ئەدەب لە زمانی پشکۆدا وەها ناسک دەبێتەوە، حەز دەکەیت گوێی بۆ بگریت، بیخوێنیتەوە، بە عیشقەوە سەیری لەف و نەشرەکانی بکەیت. پێشمەرگەیەک یاداشتەکانی دەنووسێتەوە، نووسەرێک ڕەخنە دەگرێت، شاعیرێک لەگەڵ نای و نەی مەولانا تێکەڵ دەبێت و شیعر دەنووسێت. پشکۆ هەتا بڵێی ڕاستگۆ و هێمن و لەسەرخۆیە، پشوودرێژ و جواننووسە. زمانی کوردی زۆر خۆش دەوێت و لە هەر بەرهەمێکیدا فەرهەنگێک چێ دەکرێت، بەدەر لەمەیش، نووسینەکانی ئەو دەڵێی نوقل ونەباتیان تێکراوە، شیرین وەک شیلاوی هەنگوین.
پشکۆ بۆ کورد ژیاوە، بۆ زمانی کوردی لێبڕاوە، لەپێناو ئەدەب خۆی گۆشەگیر دەکات و لە هیکڕا بە دیارییەکی نایاب دەگەڕێتەوە نێومان.. ئەو جارە دیوانی “من” پڕە لە هەستی هەمووان، ئاوێنەی ڕەنج و کۆخەمی ژوان و ژان و ژواری کوردە. عیشق سەرچۆپی دەگرێت و گۆرانی جاویدانیمان بۆ دەڵێتەوە:
دڵ کە دەسووتێ لە دووریی مەعشووق
چ جوانە کڵپەی ئەم دابڕانە!
کە فیڕاق نەبێ!
لیقای دڵ نابێ!
تەنیاییی ئەو، دووریی ئێمە و شارە، تەنیابوونە لە هاوڕێ و هاودەمانی:
وای چەند تەنیام
وای چەند تەنیام
من بێ شار و بەبێ ئێوە
عیشقی ژن و سەربەخۆیی کوردستان خەمی هەرەگەورەی ئەوە:
بەرەو نادیارە سەفەری من
هەموو شتێک جێدەهێڵم
دڵم نەبێ
ماڵاماڵی
سۆزی ژن و
خەم و ژانی
سەربەخۆییی کوردستانە!
دیوانی من، کۆبەرهەمی شیعریی پشکۆنەجمەدینە و بە زمانێکی ڕوون و ڕەوانی ئەدەبی نووسراوە، بۆ خوێنەران و کتێبخانەی کوردی مژدەیەکی خۆشە و پیرۆزە…
سوپاسی مامۆستا پشكۆ نەجمەدین دەكەین، دیوانە بەنرخەكەی پێشكەش كردین