دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

کاریگەری دووکەڵ لەسەر تەندرووستی مرۆڤ چییە؟

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

دووکەڵی ئۆتۆمبێل و مۆلیدەکان كە سەرچاوەی چەندین نەخۆشی ترسناكن بۆ مرۆڤ. بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی كە لە شوێنە قەڕباڵغەكان و ناو بازاڕو شوێنەكانی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل كاردەكەن و كاتێكی زیاتر لەو شوێنانەدا دەمێننەوە .

د. موخلیس جەودەت، دەربارەی بڵاوبوونەوەی دوکەڵەکان دەڵێ: كاریگەی دوكەڵی ئۆتۆمبێل بۆ سەر ژینگە دەكەوێتە سەر چەند خاڵێك وەکو، تێکڕای بڕی سوتەمەنی و بەکارهێنانی ڕۆژانەی ئۆتۆمبێلەکە لە ڕۆژیكدا. كوالیتی ئۆتۆمبێل و توانای مەكینەی ئۆتۆمبێلەكە. کوالێتی و پێکهاتەی جۆری سوتەمەنیەكە. بارودۆخی کەش و هەوا. ئەمانە و چەند هۆكارێكی تریش ڕێژەو كاریگەری ئۆتۆمبێل لە پیسكردنی ژینگە دەخاتەڕوو. دەبێت ئەوەش بزانین كە تێكڕای دەردانی گازی Co2 بەپێی بڕی سوتەمەنی بەكارهێنراو بۆ یەک لیتر بەنزین و گاز بەنزیكەی ٢.٣ بۆ ٢.٧ كگم بۆ هەر لیترێك. ئەگەر ئەم ڕیژەیە بەپێ كیلۆمەتری ڕۆژانەو سەرفكردنی بڕی سووتەمەنی و ژمارەی ئۆتۆمبێل ئەژمار بكەین دەزانین ڕۆژانەو ساڵانە چەند لەم گازە زیان بەخشانە دەكەینە ناو بەرگە هەواوە كە لە ئێستادا ساڵانە نزیكەی ٣٤ ملیۆن تۆن لەم گازە دەچێتە ناو بەرگە هەواوە و كە ئەمەش هۆكارە بۆ پیسبوونی هەوا كە هۆكارە بۆ لەناوچوونی چیانی زیاتر لە ٩٠ هەزار كەس ساڵانە.
دەشڵێت: ئەگەر بە تەنیا زیانی یەکێک لەو گازانە کە گازی کاربۆن مۆنۆکسایدە وەربگرین، زیانەکانی دووکەڵی ئۆتۆمبێلمان بو تەندروستی ئاشکرا دەبێت. کاربۆن مۆنۆکساید گازێکی بێ تام، بێ رەنگ و بێ بۆنە، ئەگەر کەسێک بۆ ماوەی شەش بۆ هەشت کاتژمێر ٪٠٠٠٣٥ گازەکە هەڵمژێت، ئەوا دووچاری نیشانەکانی سەرئێشە و گێژ بوون دەبێتەوە، خۆ ئەگەر رۆژانە ئەم گازە هەڵبمژرێت، ئەوا چەندین نەخۆشی درێژ خایەنی وەک نەخۆشی دڵ و بۆرییەکانی هەناسە، تێکچوونی و لاوازبوونی ماسوولکە و تێکچوونی گەدەی بە دواوە دەبێت. یەكێكی تر لە گازەكان كە زیان بەخشن بەتایبەت بۆ تەندروستی گازی .No2، كە بەپێ توێژینەوەیەكی ئاژانسی ناسا ڕێژەی ئەم گازە لە هەرێمی كوردستاندا زیاد بووەو كاریگەری تەندروستی خراپی هەیە لەوانە دەبێتە هۆی شێرپەنجەی سییەكان و نەخۆشی دڵ و هەناسەدان بەتایبەت لە منداڵان و توشبووانی ڕەبۆدا. لەبەر ئەوە چەند ڕینمایەكی پێویست بۆ خۆپاراستن لەم گازەو سەرجەم گازەكانی تر دەخەینەڕوو بەتایبەت بۆ كارمەندانی پۆلیسی هاتووچۆ و ئەو كەسانەی لەناو بازاڕو نزیك بە ترافیكەكان كاردەكەن و كاتێكی زیاتر دەمێننەوە. بەستنی ماسک لەسەر دەم و لووتیان بۆ ئەوەی لە كاتی هەناسەندا بەدوور بن لە هەڵمژینی ئەم گازە. دەستکێش لەدەست كردن بەتایبەت بۆ فیتەرەکان بۆ پاراستنیان لەزیانەکانی بەنزین و گازی ژەهراوی. ڕێكخستی كاتی چوونە دەرەوە بە تایبەت بۆ منداڵان و ئەو كەسانەی كە ڕۆژانە دەچنە ناو بازاڕ، وە پێوستە لە شوێنی كار كەمتر بێنە دەرەوە بۆ خۆپاراستن لە هەڵمژینی ئەم گازە پیسكەرە. ئاو خواردنەوە و شلەمەنیەکی زۆر ھۆکارە بۆ پاککردنەوەی ماددەی ژەھراوی لەناو لەش لەڕێگەی میزەوە بۆ کەم کردنەوەی ژەھراویی نیشتوو و کەڵەکەبوو. ڕێگاكانی خۆپاراستن بە گشتی لە دوكەڵی ئۆتۆمبێل و كەكردنەوەی زیانەكان لەسەر ژینگەو تەندورستی وەکو، لێخورینی كەم، كەمترین لێخورین واتە كەمترین دەردان، بۆ ئەوەی كەمترین كات ئۆتۆمبێل بەكاربهێنن ئەم چەند هەنگاوە گرنگن جێبەجێ بكرێت.
ئەو دکتۆرە ڕێنمایی خەڵک دەکات لەو دوکەڵانە و دەڵێ: بەكارهێنانی پاسكیل و بەپێ ڕێكردن و دوركەوتنەوە لەبەردەوامی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێل بۆ چوونە بازاڕو سەر ئیشی ڕۆژانە. بەكارهێنانی گواستنەوەی گشتی ئەگەر بەردەست بێت. هاوبەشی كردن لە هاتوچۆ بەجۆرێك لەگەڵ كەسە نزیكەكان پێكەوە چوونە بازاڕ و شوێنەگشتیەكان. ڕێكخستنی چوونە دەرەوە و كۆكردنەوەی چەند كارێك و ئەنجامدانیان لە یەك كاتدا. لێخورین بە دانایی. كەمترین دەردراو و كەمترین خەرجی. بەردەوام سیانەكردن و چاككردنی كەموكورتی ئۆتۆمبێلەكەت. بەكارهێنانی ڕۆنی گونجاو بۆ ئۆتۆمبێل. لەكاتی لێخورین ناكرێ پاڵەپەستۆ یا زیادكردن و كەمكردنی لەناكاو بۆسەر سكێتەری بەنزین و برێك، بەمەش بڕی بەكارهێنانی سوتەمەنی كەمترەو هەروەها سەلامەتی و تەمەنی بزوێنەری ئۆتۆمبێل زیاد دەكات. بەكارهێنانی سوتەمەنی كوالیتی گونجاو بۆ ئۆتۆمبێل بە پێ جۆری بزوێنەر. گەرمكردنی ئۆتۆمبێل، دور كەوتنەوە لە گەرمكردنی لە كاتی ئیش پێكردن بۆ كاتێكی زۆر كە ئەمە هۆكارێكە بۆ دەردانی گازی پیسكەری ژینگەو هەروەها بە فیڕۆدانی سوتەمەنی و خەرجی زۆر، هەوڵدان بۆ بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی كوالیتی بەرز كەپێوست بە گەرمكردن ناكات بە تایبەت لە وەرزی زستاندا.