ئاسایی بێتەوە و ئێزیدییەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.”

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، لە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ئێزیدییەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “داوا دەکەین ڕێککەوتنی شنگال بەزووترین کات جێ بەجێ بکرێت، کە لەنێوان هەولێر و بەغدا کراوە، تاوەکو دۆخی ناوچەی شنگال ئاسایی بێتەوە و ئێزیدییەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.”

ئایدن مەعروف، ڕاشیگەیاند، ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان بە مەبەستی پشتیوانیکردنی پێکهاتەکانە، کە ئێستە لە هەرێمی کوردستان پێکەوە ژیانێکی باش هەیە، هەروەها حکوومەتی هەرێم هەرێم لەهەموو کات زیاتر پاڵپشتی ئێزیدییەکان و پێکهاتەکان بووە، کە ئەمەش فاکتەرێکی زۆر گرنگە.

ئایدن گوتیشی: داوا لە لایەنە سیاسییەکان و عێراق دەکەین دەستوەردان لە کاروباری پێکهاتەکان نەکەن، چونکە کاریگەری خراپ دروست دەکات.

ڕێککەوتننامەی شنگال

رێككەوتنی ئاساییکردنەوەی شنگال لە (ئۆکتۆبەری 2020) لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا مۆر كرا، کە لە شەش خاڵی سەرەکی لەخۆ دەگرێت:

1. هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ.

2. حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات.

3. دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ.

4. كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی.

5. هیچ كەسێكی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت.

6. هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی بكەن.

ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزیدییەکان

ڕۆژی شەممە، 08-06-2024، ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزیدییەکان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هەوڵی ژمارەیەک لایەن بۆ گۆڕینی ناسنامەی “ئێزیدییەکان” لە کوردەوە بۆ نەتەوەیەکی سەربەخۆ، لە ڕێگەی پەرلەمانی عێراق؛ بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزیدییەکان بە توندی هەوڵی گۆڕینی ناسنامەی ئێزیدی لە کوردەوە بۆ هەر نەتەوەیەکی دیکە و دەستکاریکردنی ئەم شوناسە ڕەت دەکاتەوە. ئێزیدییەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کورد و ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و ڕۆشنبیرییان بە قووڵی لە خاکی کورددا چەسپاوە”.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئێزیدی، “ئایینێکی کۆنە و مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و بەشێکە لە میراتی لە مێژینەی گەلی کورد. ئێزیدییەکان بە زمانی کوردی قسە دەکەن، داب و نەریتی ئەوانیش لەگەڵ کولتووری گشتیی کوردیدا دەگونجێت. ئێزیدییەکان بە درێژایی سەدەکان، سەرەڕای ئەو تەحەددا و گۆشەگیرییانەی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، ناسنامەی ئایینی و نەتەوەیی خۆیان پاراستووە.”

ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزیدی جەخت لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە ناسنامەی کوردی ئێزیدی و هەوڵنەدان بۆ گۆڕین و ساختەکردنی دەکاتەوە. دەشڵێت، “پاراستنی ئەم ناسنامەیە مافێکی سروشتی و ئەرکێکی پیرۆزە و بەشێکی دانەبڕاوە لە پاراستنی میراتی کولتووری و ئایینی گەلی ئێزیدی و گەلی کورد بە گشتی”.

ھەواڵی زیاتر