شێرکۆ حەبیب
ئەو چەند وشەیە کە بۆتە ڕستەیەک وەک سیمفۆنیای مۆزارت و بتهۆڤن وا ناوبانگی دەرکردووە وای لێهاتووە بۆتە سەر دێری هەواڵەکان و سۆشیال میدیا و گەورە و بچووک دەیڵێنەوە، مووچە بژێوی زیاتر لە سێ بەشی هاووڵاتیانی کوردستانە و تاکە داهاتی بژێویانە، ئەم هات و نەهاتە کاریگەری لەسەر هەست و دەرونی هاووڵاتیان کردووە و ئەوەشی سەلماندوە کەوا هزر و بیری شۆڤێنی تا ئیستا زاڵە لە بەغدا بەرامبەر سادەترین مافی هاووڵاتی کوردستانی و ئەوەش ڕوون بۆتەوە کەوا بەغدا باوەڕی بەهێز و توانای سەربازی خۆی نەماوە کەوا قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکات، چونکە تا ئێستا ژانی پردێ و سحێلا بەری نەداوە، لە کاتی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، بەڵام وادیارە دەیەوێت لە ڕووی ئابووری فشار بخاتە سەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ملکەچی بڕیارەکانی بەناو دادگای فیدراڵ و میللیشیاکانی بێت، کە هەموو هەوڵەکان دژ بە هەرێمی کوردستان و میللەتەکەی و بچووک کردنەوەی قەوارەکەیەتی، بەڵام نازانێ کەوا مووچەخۆران سەرەڕای ئەوەی مووچە مافێکی سروشتی و یاسایی خۆیانە، بەڵام سەر بۆ دوژمن دانانەوێنن، خۆڕاگری مووچەخۆران پیلانەکانی نەیارانی زیندە بەچاڵ کردووە و سەروەری کوردستانیان پاراستووە. نەک هەر خەون و پیلانی دوژمنان بەڵکو ئەوانەی هاوکاری دوژمنان دەکەن و سەرچۆپی و شایی بۆ دەکەن ڕوو ڕەشی دونیا و قیامەت کردوون.
سەیرە هەندێ لایەن و کەسانێک تومەت دەخەنە پاڵ حکوومەتی کوردستان کە هۆکاری دابەش نەکردنی مووچەیە، بەتایبەتی پارتی تۆمەتبار دەکەن کەوا بڕی پارەی تەواو هەیە و لەبەر دەستدایە، بەڵام دابەشی ناکات، ئەگەر گریمان ئەو بۆ چوونە وایە هەر چەند زۆر دوورە لە ڕاستی، بەڵام لە خۆیان ناپرسن کێ زەرەرمەندی یەکەمە، بە هەموو پێوەرەکان ئەندامانی پارتی چونکە پارتی هێزی یەکەمی کوردستان و ئەندام و لایەنگرانی زۆرترینن واتە زۆرترین مووچە خۆری هەیە، چ عەقڵ و مەنتیق قەبووڵ دەکات کەوا پارتی غەدر لە ئەندامانی خۆی بکات، ئەوانە لە ڕوانگەی خۆیانەوە دەڕواننە بابەتەکان بۆیە بەم شێوازە بیر دەکەنەوە و بوونەتە داردەست و چاوساغی دوژمنان و دوژمن بە چاوی سووک سەیریان دەکات ئەوان زیاتر دوای نەیارانی کوردستان دەکەون و دەبنە نۆکەریان .
هەروەک مەسەلەی ستالین و مریشکەکە؛
“دەڵێن جارێک ستالین لە یەک لە کۆبوونەوەکانی مریشکێکی زیندووی لەگەڵ خۆی بردۆتە کۆبوونەوەیەک، بەدەستێک توند مریشکەکەی گرتووە و بەدەستەکەی تری خەریکی دەرهێنانی پەرو باڵی مریشکەکە بوو واتە (پەرە مووچەکانی) مریشکی داماو زیڕەی گەیشتۆتە ئاسمان، تا بە تەوای هیچی پێوە نەماوە ئەو کات مریشکەکەی بەرەڵا کردووە و چەند دەنگە جۆیەکی بۆ ڕشتووە و مریشکەکە هەر دوای کەوتووە لە بەر خاتری دەنگە جۆیەک، ستالین بە هەڤاڵەکانی گووتوە دەبێ ئەوا مامەڵە لەگەڵ هەندێک کەس بکەن بۆ ئەوەی هەرچی بمانەوێ پێیان بکەین ئەمەش لەگەڵ ئەمڕۆی کوردستان و هەندێک لایەن گونجاوە کە لەبەرەی نەیارانن دژایەتی کوردستان و پارتی دەکەن، نازانن ئەگەر پارتی خوانەخواستە شکەست بێنێ ئەوان نەک پەروباڵیان دەکەن بەڵکو گیانیان دەردێنن وەک عەرەب گوتەنی “الحلیم بالاشارتي یفهم”.