ئاكەپە و جەهەپە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئامادە دەكەن

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی هێناوەتە بەرباس، بەتایبەت جەهەپەپەییان، چونكە ئەنجامەكە بە دڵی ئەوان بوو و پێیانوایە، ئەگەر بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، دەتوانن پۆستی سەركۆماری توركیا ببەنەوە و هەروەها لەناو پەرلەمانیش ببنە زۆرینە.

جەهەپە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا یەكەم پارت بوو و زۆرترین شارەوانی بردەوە، بەهۆی ئەوەی ٤٧ ساڵە، پارتی یەكەم نەبووە، بۆیە دووچاری غروورێكی سیاسی بوونەتەوە و پێیانوایە ئیدی ئاییندەی توركیا بۆ ئەوانە، سیناریۆی هەڵبژاردنی پێشوەختەش لەلایان بووتە رۆژەڤ، بەو مەرجەی گەلی توركیا داوای بكات.

ئەم گوتەیەی ئەردۆغان، بەو مانایە دێت، هەڵبژاردنی پێشوەختە لای ئاكەپە و مەهەپە بوونی نییە، ئەوان دەیانەوێت لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا خۆیان كۆكەنەوە و بە هێزێكی زۆرەوە بچنە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتیی.
حەمزە تاشجییەر، جێگری سەرۆكی جەهەپە، پێیوایە سەركەوتنی ئەوان پەیوەندیی بەو خزمەتە هەبووە، كە شارەوانییەكانی ئەوان كردوویانە.
حەمزە، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی (BBC) توركی، دەڵێت قەیرانی دارایی خەڵكی نیگەران كردبوو، شارەوانییەكانی جەهەپەش، ئەركی سەر شانی خەڵكیان لەڕووی ئابوورییەوە كەم كردبووەوە و خزمەتی زۆریان كردن، بۆیە ئەنجامەكەیمان وەرگرت.
بەڵام لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، دەڵێت لەناو سەركردایەتی جەهەپە باس نەكراوە، چونكە جارێ زۆر زووە، بەڵام فشاری گەلی توركیا لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە زۆرمان بۆ بهێنێت، بەدڵنیاییەوە داوای دەكەین.
لە هەڵبژاردنی ٢٠١٥، ئاكەپە زۆرینەی لەدەستدا و نەیتوانی بە تەنیا حكوومەت پێكبهێنێت، ئەردۆغان توركیای بردە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە و لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا، توانیان ببنەوە زۆرینە و بە تەنیا حكوومەتیان پێكهێنا.
بەڵام ئەمجارەیان جیاوازە، چونكە ئاكەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانیی دۆڕاوە نەك پەرلەمانی، تاوەكوو ئێستا حكوومەت و جومگە سەرەكییەكانی توركیا لەدەستی ئاكەپەدایە، بۆیە ئەردۆغان نایەوێت بەم حاڵەی ئێستاوە بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەو دەیەوێت جەماوەر لە پارتەكەی و خۆی ئاشت كاتەوە، ئەوكات بچێتە ناو هەڵبژاردن.
بولەنت تێزجان، پەرلەمانتاری جەهەپە، هەمان بۆچوونی حەمزەی هەیە و دەڵێت ئەگەر گەلی توركیا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، ئەوكات ئەوانیش داوای دەكەن، بەڵام جەهەپە خۆی سەرقاڵ دەكات بەوەی چۆن بتوانێت خزمەتی خەڵكەكەی بكات، لە رێگەی ئەو شارەوانییانەی بردویانەتەوە.
ئەو دەڵێت: ”هەڵبژاردنی یەك لە دوای یەك، هاووڵاتی ماندوو دەكات، هاووڵاتی دەیەوێت لە قۆناغێكی ئارامدا ژیان بەڕێبكات، ئێمەش وەكوو جەهەپە، دەمانەوێت سەردەمی ئێمە دەستپێبكات لەڕووی خزمەتەوە.“
جەهەپە لە ٢٠٢٣ چووە ناو كۆنگرە و گۆڕانكاری زۆر گەورەیان ئەنجامدا، سەرۆكی پارتیان گۆڕی و هەروەها بەشێكی زۆری سەركردایەتی پارتیش گۆڕدرا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە یەكەم تاقیكردنەوەی هەڵبژاردندا، بتوانن سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنن، بۆیە پێیانوایە ئەو سەركەوتنە هانیان دەدات، تا بتوانن پلانی زیاتر و خزمەتی زیاتر بكەن، تا بتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، ئیدی دەسەڵاتی سیاسی توركیا بە تەواوی بگرنە دەست.

ھەواڵی زیاتر