Zom نموونەیەک بۆ کەمکردنەوەی شێرپەنجە

ڕێژین جەبار

ھەرێمی کوردستان لەرووی بەرھەمهێنانەوە نەبۆتە بەرھەمهێن و لە ئێستا ھەوڵ دەدرێت بۆ دروست کردنی جۆرەھا کارگە، بەڵی ھەندێک کارگە ھەیە بەڵام دەبینین کە خواست لەسەر ھەموو شتێک رۆژ بەڕۆژ لە زیاد بووندایە، ئەویش بە زیاد بوونی رێژەی دانیشتوان بەجۆرێک کە لە ھەندێ کات و بەرھەم، نەک بەرھەمی ناوخۆیی بەڵکو ئەوانەی ھاوردەشی دەکەن پێویستییەکانی نێوخۆیی پڕناکەنەوە. زۆر جارانیش ھەوڵ دراوە بۆ ھێنانە ناوەوەی بەرھەمە جۆر بەجۆرەکان بەتایبەت لە وڵاتانی دراوسێوە، کە ھەر بەرھەمی ئەوانن (بەڵام بە کوالێتی خراپ) بەشێوەی قاچاغ، کە لە ڕێگەی تیرە ڕێی چیاکانی سنوورەوە.
بەھەر شێوەیەک بێ کاڵاکان بەدەست کڕیارەکان دەگەن، لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا کوالێتی ئەم کاڵایانە کە بە ڕێگەی یاسایی یان نایاسایی دێنە ھەرێمی کوردستانەوە چۆنە و چەندە؟
بۆ ئەمە دەتوانین لە نرخی بەشێک کاڵاکە بزانین کە ئایا چۆن دەکرێ کاڵایەک لە وڵاتێکی دوور نا بەڵکو لەو دراوسێیانەی خۆمانەوە پێمان دەگات بەڵام نرخەکەی بەجۆرێک ھەرزانە کە واق وڕمان دەبی، بەتایبەت باسەکەی من لەسەر ئەو بەرھەم و کاڵایانەیە کە (دەخورێن) نەک ئەوانەی بەکار دەھێنرێن، وە ئایا لە وڵاتە دوورە دەستەکانەوە چۆن و بە چ نرخێک دەگەن ؟
ھەمیشە خاکی کوردستان چاوی لەسەر بووە، بەجۆرێک کە ھەوڵی لێ ستاندنمان دراوە و بەھەموو شێوەیەک ویستویانە و کردویانە کە رازی ببین بەوەی یان خاکەکەمان بخەینە ژێر دەستیان، یان لاوانمان لەژێر کۆنترۆڵ و قسەی ئەوان بن، جا ھەندێک جار بۆیان چۆتە سەر و ھەندێک جاریش بەرامبەریان وەستاوینەوە، ئەمە لە لاپەڕەکانی مێژوودا ھەیە و حاشا ھەڵنەگرە.
کاتێک لاوانی وڵاتەکەم بەرپەچی داخوازی و ویستی یەکێک لەو دراوسێیانەی داوەتەوە، ھەوڵی لەناوبردنی داوە، کە لەپێشدا بە کوشتنی ئاشکراو زۆر ڕوون ئەمەیان دەکرد کە ناچمە ناو تەواوی باسی کوشتن و بڕین و ئەنفال و کیمیاباران و ھیتر، بەڵام ئێستا لەڕێگەی ژەھر دەرخواردانی لاوانمانەوە ھەوڵی قاتی و قڕیی نەتەوەی کورد دەدەن.
ھەفتە ناگوزەرێ بەسەر ئەوەی دەیان تۆن لە خواردنی ماوە بەسەر چوو لە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان دەستی بەسەردا نەگیرێت (کە ئەمە کاری خۆمانە و لەپێناو پڕکردنی گیرفان ئەم کارە دەکرێت) بەڵام ئەوەی لەودیو سنوور دەیکات، تەنیا بازرگانێکی چەموش نییە، بەڵکو کلتورێکی سڕینەوە و نەخۆشخستنی ئێمەیە، کە ناتوانێ ڕاستەوخۆ بتکوژێ، پەنا دەباتە بەر ھێدی ھێدی کەم بوونەوەت و وەک فارس دەڵێن (بە لۆکە سەرت دەبڕێ).
کام خواردن و کاڵا کوالێتی نزم ھەیە، ئەو دەبێ ھەناردە بکرێت و کوالێتییە باشەکە بەتایبەت بۆ نەتەوەکەی خۆی بەکاری دەھێنێ، کە لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی سەرەنجی کڕیار رابکێشی پێویستە ھەمیشە کوالێتی بەرز پێشکەش بکەی، بەڵام چونکە ئەوان لە پێویستی ئێمە تێگەیشتوون و دەزانن کە لەرووی ناچارییەوە کڕیاری ئەم بەرھەمانەین، ئەوانیش بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئێمە دەکەن.
ھەبوونی زۆری بەھەمی جیاواز کار ناکاتە سەر نرخی کاڵا، تەنیا کاتێک ئەمە ڕوو دەدات کە کێبڕکێ بکەوێتە نێوان دوو بازرگان بۆ ڕاکێشانی سەرەنجی بەکاربەر و ھەڵکێش و داکێشی نرخ لە کاڵاکانیان ئەنجام دەدەن، بەڵام ئەوەی لە وڵاتی من ڕوو دەدات ئەم جۆرە کێبڕکێیە نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی تر ئەم کارە دەکەن ئەویش کەم کردنەوەی کوالێتی کاڵاکەیە لە خوودی کارگەکەوە، کە لەوکاتەدا بێگومان نرخی کاڵاکەش ھەرزانتر و کەمتر دەبێت بە بەراورد بە کاڵا ھاوشانەکانی خۆی لە بازاڕدا، کە بازرگانەکە بێ گوێدان بە سەلامەتی و تەندروستی نەتەوەکەی خۆی و بۆ قازانج کردن ئەم کارە دوور لە ھەموو پرەنسیپێکی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات.
لەوانەیە کارگەکانی دروست کردنی دەرمان نەتوانن پێویستی ناوخۆیی پڕبکەنەوە، بۆیە وەک بەرھەمە ھاوردەکانی تر ھاوردە دەکرێت کە بێگومان ئەویش بە ھەمان شێوە بە دوو ڕێگە دەبێت بەڵام بۆ من و تۆش دەبێتە جێگەی پرسیار کە ئایا ئەو ھەموو دەرمانە ماوە بەسەرچووە چۆن زوو زوو دەستی بەسەردا دەگیردرێت و لەناو دەبردرێت؟ بە چ ڕێگەیەک ھاوردەی وڵاتەکەم دەکرێ؟ ئایا دەبێ چەندی تر دەرخواردمان درابێ؟
چۆن دەبێ و دەکرێ بەرھەمێک کە پێویستی ڕۆژانەی بەکاربەرە بۆ خواردن و داواکاری زۆری لەسەرە، بە ھەمان نرخی ئەو وڵاتە بێت، واتە لەو وڵاتەی لێی دروست دەکرێ نرخەکەی چەندە لێرەش بەھەمان شێوە بێت و زۆر جارانیش ھەرزانتر.
ئەوەی من دەیبینم لە ژەھرخواردکردنی لاوانمان لەڕێگەی جگەرە و نێرگەلە و ڤەیپ و بابەتەکانی تری دوکەڵ، وە خواردنەوە کحولیەکانە. لەڕووی یاساییەوە تەمەنێک دیاری کراوە بۆ بەکاربەری ئەمانە بەڵام، ھیچ کۆنتڕۆڵێک نییە بۆ کوالێتی ھەموو ئەو بەرھەمە جیاوازانەی کحول و دوکەڵ، کە دەخزێنرێتە ناو ھەرێمی کوردستان، یاخود ھەر لەناو ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێن!
چۆن دەبێ ئەو بەرھەمانەی کە ڕۆژانە پێویستی سەر سفرە و خوانەکانمانە، بە ھەرزانترین نرخ، لە وڵاتانی وەک دەر و دراوسێ بگات بە دەستمان، بێ ئەوەی ھیچ بیرۆکەیەکمان ھەبێ، یان پێی بزانین کە چۆن و لەچی و کەی و بەدەستی کێ دروست دەکرێ؟ جگە لە گۆڕینی ژمارەی کاتی بەسەر چوون، کە ئەمە زۆر بە سانایی لە خودی کارگەکانەوە ئەنجام دەدرێت.
ناکرێ کارگەیەکی گەورە، بە ھەموو کاری (پلاستیک – کاغەز – توتن ….ھتد) و کرێی گواستنەوە و کرێکار و ئاو و کارەبا و زەریبە و ..ھتد، ئینجا پاکەتێک جگەرە بە (٥٠٠) پێنج سەد دینار بفرۆشرێت. بیر لە کوالێتیەکەی بکەوە کە دەبێ ئاخۆ چۆن و لەچی دروست کرابێ!
دەبێ چ قازانجێک لە فرۆشتنی شوشەیەک لەو ماددە کحولیانە ھەبێ، کە بە ھەرزانترین نرخ لە بازارەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەستن. ناگونجێ بە ھەموو تێچوویەکییەوە لە کارگەکەوە بۆ دوکانی فرۆشیار و دەستی کڕیار بە ھەمان نرخی دەبەیکی ئاو بێت.
قۆستنەوەی ھەلی ئەوەی کە دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان لە دۆخێکی دارایی خراپدا گوزەر دەکەن، لە لایەن قاچاغچی دەرمان و بەرھەمەکانی خواردن بێت یان بازرگانەوە، و زانینی پێویستی ئەم نەتەوەیە بۆ بەرھەمی ھەرزان، ساڵانە ھەزاران گیان دەبن بەقوربانی گیرفانی ئەوان. گرنگە بۆ داھاتووی خۆمان بیرێک لە ھەموو ئەوانە بکەینەوە، نەک بیر لە بازاڕی ئازاد، زۆرجار لەپاڵ ئەم ھەرزانی ئازادی بازاڕە، گرفتی تری تەندروستیت بۆ دروست دەبێ. بۆیە ئەم کارانەی کە ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە بە تایبەت لە دروست کردنی کارگە و زیاتر کوردستان بردنە پێش لەڕووی بەرھەم ھێنییەوە، کارێکی ناوازە و جێگەی دەستخۆشییە، کە دڵنیایی لە پاکی و چۆنیەتی کاڵاکە ھەیە، بەڵام ئەگەر بکرێ لە بەرھەمی خۆراکدا کارگەکان ھێندە زیادبن کە پێویستی ناوخۆ پڕبکەنەوە، ئەوا بە نموونە دەتوانین (Zom) باس بکەین کە ئەگەر نەتوانێ تەواوی پێویستی ئەم ھەرێمە پڕ بکاتەوە بە تەنیا، بەڵام دڵنیاین لەوەی کە بەرھەمێکی خۆمانەیە و دوورە لە نەخۆش کردن و ژەھر دەرخواردانی ئەم نەتەوەیە، بە بەراورد بە بەھەمێک کە کەسمان نازانین چۆن و لەچی و کەی و بەدەستی کێ دروست دەکرێ.
سەرێک بدە لە نەخۆشخانەکانی ھیوا و نانەکەلی. جوانتر لە بابەتەکەم تێدەگەی.

ھەواڵی زیاتر