ئارام کۆشکی
نەتەوە و گەلە داگیرکراوەکانی دونیا زۆرن، بەڵام ڕەنگە بێکەسترین نەتەوە و گەلی داگیرکراو لەسەر گۆی زەوی تەنها کورد بێت. هاوکات بێپشتوپەناترین و گەورەترین نەتەوەش بێت، کە تا هەنووکە دەوڵەتی نییە. دەشێ بپرسین ڕیشەی ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە ئایا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە گەلێکە پارچە پارچەکراوە و تا هەنووکەش لە هەموولایەکەوە گەلێکی داگیرکراوە؟ یان چەندین هۆکاری دیکەی هەیە.
بێگومان ئەوەی کورد تا ئێستا دەوڵەتی نییە گەلێک هۆکاری هەیە و ڕەنگە ئەم وتارە کورتە جێگەی باسکردنی هۆکارەکانی نەبێت، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە بابەتەکەمانەوە هەیە ئەو داگیرکردنەی کوردە لەلایەن نەتەوەکانی ترەوە و کە تا هەنووکەش گەلێکی کۆڵۆنیکراوە و ئازادی بۆ فەراهەم نەبووە.
کاتێک هەفتەی ڕابردوو کتێبی “وێنەی داگیرکراو”م خوێندەوە لە هەر لاپەڕەیەکدا وێنەیەکی کورد وەکو نەتەوەیەکی کۆڵۆنییکراو لەبەرچاومدا ئامادەبوو. ئەگەرچی کتێبەکە باس لە هێز و هەیمەنەی کۆڵۆنیالیزم دەکات و باسی کورد ناکات وەکو نەتەوەیەکی کۆڵۆنیالیکراو، بەڵام من هەمیشە وێنەی کوردم هەر لەبەرچاودابوو، ئەمەش پەیوەندی بەو دۆخەوە هەیە کە ئێمە تا ئێستاش هەر لە وێنەی نەتەوەیەکی داگیرکراودا درێژە بە بوون و مانەوەی خۆمان دەدەین.
کتێبی “وێنەی داگیرکراو” لە نووسینی “ئەلێر مێمی”یە و “خالید سڵێمان” لە فەرەنسییەوە کردوویەتی بە کوردی و دەزگای دواڕۆژ بە چاپی گەیاندووە. ئەم کتێبە ژان پۆڵ سارتەر-ی فەیلەسووفی فەرەنسی و یەکێک لە بیرمەندە بوونگەرەکان پێشەکی بۆ نووسیوە و گەلێک ستایشی کتێبەکەی کردووە. نووسەری ئەم کتێبە لە ساڵی 1920 لە خێزانێکی جولەکەی تونس لە دایکبووە. وەک لە پێشەکی وەرگێڕدا هاتووە عەلمانییەتی ڕۆژئاوا هەر زوو لە کەشی ئاینی خێزانەکەی دووری دەخاتەوە.
ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ پیشاندانی ڕەفتار و کولتوور و هەڵسوکەوت و کاراکتەری داگیرکەر و دواتریش لەسەر کاراکتەری داگیرکراو دەوەستێت. هەژموونی کۆڵۆنیالیکردنی ئەوروپاییەکان بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی زۆری وڵاتانی عەرەبی کاریگەریی کردووەتە سەر دونیابینی نووسەران و بیرمەندان، هەر بۆیە بەشێک لە بیرمەندانی جەزائیری و تونسی لەسەر دۆخی کۆڵۆنیالیزم و کۆڵۆنیالیکردنیان نووسیوە. ئەلبێرت میمی یەکێکە لەو نووسەرە کاریگەرانەی کە ئەم کتێبە ئەگەرچی 70 ساڵ لەمەوبەر نووسیوەیەتی، بەڵام تا هەنووکەش وەکو سەرچاوەیەکی گرنگ و دەگمەنی ئەو بوارە ئەژمار دەکرێت و لە نووسینی ئەم کتێبەدا مێمی دۆخی وڵاتی جەزائیر و تونسی لەبەرچاو بووە و لەوێوە وێنەیەکی لەسەر داگیرکەر و داگیرکراو لا خەمڵیوە، کە دواجار بووەتە هەوێنی ئەم کتێبە.
وەک وەرگێریش ئاماژەی بۆ کردووە، لە کتێبەکەوە تێدەگەین کەسی داگیرکراو، پێش ڕزگارکردنی خاک پێویستی بەوەیە لەوە ڕزگار بێت کە کەسێکی داگیرکراوە؛ زمان و ڕەفتارێکی دیکەی هەبێت. ئەلبێر مێمی لە کاتێکدا ئەم کتێبە دەنووسێت خەڵکی جەزائیر لە گەرمەی شەڕی ڕزگاریدا بوون، بەڵام ئەو باسی لە شێوازێکی تر لە ڕزگاربوون بوو لەو مۆدێلەی داگیرکەر لە دوای خۆیەوە بەجێی دەهێڵێت. خاڵێکی گرنگ لەم کتێبەوە فێری دەبین ئەوەیە کەسی داگیرکراو، یان گەلی داگیرکراوە چەندە گرنگە خۆی ڕزگار بکات هێندەش گرنگە خۆی لەو وێنەیە ڕزگار بکات کە داگیرکەر لەدوای خۆی بەجێی دەهێڵێ. یەکێک لە کێشەکانی ئێستای عێراق و پەیوەند بە دۆخی کوردەوە ئەوەیە کە ڕژێمی بەعس چونکە زهنییەتی زۆرینەی عێراقییەکانی داگیر کردووە، بۆیە هەمان عەقڵیەت دوای 21 ساڵ لە ڕووخاندنیشی هێشتا ئەو وێنەیە بەردەوامە و مۆدێلەکانی بەعس لە فۆڕمی تردا بەردەوامن بۆ چەوساندنەوەی کورد و کەنارگیرکردنی.
ڕەنگە غەدەر لە کتێبەکە بکەین و نەتوانین بە وردی باسی زۆر لایەنی گرنگی دیکەی ئەم کتێبە بکەین، بەو پێیەی ئەم کتێبە دەچێتە سەر زۆر وردەکاری دۆخی داگیرکەر و داگیرکراوەوە و ئەمەش پێویستی بە وردبوونەوە و شرۆڤەی درێژ هەیە، بەڵام تەنها دەتوانم بڵێم ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ شرۆڤەکردنی هەموو لایەنە جۆراوجۆرەکانی دۆخی داگیرکەر و هاوکات دۆخی داگیرکراویش، بۆیە وەکو نووسەر خۆی دەڵێت بۆ هەردووکیان سوودی هەیە.